ئایا مرۆڤ زادەی جێگا و کولتوور و زەمانی خۆیەتی، یاخود مرۆڤ جیا لە هەموو ئەو جیاوازیانە جەوهەرێکی جیهانی و هاوبەشی هەیە؟ئایا مرۆڤ لە هەموو جیهان و لە هەموو سەردەمێکدا هەمان سروشتی هەیە، یاخود کۆمەڵگا و شوێن و سەردەمە جیاوازەکان مرۆڤی جیاواز بەرهەم دەهێنن؟ ئەمە پرسیارێکی نوێ نییە، بەڵام پرسیارێکە هەمیشە و لە هەموو سەردەمێکدا دووبارەدەبێتەوە. گەر مرۆڤ بوونەوەرێکی جیهانی «یونفێرساڵ» بێت، لە هەموو جێگایەک و لە هەموو سەردەمێکدا مرۆڤ هەمان مرۆڤ بێت، دەکرێت بیروڕا و فەلسەفەیەکی گشتیش بۆ هەموو مرۆڤەکان لە هەموو سەردەمەکاندا دابڕێژین. بەڵام گەر مرۆڤ لە هەر سەردەمە و لە هەر جێگایەکدا، جۆرە شوناسێکی هەبێت، ئەوا داڕشتنی هەرجۆرە فەلسەفەیەکی سەرتاسەری کە لە هەموو کات و زەمانێکدا ڕاست و دروست بێت، و بۆ هەموو وڵاتێک و نەتەوەیەک و کولتوورێک دەستبدات، کاری نەکردەیە. مرۆڤایەتی لە ڕەوتی گەشەی خۆیدا، بە جۆری جیاواز وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. سەردەمانێک و لە جێگاگەلێکدا کە بیرکردنەوەی دینی و ناسیونالیستی زاڵن، مرۆڤەکان زۆر پێ لەسەر شوناسی دینی و نەتەوەیی خۆیان دادەگرن. لەم جێگایانەدا قسەکردن لەسەر «مرۆڤی یونفێرساڵ» کارێکی ئاسان نییە، هەر نەتەوە و هەر ئایینە، جۆرێک وێنەی تایبەتیان بۆ مرۆڤ دەبێت، کە لەسەر جیابوونەوە و لێک نەچوون لەگەڵ نەتەوە و دینەکانی تردا دروست بوون. بەڵام ئاڕاستەی سەرەکی لە دونیای ئێستادا، پێچەوانەی ئەم ڕوانینەیە. لە ئێستادا قسەکردن لەسەر مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی یونفێرساڵ لە هەر سەردەمێکی تر ڕەواترە، ئێستا لە جیهانێکدا دەژین، مرۆڤەکان و نەتەوەکان و هەتا ئاینەکانیش زۆر هەوڵدەدەن لە یەکدی بچن، شارەکان و کولتوورەکان و شێوازەکانی ژیان و بیرکردنەوە یەکتری کۆپیدەکەنەوە. مرۆڤی ئاسایی لە هەموو جێگایەکی دونیادا وێنەیەکی ستاندارد و پێوانەیی هەیە. تا دێت لە تەواوی دونیادا چەمکەکانی باش / خراپ، جوان / ناشیرین، ڕەوا / ناڕەوا، وەک یەکیان لێدێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ ئەم ستانداردبوونەی وێنەی مرۆڤ، لە ناو خۆیدا چ مەترسییەکی هەڵگرتووە؟ ئایا ترسناک نییە لە تەواوی دونیادا، یەک وێنەی هاوبەش و وەک یەکمان بۆ مرۆڤ هەبێت؟ ئایا ترسناک نییە، کە بڵێین مرۆڤ دەبێت بەمجۆرە بێت و نابێت بەوجۆرە بێت؟ یەک وێنەی ستاندارد بۆ مرۆڤ، یەک وێنەی ستانداردیش بۆ کۆی شتەکانی دی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، گەر مرۆڤ لە هەموو جیهاندا یەک مرۆڤ بێت، کەواتە دەشێت فەلسەفەیەکیش یان ئایدۆلۆژیایەکیش هەبێت بۆ هەموو مرۆڤەکان، یەک سیستمی حوکمی سەرتاسەری و جیهانی کە لە هەموو جێگایەکدا وەک یەک و بە یەک شێوە فەرمانڕه‌وایی بکات. یەکجۆر مرۆڤ، دیاردەیەکی ترسناکە، چونکە مانای یەکجۆر زەوق، یەکجۆر پێوانە بۆ ڕاست و هەڵە، یەکجۆر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوا و ناڕەوا. بە کورتی ئەم مرۆڤە یونفێرساڵەی ئێستا لە دونیادا دروستدەکرێت، مرۆڤێکی ڕاستەقینە نییە، مرۆڤێکی دەستکرد و سەنعەتییە، بەرهەمی ئەو «پیشەسازیی کولتوور»ـەیە کە ئەدۆرنۆ باسی دەکرد. وەک چۆن سیستمی سیاسی و ئابووریی جیهان، لە هەموو جێگایەک جلوبەرگی وەک یەک، کاڵای وەک یەک، ڕۆژنامەی وەک یەک، بەرنامەی تەلەڤزیۆنی وەک یەک دروست دەکات، هەمان شێوە وێنەیەکی سەرتاسەری و جیهانیش بۆ مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت. ئەم وێنەیە قاڵبێکە کە ئێستا هەموومان ناچار دەکات بچینە ناوی، پەیوەندییەکیشی بە دۆزینەوەی ئەو رەگەزە ئینسانییە هاوبەشانەوە نییە کە لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە. مرۆڤی یونفێرساڵ، وێنەیەکی مرۆڤە کە ناچارمان دەکات، واز لە هەموو تایبەتمەندییە ئینسانییەکانمان بهێنین، واز لە تاکێتیی خۆمان بهێنین تا لەو وێنە جیهانییەی مرۆڤ بچین، کە بەردەوام لە رێگای میدیا و کارخانەکانی هونەر و سیاسەتەوە بەرهەمدەهێنرێت. مرۆڤی یونفێرساڵ بەو جۆرەی لە ئێستای دونیادا باسی لێ دەکرێت، نیشانەی مردنی مرۆڤی ڕاستەقینەیە لەپێناو وێنەیەکی مرۆڤدا کە بەرهەمی کارخانە گەورەکانی ڕاگەیاندن و ئابووری و سیاسەتە. کێشەی ئەم وێنەیە تەنیا لەوەدا نییە کە بەتوندی بەر وێنە لۆکاڵییەکانی کولتوور و شارستانیەت دەکەوێت، بەڵکوو لەوەدایە بەر وێنە فەردییەکانی مرۆڤیش دەکەوێت. کێشەی نەبوونی سوبێکت لێرەدا بە دروستکردنی سوبێکتێکی کارخانەیی تەواو دەبێت، سوبێکتێک کە سیاسەت و میدیا، گشتی و گەردوونی، هەمەلایەن و فرەزەمانی دەکەنەوە. ئەوەی ئەم مرۆڤە یونفێرساڵە دەیکوژێت، بەر لە هەر شت هەوڵی دروستکردنی سوبێکتە وەک کارێکی تایبەتی و ناوازە کە لە ڕێگایەوە سوبێکتەکان ڕێگایەک بۆ دەرەوەی گەمارۆ و قاڵب و خودی پێشوەخت داڕێژراو دەدۆزنەوە. واتە کێشەی مرۆڤی یونفێرساڵ بە پلەی یەکەم لەگەڵ «بایەخدان بە خود»دایە، بەو مانایەی کە لای کەسانێکی وەک نیتشە و فۆکۆ دەیبینین. مرۆڤ وەک «کارێکی هونەری» دەمرێت، سوبێکت وەک «دۆزینەوەیەکی کتوپڕ» بە واتەی سلۆتەردایک لەنێو دەچێت، تا نیگارێکی کارخانەیی و سەرتاسەری، قاڵبێکی ئامادە جێگای بگرێتەوە کە لە ڕاستیدا لەبری مرۆڤی یونفێرساڵ ئەوەی دەشێت جێگای ئەم مۆدێلە بگرێت مانای یونفێرساڵە، ئەوەی گرنگە و دەبێت لە سەنتەردا بێت، مانا یونفێرساڵەکانی کاری مرۆڤ و کێشەکانێتی، نەوەک قاڵبێکی یونفێرساڵی مرۆڤ کە هەموو جیاوازییەکان بئاخنرێنە یەک چوارچێوەوە. جیهانی هاوبەشی ئەمڕۆ لەسەر بە لاوەنانی مرۆڤ دروستبووە وەک بوونەوەرێکی تایبەت. لە کاتێکدا ڕەهەندی یونفێرسالی کێشەکانی هەمیشە بچوک و بێمانا دەکرێتەوە. لەم وێنە ترسناکەدا لۆکاڵ هەمیشە تاوانبار و یۆنفێرساڵ هەمیشە فریادڕەسە. بەرامبەر بە پرۆسەی لە قاڵبدانی مرۆڤ لە یەک مۆدێلدا، دەبێت هەستێکی نوێ لە دایک ببێت کە کێشەی مرۆڤ لە هەموو جێگایەکدا وەک دەردێکی سەرتاسەر و هەڕەشەیەکی گشتی بۆ سەر هەمووان ببینێت. ئەوەی لە جیهانی ئێستادا حەقیقەتە چارەنوسی هاوبەش و پاشەڕۆژی پێکەوەگرێدراوی مرۆڤە لە هەموو کونج و کەلبەرێکدا، نەوەک نیگارێکی هاوبەش و تێڕوانینێکی کارخانەیی هاوبەش کە وابکات هەموو مرۆڤەکان یەک جۆر ببینین و بیربکەنەوە. بۆ نمونە: بەبڕوای من چۆن چەرنۆبل یان تسۆنامی کارەساتێکی یۆنفێرساڵ بوون، داعشیش کارەساتێکی گەردونییە. ناکرێت بەدیوێکدا ئیش لەسەر بە یونفێرساڵکردنی مرۆڤ بکەینەوە و بەدیوێکی دیکەشدا، لە بەرامبەر کارەساتە فیکری و ئایدۆلۆژییەکاندا بیر لە لۆکالیزەکردنیان بکەینەوە… ئەمە ئەو پارادۆکسە ناشیرینەیە کە سیستمی ئەمڕۆی دونیای لەسەر ڕاگیراوە، بە سەرێک مرۆڤ بوونەوەرێکی جیهانی وەک یەکە و دەبێت یەک سیستمی سیاسی و ئەخلاقی و ئابووری هاوبەشی هەبێت، بە سەرێکی تریش کارەساتەکان و ئازارەکان و نوشوستییەکانی گوناهی خۆی و کولتووری لۆکاڵن. پارادۆکسێک لە پشت زۆر کارەساتی سیاسی و هەڵەی فیکری دونیای ئەمڕۆمان، راوەستاوە.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام