بەپێى دواین زانیارى کە ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بەدواداچونى بۆ کردوە و ئاشکرابوە؛ بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە یەك ملیۆن و (100) هەزار بەرمیل نەوت تێپەڕ دەكات و داهاتەكەشی نزیك دەبێتەوە لە یەك ملیار دۆلار، بەڵام بە گشتی مانگانە بڕی (500) ملیۆن دۆلار لە داهاتەکەی دیار نیە.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، بەدواداچونێكی  بۆ داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و بڕی بەرهەمی نەوت و دیارنەمانی ئەو داهاتە كردوە و رایدەگەیەنێت؛ بەپێی نەخشەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان ئێستا دەبێت یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بێت، بەبێ كەركوك.

هەرچەندە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئەو كێڵگە نەوتییانەی ئاماژەیان پێكراوە، دروشمی بەرەو یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتوە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا كە لە كۆتایی (2015) نزیك دەبینەوە، ئاستی بەرهەمی ئەو كێڵگانە نزیكەی (700) هەزار بەرمیلە.

بەپێی بەدواداچونەکە دەرکەوتوە؛ بە نەوتی كەركوك و هەرێمی كوردستانەوە، بەرهەمی نەوت نزیكەی یەك ملیۆن و (100) هەزار بەرمیلە و بەتەواوی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، دەكرێت هەندێك جار بەهۆی گرفتەوە تاوەكو ئاستی یەك ملیۆن كەمببێتەوە و فرۆشتنی ئەو نەوتەش دابەش بوە بەسەر سێ بەشدا:

یەكەم: فرۆشتنی نەوت لە رێگای بۆری، كە تێكڕای رۆژانە (620) هەزار بەرمیل نەوتە.

دوەم: پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا، لەرێگەی پاڵاوگە مۆڵەتدار و بێ مۆڵەتەكانەوە، كە رۆژانە دەكاتە (170) هەزار بەرمیل نەوت.

سێیەم: ئەوەی دەمێنێتەوە بە تانكەر دەڕوات و ئەستەمە ئەو رێژەیە بە وردی دیاریبكرێت، لەبەر ئەوەی لە چەندین شوێنی جیاوازەو رێكنەخراوەو ناڕونە، بۆ نمونە؛ رۆژانە تەنیا لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان نزیكەی (1000) تانكەر دەڕواتە دەرەوەی هەرێم.

لەبارةی داهاتی ئەو نەوتەشەوە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: “ئەگەر تێكڕای داهاتی نەوت لەرێگەی بۆرییەوە هەژمار بكەین و نرخی بەرمیلێك بە (35) دۆلار بخەمڵێنین، ئەوا (651) ملیۆن دۆلار دەكات”.

باس لەوەش دەکات ئەگەر تێكڕای تانكەر و پاڵاوتن بە (30) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بخەمڵێندرێت و ئاستی بەرهەمی نەوتی كەركوك و كوردستانیش یەك ملیۆن بەرمیل بێت، ئەوا (380) هەزار بەرمیل بە پاڵاوتن و تانكەر دەڕوات و داهاتەكەشی دەكاتە (342) ملیۆن دۆلار.

بەوپێیەش؛ داهاتی نەوتی مانگانە بەلای كەمەوە دەگاتە (993) ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا پارەی پێویست بۆ موچەخۆرانى هەرێم، تەنها (700) ملیۆن دۆلارە، بەڵام سەربارى ئەوە موچەكەش نادرێت.

لە بەشێكی دیكەی لێكۆڵینەوەكەدا، ئەو پەرلەمانتارە باس لە دیارنەمانی داهاتی نەوت دەكات و مانگەكانی (هەشت و نۆ و یازدە)ی بە نمونە وەرگرتوە و رونیدەکاتەوە کە؛ “مانگانە بە نزیكەی (500) ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دیار نیە، لەكاتێكدا داهاتی فیعلی نەوت بۆ هەرمانگێك نزیكەی (993) ملیۆن دۆلارە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕو، ئێستا هەرێمی كوردستان بڕی بەرهەمی نەوتی هەر پێنج كێڵگەكەی پارێزگای كەركوك كە (410) هەزار بەرمیلە خۆی دەیفرۆشێت و هیچ بڕێكی ئەم نەوتە ئێستا نادرێتە حكومەتی عێراق، یەك دۆلاریش بۆ كەركوك و كەركوكییەكان خەرجناكرێت و ئەو پارەیەش بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە، دەپرسێت؛ “ئەی كەواتە بۆ كێ بوە و كێ بەرپرسە؟ چونكە سەلمێندرا مانگانە نزیكەی (500) ملیۆن دۆلار نادیارە”.

لەبارەی هەڵگرتنی داهاتی نەوتیشەوە، ناوبراو باسلەوە دەكات كۆی پارەی نەوت بە سەرجەم جۆرەكانی فرۆشتنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی، كە بانكێكی كەرتی تایبەتە، جگە لەوەش ئەو نەوتەی لەرێگای بۆری دەفرۆشرێت، داهاتەكەی بە دۆلار دەگەڕێندرێتەوە بانكی كوردستان و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پارەكەش لە دۆلارەوە بۆ دینار هەر بانكی كوردستانە و بەبێ كێبڕكێ و بەنرخی بانكی ناوەندی وەریدەگرێت، كە لەو نێوەندەشدا قازانجی مانگانەی ئەو بانكە لەنێوان (25 بۆ 30) ملیۆن دۆلارە، “ئەوەش گەورەترین زیان بە بانكەكانی حكومەت دەگەیەنێت و گەورەترین قازانج و قۆرخكارییەش دەبێت بۆ بانكێكی ئەهلی”.

عەلی حەمە ساڵح هۆشداریش دەدات لەوەی كە حكومەتی عێراق پەنا بباتە بەر دادگا و داوای یاسایی لەسەر هەرێم تۆمار بكات لەبارەی نادیاری داهاتی شاری كەركوكەوە، لە كۆتایشدا دەپرسێت: “ئەگەر حكومەتی ناوەندی، وەك كاردانەوە موچە و بودجەی كەركوكی بڕی، پلانی هەرێمی كوردستان چییە؟”.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێى زانیاری میدیاکان هەرێمى کوردستان چەند داوایەکى یاسایى بەرامبەر کۆمپانیاى دانە غازى ئیماراتى دۆڕاندوە و ئەوەش هەرێم دەکات بەژێر قەرزى زیاترەوە، بەشێوەیەک کە ئەمڕۆ (29/12/2015) بڵاوکرایەوە کە؛ له‌سه‌ر داوایه‌كی یاسایی كۆمپانیاکە ده‌سته‌ی‌ دادوه‌ری‌ له‌ شاری‌ له‌نده‌ن بڕی (1.9) ملیار دۆلاری‌ به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمدا سه‌پاندوە و پێویستە هه‌رێم له‌ ماوه‌ی‌ (28 ) رۆژدا ئەو پارەیە بدات، له‌ به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی‌ غازی‌ شله‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ تا مانگی‌ ته‌موزی‌ رابردو.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوێكی دانه‌ غاز، هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی پابه‌نده‌ به‌ دانی‌ ئه‌و پاره‌یه ‌و هیچ ده‌رفه‌تێك نیه‌ بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌دا.

هەروەک ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ بدرێت به‌و كۆمپانیا ئیماراتیه‌، كاریگه‌ری‌ خراپ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم جێدێڵێت لەکاتێکدا ئێستا موچەى زیاتر لە سێ مانگى فەرمانبەرانى قەرزدارە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام