بە باشم زانی کە ھەندێک لە رووداوەکانی ٢٠١٥ کۆ بکەمەوە بۆ ئەوەی کە نەوەی داھاتوو سودی لێ ببینن و کەس نەڵێت ئەرێ لەو ساڵەدا چی روویدا؟ بێ گومان لێرەدا تەنیا ئاماژە بەو رووداوانە ئەدەم کە لەوانەیە لەیاد بکرێن!!
ئەکرێ کە ساڵی ٢٠١٥ بە ساڵی ناشتنی دیموکراسی لە گەورەترین مەراسیمی جەماوەریدا دابنرێت.
ساڵی گۆرینی ناوی پایتەختی گەشتیارانی عەرەب بە پایتەختی بەخشراو بە تورک و عەرەب.
ساڵی حەیران و قەیران و سازان، واتە ئەو ساڵەی کە قەیران بە قەیران و سازان بە نەسازان چارەسەرکران وتەنیا حەیرانەکەمان بۆ مایەوە!
لە ٢٠١٥دا بەکارھێنانی ئەم سێ ووشەیە ( کورسی، دەبێ، نابێ) ریکۆردی جیھانی زۆرترین ووشەی بەکارھاتووی ساڵیان شکاند.
٢٠١٥ ئەو ساڵە بوو کە مەعاشی تێدا بووە وەرزی.
لە ٢٠١٥دا (مژدە مژدە سبەینی مووچەی فڵان وەزارەت دابەش دەکرێت) و (مەعاشەکەو جوانە) زۆرترین بینەریان ھەبووە.
لە ٢٠١٥ دا و پاش تێپەربوونی زیاتر لە سێ ساڵ باڵێک ناوییان لە خۆیان نا باڵی مینبەر.. کە ئەوەش پاش چەندین ناو دێت لەوانە.. باڵی چاکسازی باڵی ریفۆرم، باڵی نارازی و باڵی پرۆژە و ھتد.
لەو ساڵەدا ھەموو ئەوانەی کە بە چەقۆ و مشاری کارەبایی و بە پێنج مەکینەی قیمەوە کەوتبوونە گیانی یەکێتی زۆرترین جار دروشمی ( دەبێ یەکێتی ناو ریزەکانی یەکێتی بپاریزرێت) یان بەکار ھێنا.
ھەر لەو ساڵەدا ئەوانەی کە زۆرترین سودیان لە یەکێتی پێگەیبوو و گەورەترین پشک و داھاتیان لە داھاتی یەکێتی پچریبوو زۆرترین جار لە میدیاکاندا بێ ئاگایی خۆیانیان لە داھاتی یەکێتی پیشان دا.
٢٠١٥ ئەو ساڵە بوو کە زۆرترین لیژنە دامەزرێنرا و زۆرترین ریپۆرت ئامادەکرا و کەمترین کاریان پێ کرا.
لە ٢٠١٥ دا گەورەترین لیژنەی لێکۆڵێنەوە و بەدواداچون و پشکنین بۆ دەعبا پێ پانەکە دامەزرێنرا.
ھەر لەو ساڵەشدا بوو کە ٣٦٤ جار کارتی سەربەخۆیی وەک جۆکەر بەکارھێنرا.
لە ٢٠١٥دا بە ناوو و دەنگی زۆرترین ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی پارتی ئاشنا بووین.
لە ساڵی ٢٠١٥دا زۆرترین زیان بە لێنزی کامێرای رۆژنامەوانان گەینرا.
ھەر لەو ساڵەدا ئاشنا بووین بە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی یەک میکرۆفۆنی.
لە ٢٠١٥دا گەورەترین قەیران قەیرانی پەیدا کردنی تورەکە لم بوو بۆ تەسویر کردنی شانۆگەرییەکانی دەرەوەی جبھەکان.
لە ٢٠١٥ دا بوو کە بەبەر چاوی ھەمووانەوە نەوت و داھاتەکەی کرانە حوشتر.
ئەکرێ کە ساڵی ٢٠١٥ بە ساڵی کوبونەواتی قۆڵقۆڵی و پرۆژەی خاڵخاڵاوی دابنرێت.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام