ئەمڕۆ (یەكشەممە 30ی ئاب) مەتیاس میتمان كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەفدێكی كونسوڵخانە سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردو لەگەڵ یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی پەرلەمانی كوردستان  لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی پەرلەمان باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان‌و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان كردوە‌و وتویەتی” لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانانە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن، خۆشبەختانە ململانێ سیاسییەكانی هەرێم كاریگەریی لەسەر ورەی پۆڵاینی پێشمەرگە نەبوەو چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەركەوتنێكی گەورەیان لە ناوچەی كەركوك بەدەستهێناوە”.

رایگەیاندوە”دڵنیایی دەدەینە هێزەكانی پێشمەرگە ململانێ سیاسییەكان بە ئاشتی یەكلایی دەبنەوە، هیوادارین پێچەوانەی وڵاتانی ناوچەكە لەم رێگەیەوە پەرە بە ژیانی دیموكراتی كوردستان بدەین”.

لەبارەی بەرەی دژ بە تیرۆرستانی داعش سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكردوە” لەگەڵ ئەوەی سوپاسی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانمان دەكەین لەم شەڕەدا، بەڵام ناكرێت ئەوان پەكەكەو داعش، وەك یەك سەیر بكەن، چونكە پەكەكە ئێستا لە رۆژئاواو باشور ئازایانە بەرەنگاریی داعش دەبێتەوە”.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی پەرلەمان لەبەرانبەردا كونسوڵی ئەمەریكا دوای پیرۆزبایی كردن لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دیدارەكەدا باسی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردوە.

كونسوڵ وتویەتی ” ئەم پرسە بابەتێكی ناوخۆییە، هیوادارین هەمو لایەنەكان پێكەوە چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، چونكە ئێمە هەرێمی كوردستان بە هاوبەشێكی سەرەكی خۆمان دەزانین لەشەڕی دژ بەتیرۆردا”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام