فڕۆکەیەکی روسی بە (217) سەرنشین و حەوت کارمەندی فڕۆکەکەوە لە ناوچەی سینای میسر دەکەوێتە خوارەوە و سبەینێش دەکرێتە رۆژی ماتەمینی لەو وڵاتە.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ بە هۆکارێکی نادیار، فڕۆکەیەکی مەدەنی روسیا لە ناوچەی حەسەنەی سینا کەوتوەتەوە خوارەوە و تائێستاش دەسەڵاتدارانی میسر تەرمی (100) سەرنشینی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە کە (17)یان منداڵن و سندوقی رەشی فڕۆکەکەش دۆزراوەتەوە، بەوتەی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی فڕۆکەکە (217) سەرنشین و حەوت کەس کارمەندی فڕۆکەکەی هەڵگرتوە.

فڕۆکەکە لە جۆری (ئێرباس 321) بوە سەر بە کۆمپانیای (کۆغالیم ئەفیا)ی روسی بوە کە لە ناوچەی شەرەم شێخی میسرەوە گەشتی دەستپێکردوە بۆ شاری سان پترسبۆرگی روسی لە سەعات (6.21) بە کاتی مۆسکۆ و دوای (23) خولەک لە هەستانی پەیوەندی بە بورجەکانی فڕۆکەخانەوە نەماوە و دواتر کەوتوەتە خوارەوە.

کەوتنەخوارەوە ئەو فڕۆکەیە لە ناوچەی سینا وای لە دەسەڵاتدارانی روسیا کرد لەسەر هەمو ئاستەکان دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیە ماوەیەکی زۆرە، پێکدادان و شەڕ لەنێوان سوپای میسر و چەکدارانی گروپە توندڕەوەکان بەردەوامە.

هەر دوای روداوەکەش جگە لە راسپاردنی حکومەت و دەزگای فڕۆکەوانی مەدەنی و وەزارەتی دەرەوە و شارەزایانی وڵاتەکەی بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی روسیا سبەینێ یەکشەممەی کردە رۆژی ماتەمینی لەسەرتاسەری روسیا و بڕیاریدا سەرجەم ئاهەنگ و چالاکییەکانی کات بەسەربردن رابگیرێن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام