دوێنێ شەوی ڕابردو بۆریس نیمتسۆڤ جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشوتری ڕووسیا و سەرۆکی بەرجەستەوکارای ئۆپۆزسیۆن دژی دەسەڵاتی پوتین لە مۆسکۆ  و لە نزیک کۆشکی کرملین تیرۆرکرا.  گوتەبێژی وەزیری ناوخۆی ڕوسیا هەواڵی کۆژرانی نیمتسۆڤی ڕایگەیاندوە کە ناوبراو لە کاتژمێر یازدە و چارەکی شەوی ڕابردوو کوژراوە.  تیرۆرکردنی بۆریس، یەک ڕۆژ دوای ئەوە هات کە پلانی خۆپیشاندانێکی گەورەی لە دژی ڤیلادمیر پوتین سەرۆکی رووسیا ڕاگەیەندبوو .  بۆریس لە ساڵی هەزار و نۆسەد و نەود و نۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا بووە، بەڵام دوای ئەوەی کە پوتین هاتە سەر دەسەڵات چووە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژ بە پوتین و ڕۆلێکی کاریگەری هەبووە بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتیەکانی ناو خەڵک لە دژی گەندەڵی و سیاسەتی ڕوسیا بەرامبەر بە ئۆکراین.

حوکومەتەکەی پوتین وخودی خۆی گەورەترین گەندەڵن لە ڕوسیاداو پوتین بۆتە گەورەترین سەرمایەدارو خاوەنی سەدان ملیارد دۆلار بە ڕێگای تالانی وگەندەڵی،ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا هەمیشە ڕەخنەی توندیان ئاراستەی پوتین کردوەو ئاشکرایان کردوە دەسەڵاتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار هێناوەو لەم ڕێگایەوە زۆرترین سامانی کۆکردۆتەوە.

ماوەیەک بەلە ئێستا ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان لەسەر سامانی پوتین بڵاو کردەوە کە گەورەترین سودی لە سامانی گشتی بینیوەو بەوهۆیەوە ژیانێکی ئەرستۆکراتی دەژی وزۆربەی خەڵکیش لە هەژاریدا ژیان دەگوزەرێنن وئەزمەیەکی گەورەی ئابوری سەرتاپای ڕوسیای تەنیوە.

هەرئەو کاتە بۆریس نیمتسۆڤ ڕابەری ئۆپۆزسیۆن کە دوێنێ شەو تیرۆرکرا ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاند کە سەرۆکی ڕوسیا بە ڕێگای ناشەرعی سامانێکی بێشوماری پێکەوەناوە،لەوکاتەوە گەیشتۆتە دەسەلات،هەتا لە ساڵی 2012 دا گەورەترین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ڕێک خرا دژی پوتین کە خۆی کاندید نەکاتەوە بەڵام پوتین ڕازی نەبوو.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە تەنها بە بەشێک لە کەرەسە گران بەهاکانی پوتین کراوە کە تەنها فڕۆکە سەرۆکایەتیەکەی نرخی 48 هەزار پاوەندە و خاوەنی 11 کاتژمێری گران بەهایە کە نرخەکەیان دەگاتە 440 هەزار پاوەند، یەختێکی هەیە جگە لە 20 خانوو 58 فڕۆکە.

خانویەکی گەورەو فراوانی هەیە لەسەر ڕۆخی ڕوباری ڤاڵدای لە باکوری ڕۆژئاوای ڕوسیا کە هۆڵی سینەماو بۆڵینگ و کەنیسەی سەرۆکایەتی تێدایە،جگەلەمانە 9 بارەگای سەرۆکایەتی هەیە، سامانەکەیشی مەزەندە دەکرێت بە سەدان ملیارد دۆلار.

مەهزەلەکە لەودەایە دەسەلاتەکانی ڕۆژهەڵات هەمویان لەیەک دەچن و تەنها زمانیان جودایە،وەک چۆن لای خۆمان وەختێک کەسێک لە لایەن دەسەلاتەوە تیرۆر دەکرێت ، دەسەلات خۆی دەڵێت سەرپەرشتی دۆزینەوەی تیرۆرەکە دەکەم، وەلێ تەنها بۆ شوێن ونکردنیەتی لە ڕوسیاش وایە،وەختێک سەردەشت عوسمان تیرۆر کرا بکوژەکەی کە مەسعودو مەسرور بوون،ئەوان لێژنەیان پێکهێناو دوایش دیزە بەدەرخۆنەیان کرد،بۆ تیرۆری کاوە گەرمیانی کە دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر شەهیدیان کرد دوایش خەسرەوی گوڵ محەمەدی وخۆیان چوون گوایە بکوژەکە دەدۆزنەوە،هەتا بۆ تیرۆرکردنی سەروەت کە سەرۆکی حیمایەکانی مام جەلال بوو هەرخۆیان لیژنەیەکیان دروستکرد و وەختێکیش زانای قایمقام لە لایەن یەکێتییەوە خنکێنرا تالەبانی هاتە سەرخەت و وتی خۆم سەرپەرشتی کەیسەکە دەکەم و بکوژەکان دەدۆزمەوە،لە کۆتایشدا تەنها لیژنەکان بۆ شاردنەوەی تاوانەکە بوەو ئەگەریش سەرەداوێک هەبووبێت ئەویشیان بەتەواوی شاردۆتەوە.

ئێستای کرمیلین ڕایگەیاندوە پوتین بۆ خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی لیکۆڵینەوکان دەکات لەمەڕ کەیسی کۆژرانی بۆریس و کۆشکی سپیش دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ناوبراو بەیاننامەیەکی بڵاو کردوەتەوە کە تێدا باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڕوسیا و پوتین کردوە لە کەیسی کوژرانی بۆریس دەبێ لیکۆڵینەوەکان بە شەفافی و بێلایەنانە ئەنجام بدرێن.

 

 

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام