بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ٢٩-١-٢٠١٦ پرۆسەی ئاشتەوایی نێوخۆیی لە جنێفی پایتەختی سوسیرا ببەسترێت. پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبو، کە ئەگەر کوردانی سوریا بەشداری ئەو پرۆسە ئاشتەواییە سیاسییە نەکەن ئەوا کۆبونەوەکە شکست دەهێنێت.

هاوکات کاربەدەستانی تورکیا سەرقاڵی کەنارخستن و بەشداری پێنەکردنی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)ن، چونکە ئەنقەرە ئەم پارتە سیاسییە کوردییە “وەک باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەژماردەکات”. هەفتەی رابردوش، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، کە “هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکە و پەیەدە و داعشدا ناکات”.

یوسف ئیسماعیل، بەڕێوەبەری میدیایی و سیاسی پەیمانگای کوردی واشنتۆن رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڕاستی دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی بەرهەمدار بێت، دەبێت ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە سوریادا پێگەیەکی لە دانوستانەکاندا لە جنێف هەبێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کوردەکانی سوریا هاوڕایی لێدوانەکەیی لاڤرۆڤ-ن و دەڵێت: “کوردانی سوریا کاریگەری بەرچاویان لە دینامیکییەتی سیاسی لە سوریا هەیە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کاریگەرترین هێزن دژ بە تیرۆریستانی داعش”. جگەلەوەش دەڵێت؛ ئەمەریکا پێیوایە دەبێت پەیەدە لە دانوستانی جنێفدا بەشدار بێت، بەڵام ئەمەریکا ئەو لێدوانەی بە ئاشکرا نەداوە.

ستیڤان دێمیستورا، نێردراوی رەسمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا کە دەمێکە سەرقاڵی رێکخستنی کۆبونەوەیە لە نێوان حکومەتی سوریا و نێردراوانی ئۆپزسیۆنی ئەو وڵاتە، رایگەیاند: رۆژی هەینی کۆبونەوەکە دەست پێ دەکات و داوەتنامەی رەسمی هەر لەڕۆژی سێشەممەوە نێردراوە بۆ هەمو لایەک.

قادر جەمیل، کە یەکێکە سەرکردەکانی بەرەی شەعبی بۆ گۆڕانکاری و ئازادی رایگەیاند، ساڵح موسلیمی سەرۆکی پەیەدە ناوی لە نێو ناوی لیستی بەشداربواندا هەیە، بەڵام نەیتوانی ئەو بانگەشانە پشتڕاست بکاتەوە ئاخۆ داوەتنامەکەی دیمیستورای پێگەیشتوە یاخود نا!

لەئینگلزییەوە: ئاراز ئەحمەد
سەرچاوە: سپوت نیک

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام