وه‌زاره‌تی ده‌ریاوانی یۆنان رایگه‌یاند؛ له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردودا له‌سنوره‌ ئاوییه‌كانی ئه‌و وڵاتادا نزیكه‌ی (50) كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ژماره‌یه‌كیش بێسه‌ر و شوێنن، بەپێی زانیارییەکان چوار کەس لەو کۆچبەرانەش کوردن و ئه‌ندامی یه‌ك خێزانن.

وه‌زاره‌تی ده‌ریاوانی یۆنان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردودا له‌ ئه‌نجامی نقومبونی كه‌شتی كۆچبه‌راندا له‌سنوره‌ ئاوییه‌كانی ئه‌و وڵاتەدا نزیكه‌ی په‌نجا كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ كه‌شتییه‌ك، نزیكه‌ی (150) كۆچبه‌ری نایاسایی تێدابوه‌ و زۆربه‌یان خه‌ڵكی سوریا بون، له‌نزیك دورگه‌ی كلیم لی نقوم بوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ (19) كه‌س خنكاون و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ رزگار كراون.

ئاشكراشیكردوه‌ له‌ روداوێكی دیكه‌دا، به‌لانی كه‌مه‌وه‌ سێ كه‌س به‌هۆی نقومبونی به‌له‌مێك له‌ نزیك دورگه‌ی رۆدۆسی یۆنان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هێزه‌ ده‌ریاوانیه‌كانیش توانیویانه‌ شەش كه‌س له‌و روداوه‌دا ڕزگار بكه‌ن و سێ كه‌سی دیكه‌ش بێسه‌ر و شوێنن.

(تۆڕی میدیای گۆڕان) زانیویه‌تی كه‌ دو كه‌س له‌و كه‌سانه‌ی خنكاون و دوكه‌سیش له‌وانه‌ی بێ سه‌رو شوێنن كوردن و خه‌ڵكی شاری سلێمانین و ئه‌ندامی یه‌ك خێزانن، له‌و خێزانه‌ش ته‌نها كچێكی ته‌مه‌ن (15) ساڵ رزگاری بوه‌ و له‌ ئێستادا له‌دورگه‌یه‌كی یۆنانه‌ و خێزانێكی دیكه‌ی كوردیش منداڵیكیان خنكاوه‌ و دایكی رزگار كراوه‌.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی حكومه‌تی یۆنان بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ به‌ته‌نها له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی له‌ توركیاوه‌ خۆیان گه‌یاندوه‌ته‌ دورگه‌ی میدیلی سه‌ر به‌یۆنان گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر (3000) هه‌زار كه‌س.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام