ئه‌م یاریه‌ یاریی‌ نێوان به‌رشلۆنه‌ و ریال مه‌درید نیه‌ تا هه‌موومان به‌بێ‌ جیاوازی‌ ته‌مه‌ن به‌ دیار تیڤیه‌كانه‌وه‌ دۆش دابه‌مێنین و ترپه‌ ترپه‌ دڵمان پله‌ی‌ گه‌رمی‌ له‌شمان به‌رز بكاته‌وه‌ ، چاویشمان له‌ سه‌ر چركه‌ ژمێری‌ كاتژمێره‌كه‌بێت تا كاتی‌ یاسایی‌ یاریه‌كه‌ به‌ كۆتا بهێنێ‌ . براوه‌ی‌ یاریه‌كه‌ دیاری‌ بكات ئێمه‌ش وه‌كو هانده‌ر به‌ شان و باڵی‌ تیپه‌كه‌ی‌ خۆماندا هه‌ڵبده‌ین و ئه‌وانیش باس له‌ شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن . به‌ڵكو ئه‌م كلاسیكۆ سیاسیه‌ی‌ نێوان گۆڕان و پارتی‌ مێژووكه‌ی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ دروست بوونی‌ گۆڕان . چونكه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ خۆی‌ له‌ نێو ژینگه‌ی‌ ده‌نگی‌ نارازی‌ خه‌لكی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ هه‌لقوڵاوه‌ ،  بۆیه‌ ئه‌ركێكی‌ سیاسی‌ و ئه‌خلاقی‌ و حزبایه‌تی‌ گۆڕانه‌ له‌ هه‌ر كوێ‌ یه‌ك ئیدی‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌ ناوچه‌گه‌ری‌ ده‌نگی‌ ڕه‌وای‌ ناڕازی‌ خه‌لك هه‌بێ‌  پێویسته‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ كورد وه‌ته‌نی‌ سوری‌ به‌ر له‌شكربێت و له‌ ویێ‌ بێت ، چونكه‌ بۆ خۆی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و خه‌ڵكی‌ هه‌رێم به‌ تایبه‌تی‌ تر لایه‌نگره‌كانی‌  په‌یوه‌ندیه‌ك نیه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ دارایی‌ بێ‌ به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ به‌خشینه‌ له‌ پێناو ئاماده‌ بوون بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ گۆڕان ده‌بێت ئاماده‌گی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێ‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت یه‌ك هاولاتی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ئیدی‌ له‌ به‌ره‌ی‌ ئه‌م بێت یان له‌ به‌ری‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ به‌مه‌رجێك به‌ ده‌نگی‌ ڕه‌وا هاته‌ سه‌ر شه‌قام و تف بارانی‌ به‌رپرسانی‌  كرد له‌ سه‌ر مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی‌ خۆیی‌ ئه‌وا بێ‌ یه‌ك و دوو با گۆزه‌كه‌ له‌ سه‌ری‌ ئه‌ماندا بشكێت !
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و خواستی‌ كاركردنی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ماوه‌ی‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ پرۆسه‌ی‌ حكومداری‌ له‌ به‌شی‌ باشوردا له‌ سه‌ر چه‌سپاندی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ بوایه‌ به‌ سه‌رجه‌م  ڕه‌هه‌نده‌ ئیداری‌ و سیاسی‌ و ئابووری‌ و سه‌ربازی‌ …..هتد به‌بێ‌ له‌ به‌رچاو گرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ته‌سكی‌ تاك و خێڵ و حزبگه‌رایه‌تی‌ ئه‌وا ئێستا ئه‌م هه‌رێمه‌ پێنج ملیۆن كه‌سیه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ كۆتا قۆناغی‌ چه‌سپاندنی‌ دیموكراسیدا ده‌بوو ….
له‌ گه‌ڵ هاوشانی‌ ئه‌مه‌شدا ده‌بووه‌ پاڵپشتێكی‌ به‌هێز بۆ هه‌رێم كه‌ توانای‌ هه‌بێت به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ كه‌ له‌ بواری‌ ( سیاسی‌ و ئابووری‌ و سه‌ربازی‌ ) ئیدی‌ چ له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان و به‌تایبه‌تی‌ تر له‌ ناوخۆی‌ كوردستان خۆیدا رووی‌ بدایه‌ هیچ ده‌رئه‌نجامێكی‌ نێگه‌تیڤی‌ له‌ سه‌ر پرۆسه‌ی‌ ئیداری‌ و سیاسه‌تی‌ ناوخۆ و ده‌ره‌كی‌ هه‌رێم نه‌ك جێ‌ نه‌ده‌هێلا به‌ڵكو له‌ كه‌یه‌كیشی‌ دروست نه‌ده‌كرد . له‌ بارته‌قای‌ ئه‌مه‌شدا یاسا سه‌روه‌ر ده‌بوو ، گۆزه‌ش به‌بێ‌ هۆ له‌ سه‌ری‌  كه‌سیدا نه‌ده‌شكا .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ واقیعانه‌ بۆ واقیعه‌تی‌ حكومداری‌ كوردستانی‌ باشور بكه‌ین له‌ هه‌ر گۆشه‌ نیگایه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی‌ كه‌ پێمان ده‌ڵێ كۆی‌ ئه‌و بیردۆز و یاسا و رێسایانه‌ی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف و زاناكان بۆ به‌ سیسته‌م كردنی‌ ژیانی‌ تاك وكۆمه‌ڵگا دانراوه‌ و په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌ بواری‌ ئیداری‌ و سیاسی‌ و ئابووری‌ و سه‌ربازی‌  ….هتد ئه‌وا له‌ حه‌ره‌می‌ ئه‌و چوار چێوه‌یه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ ناومان ناوه‌ پرۆسه‌ی‌ حكومداری‌ له‌ باشوری‌ كوردستان جگه‌ له‌ هاوشێوه‌یی‌ بڵقێكی‌ سه‌رئاو هیچ هاوشێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ شك پێ‌ به‌ری‌ نیم . بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌م دێڕه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌شم  23 ی‌ حوزیران به‌ نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ كاتێك په‌رله‌مان مه‌به‌ستی‌ بوو به‌ رێكاره‌ یاسایه‌كه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌موار بكاته‌وه‌ به‌بێ‌ هه‌ڵوێسته‌ كردن و له‌ به‌رچاو گرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ته‌سكی‌ حزبگه‌رایه‌تی‌  ، تا ده‌سته‌به‌رێكیش بكات  بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌لاقه‌ داخراوه‌كان له‌ سه‌ر نووسینه‌وه‌ی‌ ڕه‌شنووسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم  و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌یمه‌نه‌ت بۆ دامه‌زراوه‌كانی‌ ته‌شریعی‌ و یاسادانان و ته‌نفیزی‌ ئا له‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌دواوه‌ له‌ ژێر فشاری‌ هه‌ندێك له‌ حزبه‌كان ئه‌م ئیراده‌ دووباره‌ له‌ په‌رله‌مان سه‌ندرایه‌وه‌ و به‌ جۆرێكیش سه‌ندرایه‌وه‌ كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ 12 تشرینی‌ یه‌كه‌م  ڕێگا به‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان نه‌درا نه‌ك بچێته‌ بینای‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ڵكو شه‌قامێكی‌ پایته‌ختیشه‌وه‌ كه‌ ئه‌م به‌رواره‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ لایی‌ پارتی به‌ به‌رواری‌ گۆڵی‌ یه‌كسان كردنه‌وه‌و ته‌رتكردنی‌ تیپی‌ به‌رامبه‌ر دێت  له‌ لایه‌ن ناوبژیوانه‌وه‌ (حكومه‌ت ) .مه‌زهه‌له‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا یاری‌ به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام  تیپێك له‌ نێو یاریگاداو تیپێكیش له‌ سه‌ر كورسیه‌كانی‌ ته‌ماشاكردنه‌ .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام