رانیه‌ مێژوویه‌كی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ له‌خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تیدا هه‌یه‌, تائه‌وه‌ی‌ كه‌ڕاپه‌ڕین شوناس و ناسنامه‌یه‌تی‌, خۆپیشاندان بووه‌ به‌به‌شێك له‌كه‌لتوری‌ ئه‌م شاره‌ و هه‌ست و نه‌ستێكی‌ تایبه‌تی‌ به‌سایكۆلۆژیای‌ خه‌ڵك و هاوولاَتیانی‌ ئه‌م شاره‌ داوه‌ .. ئه‌م خاسڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌و ئه‌م سایكۆلۆژیه‌ته‌, كه‌سایه‌تیه‌كی‌ زۆر  هه‌ستیاری‌ و زیندوی‌ به‌و شاره‌دا داوه‌, به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ زۆر سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌, كه‌سه‌رباری‌ ئه‌و هه‌موو هه‌ستیاری‌ و زیندوێتیه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌, كه‌چی‌ به‌رده‌وام رووبه‌ڕوی‌ غه‌درو بێنازی‌ گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ .

رانیه‌ شارێكی‌ جوان و دڵگیر, شارێكی‌ زیندو پڕ له‌جوڵه‌و هێزی‌ ژیانكردن و ركه‌به‌رایه‌تی‌ پێشكه‌وتنخوازانه‌ی‌, شارێكی‌ ستراتیژیی‌ و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی‌ ژیپۆجوگرافیایه‌كی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ گرنگ و, مه‌ڵبه‌ندی‌ سێ‌ ناوچه‌ی‌ گرنگ, گرنگ بۆ ستراتیژی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ ئازادی‌ و شۆرش و كوردایه‌تی‌.. به‌لاَم گیرۆده‌و نابووتی‌ دوو په‌تای‌ كوشنده‌یه‌, دوو ده‌ردی‌ كوشنده‌ كه‌لێی‌ نابێته‌وه‌!0  یه‌كه‌م به‌لاَی‌, به‌لاَی‌ بێكه‌سی‌ و بێ‌ خاوه‌نییه‌, هیچ شارێك به‌قه‌د ئه‌م شاره‌ بێكه‌س نییه‌..! بێكه‌س له‌خه‌ڵكی‌ دڵسۆزو ده‌ست رۆیشتوو, تائاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س خۆ به‌خاوه‌نی‌ نازانێ‌ و كه‌س ئینتیمایه‌كی‌ راسته‌قینه‌ی‌ بۆ ئه‌و شاره‌ نییه‌و هه‌مووان موجامه‌له‌ی‌ دڕۆزانانه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن..!  شارێكه‌ به‌رده‌وام ده‌به‌خشێ‌ و پێی‌ نابه‌خشرێت, هه‌رچی‌ دێت لێی‌ ده‌باو نایخاته‌ سه‌ری‌, شارێك زۆر به‌ئاسانی‌ هه‌موو كه‌س جێی‌ تێدا ده‌بێته‌وه‌, به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك و هه‌رچۆنێك كه‌بیه‌وێت و بیخوازێت ! هه‌رچی‌ دێت ده‌توانێت به‌ئاسانی‌ لێی‌ بپچرێت و لێی‌ ببات و داگیری‌ بكات, بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ رێگریه‌ك و به‌رهه‌ڵستیه‌كی‌ رووبه‌ڕو ببێته‌وه‌, رانیه‌ جگه‌ له‌شوناسی‌ راپه‌رین, هیچ  تایبه‌تمه‌ندیه‌كی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ نییه‌, هه‌ر كه‌س و له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ بێت ده‌توانێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت ژیانی‌ تێدا بكات, بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ست به‌غه‌ریبی‌ بكات !  ئه‌و خاسڵه‌ته‌ی‌ چه‌ند جوان و باش بێت, ئه‌وه‌نده‌و زۆر زیاتریش به‌خراپ بۆی‌ كه‌وتۆته‌وه‌, به‌وه‌ی‌ كه‌عاشقانی‌ و به‌خشێنه‌رانی‌ و به‌هره‌مه‌ندانی‌ و ڕۆڵه‌كانی‌ خۆی‌ هه‌ناسه‌ ساردو په‌راوێز بوو نابووت و بێچاره‌ بن و, ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ته‌نها خاوه‌نی‌ به‌هره‌ی‌ تالاَن چیه‌تین و زۆلاَیه‌تی‌ و داگیركارین له‌هه‌موو شتێك سودمه‌ندن و خاوه‌ن بڕیاڕن و چۆنیان بوێت وای‌ ته‌راتێن تێدا بكه‌ن.. هه‌روه‌ها توانیویانه‌ لایه‌نی‌ ئاوه‌دانی‌ و پێشكه‌وتنه‌كانی‌ و كه‌لتوریه‌كانی‌ رۆژ به‌رۆژ پتر تووشی‌ سستی‌ و پاشه‌كشێی‌ بكه‌ن!.

هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ به‌شێك بێت له‌تایبه‌تمه‌ندێتی‌ كۆی‌ حوكمڕانیه‌تی‌ كوردی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان .. وه‌من  پێم وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ واقعیه‌تی‌ كه‌لتوری‌ سیاسی‌ و هه‌ژموونی‌ حوكمڕانیه‌تی‌ هه‌رێم بناسین, ره‌نگه‌ رانیه‌ باشترین نمونه‌ی‌ ده‌رخه‌ری‌ حوكمڕانیه‌تیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێت! من پێم وایه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و قه‌یران و كه‌م و كوڕیه‌ ئیدارو فه‌رمانداریانه‌ی‌ له‌ڕانیه‌ هه‌ن, له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ تریش هه‌ن, به‌لاَم خاسڵه‌تی‌ هه‌ستیاری‌ و به‌ده‌نگ هاتن و ئازایه‌تی‌ رانیه‌ له‌هه‌موو شاره‌كانی‌ تردا نییه‌!0 ده‌نا كۆی‌ حوكمڕانیه‌تی‌ له‌هه‌رێم, هه‌ڵگری‌ هه‌مان ڤایرۆس و په‌تای‌, نه‌زانی‌ و بێ‌ باكی‌ و بێ‌ خه‌می‌ و بێ‌ ئینتمایی‌ و قۆرخكاری‌ و تالاَنكاری‌ و نابه‌رپرسیاری‌ و بێ‌ ده‌ربه‌ستییه‌ ! بۆیه‌ من پێم وایه‌, ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ ناساندنی‌ رانیه‌و شێوازی‌ حوكمڕانیه‌ته‌كه‌ی‌ ده‌یڵێین, ده‌توانین ته‌عمیمی‌ بكه‌ین, به‌سه‌ر كۆی‌ پرۆسیسی‌ سیاسی‌ و حوكمڕانیه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ! ئه‌وه‌ وه‌ك فاكتێك, به‌شێكه‌ له‌بونیادو فۆرمی‌ شكڵ گرتووی‌ حاكمیه‌ت و ده‌سه‌لاَت و

فه‌رمانداری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان, كه‌ته‌نها هه‌ڵگری‌ رۆحی‌ ده‌سكه‌وت و سودمه‌ند بوونی‌ زیاتره‌, نه‌ك هه‌ست و رۆحی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ , بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌لاَتداریه‌تی‌ دیاره‌و به‌رپرسیاریه‌تی‌ نادیار !.

به‌لاَی‌ دووه‌م, په‌تای‌ به‌رپرسه‌كانه‌, كه‌به‌رده‌وام به‌رپرسه‌كانی‌ نه‌ئینتیمایان بۆ ئه‌و شاره‌ هه‌یه‌و نه‌هه‌ست و سۆزێكی‌ هاوولاَتیانه‌یان راسته‌قینه‌یان هه‌یه‌و, نه‌خاوه‌نی‌ هیچ به‌هره‌و شاره‌زایی‌ و لێهاتوویه‌كی‌ وه‌ك پێویستن, كه‌چی‌ كه‌س نازانێت چۆن و له‌كوێوه‌ دێن و له‌و شاره‌دا  قووت ده‌كرێنه‌وه‌و, چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا ده‌سه‌پێنرێن! كه‌س نازانێ‌ له‌كامه‌ دیوه‌خان و كامه‌ ده‌سته‌و تاقمی‌ تفه‌نگ به‌ده‌ست و كامه‌ تاقمی‌ بازرگانی‌ و كامه‌ تۆڕی‌ مافیای‌ چاوچنۆك و داگیركه‌ره‌وه‌, ده‌ست نیشان و به‌ربژێركراون , هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ فه‌رماندارو به‌رپرسی‌ خواست و به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان و ئاغاكانیان بوون, ئه‌وه‌نده‌ فه‌رماندارو به‌رپرسی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ نه‌بوون و نین ! بۆیه‌ش قه‌د خاوه‌نی‌ ستراتیژێكی‌ عاقلاَنه‌و دلسۆزانه‌و په‌رۆشی‌ مه‌ندانه‌و زانستیانه‌ نه‌بوون0 بۆیه‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو بودجه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆ ئه‌و شاره‌ دیاریكراوه‌ له‌به‌راییدا, ئه‌وه‌ وه‌ك پێویست  گه‌شه‌و ئاوه‌دانی‌ و پێشكه‌وتنی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌, پرۆژه‌ی‌ گرنگ و ستراتیژی‌ بۆ نه‌كراوه‌, ئه‌وه‌نده‌ی‌ كراویشه‌ پڕه‌ له‌هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌و, پڕه‌ له‌نه‌زانی‌ و ناكارامایی‌ و نادڵسۆزی‌ و به‌هه‌ده‌ردان و بێ‌ ده‌ربه‌ستی‌ .. ئه‌وه‌ی‌ تۆزێك هۆشیار بێت و له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ ببینێ‌, تێده‌گات كه‌به‌رێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی‌  ئه‌م شاره‌ چه‌ند بێ‌ به‌هره‌و نه‌زان و نه‌خوێنده‌وارو نادڵسۆزو بێ‌ باك و كه‌م ته‌رخه‌م بوون و هه‌ن!.

بۆیه‌ ره‌نگه‌ رانیه‌ باشترین عه‌ینه‌و سامپڵی‌ وه‌رگیراوی‌ حوكمڕانیه‌تی‌ كوردی‌ بێت, بۆ ناسین و وێناكردنی‌.. ! هه‌م له‌شێوازی‌ بێ‌ به‌هره‌یی‌ و ده‌سته‌پاچه‌یی‌ و هه‌م له‌شێوازی‌ به‌رخودو روبه‌ڕوبوونه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ كردنی‌ فه‌رماندارانی‌ ..!0 هه‌ر بۆیه‌ وه‌ختێ‌ گه‌نجانی‌ ئه‌و شاره‌ له‌وه‌ زیاتر ته‌حه‌مولی‌ ئیهانه‌كردنی‌ غرووریان و به‌كه‌مگرتنی‌ كه‌سایه‌تیان ناكه‌ن و به‌ده‌نگ دێن و ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و دێن به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نیانه‌ ڕووبه‌ڕوی‌ ئه‌و هه‌موو خه‌مساردی‌ و نه‌زانی‌ و بێده‌ربه‌ستی‌ و بێ‌ هه‌ستی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ و فه‌رماندارانی‌ ده‌بنه‌وه‌, به‌جێی‌ ئه‌وه‌ی‌ رێز له‌و هه‌ست و خرۆشه‌ جوان و خه‌مخوارانه‌یه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ بگرن و به‌ده‌میانه‌وه‌ بێن, به‌جێی‌ ئه‌وه‌ی‌ بێن و هاوسۆزی‌ و هاوپشتیان بۆ ده‌رببڕن و ڕێزیان لێ‌ بگرن, دێن به‌تێلاَو قۆنداغه‌ تفه‌نگ و غازی‌ فرمێسك رژێن روبه‌ڕویان ده‌بنه‌وه‌و ئیهانه‌یان ده‌كه‌ن و كه‌رامه‌تیان زامدار ده‌كه‌ن و سه‌روگوێلاكیان ده‌شكێنن و شه‌قتڕین نیان ده‌كه‌ن و ده‌یانگرن و لێپرسینه‌وه‌یان لێ‌ ده‌كه‌ن

به‌لاَم هه‌ر له‌به‌رپرسانی‌ ئه‌م شاره‌وه‌, تاده‌گاته‌ دوا تۆپكی‌ ده‌سه‌لاَت له‌هه‌رێم, ده‌بێت هه‌مووتان ئه‌و راستیه‌ وه‌ك خۆی‌ بزانن, مانه‌وه‌تان به‌و شێوه‌یه‌ ئیدی‌ به‌سه‌, پاوانخوازی‌ و ته‌ماعخوازی‌ و ده‌سه‌لاَتخوازی‌ ناڕواو نادادتان ئیدی‌ به‌سه‌, بێ‌ ده‌ربه‌ستی‌ و بێ‌ هه‌ستی‌ و گه‌مژه‌یی و نه‌زانی‌ و نه‌شاره‌زایی‌ ئیدی‌ به‌سه‌ !0كه‌ناتوانن به‌رپرسانه‌و دڵسۆزانه‌و خه‌مخۆرانه‌ فه‌رمانداری‌ بكه‌ن, كه‌ناتوانن زانستیانه‌و عاقلاَنه‌ كار بكه‌ن, باشتره‌ ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌و  رێگا بده‌ن به‌ئه‌م شاره‌ و ئه‌م ولاَته‌ خه‌ڵكی‌ له‌ئێوه‌ شایسه‌ترو به‌هره‌مه‌نترو دلسۆزتر, به‌ئیراده‌یه‌كی‌ ئازادانه‌ دیارو ده‌ست نیشان بكه‌ن.. ئیدی‌ به‌سه‌! له‌وه‌ زیاتر هه‌م  رانیه‌و هه‌م كوردستان, مه‌كه‌ن قوربانی‌ نه‌زانی‌ و بێ‌ به‌هره‌یی‌ و هه‌ستی‌ ته‌ماعكاری‌ و چاوچنۆكی‌ و سایكۆلۆژیای‌ نه‌خۆشی‌ خۆتان .

دواجار ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ بیڵێین ئه‌وه‌یه‌, كه‌پێبزانن یا نه‌زانن یاوه‌ك خۆی‌ ببینن یان نا, خۆپیشاندانی‌ ڕانیه‌,  زه‌نگێكه‌ بۆ بێداركردنه‌وه‌ی‌ كۆی‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ و حوكمڕانیه‌تی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان .

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام