گۆرانکاریه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌خێرایی فراوان ده‌بن ،بێ باکی و که‌مته‌رخه‌می سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئاست ئه‌و گۆرانکاریانه‌دا به‌شێوه‌یه‌که‌ مقۆ مقۆی ناوێ،ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رێوه‌ده‌بری له‌لایه‌ن که‌سانی نه‌شاره‌زا و نه‌شیاو رۆژ به‌ رۆژ رووبه‌رووی قه‌یران و کێشه‌ی جۆرراوجۆر ده‌بێته‌وه‌،به‌ جۆرێک رۆژێک که‌شتیه‌ نه‌وتیه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌رداده‌گیرێ و که‌س نازانێ بۆ کێ ده‌بری ،رۆژێک سنوری هه‌رێمه‌که‌مان ده‌به‌زێنرێ و سه‌روه‌ری قانووی پێشێل ده‌کرێ و هاوڵاتیه‌کانمان خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێن ، رۆژێکیش حکومه‌ته‌که‌مان دادگایی ده‌کرێ و به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار سزاده‌درێ،که‌سیش نازانێ چۆن و له‌سه‌رچی ؟
ئه‌م حکومه‌ته‌ له‌ کارخراوه‌ و یاساش له‌م هه‌رێمه‌ شه‌قی تێهه‌ڵدراوه‌ و خراوه‌ته‌ قه‌بر، ده‌مه‌زراوه‌کانی له‌لایه‌ن کوێخاکان به‌ نایاسایی به‌رێوه‌ ده‌برێن ،بۆیه‌ ده‌پرسین به‌کام یاسا ، به‌کام ریگه‌، ئه‌م حوکمه‌ ده‌کرێ؟
له‌م هه‌رێمه‌ به‌رزترین ده‌سته‌ڵاتی شه‌رعی میلله‌ت که‌ په‌رله‌مانه‌ په‌کده‌خرێ و سه‌رۆکه‌که‌ی ده‌رده‌کرێ ، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی تاکه‌ هیوای میلله‌ته‌ په‌نای بۆ ببات بۆ پاراستن و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی،به‌ڵام به‌ حوکمی کوێخا شه‌قی تێهڵده‌درێ.
ئه‌م هه‌رێمه‌ نقوم بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیدا و هاوڵاتیه‌کانی له‌و په‌ری بێ ئومێدیدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن ،به‌م پێیه‌ هه‌ناسه‌ی ژیان زۆر ئه‌سته‌م بووه‌،بۆیه‌ ناکرێ و نابێ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێ ، ئاخر چۆن ده‌بێ مووچه‌ خۆران به‌رگه‌ی چوار مانگی بێ مووچه‌یی بگرن ،ده‌سته‌ڵاتداره‌ مشه‌خۆره‌کانی به‌بێ ماندووبوون به‌هۆی ناکارامه‌ییان مووچه‌ی سێ مانگی مووچه‌خۆران بدۆرینن ،ئاخر له‌ کام شوێنی ئه‌م جیهانه‌ ده‌سته‌ڵاتی له‌م شێوه‌یه‌ بوونی هه‌یه‌ و لێی قبوڵ ده‌کرێ.
ده‌زانم ئه‌م ده‌سته‌ڵاتدارانه‌ ئه‌وه‌نده‌ روو چر و بێ شه‌رمن زاتی ئه‌وه‌ ناکه‌ن سه‌ره‌رایی شکسته‌ یه‌ک به‌دوای یه‌که‌کان ماڵئاوایی بکه‌ن و کورسیه‌کانییان چۆل بکه‌ن ،نا کاری واناکه‌ن ،بگره‌ هه‌موو رێگه‌یه‌ک ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ مانه‌وه‌یان ،بۆیه‌ ده‌پرسین شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌م کورسی په‌رستانه‌ له‌چیدایه‌؟ له‌کاتێکدا
یاسا خه‌وێنراوه‌ و کاری پێنکرێ،مووچه‌ نادرێ و خزمه‌تگوزاری کاره‌با و ئاو به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێ ، نه‌وتیش به‌ بۆری و به‌ تانکه‌ر ده‌روا و که‌س نازانێ چی لێ دێت و بۆ کام گیرفان ده‌چێ؟ ،هاوکاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌رووی مرۆیی و سه‌ربازی له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێکه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شخصیه‌کان به‌کارده‌هێنرێ ، ئازادی راده‌ربرین و دیموکراسیه‌ شره‌که‌شمان له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ و نه‌ماندایه‌ ،دوو ئیداره‌ی له‌به‌رده‌م ده‌رگامان وه‌ستاوه‌ و ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه‌ ،ئه‌مه‌ش خۆ هاوڵاتی نه‌ی خوڵقاندووه‌ به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کان خوڵقاندوویانه‌.
که‌واته‌ حکومه‌تێک له‌ هه‌موو سێکته‌ره‌کان هه‌ره‌سی هێنابێ ،چۆن ئه‌بێ بواری به‌رده‌وامبوونی پێ بدرێ؟ ، بێ گومان دبێ شه‌قی تێهه‌ڵبدرێ ،له‌مه‌ش زیاتر به‌رده‌وامبێ چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانه‌کان زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێ .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام