نزیکەی سەدەیەک دەبێت تورکیا خاوەنی پەرلەمانە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت، بەهۆی ئەوەی کورد پێکهاتەیەکی گەورەیە لەو وڵاتەدا پارتە سیاسییەکان بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی کوردیان داوە.

بەشێک لە چاودێران مێژووی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا بەسەر چوار قۆناغ دابەش دەکەن کە بریتین لە:

قۆناغی یەکەم:

قۆناغی یەکەم بۆ خولی یەکەمی پەرلەمانی تورکیا دەگەڕێتەوە لە ساڵی ١٩٢٠، ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ١٩٢٠ پەرلەمانی تورکیا لە گەرمەی جەنگی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا دامەزرا، بەپێی هەندێک بەڵگەی مێژوویی لە خولی یەکەمدا کورد نزیکەی ٧٠ پەرلەمانتاری هەبووە و لەم دوایانەشدا بەڵگەیەک ئاشکرا کرا، کە لە خولی یەکەمی پەرلەمانی تورکیادا زمانی کوردی بەکار‌هێنراوە.

قۆناغی دووەم:

قۆناغی دووەم بۆ ساڵی ١٩٥٠ دەگەڕێتەوە، لەنێوان ساڵانی ١٩٢٣ بۆ ١٩٥٠ لە تورکیا تەنها پارتی کۆماریى گەل (جەهەپە) بوونی هەبوو و جەهەپەش پارتی دەسەڵاتدارى بێ ڕکابەر بووە، لەو ماوەیەدا کورد لە تورکیا لەلایەن دەسەڵاتی جەهەپەوە سەرکوت کران، بەشێکی بەرچاوی هۆزە کوردەکان ناچار بە کۆچی زۆرەملێ کران، زمانی کوردی قەدەغەکرا و شۆڕشەکانی کورد لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزای دێرسیم سەرکوت کران.

بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ بۆ یەکەمجار پارتی دیموکرات بووە رکابەری جەهەپە، لەم هەڵبژاردنەدا زۆربەی کورد لە دژی جەهەپە دەنگیاندا بە پارتی دیموکرات دا، دەنگدانی کوردەکان بە پارتی دیموکرات دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو، یەکەم، کاردانەوەیەک بوو بە سەرکوتی کورد لەسەردەمی دەسەڵاتی جەهەپە و هۆکاری دووەمیش ئەوەبوو کە پارتی دیموکرات بەڵێنیدا بوو کە ڕێگە دەدات هۆزە کوردەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی عەدنان مەندرێس سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

قۆناغی سێیەم:

قۆناغی سێیەم بۆ ساڵی ١٩٧٣ دەگەڕێتەوە، لەو ساڵەدا واتە دوو ساڵ دوای کودەتاکەی ١٩٧١، جەهەپە بە سەرۆکایەتی بولەند ئەجەویت بەڵێنی بە کورد دا ئەگەر بێت و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا لەڕووی ئابووری و کلتورییەوە گرنگی بە ناوچە کوردییەکان دەدات، لەو هەڵبژاردنەدا زۆرینەی کورد دەنگیاندا بە جەهەپە.

قۆناغی چوارەم:

ئەم قۆناغە لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەست پێدەکات و تا ئێستاش بەردەوامە، لەم قۆناغەدا کورد هەوڵیداوە لە ڕێگەی پارتی کوردییەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، بەڵام بەپێی دەستووری تورکیا کە لە دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ەوە پەسند کراوە، گەورەترین کۆسپ لەبەردەم پارتە کوردییەکاندا بەربەستی لەسەدا ١٠ بووە، بەو واتایەی هەر حیزبێک دەبێت لەسەدا ١٠ی دەنگەکان بەدەست بێنێت بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمانەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩١ پارتی ڕەنجی گەل کە پارتی کوردەکان بوو بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمانەوە لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی گەلی تورکیا هاوپەیمانی پێکهێنا، لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا لە ناوچەکانی باکووری کوردستان کاندیدەکان لە پارتی ڕەنجی گەل بوون و لە ناوچە تورکییەکانیشدا کاندیدەکان لە پارتی سۆسیال دیموکراتی گەل بوون.

لە ئەنجامدا هاوپەیمانێتییەکە لەسەدا ٢٠ پۆینت ٧٥ی دەنگەکان واتە ٨٨ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، لەو ژمارەیە ١٨ کورسیان لە کاندیداکانی پارتی ڕەنجی گەل بوون و لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان و سەلیم ساداک لە دیارترین پەرلەمانتارەکان بوون کە هەر چواریان ساڵی ١٩٩٤ حەسانەی پەرلەمانتاریان لێ سەندرایەوە و هەر کامەیان زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندانی کران.

ساڵی ١٩٩٩ کورد لە ڕێگەی پارتی دیموکراسی گەل هادەپەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی لەسەدا ١٠ تێپەڕ بکەن.

ساڵی ٢٠٠٢ هادەپ جارێکی دیکە بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردەوە و لەسەدا ٦ پۆینت ٢٣ دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام دیسانەوە بەهۆی بەربەستی لەسەدا ١٠ەوە نەگەیشتە پەرلەمان.

ساڵی ٢٠٠٧ یاسای هەڵبژاردن گۆڕانی تێدا ئەنجامدرا و ڕێگەدرا جگە لە لیستی پارتەکان کاندیدی سەربەخۆش بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، ئەوە بوو پارتی کۆمەڵگای دیموکرات دەتەپە لە ڕێگەی کاندیدی سەربەخۆەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و توانیی ٢٠ کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، پەرلەمانتارە کوردەکان دواتر لەناو پەرلەماندا فراکسیۆنی دەتەپەیان پێکهێنا.

ساڵی٢٠١١ش بە هەمان شێوەی ٢٠٠٧ کورد بە کاندیدی سەربەخۆ بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، کاندیدە سەربەخۆکان بە بەدەستهێنانی لەسەدا ٦ پۆینت ٥٨ توانییان ٣٦ کورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

لە ساڵی ٢٠١٥شدا بۆ هەڵبژاردنەکەی ٧ی حوزەیران کورد لەڕێگەی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەوە بەشداریکرد، ئامانجیان تێپەڕکردنی بەربەستی لەسەدا ١٠ بوو و توانییان بە بەدەستهێنانی ١٢/١٣ی دەنگەکان ٨٠ پەرلەمانتار بنێرنە پەرلەمان، بەڵام دواجار بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بڕیار بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە درا کە بڕیارە یەکی تشرینی دووەمى ٢٠١٥ (١/١١/٢٠١٥) ئەنجام بدرێت و هەدەپەش بەنیازە رێژەی دەنگەکانی خۆی بەرزتر بکاتەوە.

 

لە NRT   وەرگیراوە

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام