ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرباری ئەو قەرزە زۆرەی هێناویەتەسەر حكومەت‌و پاش شكستپێهێنانی سیاسەتی نەوتی هەرێم، ئێستا دەستی داوەتە سكاڵادۆڕاندن، كە تازەترینیان دۆڕاندنی نزیكەی “دو ملیار دۆلار”ە بە كۆمپانیای دانەغاز.

وەك سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ قۆناغی سێهەمی سكاڵاكانی كۆمپانیای دانەغاز داوای قەرەبوی راوەستانی كارەكانی دەكات لە كێڵگەی كۆرمۆر، كە ماوەی شەش ساڵە راگیراوە، لەم سكاڵایەدا داوای یەك ملیار دۆلاری تر دەكات.

“ئەو دادگایەی كە هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر پارەی دۆڕاندوە هۆكارەكەی خراپی ئەو گرێبەستەیە كە كراوە، جگە لەوە دانەغاز تائێستا داوای سێ ملیار دۆلاری كردوە، جەلسەی سێیەمی ئەو دادگایە ساڵی 2016 دەكرێ” ئەمە قسەی سۆران عومەر بو.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی ئاشكراكرد، بەپێی بڕیاری ئەو دادگایە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە كاتی پێدانەوەی بڕی ئەو دو ملیار دۆلارەی كە بە دانەغازی دۆڕاندوە، ئەوا دەستبەسەر هەر بڕەپارەیەكی هەرێمدا دەگرێت لە هەر بانكێكدا بێت.

سۆران عومەر وتی: ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەو پارەیە نەدات لە ماوەی یاسایدا كە 28 رۆژە، ئەوا نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەرجێیەك بفرۆشرێ‌و پارەی نەوت لە هەرجێیەك بێت یان لە هەر بانكێك بێت دەستیبەسەردا دەگیرێ تا ئەو بڕە پارەیە دەدرێتەوە بە دانەغاز″.

رۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی دەڵێ ئەوەی لە حكومەت رویداوە لە تاوان گەورەترەو پێویستە ئەو كەسانە دادگایی بكرێن، بەهۆی ئەوەی سامانی سروشتی ئەم وڵاتە لە دەستی بازنەیەكی تەنگدایە، كەس ئاگای لێ نییە چی دەكرێ‌و چی دەبڕێ.
ئاسۆس هەردی لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان وتی” ئەمە نەك هەر فەشەلە، بەڵكو زەربەیەكی گەورەیە لە ئابوری كوردستان لە دۆخێكدا كە خۆی لە قەیراندایە، لەبەرئەوە یەكەم شت بكرێت ئەوەیە پێویستە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بێلایەنی جدی، نەك ئەو لیژنانەی كە تائێستا لە كوردستان پێی ئاشنا بوین پێكبهێنرێت‌و بزانرێت بۆ وامان لێهات؟ كێ بەرپرسە لەمە ؟ ئەگەر خەتابارێك هەیە كە بەدڵنیاییەوە ئەبیچ هەبێ، ئەو خەتابارانە بدرێنە دادگا”.

راشیگەیاند” كێشەكە لەوەدایە بڕیاردان لەسەر بازرگانی نەوت لەدەستی بازنەیەكی تەنگدایە كە كەس نازانێت چ بڕیارێك ئەدەن‌و كەی بڕیار ئەدەن، ئێمە بە سوتفە لە لێدوانێكی سەرۆكی حكومەتەوە جارێك زانیمان كە گرێبەستێكی پەنجا ساڵی لەگەڵ توركیا ئیمزا كراوە”.

چیرۆكی ناكۆكییەكانی كۆمپانیا دانەغاز و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەو ساتەوەختەوە سەر هەڵدەدات، كە حكومەتی هەرێم دوای گرێبەستە 25 ساڵەییەكەی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، ساڵی 2007 رێگەی لە كاری فراوانكردنی ئەو كۆمپانیایە گرت لە كێڵگەی نەوتی كۆرمۆردا، دوای شەش ساڵ لە بەردەوامی ناكۆكییەكان، سەرنجام كێشەكان بەو جۆرە قوڵ بونەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە سەرەتای گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای دانەغازدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 300 ملیۆن دۆلار شیرینیی وەرگرتوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام