ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەشکرا بوون تورکیا بەنیازە بەهاوکاری پارتی ئەو کەسانەی لەناو پەکەکە هەڵهاتوون بگەڕێنێتەوە تورکیا و بۆ نەخشە و پیلانی نوێیان دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بەکاریان بهێنێت و حزبێکیان بۆ بکاتەوە و لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە بەکاریانبهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی لێکۆڵین ئۆرگ زانراوە هەریەک لە عوسمان ئۆجالان، نیزامەدین تاش، خەلیل ئاتاچ و سەلیم چروقایا، کەلە ساڵی 2006 دا لەناو پەکەکە هەڵهاتن، سەرەتا لەناوچەی کۆیە نیشتەجێ بوون و دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خەباتیان دەکرد، پاشان چوونە ژێر فەرمانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە هەولێر، ئێستا بەنیازن لەڕێی پارتیەوە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی مەزندا بنێردرێنەوە بۆ تورکیا.

(ئەوانەی لەناو پەکەکە هەڵهاتوون دەبرێنەوە بۆ تورکیا)

ئاشکرا بوو لەئەنجامی چەند دیدار و گفتوگۆی نێوان سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی برازای لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دەزگای هەوڵگری میتی تورک، بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان هەردوولا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕانەوەی 200 کەس لە ئەندامانی هەڵهاتووی پەکەکە بۆ تورکیا کەلە لەئێستادا لەژیر کۆنتڕۆڵی پارتیدا دەژین، لەناو ئەوانەشدا هەریەک لە عوسمان ئۆجالان، نیزامەدین تاش، خەلیل ئاتاچ و سەلیم چروقایا هەن و بڕیارە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بچنەوە بۆ تورکیا.


(مەسعود و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ داودئۆغڵوو لە تورکیا)

لەپاش بەدیلگرتنی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵا ئۆجالان لەساڵی 1999 بەپیلانگێڕیەکی نێونەتەوەیی بەسەرکێشی ئەمەریکا و برانەوەی بۆ تورکیا، هەوڵدرا لەڕێگەی نیزامەدین تاش و عوسمان ئۆجالان و گروپەکەیانەوە پەکەکە پارچە بکەن، گەرچی ئەو کاتە سەرکەوتوو نەبوون بەڵام ئێستاش لەچوارچێوەی پیلانێکی نوێدا هەوڵ دەدەن هەمان گروپ بەکاربێننەوە.

(پارتی سەرکێشی پیلانەکە دەکات)

بەپێی ڕاپۆرتەکە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا بۆ پاکتاوکردن و بێچەککردنی پەکەکە ئیمزا کردوە، ئەو پارتە هەبوونی خۆی لە لەناوبردنی پەکەکەدا دەبینێتەوە، ئێستاش ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بۆ گەڕانەوەی گروپەکەی عوسمان و نیزامەدین بۆ تورکیا تابەوشێوەیە کاریگەری حزبەکەی لەسەر باکوری کوردستان دروست بکات.

ئاشکرابووە مەسعود بارزانی لەدواین سەردانی خۆیدا بۆ تورکیا سەرەتا چووەتە بارەگای میتی تورک و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دەزگایە کۆبوەتەوە، دواین جاریش نێچیرڤان بارزانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا لەگەڵ کاربەدەستانی تورک قسەیان لەسەر گەڕانەوەی گروپە هەڵهاتوەکانی ناو پەکەکە و مسۆگەرکردنی لایەنی داد و یاسایی و پاراستنی ژیان و ئاسایشیان کردوە، بۆیە چاوەڕی دەکرێت لەماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژی داهاتوودا ئەو قۆناغە دەستپێبکات.

(گەڕانەوەی عوسمان و تاش بۆ بەهێزکردنی پەدەکەی باکورە)

پارتی کە کارەکتەرێکی سەرەکی ئەم قۆناغەی تورکیایە بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە دەستی پێکردوە، لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ئەو کەسانەی ناپاکیان لە پەکەکە کردووە، لە چوارچێوەی بەرکارهێنانیان لەسیاسەتی خۆیاندا، هەوڵ دەدەن لەناویاندا عوسمان و تاش و گروپەکەی، لەژیر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستانی باکور کۆیان بکەنەوە و وەک هێزێک دژی پەکەکە بەکاریانبهێنن.

(نیزامەدین تاش کادێرە هەڵهاتوەکانی پەکەکە بۆ گەڕانەوە بەرەو تورکیا کۆدەکاتەوە)


(نیزامەدین تاش)

ڕاپۆرتەکە نوسیویەتی هەریەک لە مەسعود و نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی قۆناغی پاکتاوکاری بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کەلەلایەن ئەردۆغانی دەستی پێکردوە بانگێشی تورکیا کران، لەوێ ئەردۆغان داخوازی خۆیانی بۆ کۆکردنەوەی هێزی زیاتر لەدەوری سیاستی تورکیادا پێڕاگەیاندبوون، لەو چوارچێوەیەشدا پاش گەڕانەوەیان نیزامەدین تاش چاوی بە مەسعود بارزانی کەوتووە، پاشان تاش لەگەڵ هەریەک لە خەلیل ئاتاچ، سەلیم چروقایا، ئەکرەم و ماهیر کەلەناو پەکەکەدا هەڵهاتوون کۆبوەتەوە، هەڵهاتوەکانی ناو پەکەکەش کەلە شارەکانی دهۆک و هەولێر و زاخۆ دەژین لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە جێ و واریان بۆ دابینکراوە، زانرا ماوەیەکە پارتی بەمەبەستی گەڕانەوەیان لەگەڵ گروپەکەی عوسمان و تاش بۆ تورکیا گوشاری بۆ سەر ئەو کەسانە زیاد کردووە.

زانراوە کە تاش لەکۆبونەوەی لەگەڵ ئەو کەسانەدا پێی وتوون قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکردووە، لەولایەنەوە ئەرکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانمان، لە تورکیا حزبێکی مەزن لە دەرەوەی پەکەکە ئاوا دەکرێت، داوامان لێکراوە لەناو ئەو حزبەدا لە تورکیا تێکۆشان بکەین، بەڵام زۆربەی ئەوانەی تاش و هاوکارەکانی لەگەڵیان کۆبونەتەوە ئەو داواکاریەیان ڕەدکردوەتەوە.

نیزامەدین تاش و خەلیل ئاتاچ پاش ئەوەی لەڕزایکردنی ئەو کەسانە سەرکەوتوو نەبوون تا بەگروپێکی مەزنەوە بچنەوە بۆ تورکیا، دەربارەی قۆناغی 12 کانون و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا بۆ زانیاری لەسەر ناسنامە و ناونیشانی کەسانێک لەگەڵ میتی تورک و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە باڵیۆزخانەی تورکیا لەهەولێر کۆبونەتەوە.

(عوسمان و تاش و گروپەکەی لەبارەگای تورکن لەبامەڕنی)


(عوسمان ئۆجالان)

ئاشکرابوو نیزامەدین تاش و گروپەکەی کە ئامادەکاری گەڕانەوە بۆ تورکیا دەکەن، لە هەولێرەوە بە سەرپەرشتی پارتی و میتی تورک بەهەلیکۆپتەر براونەتە بارەگای سەربازی تورک لە بامەڕنی، زانرا کە تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێک دژی پەکەکە بەهاوکاری پارتی بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی پاراستنی مەدیا، لەسەر شیوەی جموجۆڵەکانی گەریلا، تاکتیکی سەربازی گەریلا، نزامەدین و عوسمان و گروپەکەی بەکاردەهێنن، ئەو کەسانەش لەسەر ناوەندەکانی گەریلا، کەسایەتیەکان و کارەکتەرە باڵاکانی پەکەکە، ڕێباز و تاکتیکەکانی گەریلا و زۆرشتی تر زانیاریان داوە بە سوپای تورک لەناوچەکە و لەسەر نەخشەی ئۆپەراسیۆنی تورک لە هەرێمی پاراستنی مەدیا قسەیان کردووە.

گروپی عوسمان ئۆجالان و نیزامەدین تاش لەساڵی 2006 لەناو پەکەکەدا هە‌ڵهاتن، سەرەتا ئەو گروپە چوونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتداری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەوێ لەلایەن یەکێتەوە لە کامپێکدا جێگەیان پێدان، بەلام پاشان هەمان گرووپ چوونە ژێر دەستی پارتی و لەلایەن پارتیەوە موچەیان بۆ بڕایەوە و تا ئێستا لەژێر فەرمانی پارتیدا کار دەکەن.

سەرچاوە / لێکۆڵین ئۆرگ

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام