روسیا داوا له‌ حكومه‌تی‌ توركیا ده‌كات كێشه‌ی‌ كورد له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رێگه‌ی‌ سیاسی‌ چاره‌سه‌ر بكات، دوپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، به‌كارهێنانی‌ هێز قوربانی‌ زیاتری‌ لێده‌كه‌وێته ‌و ره‌وشه‌كه‌ش ئاڵۆزتر ده‌كات.

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مرۆ  بڵاویكردوەته‌وه‌، نیگه‌رانی‌ خۆی‌ پیشانداوه‌ له‌باره‌ی‌ توندوتیژیی و ئۆپه‌راسیۆنی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ توركیا له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی‌ توركیا و رایگەیاندوە: قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ له‌  هه‌ندێك شار به‌رده‌وامه ‌و رێگانادرێت به‌ رۆژنامه‌نوسان و  نوێنه‌رانی‌ پارت و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان سه‌ردانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ن كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازی‌ تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و رێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤیش باس له‌ زۆربونی‌ قوربانیانی‌ مه‌ده‌نی‌ دەکەن كه‌ له‌ نێوانیاندا ژن و منداڵ هه‌یه‌.

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا راشیگه‌یاندوه‌: هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ كوردی‌ به‌ده‌ست نه‌بونی‌  خۆراك و  پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ناڵێنن و دۆخه‌كه‌یان خه‌ریكه‌ له‌ كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ نزیكده‌بێته‌وه و ژماره‌ی‌  ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئاواره‌ بون ده‌گاته‌ سه‌د هه‌زار كه‌س.

روسیا داواشی‌ له‌ حكومه‌تی‌ توركیا كردوه‌، هه‌نگاوی‌ پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ راگرتنی‌ توندوتیژییه‌كان به‌ زوترین كات و  ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌  قۆناغی‌ چاره‌سه‌ری‌ كه‌له‌ مانگی‌ ته‌موزی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ راگیراون.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام