عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتار ئاشكرای كرد، كە هەرێمی كوردستان مانگانە ملیۆنێك‌و 100 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، كە ئەوەش 300 ملیۆن دۆلاری لەموچەی فەرمانبەران زیاتر.

عەلی حەمەساڵح، كە جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، ئاشكراشیكردووە، لەو برە نەوتەی هەرێمی كوردستان دەیفرۆشێت، 700 هەزار بەرمیلی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە، كە بەبۆری‌‌و بەتەنكەرو لەپاڵاوگە ناوخۆییەكان دەپاڵێورێت‌و 410 هەزار بەرمیلیشی‌ نەوتی‌ كەركوكە.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، داهاتی‌ مانگانەی‌ نەوتی‌ فرۆشراو لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە، گەیشتووەتە یەك ملیار دۆلار، “لەو پارەیەش نیوەی‌ دیار نییەو كەس نازانێت لای‌ كێیەو چی‌ بەسەر دێت”.

ئەو پەرلەمانتارە، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی سامانەسروشتییەكانیش لەپەرلەمانی كوردستان، لەو بارەوە دەپرسێت: بۆ دەبێت موچەی‌ فەرمانبەران دوابكەوێت لەكاتێكدا پارەی‌ موچە 700 ملیۆن دۆلارەو داهاتی‌ نەوت 300 ملیۆن دۆلاری‌ لەپارەی‌ موچە زیاترە؟

عەلی‌ حەمەساڵح ئەوشی پرسیوە، كە پارەی‌ نەوتی‌ كەركوك بۆ كێیەو لەكوێیە؟ لەكاتێكدا ڕۆژانە 410 هەزار بەرمیل نەوتی‌ ئەو پارێزگایە دەفرۆشێت‌و یەك دۆلاریش نەدەدرێت بە بەغدا‌و نە بۆ كەركوك سەرفدەكرێت؟

ئاشكراكردنی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان لەمانگی پێنجی رابردووەوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت دەفرشێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی داهاتی پێویستەوە مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەكەوێت.

 

دەقی راپۆرتێك كە پەرلەمانتارەكە لەو بارەوە بڵاویكردووەتەوە

داهاتی نەوتی كوردستان

چی لێدێت؟

چەندی بۆ موچە خەرجكراوە؟

كێ سەرپەرشتی دەكات؟

مانگانە چۆن 500 ملیۆن دۆلار دیارنامێنێت!

عەلی حەمە ساڵح

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

بڕی بەرهەمی نەوتی

هەرچەندە بەپێی نەخشەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان ئێستا دەبێت یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بێت بەبێ كەركوك، بەم شێوەی خوارەوە:

تاوگێ: یەدەگی هەناردەكردن  لە 2015دا 150.000 لە رۆژێكدا ، كۆمپانیای كاركەر(dno)

سەرسنگ: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 50000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر (hkn)

ئەتروش: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا  50.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر (taoa)

شێخان: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا   150.000   بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر كولف كیستون

ئاكرێ- بجیل: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 150.000 هەزار لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر (mol)

بەردەرەش: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر(afren)

بنەباوی: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 50.000بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر(mov)

تەق تەق: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 175.000بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر گەنەڵ ئەنێرجی.

میران:یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 30.000  بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر گەنەڵ ئەنێرجی

تۆپخانە: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 30.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر تالیسمان.

كوردە میر: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 40.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر تالیسمان

گەرمیان: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 50.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەكەر، ویستن زاگرۆس

كۆرۆمۆ: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 15.000 بەرمیل لە رۆژێكدا ، كۆمپانیای كاركەر دانا غاز .

خورمەڵە: یەدەگی هەناردەكرد لە 2015دا 150.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر كارگروپ.

هەرچەندە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئەم كێڵگە نەوتییانەی لەسەرەوە ئاماژەمپێدا، دروشمی بەرەو یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی ئێمە، ئێستا كە لە كۆتایی 2015 نزیك دەبینەوە ئاستی بەرهەمی ئەم كێڵگانە نزیكەی 700  هەزار بەرمیلە.

ئەوەی دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی یەك ملیۆن بەرمیل بۆ هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی پێنەداوە، 410 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بەم شێوەیە:

ئاستی بەرهەمی رۆژانەیان بەم شێوەبوو

97 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە بابەگوڕ گوڕ، كۆمپانیای كاركەر نەوتی باكورە.

42 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە جەمبور، كۆمپانیای كاركەر، نەوتی باكورە.

26 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە خەباز، كۆمپانیای كاركەر نەوتی باكورە.

بای حەسەن 170 هەزار بەرمیلی رۆژانە، كۆمپانیای كاركەر كارە

ئاڤان 90 هەزار بەرمیلی رۆژانە، كۆمپانیای كاركەر كارە

كۆی گشتی: 425 هەزار بەرمیلی رۆژانە، دەكرێت تا 15 هەزار بەرمیل كورتبكات و ئەم زانیاریانە لە ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور وەرگیراوەو بڕی بەرهەمی نەوتی ئاڤاناو بای حەسەن، هی پێش شەڕی داعشە، چونكە پێش ئەوكاتە ئەو دوو كێڵگە لەدەست كۆمپانیای نەوتی باكوردا بوو، بەڵام لە ئێستادا كۆمپانیای كارو لیوای نەوت و گاز لەو ناوچەیەن.

-بەگشتی، بەنەوتی كەركوك و هەرێمی كوردستانەوە، بەرهەمی نەوتی نزیكەی یەك ملیۆن‌و 100 هەزار بەرمیلەو بەتەواوی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، دەكرێت هەندێك جار بەهۆی گرفتەوە تاوەكو ئاستی یەك ملیۆن كەمببێتەوە.

 

پارەی نەوت چی بەسەر دێت

بەپێی یەك بەیەكی كێڵگەكان، ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بووەو هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا بووە، فرۆشتنی ئەم نەوتە دابەش بووە بەسەر سێ بەشدا:

یەكەم: فرۆشتنی نەوت لە رێگای بۆری، بەرۆژانە تێكڕا 620 هەزار بەرمیلە، 300 هەزاری هی پێنج كێڵگەكەی كەركوكەو 320 هەزاری هی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانە.

دووەم: پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا، 120 هەزار بەرمیل لە پاڵاوگە مۆڵەتدارەكانی بازیان و كەڵەك دەپاڵێورێت‌و نزیكەی 40 بۆ 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگە بێ مۆڵەتەكانە.

سێیەم: ئەوەی دەمێنێتەوە بە تانكەر دەڕوات‌و ئەستەمە ئەم رێژەیە بە وردی دیاریبكرێت، لەبەر ئەوەی لە چەندین شوێنی جیاوازەو رێكنەخراوەو ناڕوونە، بۆنمونە رۆژانە تەنیا لە مەرزكەكانی باشماخ و پەروێزخان نزیكەی 1000 تانكەر دەڕواتە.

 

پارەكە چەندە؟

بێگومان، نرخ و پارەی ماوە لەو نەوتەی بەتانكەر دەڕوات یان لە ناوخۆدا دەپالێورێت جیاوازە لەوەی بە بۆری دەڕوات.

ئەگەر تێكڕای پارەی ماوە بە بۆری ئەژماربكەین و نرخی بەرمیلێك بە 35 دۆلار بخەمڵێنین، 651 ملیۆن دۆلار دەكات.

تێكڕای تانكەرو پاڵاوتن بە 30 دۆلار بخەمڵێنین، كە ئەگەر ئاستی بەرهەمی نەوتی كەركوك و كوردستان یەك ملیۆن بەرمیلیش بێت، كەواتە:380 هەزار بەرمیل بە پاڵاوتن و تانكەر دەڕوات، بڕی پارەكە دەكاتە 342 ملیۆن دۆلار.

كەواتە: بەلای كەمەوە داهاتی مانگانەی نەوت 993 ملیۆن دۆلارەو پارەی پێویستیش بۆ موچە 700 ملیۆن دۆلارە، ئەی كەواتە بۆ موچە نادرێت.

بۆ ئەم لێكۆڵینەوە، سێ مانگم وەك نمونە وەرگرتووە كەچەند پارەی ئەم نەوتە گەڕاوەتەوە؟

لە مانگی هەشتدا، 422 ملیۆن دۆلار دراوە بە موچە جیاوازی لەگەڵ داهاتی فعلی كە نزیكەی 993 ملیۆن دۆلار،بڕی پارەی دیار نەبوو 571 ملیۆن دۆلارە.

لە مانگی نۆدا، بڕی 408 ملیۆن دۆلار دراوەتە موچە، بڕی پارەی دیارنەبوو، 508 ملیۆن دۆلارە.

لەمانگی یازدەداو ئەو پارەی تاوەكو ئێستا دابەشكراوە،  نزیكەی 450 ملیۆن دۆلارە، ئەوەی دیارنییە نزیكەی 453 ملیۆن دۆلارە.

واتە بەگشتی مانگانە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلاری ئەم پارە دیارنییە.

ئەگەر، سەلماندنی دیارنەبوونی ئەم پارەیە بەشێوەیەكی دیكە بكەین و مانگی نۆ وەك نمونە وەربگرین، ئەو پارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داویەتی بە وەزارەتی دارایی 408 ملیۆن دۆلارەو پارەی تەنیا 342 هەزار بەرمیل نەوتە، لەكاتێكدا ئاستی بەرهەمی نەوت كە سەلمێندراوە یەك ملیۆنە، ئەی پارەی 658 هەزار بەرمیلەكە چی لێهات؟

لەو سێ مانگەی كە من وەك نمونە وەرمگرتووە بۆ هەر مانگێك نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار نادیارە.

 

نەوتی كەركوك

گرفتی حكومەتی ناوەند و هەرێم..

بڕی بەرهەمی هەر پێنج كێڵگەكەی پارێزگای كەركوك 410 هەزار بەرمیلە،  ئێستا كۆی گشتی ئەم نەوتە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانەو خەرجی و موچەی كەركوكیش بە كۆمپانیای نەوتی باكوریشەوە كە هەرێم نەوتەكەی دەفرۆشێت حكومەتی ناوەند دابینی دەكات.

ئێستا حكومەتی عێراق نەوتی كەركوك بە هی خۆی دەزانێت‌و بەهەرێمی كوردستان دەڵێت: 17% خەرجی عێراق پاش دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەكان وەربگرە بەمەرجێك 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكم بۆ رەوانە بكە لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.

ئەگەر بودجەكە بە وردی بخوێندرێتەوە، هەرێمی كوردستان لە باشترین حاڵدا 550 هەزار بەرمیلەكەش وەك خۆی رەوانە بكات 650 ملیار دینار زیاتر وەرناگرێت، چونكە 17% پاش دەرهێنانی خەرجی سیادی و حاكیمەو دانەوەی قەرزەكانی عێراقە، ئەوەی هەیە لە واقعدا هەرێمی كوردستان 11% فرۆشتنی نزیكەی 3 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل وەردەگرێت كە 7 ملیار دۆلار دەكات بۆ هەر مانگێك نزیكەی 650 ملیار دینار دەكات پشكی هەرێم، بەمەش هەرێمی كوردستان ناتوانێت تەنیا موچەش دابین بكات، كە 868 ملیار دیناری پێویستە.

ئەو كات هەرێمی كوردستان دیسانەوە خۆی سەربەخۆ نەوتی كەركوك و هەرێمی كوردستانیش دەفرۆشێت، بەمەش ناكۆكیییەكان قوڵتر دەبێتەوە بە تایبەت لەسەر نەوتی كەركوك.

حكومەتی عێراق سێ بژاردە دەكەوێتە بەردەمی:

یەكەم: رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی كەركوك، پێموانییە بتوانێت ئەم رێگرییە بكات بەبێ رەزامەندی پارێزگاری كەركوك.

دووەم: بڕینی بەشە بودجەی كەركوك، هەرچەندە بارگرانی لە سەر هەرێمی كوردستان و كەركوك دورستدەبێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە خزمەتی گەورە بە كورد دەكات، بۆیە حكومەتی عێراق ئەمەش ناكات.

سێییەم: پەنابردن بۆ دادگا، پێموایە ئەم رێگا دەگرێتەبەر.

ئێستا گرفتەكە ئەمەیە..

سەلماندمان مانگانە 410 هەزار بەرمیل  نەوت لە كەركوك بەرهەمدێت و هیچ بڕێكی ئەم نەوتە ئێستا نادرێتە حكومەتی عێراق، یەك دۆلاریش بۆ كەركوك و كەركووكییەكان خەرجناكرێت‌و ئەم پارەش بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە، ئەی كەواتە بۆ كێ بووەو كێ بەرپرسە؟ چونكە سەلمێندرا مانگانە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار نادیارە.

پارێزگاری كەركوك، ئەنجومەنی پارێزگاش، دەڵێن: چی دیكە قبوڵ ناكەین ئەم غەدرە لە كەركوك و كەركوكییەكان بكرێت.

ئایا بەم شێوەیە كەركوك دەگەڕێنینەوە سەر هەرێمی كوردستان، نەوتەكەیان هەمووی ببرێت و دینارێكیان پێ نەدەین؟

ئەگەر حكومەتی عێراق، وەك كاردانەوە موچەو بودجەی كەركوكی بڕی پلانی هەرێمی كوردستان چییە؟

پارەی نەوت لە كوێییە؟

كۆی پارەی نەوت، ئەوەی بە بۆڕی دەفرۆشرێت، ئەوەی لەناوخۆدا بەكاردێت‌و داهاتی تانكەر دەگەڕێتەوە بۆ بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی، كە بانكێكی كەرتی تایبەتە!!

بۆنمونە داهاتی رۆژانەی فرۆشتنی بەنزین كە نزیكەی 2 ملیۆن دۆلارە لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستانەوە كۆدەكرێتەوەو دەهێندرێتەوە بانكی كوردستان، كۆی داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان مانگانە نزیكەی 100 بۆ 120 ملیۆن دۆلارە دێتەوە بانكی كوردستان.

ئەو نەوتەی لەرێگای بۆڕی دەفرۆشرێت‌و بە دۆلارە دەگەڕێندرێتەوە بانكی كوردستان‌و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پارەكەش لە دۆلارەوە بۆ دینار هەر بانكی كوردستان بەبێ كێبڕكێ و بەنرخی بانكی ناوەندی وەریدەگرێت‌و قازانجی مانگانەی لەنێوان 25 بۆ 30 ملیۆن دۆلارە.

واتە: دەتوانین بلێین كۆی پارەی نەوت لە بانكێكی ئەهلی دادەنرێت‌و ئەمەش گەورەترین زیانە بە بانكەكانی حكومەت دەگەیەنێت‌و گەورەترین قازانج و قۆرخكارییە بۆ بانكێكی ئەهلی!!!

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام