رۆژنیوز ــ کارۆخ رەواندوزى

هاوسەرۆکى گشتى کۆما جڤاکێن کوردستان  رایدەگەیەنێت کە لەباشوورى کوردستان کێشەى سیاسى ، ئابوورى و کۆمەڵایەتى و هەتا کێشەى سەربازى هەیە. ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەبن بۆ باشوور مەترسی دروست دەکات. هەروەها دەڵێت: “پارتەکانى باشوورى کوردستان ئەو کێشانە چارەسەر ناکەن. کێشەى دەسەڵاتدارى دەخنە  پێشەوەى کێشەى خەڵک. ئەمەش لەلایەن گەلەوە بێ باوەڕیی دروست دەکات”. هاوکات تەئکیدیش دەکاتەوە: “ئەگەر پارتەکانى باشوورى کوردستان داوامان لێ بکەن و قبولى بکەن ئامادەین نێوەندگیرى و هاوکاربین بۆ ئەوەى ئەو کێشانەى ئەمڕۆ رووبەڕووى باشوورى کوردستان بونەتەوە چارەسەر ببن”.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى کۆنسەى بەرێوەبەرى گشتى کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتى رۆژنیوزدا چەندین مژارى گرنگ سەبارەت بە باکوور ، رۆژئاوا و بەتایبەتیش باشوورى کوردستان دەخاتەروو، بایک سەبارەت بە قەیرانەکانى ئابوورى ، سیاسى و کۆمەڵایەتى لەباشوور چەندین پێشنیاز نوێ دەخاتە بەردەم پارتەکانى باشوور و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان بەلاوە بنێنن و بەرژوەندى گەل و چارەسەرى کێشەکان بەبنەما بگرن. جەمیل بایک دەڵێت:” هەر حیزبێک ئەو کێشانە چارەسەر نەکات و  بەژەوەندی تەسکى حیزبایەتى بەبنەما بگرێت، شەڕى دەسەڵاتدارى بەبنەما وەربگرێت، ناکۆکى حیزبەکەى بکاتە مەسەلەیەکى سیاسى ، کۆمەڵایەتى ، ئابوورى و سەربازى ، ئەوا زیانێکى گەورە بە گەلى کورد و دەستکەوتەکانى باشوور دەگەیەنێت.”

دەقى چاوپێکەوتنەکە…

بەشى یەکەم

“شەڕى کوردان لەدژى داعش، شەڕى پاراستنى مرۆڤایەتییە”

بەگوێرەى ئێوە تا ئێستا مەترسى داعش لەسەر کورد بەردەوامە ؟

ئامانجى داعش هێرش کردنە سەر کوردستانە و هەتا ئێستاش بەردەوامى بەو هێرشانەى دەدات. چونکە بڕ بڕەى پشتی رۆژهەڵاتى ناوەراست کوردستانە. ئەوەى دەخوازێت دەسەڵاتدارى خۆى لەرۆژهەڵاتى ناوەراست بەهێز بکات ، سەرەتا روولە کوردستان دەکات. ئەگەر لەکوردستان دەسەڵاتدارى خۆى دروست نەکات، ئەوا ناتوانێت لە رۆژهەڵاتى ناوەراستیش دروستى بکات. ئەمرۆ کوردستان لەنێو چوار دەوڵەتدایە، هەروەک چۆن لە مێژوودا ئەو دەوڵەتانە کوردستانیان بۆخۆیان بەبنەما گرتووە، بەهەمان شێوە داعشیش کوردستان دەکاتە ئامانج ، هەم لەرۆژئاوا و هەمیش لەباشوور بەردەوام لەسەر گەلەکەمان هێرشی ئەنجامدا و مەترسیان دروست کرد ، بۆیە کوردیش لەبەرامبەر داعش وەستایەوە و شەڕى کرد و دەیکات. پێویستیشە کورد لەبەرامبەر داعش شەڕ بەردەوام بکات. چونکە ئەگەر ئەو شەڕە لەدژى داعش بەردەوام بکا ، هەم دەتوانێ مەترسی لەسەر خۆى نەهێڵێت، هەمیش لە ناو رایگشتیدا رێزى خۆى زیاتر دەکات. لەرۆژهەڵاتى ناوەراستیش دەتوانێت ببێتە پێشەنگ، شەڕ کردن لەدژى داعش لەهەمان کاتدا دەفەتێکە بۆ کوردان. راستە داعش کۆمەڵکوژى و رەفتارى دڕندانە و کاولکارى دەکات ، بەڵام لەهەمان کاتدا بۆ کوردانیش دەرفەتێک دروست دەکات کە بتوانن هەم یەکێتى نەتەوەییان دروست بکەن، هەمیش بتوانن کێشەکانى خۆیان هەم بەرۆژهەڵاتى ناوەراست و هەمیش بەدونیا بناسین ، دەتوانن هاوکارى گەلان و رایگشتى نێودەوڵەتیش وەربگرن. ئەگەر ئەمرۆ لە ئاستى نێودەوڵەتى رێزى کورد دروست بووە، ئەوا لەبەر شەڕى داعشە. چونکە داعش نەک تەنیا بۆ ناوچەکە مەترسیە ، بەڵکو بۆ تەواوى ئایینەکان ، بۆ کلتوور ، ژن ، پیرۆزییەکان و تەواوى مرۆڤایەتى مەرسییە. داعش جگە لەخۆى دەخوازێت هەموو ئەوانى دیکە لەناوبەرێت. بۆیە شەڕى کوردان لەدژى داعش، شەڕى پاراستنى مرۆڤایەتییە. ئەگەر کورد ئەو شەڕەى لەدژى داعش بەردەوام نەکات ، ئەوا مەترسی دروست دەبێت بۆ سەر تەواوى مرۆڤایەتى.

“بەرژەوەندى حیزبەکانیان بخەنە پێشەوەى بەرژەوەندى خەڵک ئەو دۆخەى باشوور خراپتر دەبێ”

لەئێستادا باشوورى کوردستان رووبەرووى چەندین قەیران بۆتەوە، ئابوورى ، سیاسى و  کۆمەڵایەتى ئەنجامەکەشى رۆژ بەرۆژ مەترسیدارتر دەبن ، ئێوە چۆن هەڵیدەسەنگێنن..

وەک خۆشتان باستان کرد ئێستا لەباشوورى کوردستان کێشەى سیاسى ، ئابوورى و کۆمەڵایەتى و هەتا کێشەى سەربازى هەیە. ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەبن ، بۆ باشوور مەترسی دروست دەکات. پێویستە ئەوانەى لەباشوور بەرپرسیاریەتییان لەسەر شانە و سیاسەت دەکەن، چارەسەرکردنى کێشەکان بەبنەما بگرن. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت و بەرژەوەندى حیزبەکانیان بخەنە پێشەوەى بەرژەوەندى خەڵک ئەو دۆخەى باشوورى کوردستان خراپتر دەکات. رۆژبەرۆژ مەترسییەکان زیاتر دەکات و خۆشیان زیانێکى گەورەیان بەردەکەوێت. پێویستە ناکۆکییەکانیان نەخەنە پێش ئەو کێشانە. ئەگەر لەباشوور حیزبەکان بتوانن کێشەى  کۆمەڵایەتى ، سیاسى ، ئابوورى و سەربازى چارەسەر بکەن ، ئەو کات دەتوانن کێشەکانى نێوانیشان چارەسەر بکەن . پارت و حیزبى سیاسى بۆ ئەوەن کە بتوانن کێشەکانى کۆمەڵگا چارەسەر بکەن، لەسەر ئەو بنەمایەش دروست دەبن. ئەگەر نا بەپێچەوانەوە هەر پارت و لایەنێک چارەسەرى بەبنەما نەگرێت. ئەوا خۆیان دەبن بە کێشە و کێشەکانیش مەزنتر دەکەن. زیانى گەورە دەگەیەنن ، بۆیە بانگەوازیم بۆ پارتەکانى باشوور ئەوەیە کە پێویستە کێشەکانى باشوور بخنە بەردەمیان و بیکەنە کێشەى خۆیان ، بۆچوونیەکانیان بکەن بەیەک بۆ چارەسەرى ئەو کێشانە . هەر حیزبێک هەوڵى چارەسەرى ئەو کێشانە بدات ئەوا پێشدەکەوێت . هەر حیزبێکیش ئەو کێشانە چارەسەر نەکات و  بەژەوەندی تەسکى حیزبایەتى بەبنەما بگرێت، شەڕى دەسەڵاتدارى بەبنەما بگرێت، ناکۆکى حیزبەکەى بکاتە مەسەلەیەکى سیاسى ، کۆمەڵایەتى ، ئابوورى و سەربازى ، ئەوا زیانێکى گەورە بە گەلى کورد و دەستکەوتەکانى باشوور دەگەیەنێت. لەوچوارچێوەیەدا دەڵێم ؛ ئەگەر پارتەکانى باشوورى کوردستان داوامان لێ بکەن و قبولى بکەن ئامادەین نێوەندگیرى و هاوکاربین بۆ ئەوەى ئەو کێشانەى ئەمرۆ رووبەرووى باشوورى کوردستان بونەتەوە چارەسەر ببن. چونکە دیارە بەو شێوەیە کێشەکان چارەسەر ناکرێن و رۆژ بەرۆژ قوڵتر دەبنەوە . پارتەکانى باشوورى کوردستان ئەو کێشانە چارەسەر ناکەن . کێشەى دەسەڵاتدارى دەخنە  پێشەوەى کێشەى خەڵک. ئەمەش لەلایەن گەلەوە بێ باوەڕی دروست دەکات . کۆمەڵگە ، گەنج ، پیر و ژن ئەمە دەبینن ، هەتا لەدەرەوەش خەڵکى دیکە دەبینێت کە کێشەکان رۆژ بەرۆژ گەورەتر دەبن ، پارتەکانى باشوور راوەستە لەسەر ئەو کێشانە ناکەن .

لەلایەکى دیکە رۆژانە گەنجان و خێزانەکانیش روولە ئەوروپا دەکەن ….

” بەچوونە ئەوروپا کێشەکانى وڵات چارەسەر نابن ”

ئەمرۆ کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان چارەسەرى لە چوونە هەندەران دەبینن ، هەڵبەتە کۆچبەربوون و بەبنەما گرتنى چارەسەریەکى بەو شێوەیە راست نیە ، بەڵکو هەڵەیە. نابێت باشوورى کوردستان گرتنەبەرى رێگەى ئەوروپا وەک چارەسەرى ببینن. چى دەبێت با ببێت هیچ کاتێک مرۆڤ نابێت وڵات ، گوند و شار و نیشتمانى خۆى جێ بهێڵێت. کێشەکان چەندە گەورەدەبن، با ببن  پێویستە مرۆڤ پێداگرى بکات بۆ ئەوەى لەوڵاتەکەیدا بمێنێتەوە. ئەگەر لەوڵاتەکەیدا مایەوە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. بەچوونە ئەوروپا کێشەکانى وڵات چارەسەر نابن. دوژمنانى کوردیش دەخوازن کورد کوردستان جێ بهێڵن، بۆیە سیاسەتى تایبەتیش پەیرەو دەکەن. پێویستە ئێمە سیاسەتى داگیرکەران و دوژمنان پوچەڵبکەینەوە. چەندە کێشە دەبن باببن دەبێت بەدواى چارەسەریدا بگەرێیین ، نەوەکو بەدواى چوونەدەرەوەدا بگەرێیین. ئەمە کێشەکان چارەسەر ناکات ، بەڵکو مەترسى گەورە دروست دەکات، چونکە دورکەوتنەوە لەخاک ، کلتوور ، زمان  و چاندى خۆت چەوسانەوە لەهەموو رووێکەوە دروست دەکات.

“ئەگەر ئەو سیاسەتەى تائێستا بەرێوەچووە باش بوایە ئەو کێشانە دروست نەدەبوون”


پێویستە فشار بخرێتە سەر پارت و لایەنەکان بۆ چارەسەرى ئەو کێشانە و پێیان بڵێن ، ئەو کێشانە هى ئێوەن و دەبێت چارەسەرى بکەن و ئێمەش هاوکار دەبین. حیزبەکانیش دەبێت کێشە حیزبى و دەسەتدارییەکانیان و ناکۆکییەکانیان بخنە لایەک و کێشەى وڵات بەبنەما بگرن. هەروەها گەلیش بەشداربێت لەو چارەسەرییە . یەکێک لە هۆکارەکانیش کە گەل بێ باوەڕ دەبێت لەبەرامبەر دەسەڵات و حیزبەکان ئەوەیە کە خەڵک بەشدارى چارەسەرى ئەو کێشانە ناکەن. پێویستە سەرجەم دەزگاکان ، رێکخراوەکان و پەرلەمان ئەم بەرپرسیارییەتە بخنە سەرشانیان و لەبەرامبەر کۆچبەرى خۆیان بە بەرپرسیار ببینن. ئەوەى کەم من دەیبینم خۆ بە بەرپرسیاردیتن لاوازە. لەبەر ئەوەیە کێشەکان رۆژبەرۆژ مەزنتر دەبن و ئەو کێشانەش بەو شێوەیە چارەسەر نابن ، ئەو سیاسەتەى تائێستا بەرێوەچووە ئەو کێشانەى دروست کردووە. ئەو سیاسەتە راست نیە و مایەپوچ بوو، چونکە بەپراکتیکى دەیبینین. ئەگەر ئەو سیاسەتەى تائێستا بەرێوەچووە باش بوایە ئەو کێشانە دروست نەدەبوون. بەڵکو پێشکەوتن دروست دەبوون، بەڵام کێشەکان لەهەموولایەکەوە سەخت دەبن.هەندێک لایەنیش هانى خەڵک دەدات وڵاتەکەیان جێ بهێڵن. واتا ئەو سیاسەتەى بەرێوەدەچێت راست نیە و دەبێت سیاسەتێکى نوێ پەیرەو بکرێت و جارێکى دیکە باوەڕى بۆ گەل بگەرێتەوە و خەڵک بەشدارى سیاسەت بکرێت.

” ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئەوا دەستى دەرەکى بەهێزتر دەبێت”

دەستى دەرەکیش هەیە لەدروستکردنى ئەو قەیرانانەدا ؟

راستە دەستى دەوڵەتى دەرەکى هەیە لە دروستکردنى ئەو کێشانەدا ، واتا دەخوازن بەو شێوەیە کورد لاواز بکەن. بۆ ئەوەى بتوانن کورد ناچارى سیاسەتەکانى خۆیان بکەن، هەروەها لەباشوورى کوردستان سیاسەتى خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن . بۆنمونە لەئێستادا داعشیان دروست کردوە و هێرش دەکاتە سەر باشوورى کوردستان ، داعش بەهێزى خۆى هەروا پێشنەکەوت. هەندێک دەوڵەتى رۆژهەلاتى ناوەراست و هەرێمەکە و داگیرکەر داعشیان بەهێزکرد . رەنگە ریشەیەکى هەبێت لە ئێراقدا ، بەڵام ئەو هێزەى داعش هى خۆى نیە. دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان داعشیان بەهێز کرد و هێرشى کردە سەر کورد .هەندێک کێشەش بەهێرشى داعش مەزنتر بوون ، بەتایبەت لەنێوان حکومەتى ئێراق و باشوور ، ئەگەر ئەمرۆ ئەو کێشانە هەنە لەنێوانیاندا دوورنین لە هێرشەکانى داعش و بۆیە دەستى دەرەکیش لەناویدا هەیە. لیرەدا پێویستە لایەنەکانى باشوور، رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و خەڵک بەگشتى چۆن بتوانن دەستى دەرەکى و سیاسەتى داگیرکەران پوچەڵبکەنەوە، چۆن بتوانن یەکسانى و یەکێتى و یەکریزى بەرەو پێشەوەببەن ، بەوە دەبێت کە پێویستە دەست لەناو دەستى یەکتر بنێنن ، ئەوکاتە دەتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، دەستى دەرەکى بەهێزتر دەبێت. پێویستە هەمو کەسێک بەبەرپرسیارییەوە هەڵسوکەوت بکات ، ئەمەش زیاتر دەکەوێتە سەر شانى ئەوانەى لەدەسەڵات ، حکومەت و پەرلەماندان . هەمووى ئەمانەش بەیەکێتى نەتەوەیی و بەرەوپێشبردنى دیموکراسى دەبێت. گەلەکەمان لەباشوورى کوردستان خاوەن ئەزموونى تێکۆشانە و بەساڵان تێکۆشانى کردووە ، قوربانى داوە و  زەحمەتى و ئازارى بینیوە واتا دەتوانێت کێشەکانیشى چارەسەربکات ، تەنیا یەک شت کەمە ئەویش ئەوەیە کە ئەوانەى پێشەنگى دەکەن پێویستە بە بەرپرسیاریەتییەوە هەڵسوکەوت بکەن و ئازادى و یەکسانى لەناو کۆمەڵگە بەهێز بکەن و خەڵک بەشدارى سیاسەت بکەن.

“پێویستە سەرەتا مەترسی داعش بنبڕبکرێت”

لەئێستادا ئەو هەرێمانەى کە پێشتر پێى دەووترا ( هەرێمە کێشە لەسەرەکان ) وەک کەرکوک ، خانەقین و چەندین دەڤەرى دیکە لەژێر کۆنترۆڵى هێزە کوردییەکانن ، لەداهاتوودا چ  پێگەیەک بۆ ئەو هەرێمانە پێویستە ؟

ئەوەى سەرەتا پێویستە دوورخستنەوەى مەترسى داعشە ، چونکە هەتا مەترسى داعش بەتەواوەتى هەبێ مرۆڤ ناتوانێت کێشەى نێوان باشوور و حکوومەتى ناوەندى چارەسەر بکات. بەهەمان شێوە ناتوانیت مەسەلەى پێگەى کەرکوک ، شەنگال و ناوچەکانى دیکە یەکلاى بکەیتەوە و چارەسەر بکەیت. ئێستا مەترسیەک هەیە لەسەر تەواوى گەلان و باوەڕى و کلتوورى ئێراق ، ئەمە تەنیا تایبەت نیە بەهەندێکیان . لەناو ئەو مەترسیە مەزنەدا کێشەى داهاتووى ئەو هەرێمانە یاخود پێگەى چۆن دەبێت چارەسەر بکات. پێویستە سەرەتا مەترسی داعش بنبڕبکرێت، دواى ئەوە مرۆڤ دەتوانێت پێگەى ئەو هەرێمانە زەڵاڵ بکات . ئەگەر ئەو کێشانە بخنە پێش مەسەلەى داعش ، ئەوکاتە کێشان چارەسەر نابن و مەترسییەکەشى مەزنتر دەبێت، بۆیە ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە بەرامبەر داعش شەڕبکەن دەبێ یەک بگرن، دەبێ پەیمان ببەستن، بەیەکەوە لەبەرامبەر داعش بوەستن و مەترسیەکانی داعش لەناوبەرن، چونکە بەیەکگرتن دەتوانین ئەو کێشەیە بەئاسانی چارەسەر بکەن.

“ئەگەر گەریلا درەنگتر بوایە ئەوا مەترسیەکانی سەر باشوری کوردستان زیاتر دەبوون”

سەبارەت بەکەرکوک و شەنگالیش تا ناوچەکانی موسڵ و دەوروبەری رزگار نەکرێنەوە ناتوانرێ کێشەی کەرکوک و شەنگالیش چارەسەر بکرێت، ناتوانرێ باس لە بونیادنانی پێگەیەکیش بکرێت بۆ کەرکوک وشەنگال، نەک هەر ناتوانرێ باس لە پێشخستنی پێگەیەک بکرێت بۆ کەرکوک و شەنگال ، ئەمە لەلایەک دابنێ، ڕەنگە ئەو پێگەیە ئێستا لە هەرێمی باشوری کوردستانیش هەیە لە دەست بدرێت، پێویستە ئەم مەترسیە ببینین. هەربۆیە کاتێ داعش هەڵمەتێکی گەورەی هێنا بۆسەر باشور گەریلا بە ئامانجی پاراستنی گەلان، سەروەریەکان و حکومەتی باشور هات بۆ ناوچەکە، چونکە سەردەمێکی زۆر مەترسی دار بوو بۆسەر باشور. داعش چەندین ناوچەی بە دەست خستبوو و هەڕەشەشی لەناوچەکانی تر دەکرد، هەتا شاری هەولێر لە ژێر هەڕەشەی داعش دابوو. ئەرکی وڵاتپارێزی و نیشتمان پەروەری لەو کاتدا خاوەنداری کردنی باشوری کوردستان بوو. دەبووایە لە ڕۆژی تەنگانەدا خاوەنداریمان لە کوردستان بکردایە، لە گەل، سەروەریەکان و بەهاکانی کردبایە. بۆیەش گەریلامان ناردە باشور. ناردنی گەریلا لە شوێن و کاتی خۆی دابوو. ئەگەر گەریلا درەنگ بوایە ئەوا مەترسیەکانی سەر باشوری کوردستان زیاتر دەبوون. گەل و هەموو پارتی و لایەنەکانی باشوریش ئەمە باش دەزانن. گەریلاکان لە تەنگانەدا بەهانای باشورەوە هاتن. ئەمەش ئەنجامی باشی لێکەوتەوە و خزمەتی یەکێتی نەتەوەیشی کرد. هاتنی گەریلا بۆ باشوور هۆکارێک بوو بۆچارەسەر کردنی کیشەکانی ناوخۆیی. هەندێ کێشەش چارەسەر کران. ئێستا لەنێوان پیشمەرگەو گەریلا کێشەیەک نەماوە، لە نێوان گەل کێشە نەماوە. کیشەکە تەنیا لە سەروو واتا لەنێوان پارتیەکان دایە. بەڵام ئەگەر گەل و گەریلا و پێشمەرگە فشار بخەنە سەریان باوەڕیم هەیە کەئەویش چارەسەر ببن، هەتا دەتوانن یەکێتی نەتەوەیی بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەن. هەربۆیە داخوازیم لە گەل و گەریلا و پێشمەرگە ئەوەیە کە ئەمە بە بنەما بگرن. دەتوانن بۆ بەهێزکردن و یەکگرتن لە بەرامبەر دوژمنانی گەلی کورد ئەمە ڕووبەڕووی پارتی و لایەنە بەرپرسیارەکان بکەن، ئەوان ناچار دەبن ملکەچى داواکاریەکان بن.

“تایبەتمەندی شەنگال هەیە دەبێ ئەمە قبوڵ بکەین”

ماوەیەک بوو ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى شەنگال لەرۆژەڤدا بوو ، بەڵام ئەوەى کە دیارە تا ئێستا دەستى پێنەکردووە، ئاستەنگییەکان چین ، یاخود بۆ ئەمە دەست پێناکات ؟

ئازادکردنی شەنگال و خاوەنداریکردن لەشەنگال ئەرکێکی مرۆڤایەتیە، ئەخلاقی و سیاسیە. ئەگەر کوردان و پارتیە کوردییەکان لە بەرامبەر شەنگال و  کوردانى ئێزیدی ئەرکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆیان پێک نەهێنن، ناتوانن  لەبەردەم کوردان و مرۆڤایەتی بڵێن؛ ئێمە شەڕی ئازادی دەکەین و پێناسەى ناسنامەى کورد دەکەین. ئەگەر یەکێک بیەوێت تێکۆشان بکات بۆ کورد و کوردستان، دەبێ ئەرکی سەرەکی ڕزگار کردنی شەنگال بێت. تا شەنگال ڕزگار نەبێت و لە ژێردەستی داعش دابێت نابێ کورد خۆیان ئازاد ببینن. دەبێ وا هەست بکەن کەلە ژێر زوڵم و لەناوچون و مردن دان. چونکە شەنگال ریشەى کوردانە، ریشەیەکى سەرەکیە بۆ کوردستان بۆیە تاکو شەنگال رزگار نەکرێت کەس  باوەڕ بە ئازادی کوردان ناکات. هەموو پارتیە کوردیەکان قەرزبارى ئێزیدیەکانن، دەبێ قەرزەکەیان بە رزگارکردنی شەنگال بدەنەوە. ئێمەش لە بەرامبەر شەنگال خۆمان قەرزبار دەبینین. ئازادی شەنگال ئەرکی سەرەکی ئێمەیە. تا شەنگال رزگار نەکرێت، پەکەکە ناتوانێت باسی سەرخستنی ئازادی کوردان بکات، ئەمە بۆ پەکەکە ئەرکێکى سەرەکیە. شەنگال کوردستانە.لە کوردستان دانابڕێت. تایبەتمەندی شەنگال هەیە دەبێ ئەمە قبوڵ بکەین، ئەگەر ئەمە قبوڵ بکەین ئەوا ئێزیدیەکانیش دەتوانن باوەڕى بەهەرکەس بکەن. چونکە کاتێ داعش هێرشی شەنگالی کرد نەحکومەتی ناوەندی عێراق و نە حکومەتی هەرێم ئەرکی خۆیان پێکنەهێنا. کوردانى ئێزیدیمان بێ پاراستن ما و رووبەرووی کۆمەڵکوژی بوونەوە. ئەگەر گەریلاکان ئەوکات نەگەیشتانە شەنگال ئەوا کۆمەڵکوژی گەورەتر دەبوو. شەنگالمان  بەتەواوی  لە دەست دەدا، ئێزیدیەکانمان لەدەست دەدا، کوردانمان لە دەست دەدا، مرۆڤایەتی خۆمان لە دەست دەدا. ئەگەر شەنگال لە کوردستان دانەبڕا بە هۆی موداخەلەى گەریلاوە بوو. ئەمە راستییەکە.

“بەبێ کوردانى ئێزیدی شەنگال نابێتە کوردستان ”

ئێزیدیەکان کۆچبەربونە و لە جیهان بڵاو بوونەوە. ئێستا سیاسەتی لەناو چونیان لەسەربەڕێوەدەبرێت، تەنیا لەڕووی جەستەیی نا بەڵکولەرووی کلتوریەوە و هەرە خراپیش ئەمەیە، ئەگەر شەنگال بە زووترین کات رزگار نەکەین و گەلی کۆچپێکردوو نەگەڕێتەوە و واتا بە هێزى خۆى خۆی بەڕێوەنەبات  باوەڕ بەکەسى دیکە ناکەن،  ئەگەر بۆخۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەوا باوەریان لادروست دەبێ بەرامبەر بە کوردان.  ئەگەر ئێزیدیەکان بتوانن لە باشور سیستەمێکیان هەبێت، هەم بۆ باشور هەمیش بۆتەواوی کوردستان باش دەبێت. بۆیە دەبێ شەنگال ئازاد بکرێت تا خەڵکى ئێزیدی باوەڕبکەن و بگەڕێنەوە. بەبێ کوردانى ئێزیدی شەنگال نابێتە کوردستان. هەموو پارتیەکان، لایەنەکان و هێزەکان و بنەماڵە ناودارەکان دەست بخەنە دەست یەکتری بۆ ئەمە کاربکەن.  هەرکەس بیەوێت شەنگال ئازاد بکرێت و ئێزیدیەکان بگەرێنەوە دەبێ لەم چوارچێوەیە دا ئەرکی خۆی لەبەرامبەرئێزیدیەکان پێکبێنێت.

ماوەیەکە کوردانى ئێزیدیش روولە ئەوروپا دەکەن….

دەیانەوێت ئێزیدیەکان لە شەنگال داببڕین، ئێزیدیەکان ناتوانن لە دووری شەنگال بژین، بانگەوازیم بۆ  کوردانى ئێزیدی ئەوەیە کە باش بزانن چ سیاسەتێکیان لە سەر پەیرەو دەکرێت. دەبێ ئێزیدیەکان روو لەشەنگال بکەن، ئەگەر مردنیش هەبێ با لەشەنگال بێـت. دەبێ هەر ئێزیدیەک بێت لە شەنگال خۆی بەجێ بکا و لەبەرامبەر داعش شەڕ بکات.
– See more at: http://www.rojnews.net/drejey-hewal.aspx?id=33875&LinkID=2&بایک-:-کۆچکردن-بۆ-ئەوروپا-کێشەکان-چارەسەر-ناکات…#sthash.kxychbSa.dpuf

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام