منداڵێكی دیكەی ونبوى كیمیابارانی هەڵەبجە دەدۆزرێتەوە  و سبەینێش پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت بۆئەوەى بە خێزانەکەى شاد بكرێتەوە و بەپێى زانیاریەکان؛ ئێستا نۆ منداڵى ونبوى دیکەش لە چاوەڕوانی ئاشكراكردنی پشكنینەكانیاندان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ئامێزى خێزانە راستەقینەكانیان.

شایلا حسێن، كچێكی كوردی هەڵەبجەیە و لە تاوانى كیمیابارانکردنى شارەکەدا لەلایەن رژێمى بەعسەوە لە تەمەنی حەوت مانگیدا لە کەسوکارى دابڕاوە و لەوکاتەدا لە شاری تارانى پایتەختى ئێران رادەستی دەزگای خێرخوازی “زەینەت كوبرا” کراوە و دواتر لە لایەن خێزانێكەوە بەخێوکراوە.

فاتیمە سەنگتانی، “دایكی دوەم”ى شایلا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: وەک کچى خۆمان شایلامان بەخێو کردوە و شەش ساڵ پێش ئێستاش پێمانڕاگەیاندوە؛ خێزانی راستەقینەی ئەو نین، لەماوەى رابردودا و دوای شادبونەوەى “مریەم بروجردیان” بە خێزانەكەی، شایلا هەوڵى گەڕانیدا بەدوای خێزانە راستەقینەكەیدا بگەڕێت.

بڕیارە سبەینێ شایلا کە ئێستا ئەندازیاری كشتوكاڵە، نمونەی خوێنی لێ وەربگیرێت بۆ پشكنینی (دی ئێن ئەی) لەپێناو دۆزینەوەى خێزانە راستەقینەکەیدا.

لای خۆیەوە عەلی عوسمان، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی منداڵە ونبوەكان بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ی راگەیاند: ئێستا نۆ منداڵ لە چاوەڕوانی ئاشكراكردنی پشكنینی (دی ئێن ئەی) دەکەن و پێشتریش (68) خێزانیش هەمان پشكنینیان کردوە بۆ ئەوەی بزانن كە منداڵی ئەوانن یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشكرد؛ بەپێی ئامارەكان لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا (110) منداڵ بێسەرو شوێن بون و لیژنەکەیان کار بۆ دۆزینەوەیان دەکات، بەڵام نایشارێتەوە کە بەهۆی نەبونی بودجەوە، نەیانتوانیەوە بەدواداچون بۆ ئەو كەیسانە بكەن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام