ئەمڕۆ 26  فێبریوەری هەر پێنچ لایەنەکەی هەرێم لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی بەزۆر داسەپاودا کۆبونەوە،لەو کۆبونەوەیەدا حەوت بڕیار پەسەند کرا…کە هیچ گومانمان نییە  هەمووی درۆو مزایدەیەو هیچی لێسەوز نابێت و وەک هەمو کۆبونەوەکانی تر،تەنها کۆبونەوەیە لە پێناوی کۆبونەوەدا.

فەرموون لەگەڵ هەر حەوت خاڵی ڕێکەوتنەکە

یەكەم: بە پێزانینی بێڕادە، كۆبوونەوەكە گیانی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لە بەرەكاندا بەرز نرخاند و خۆڕاگریی و قارەمانێتیانی بە مایەی شانازی كورد و كوردستان و دیموكراتخوازان لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا زانی. هەروەها كۆبوونەوەكە كێلی نەمری شەهیدانی كوردستانی گوڵبارانی وەفا كردو سەرجەم سەركەوتنەكانیش بە خوێنی گەشی ئەوان مۆری مێژوویی لێ دراوە. هەر بەم گیانی خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و قوربانیی شەهیدان و پشتیوانیی بێ درێخی گەلەكەمان، لە سەرانسەری كوردستان و تاراوگەدا دوا سەركەوتن بە دەست دێت و دەستەبەری بەدیهێنانی باقی ئامانجەكانی گەلەكەمانیش دەكرێت.

دووەم: جەخت لەسەر یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و كوردستاندا كرایەوە هەتا لەم هاوكێشە سیاسی و سەربازییەی كوردستان و ناوچەكە، پێكەوە سەركەوتنە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكان بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەرین.

سێیەم: بۆ ئەوەی یەكڕیزیی سیاسیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر لە ئێستا بگەیێندرێتە قۆناغی باڵای متمانەی سیاسی، كۆبوونەوەكە ڕایسپارد كە وا بە زووترین كات بە پێی شاییستەیی هەڵبژاردن، لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) پشكی خۆیان لە حكوومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكانیش بۆ دابین بكرێ.

چوارەم: گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێ بە پێی ماددەی ١١٢و ١١٥ی دەستووری عێراق، سیاسەتی هەڵگۆزین و هەناردەكردنی نەوت لەناو پڕۆسەی یاسایی و ڕێسایی خۆیدا بە پابەندبوونی هەردوولا بە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٥، بۆ دەستەبەری ئابووریی هەرێم، پەیڕەو بكات، هەر ئەوەیش كێشەی بنەڕەتیی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات.
 ڕێككەوتنە مۆركراوەكانیش لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لە لایەن حكوومەتی هەرێم بڕگە بە بڕگە جێبەجێ دەكرێ، هەر وەكو پێویستیشە لە لایەن حكوومەتی بەغدایشەوە جێبەجێ بكرێ. گیروگرفتی تەكنیكیش تێكرا قابیلی دیالۆگ و چارەسەركردنن. لەم پێناوەدا بەرنامەی سیاسی و زانستیی پەسەند كرا، هەتا كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكان بە دڵنیاییەوە وەلاببردرێن.

پێنجەم: كۆبوونەوە داوای لە پارلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی شیعە و لایەنەكانی سووننە دەكات لە هیچ بارودۆخێكدا كێشەی سیاسی و گرفتی تەكنیكی نەكرێنە كۆسپ لەبەردەم مووچەی خەڵكی كوردستان و هەروەها پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچەیان هەر وەكو سوپای عێراق و باقی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

شەشەم: سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پارلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی فراوانتری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییان هەبێ بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتری سیاسیی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان هەروەها بۆ دابینكردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەكی قورس و لۆجستییەوە.

حەوتەم: كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئومێدەواریشە حكوومەتیش بەردەوام بێ لە هەوڵ و كۆشیشەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە”.

 

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام