((حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن، یان ئادابی قسەکردن، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت. هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت. کەواتە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە.))

وەک لە بەشەکانی پێشووتری ئەم زنجیرە نووسینەدا ئاماژەمان پێدا، یەکەم ململانێی نێوان سەرکردە کوردە سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٦٤دا لە نێوان مەلا مستەفای بارزانی و مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیدا سەریهەڵدا. کە لە راستیدا وەک چاودێرە سیاسییەکان و ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ناکۆکییەن، لەسەر مەسەلەی بیری شۆڕشگێڕێتی و ناشۆڕشگێڕیتی نەبووە. لەسەر مەسەلەی فرۆشتنی گەلی کورد لە لایەن بارزانییەوە بە حکومەتی عەبدولسەلام عارف نەبووە، کە بەرەکەی تر دژی ئەو فرۆشتن و رادەستکردنەی مەسەلەی کورد بن بە عەبدولسەلام و حکومەتی عێراقی، کە هەڵبەت لە راگەیاندنە چەواشەکارییەکانیاندا مەکتەبی سیاسی ئەمەیان رادەگەیاند. بەڵکو زیاتر ناکۆکیەکە لەسەر خۆپیشاندان و خۆدەرخستن و پلەوپایە بووە.

بۆ ئەوەی خوێنەری ئازیز نەخەینە هەڵەوە، بنەمای ناکۆکیەکە هەرچەندە بنەمایەکی بیریی نەبووە، بەڵام ئەم دوو بەرەیە، بەرەی بارزانی وەک سەرۆکی حیزبەکە و

بەرەی ئیبراهیم ئەحمەد وەک سکرتێری حیزبەکە، هەر لایەکیان نوێنەری توێژ و چینێکی جیاواز بوون لە ناو حیزبەکەدا.

هەرچی بەرەی مەلا مستەفایە نوێنەری بەرەی خێڵ و هێزی ئاغا و مەلا و شێخ و سەرۆک هۆزەکان بووە. بۆیە ئەم بەرەیە زیاتر بە نەخوێنەوار و ناهۆشیار لەسەر مەسەلە سیاسییەکان و مەسەلەی کورد دەخوێنرانەوە لە لایەن بەرەی ئبیراهیم ئەحمەدەوە.

بەرەی ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی زیاتر نوێنەری خوێندەوار و وردە بۆرژوا و کاسبکاران و رێکخستنەکانی ناو شارەکان بوون.

ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری ناکۆکیەکە بکەین جۆرێکە لە ناکۆکی چینایەتی هەبوو لە نێوانیاندا. بەڵام بە هۆکاری دواکەووتوویی ئەو سەردەمەی چینی بۆرژوا، کە تا ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو دواکەوتووییە خۆی نمایش دەکات و خوی دەنوێنێت لە پێوەندییەکانیدا، ئەم چینە تا ئێستاشی پێوە بێت ئەوەندە گەشەی نەکردووە وەک چینێکی گەشەسەندوو کە لە هەناوی گەشەی پیشەسازییەوە دروستبووبێت، هەتا ناکۆکیی قوڵی لەگەڵ چینی بەرامبەریدا هەبێت. بۆیە ناکۆکیەکە ناکۆکیی نێوا دوو بەرە بوو کە لایەکیان کە مەکتەبی سیاسیی بوو خۆی وا دادەنا کە خوێندوارترە لە بەرەکەی تر و خۆی بە خاوەنی ئەو مافە دەزانی دەبێت ئەم بەرەیە پێشەنگ بێت لە شۆرشکردن یان لە هەرچ دانوستاندێک کە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بکرێت، واتە ئەم بەرەیە خاوەنی خەسڵەتێکی کۆمەڵێک خوێندەواری بۆرژوازیی بوون، کە زۆر جار رارایی و بە بیروبۆچوونەکانیانەوە دیار بوو، دیسان ئەو لوتبەرزییەی کە خۆیان پێ جیادەکردەوە لە سەرکردە نەخوێنەورەکان، بە تایبەتی لە مەلامستەفا ئەمش جۆرێک بوو لە خۆ بە زل زانین و مامۆستایەتی لە سیاسەت و شۆرشکردندا. کە لە راستیدا شۆرش بە کەسانی شۆرشگێری خۆ نەویست دەکرێت و هەڵدەسوڕێت، کە بیرو بۆچوون و دیدگاییەکی جیهانی بینی فراوان و قوڵ و شۆرشگێرانەیان هەبێت، نەک خۆ بە هەموو شتزانین. لە بەرامبەریشدا مەلا مستەفا خۆی بە هەموو شتدەزانی و لای وابوو کە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیەو دەبێت شۆرش و حیزب لە ژێر ساییە و فەرمانی ئەمدا بن. بۆیە زۆر جار مەلا مستەفا خۆی بە هەموو شت زانیوە حیزب و مەکتەبی سیاسیی نەخوێندۆتەوە، بە واتایەکی تر هەردوو بەرەکە ناعەقڵانیانە بیریان دەکردەوە. هەردوو لا ناکۆبوون لەسەر وەرگرتنی جڵەوی حزب و پلە و پایە. دیارە ئەم ناکۆکییە پێش تەقینەوەی لە ساڵی ١٩٦٤ دا هەر هەبوو، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوە بوو کە مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٥٩دا چووە سەر مەکتەبی سیاسیی و بە جنێودان و هەڕشەکردن هەمزە عەبدوڵا و هاورێکانی دەرکرد و کلیلەکانی بارەگای مەکتەبی سیسی لێوەرگت و رادەستی ئبیراهیم ئەحمدی کرد، زۆر کەس دەڵێن ئەوەی مەلا مستەفا کردی بە فیتی ئیبراهیم

ئەحمدە بووە چونکە هەمزە عەبدوڵای بە کەسێکی شیوعی داناوە و بە مەلا مستەفای وتووە هەمزە دەیەوێت پارتی بکات بە پاشکۆی حیزبی شیوعی.

بەڵام سروشتی حیزبەکە وەک حیزبێکی نەتەوەیی، وەک حێزبێکی پۆپۆلیست و جەماوەرگەرا کە بتوانێت هاوسەنگ بێت لەگەڵ حیزبی شیوعیدا، کە لە کوردستانی ئەو سەردەمەدا تاقە هێزی سیاسیی بوون بەرامبەر بە پارتی. ئەم جەماوەرگەرایی و پۆپۆلیستییە بۆ ئەوە بوو تا بتوانێت زۆربەی زۆری حەشاماتی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژە جیاوازەکانەوە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بۆیە ئەم ناکۆکیانەیان شاردۆتەوە و بارزانیان قبولبووە بە سەۆکی حیزب. بەڵام دوای ئەوەی مەلا مستەفا، کە خۆی بە میراتگری بزووتنەوەی کورد دەزانی، بە تایبەتی دوای کۆچی دوایی شێخ مەحموود کە لە ساڵی ١٩١٩دا حکومەتی لە سلێمانیدا راگەیاند، دوای تێشکانی هەموو ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود، هەروەها دوای تێشکان و روخانی کۆماری موهابات و لە سێدارەدانی قازی محەمەد. ئیتر مەلا مستەفا هەستی دەکرد کە کەس نییە لە ناو کوردا رکەبەری بکات. هەرچی مەکتەبی سیاسیی و برایم ئەحمەدیشە بە کۆمەڵێک گەنجی خوێندەواری شاریی دەخوێندنەوە و، وا تەماشای دەکردن کە ئەمانە ئەفەندین و ناتوانن سەرکردایەتی شۆرشی چەکداری بکەن. بۆیە لە رێکەوتنی لەگەڵ عەبدولسەلام عارف لە ساڵی ١٩٦٤ پرسی بە مەکتەبی سیاسیی نەکرد و زۆر گرنگی بە رای ئەوان نەدا. بەرەی مەکتەبی سیاسیی و ئیبراهیم ئەحمەدیش کە وەک ئاماژەم پێدا هەر ئەوەندە مەلا مستەفایان بەلاوە گرنگ بوو بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خاوەن پێگە کۆمەڵایەتییە لادێنشینە دەستڕۆشتووەکان، وەک سەرۆک خێڵەکان و موڵکدارەکان و مەلا و پیاوە ئاینییەکان. کەواتە کێشەکە کێشەی لوتبەرزییە ناعەقڵانیەکە بوو کە تا ئێستاش بەردەوامە و لە ململانێ حیزبایەتییەکاندا بە تایبەتی لە نێوا یەکێتی و پارتیدا و لەم دوایانەشدا لە نێوا بزووتنەوەی گۆران و پارتیدا رەنگدەداتەوە.

دەستپێکردنی ململانێکە بەم جۆرە بوو:

دوای ئەوەی مەلا مستەفا چووە سەر مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێکانی دەرکرد لە حیزب. هێزی مەکتەبی سیاسیی لە ماوەت بارەگایان دروستکرد و کەوتنە دژایەتیکردنی مەلا مستەفا. بەڵام هێندەی نەخایاند مەلا مستەفە هێزێکی کۆکردەوە و ناردیە سەر هێزی مەکتەبی سیاسی لە ماوەت دەریپەڕاندن بەرەو ئێران. هەرچەندە هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی ئەم دوو بەرەیە یەکبخەنەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە. ئەوانەی ئەو هەوڵەیان دا بۆ یەکخستنەوە هەردوو بەرەی بارزانی و مەکتەبی سیاسی، دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی و دکتۆر کەمال فوئاد بوون.

تا ساڵی ١٩٦٦ ئەم ناکۆکییە بەردەوام بوو بەڵام زۆر کاریگەری نەبوو لەسەر بزووتنەوە چەکدارییەکەی مەلا مستەفا.

لە ساڵی ١٩٦٦دا بەرەی ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسیی لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا رێکەوتن کە لە ناو شارەکانی کوردستاندا بتوانن چالاکی سیاسیی خۆیان هەبێت و لە هەمانکاتیشدا رێگەیان پێدرا هێزی چەکداریان هەبێت. بەمەش حکومەتی عێراقی توانی بە تیرێک دوو نیشان بشکێنێت. یەکەم ناکۆکیەکانی نێوان کوردەکان گەورەتر بکات و بیگەیەنێتە ئاستی شەرە تفەنگ و لە یەکتری کوشتن و خوێنڕشتنی کورد بە دەستی کورد. لە لایەکی تر هێزی مەکتەبی سیاسیی لە ئێرانەوە گەڕانەوە بۆ ناو عێراق بۆ ئەوەی نەک رۆژێک لە رۆژان ئێران دژی عێراق ئەم هێزە بەکاربهێنێت. چونکە حکومەتی شای ئێران و ئەمەریکاش گۆڕانکارییەکانی عێراق و شۆرشی چواردەی ١٩٥٨ و گۆڕینی سیستمی پاشایەتی بۆ سیستمی کۆماریی و ئەو کرانەوە سیاسیی و هۆشمەندییە چەپێتییەی کە لە عێراق و کوردستاندا گەشەی دەکرد لە بەرژەوەندییان نەبوو. هەر ئەمەش بوو کە وای لە ئێران و سەفارەتی ئەمریکا کرد کە پشتیوانی لە یاخیبوونی هەباسی مەمەند ئاغا و حەمە ڕەشیدی لۆلان بکەن و دنەیان بدەن دژی یاسی ئیسڵاحی زەراعی ١٩٥٨.

قسەی مەسعود بارزانی لەسەر ئەو ناکۆکییە:

مەسعوەد بارزانی بەم جۆرە لەسەر ئەو رەوشەی ئەو کاتەی نووسیوە:

ئاوێنە ٣١ی ئابی ٢٠١٥.

“رۆژی 17ی ئاب (1964)، تاقمهكهی ئیبراهیم ئهحمهد نیازی دهستدرێژیكردنیان ههبو، لهسنور پهڕینهوهو هاتن بۆ شلێرو سیوهیل لهدهوروبهری پێنجوێن. دهركهوت كه دهسهڵاتدارانی ئێران باشترین چهكیان دابونێو شهڕێكی سهخت لهو ناوانهدا رویداو ههندێ شوێنیان داگیركردو لهئهنجامی ئهوهدا شهش پێشمهرگهی هێزی خهبات شههیدكران. رۆژی 19ی ئاب بروسكهیهك لهعهقید نوری مهلا مهعروفهوه هات بۆ بارزانی داوای یارمهتی لێدهكردو ئاگاداری كرد كهوا شهڕ بهردهوامهو ئێرانیهكان راستهوخۆ یارمهتیی تاقمی ئیبراهیم دهدهن.

بارزانی ههڕهشهیهكی توندی لهئێرانیهكان كردو پێیوتن: “جارێكیتر یهك كهسیان لهسنور بپهڕێتهوه، منیش لهسنوری ئێران دهپهڕمهوهو شۆڕشێك لهكوردستانی ئێران ههڵدهگیرسێنم”.

بارزانی ئهم ههڕهشهیهی خۆی بهنهێنی نههێشتهوهو بهرۆشنو ئاشكرا رایگهیاند. رژێمی عێراقیش ئهم ههڕهشهیهی بهههلێكی وا دانا نابێ لهدهستبدرێ، پێوهندی ئهو رۆژهی نێوان عێراق ئێران ئاڵۆز بو، بهغدا دهستبهجێ وهفدێكی حكومهتی نارد بۆ چوارتا (وهفدهكه پێكهاتبو لهسهرۆكی ئهركانی سوپاو سهركردهی فیرقهی دوو بهڕێوهبهری ئیستیخباراتی سوپاو پارێزگاری سلێمانی)، وهفدهكه جهختی لهسهر ئهوه كرد كه حكومهتی عێراق ئامادهیه یارمهتی بارزانی لهدژی دهستێوهردانی ئێران بدات. باوكیشم سوپاسی وهفدهكهی كرد”.))

کاتێکیش مەکتەبی سیاسیی ئەم رێکەوتنەیان لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا کرد، کەوتنە چالاکی و خەباتی سیاسیی و کۆکردنەوەی گەنجە خوێندەوارەکانی ئەو سەردەم. ئەو سەردەمەش سەردەمی کرانەوە و گەشەی شۆرش و ئەو راپەڕینانە بوون کە چەپەکان و مارکسیەکان سەرۆکایەتیان دەکردن. ئەم گەشەی بیری چەپ و مارکسیەتە جگە لەوەی حیزبی شیوعی دەوری سەرەکی هەبوو لە

نەشونماکردنیدا، بە تایبەتی باڵی قیادیە مەرکەزی کە بڕوایان بە شۆرشی چەکداری هەبوو دژی روخانی ڕژێمی فاشی بەعسیەکان، توانیشیان یەکەم راپەڕینی چەکداری شۆرشگێرانە لە ناو زۆنگ و قامیشەڵانی خواروی عێراقدا لە ساڵی ١٩٦٧دا دروستبکەن دژی ڕژێمی فاشی بەعسیەکان. هەروەها وەک ئاماژەم پێدا بە هۆکاری ئەو ڕاپەڕینی چەپگەراییە لە زۆربەی وڵاتانی وەک فەلەستین و ڤێتنام و کەمبۆدیا و لاوسدا کاریگەریی گەشەی بیری چەپیان لە عێراق و کوردستاندا زیاتر کرد. بە تایبەتی بیری مارکسیەت و کتێبەکانی مارکسیەت لە سۆڤیەتەوە دەگەیشتنە عێراق و کوردستان، هەروەها بیری ماوتسیتۆنگ و شۆرش و گەشەی شیوعیەت لە وڵاتی چیندا بە ئاسانی دەگەیشتە مەکتەبەکانی عێراق و کوردستان. ئەم کرانەوەیە کاریگەریی هەبوو لەسەر خوێندەوارە شارییەکانی سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسیی جیابووەوە لە مەلا مستەفا. بەم کاریگەریەش کەوتنە خۆیان و هاوبەشییکردنیان لە خۆڕۆشنبریکردن و خوێندنەوەی مارکسیەت و بیری چەپ و دامەزراندنی ئەڵقەی خۆ رۆشنبیرکردن و دراسەکردنی شۆڕشەکانی جیهان. ئەوەی من ئاگاداربم کۆمەڵێک لە چەپی ئێرانی لە بارەگای سەرەکی ئەم هێزە سیاسییە لە بەکرەجۆ بوون. ئەمانەش کاریگەریی خۆیان هەبوو لەسەر پێشکەوتنی بیری چەپێتی و رۆشنبیرێتی و هۆشمەندی گەنجەکانی ئەم هێزە سیاسییە.

مام جەلال یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کە زۆر کاریگەری هەبووە لە رۆشنبیرکردنی گەنجاکاندا. یەکێک لەو کتێبانەی مام جەلال وەریگێرا بۆ سەر زمانی کوردی (چەپکێ لە وتەکانی ماوتسیتۆنگ)بوو. جگە لە مام جەلال کە دەورێکی کاریگەریی هەبوو لە گەشەی بیری چەپێتی لە ناو ئەم بەرەیەی مەکتەبی سیاسییدا کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بە حیزبی شۆرشگێر، ئەوانەی کە من لە یادم مابێت، ئەمانە بوون: نەوشیروان مستەفا، خاڵە شەهاب، شەهید ئارام، عارف کەریم (عارەفە ڕەش)، شازاد سائیب، بەکر حسەین(کە ئەو سەردەم لەبەر زیرەکیی پێیان دەوت قاموسەکەی مام جەلال)، فوئادی مەلا مەحموود، ئاوات عەبدوڵغەفور، عومەری سەید عەلی، مامۆستا فئواد قەرداغی، فەرەیدون عەبدولقادر، ئاسۆی شیخ نوری و فازیلی مەلا مەحموود، سمکۆ فەتحوڵا، مەحموودی مەلا عێزەت، خالید دلێر، جەمالە رەش، پرشنگی حەمەی مەمەند، حەم سوور، ئەنوەر مەحموود و حەمە چاوشین و دەیان کەسی دایری تر کە ئێستا ناوەکانیانم لە یاد نییە.

گەنجەکانی ئەم هێزە سیاسییە لە شاری بەغداد رۆژنامەیەکیان دەردەکرد بە ناوی رۆژنامەی نور. هەروەها گۆڤارێکی سیاسی فکرییان لە شاری سلێمانی دەردەکرد بە ناوی گۆڤاری رزگاری کە سەرنووسەرەکەی نەوشیروان مستەفا بوو، خاونەی ئیمتیازیش شازاد سائیب بوو. ئەمانە هەموو کاری باش و بە جێ بوون لەم باڵی مەکتەبی سیاسییەی پارتیدا. ئەم رەوشە باش و سەرهەڵدانی چەپڕەوێتیە بوو لەم بەشەدا کە بەرهەمەکەی کۆمەڵی مارکسی لینینیی لێکەوتەوە و دواتر گۆڕدا بۆ کۆمەڵەی رەنجدەران. هەڵبەت کۆمەڵەی مارکسی لینینیش بوون بە دوو بەرەوە،

بەرەیەکیان وا بیریان دەکردەوە کە مارکسیەت مەسەلەیەکە هەڵگری بیریی نەتەوەیی و ناسیۆنالستیی نییە، هەرچەندە بڕوای بە مافی چارەنووس هەیە بۆ هەر گەلێک. بۆیە دەبێت لەسەر ئاستی هەموو عێراق ئەم کۆمەڵەیە کاربکات و دامەزرێت هەوڵبدات بۆ گۆڕانکاریی و شۆرشکردن لەسەر ئاستی عێراق نەک تەنها لەسەر ئاستی کوردستان. بەرەی کوردستانچێتیەکە ئەمەیان بەلاوە پەسەند نەبوو، بەڵکو ویان دەخوێندەوە کە کوردستان ڕەوشێکی تایبەتی هەیە و جیاوازە لە عێراق، گەلی کورد چەوساوە و ستەملێکراوە، بۆیە ئاساییە  کە مارکسییەکان ئەم بەشەی کوردستان خەبات بۆ رازگاریی کوردستان بکەن. بە هەرحاڵ لێرەدا نامەوێت بچمە ناو ئەو ناکۆکییە بیریی و تیۆرییەوە چونکە زۆر پێوەندی نییە بەم نوویسنەی ئێمەوە.

بەڵام کاری زۆر خراپ و نابەجێ ئەوە بوو کە ئەم باڵەی مەکتەبی سیاسی جیابووەوە لە مەلا مستەفا، خۆیانکرد بە خاوەنی هێزێکی سەربازی. ئەم هێزە کەوتنە شەڕکردن لەگەڵ باڵی مەلا مستەفای بارزانیدا، هەردوو لایان بە سەدان گەنجی کوردیان بە کوشتدا لە پێناوی هیچدا، هیچ لایەکیان لەم شەڕدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا، ئەوەی زیانی لێکەوت کوشتن و خوێڕشتنی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بوو. ئەم دوو هێزە زۆر بە دڵڕەقی بەرامبەر بە یەکتری دەوەستانەوە و شەڕیان دەکرد، هەرچ لایەکیشیان لە چ ناوچەیەکی کوردستاندا دەستڕۆشتوو بوایە دەبوو بە زۆر هەموو خەڵکی ناوچەکە لایەندارێتیان بکردنایە، دەنا دەکوتنە بەر رق و کینەی ئەم هیزانە. هەردوو لایەن بە زۆر چەکدارییان بە خەڵکی کوردستان دەکرد. هەردوو لایان دەیان سیخوریان بەسەر خەڵکەوە دروستکردبوو، بۆ ئەوەی چاودێری ئەو کەسان بکەن کە لە زۆنی ئەماندان و بەڵام دڵیان بۆ ئەولا لێدەدا. کوردستانیان دابەشکردبوو بەسەر زۆنی مەلایی و جەلالیدا. مەلایی و جەلالی بوو بوو بە دوو تێرمی سیاسیی.

هەر بۆ نموونە و وەک چیرۆکێکی ناخۆش لەسەر ئازاردانی خەڵک، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی ئەم دوو هێزە، ئەم چیرۆکە دەنووسمەوە بۆتان:

یەکێک لەو جوتیارانەی بە ناوی حاجی گەردەی بازیانەوە، کە خەڵکی گوندی باڕۆی بوو، بە زۆر هێزی مەکەتبی سیاسی مام جەلال کوڕە تاقانەکەیان کە ناوی مستەفا بوو کردبوو بە چەکداری خۆیان. مستەفا لەگەڵ ئەوەی کورێکی گەنجی بەکار بوو بەڵام چاوەکانی لاوازبوون. بۆیە حاجی گەردەی باوکی بێدەسەڵاتانە هاواری دەکرد باوکم ڕۆ، مام جەلال تەوێتی بە مچەی کوڕی من مەلا مستەفا بشکێنێت و حکومەتی عێراقیش بڕوخێنێت و حەقی کوردیش وەربگرێت. بە چل قورئان خەڵکینە، مچەی من فیشەکێک بنێت بە بەرانانەوە لێینادات. ئەمە حاڵی خەڵکی هەژار و جوتیار بوو بە دەست ئەم هێزە چەکدارانەی کە “کوردایەتییان” دەکرد. لە لادێکاندا بە دەیان کەسیان دەخستە ناو حەوزی ئاوی ساردەوە لە زستاندا. وەک ئەشکەنجەدان،

تەنها لەسەر ئەوەی گۆمانیان لێی بوو سەر بە زۆنەکەی تر بێت. هەردوو لایان خاوەنی زیندانی گەوەرە بوو. دەیان و سەدان کەسیان لە لایەندارانی یەکتری زیندانیکردبوو. لە زۆربەی لادێکاندا کە هێزی مەلا مستەفا باڵا دەستبوو کەس نەیدەوێرا یەک گلەیی و رەخنەبگرێت، یەکسەر بە جەلالی تۆمەتباریان دەکرد و زیندانیان دەکرد. لە ناو شارەکان و ئەو ناوچانەی جەلالیەکان باڵا دەستبوون بە هەمان شێوەی مەلاییەکان دڵرەقانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرد کە گومانیان لێیان بوو سەر بە جەلالی بن. هەر لەو رۆژەوە ئەمان بە جۆرێک خەڵکیان پەروەدە دەکرد، کە بادینانیەکان کورد نین!، کەس لە زمانیان تێناگات!، خۆزگە بە عەربی قسەیان بکردایە باشتر بوو لەو گفە گڤە!. لەملاشەوە مەلاییەکان بە هەمانشێوە هەرکەس لەگەڵیاندا نەبووایە بە کورد دایان نەدەنا، دەبوو خەڵک سەر بە بەرەیک بێت، نابێت خەڵکی بێلایان یان سەر بە حیزبی تر و بیرکردنەوەی تر هەبێت، ئەمە قبوڵ نەبوو. واتە هەر وەک ئێستا چۆن خەڵکیان دابەشکردوە بەسەر زۆنی زەرد و زۆنی سەوزدا، بە هەمان شێوە ئەو کاتەش خەڵکیان دابەشکردبوو بەسەر زۆنی مەلایی و جەلالییدا.

ئەم دوو هێزە لە بەرەکانی شەڕدا لەبەر ئەوەی هەردوو لایان ناوی پێشمەرگەیان هەڵگرتبوو، هەردوو لایان جلوبەرگی خاکیان لەبەردا بوو، هەردوو لایان کورد بوون و بە کوردی قسەیان دەکرد، هەردوو لاشیان یەک رەفتار و کرداریان هەبوو، لە یەکتری جیانەدەکرانەوە لە بەرەی شەڕکردندا. بۆیە هیزی مەکتەبی سیاسیی بۆ خۆ جیاکردنەوە هەموو چەکدارێکیان پارچەیەک پەڕۆی سووریان بە پشتیدا دادووریبوو. هێزی چەکداری مەلا مستەفا ناویان لێنابوون کۆڵوانە سوور! بەو واتایەیی کە ئەمانە ژنن و ژنیش لاوازە و شەڕی پێناکرێت. ئەمانیش بە چەکدارەکانی بارزانییان دەوت مەلا ژن، ئەمەشیان هەر سوکایەتیکردنە بە ژن.

خوێنەری بەریز، گەنجە خۆشەویستەکان، وردبنەوە شۆرش و هێزی چەکدار و پێشمەرگ و سەرکردەکانیان چ عەقڵیەتێکی دواکەوتوویان هەبووە، هەر ئەم عەقڵیەتە دواکەووتوویەشە تا ئیستا رەنگ دەداتەوە لە ناکۆکیەکانیاندا.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام