په‌كه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و سوریا به‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ نوێیانه‌ ناچاریان ده‌كات رووی‌ تفه‌نگه‌كانیان رووه‌و توركیا وه‌رگێڕن‌و كه‌سیش نازانێت ئاینده‌ی‌ ئه‌م بارگرژییه‌ به‌كوێ‌ ده‌گات.

ده‌مهات عه‌گید، وته‌بێژی‌ كۆنسه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كۆماجڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) باڵی‌ سیاسی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان له‌دیدارێكی‌ له‌گه‌ڵ “نیقاش”دا باس له‌تێكچوون په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌و توركیاو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ نێوانیان ده‌كات.

نیقاش: چه‌ند ساڵێكه‌ شه‌ڕ له‌نێوان په‌كه‌كه‌و توركیادا وه‌ستاوه‌، به‌بڕوای‌ ئێوه‌ بۆچی‌ له‌م كاته‌دا بارودۆخه‌كه‌ شێواو فرۆكه‌كانی‌ توركیا هێرشیانكرده‌ سه‌ر باره‌گاكانی‌ ئێوه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: شه‌ڕ هه‌ر به‌یه‌كجاری‌ كۆتایی‌ نه‌هاتووه‌و نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ روویداوه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ حكومه‌تی‌ توركیایه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌، چونكه‌ توركیا به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراوی نه‌بوو بۆ جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی كورد، له‌سێ ساڵی رابردووشدا كه‌س له‌توركیای نه‌بیستووه‌ شتێك بۆ كورد كرابێ‌، تائێستا له‌بواره‌كانی خوێندن‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و زمان‌و كشتوكاڵ هیچی بۆ كورد نه‌كردوه‌و نه‌شیوتووه‌ ده‌یكه‌م، ئه‌و سێ ساڵی رابردوو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داوه‌ كه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌كه‌په‌ (پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان – حیزبی‌ فه‌رمانڕه‌وا له‌توركیا) مافه‌كانی كوردی وه‌كو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتری پێ به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام شكستی هێناو نه‌یتوانی ده‌نگ به‌مافه‌كانی كورد كۆبكاته‌وه‌، هۆكاری دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش هاته‌ ناوچه‌كه‌ توركیا پشتگیری كرد‌و پێی وابووه‌ كه‌ سوریا‌و عێراق به‌چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ڕوخێنرێن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت داعش له‌سوریا‌و عێراق شكستی خواردو زیانی زۆری لێكه‌وت له‌هه‌مان كاتیشدا توركیاش زیانی له‌وه‌ كرد، بۆیه‌ توركیا ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی ئه‌و زیانه‌ له‌په‌كه‌كه‌ بكاته‌وه‌. 

نیقاش: ئێوه‌ پێشبینیتان ده‌كرد ئه‌و شه‌ڕه‌ سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: به‌ڵێ، له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ توركیاوه‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌مان ده‌كرد شه‌ڕ ده‌ست پێبكاته‌وه‌ (7ی‌ حوزه‌یران هه‌ڵبژاردن له‌توركیا به‌ڕێوه‌چوو- موحه‌ریر)، ئه‌ردۆگان له‌مانگی نیسانی‌ ئه‌مساڵ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ له‌توركیادا شتێك نییه‌ به‌ناوی كێشه‌ی كورده‌وه‌ له‌و كاته‌دا په‌كه‌كه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد شه‌ڕ رووبداته‌وه‌، پێمان وابوو هه‌ده‌په‌ (پارتی‌ ئازادی‌ گه‌لان – نوێنه‌رایه‌تی‌ كوردی‌ ده‌كرد له‌هه‌ڵبژاردندا) له‌سه‌دا ده‌ تێپه‌ڕ بكات یان نه‌یكات ئه‌وا توركیا هێرش ده‌كات، ئێمه‌ش خۆمان خستبووه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌. (له‌توركیا هه‌ر حیزبێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگاته‌ په‌رله‌مان ده‌بێت رێژه‌ی‌ 10% ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ده‌په‌ بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك نوێنه‌ری‌ كورد گه‌یشته‌ په‌رله‌مان‌و رێژه‌ی‌ 13%ی‌ به‌ده‌ستهێنا – موحه‌ریر).

نیقاش: به‌ڵام ئێوه‌ش تۆمه‌تبارن به‌هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ، ته‌نانه‌ت له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئێوه‌یان تۆمه‌تباركرد.

ده‌مهات عه‌گید: نه‌خێر ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هۆكاری‌ هه‌ڵگیرساندنی‌ شه‌ڕ نه‌بووین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت پرسی كورد به‌ڕێگه‌ی ئاشتی چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ڵام توركیا ئه‌وه‌ی ناوێت، پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌كاتی كه‌مپینی‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ده‌په‌ روویدا، دوای‌ ئه‌وه‌ له‌ناوچه‌كانی ئاگرین سوپای‌ توركیا ئۆپه‌راسیۆنیان كرد، گه‌لێك ناوچه‌یان تۆپباران كرد‌و به‌رده‌وام رێگه‌كانی باكوری كوردستانیان ده‌گرت، ئه‌و حزب‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ڵێن په‌كه‌كه‌ هۆكاری شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو كاره‌ی توركیا هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو ئیدانه‌یان نه‌كرد، له‌ماوه‌ی رابردوو كوردان ده‌كوژن‌و ده‌گرن، ئۆپه‌راسیۆن ده‌كه‌ن ته‌قینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌س‌و لایانانه‌ بۆچی هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو؟، بۆچی نه‌یانپرسی توركیا بۆ ئه‌م كارانه‌ ده‌كات‌و پرسه‌ی ئاشتی ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌؟، به‌ڵام ئێستا په‌كه‌كه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌ی‌ روونه‌؛ ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌یه‌ له‌بواری ئابوری‌و مه‌سه‌له‌ی نه‌وتدا، ده‌توانن به‌ئاسانی په‌كه‌كه‌ش تاوانبار بكه‌ن، ئه‌مه‌ تۆمه‌تێكی ناڕاسته‌ له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ ده‌یكه‌ن، ئه‌وانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی خۆیان له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كورده‌وه‌ حساب ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بپارێزن كه‌ له‌رێی ئه‌كه‌په‌و ئه‌ردۆگانه‌وه‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنن، هه‌تا ئه‌و پشتگیریانه‌ هه‌بن بۆ ئه‌كه‌په‌ ئه‌وا خه‌ڵكی باشوری كوردستان بزانن توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كاتی خۆی ئه‌ردۆگان ده‌یوت كورد هه‌مووی له‌گه‌ڵ منه‌، مه‌سعود بارزانیش هه‌ر وا ده‌ڵێت، كه‌واته‌ توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هێرشه‌كانی، چونكه‌ پشتگیری بارزانی هه‌یه‌.

نیقاش: هه‌میشه‌ ئۆجه‌لان له‌په‌یامه‌كانیدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری بگاته‌ ئه‌نجام، به‌ڵام ئێستا پرۆسه‌كه‌ له‌شكست نزیكده‌بێته‌وه‌، ئه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئۆجه‌لان چییه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: له‌مانگی نیسانه‌وه‌ چاوپێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا نه‌كراوه‌و رێگه‌ به‌شاندی هه‌ده‌په‌ ناده‌ن سه‌ردانی بكه‌ن، ئه‌كه‌په‌ له‌هه‌ڵبژاردن سه‌رنه‌كه‌وت، بۆیه‌ پرۆسه‌كه‌شی وه‌ستاند، ئه‌كه‌په‌ ده‌نگی كه‌می هێناوه‌، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ قبوڵی نییه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك ئاپۆ قسه‌ی نه‌كرد شه‌ڕ قسه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر شه‌ڕیش قسه‌ نه‌كات ده‌بێت رێبه‌ر ئاپۆ قسه‌ بكات، توركیا نایه‌وێت سه‌رۆك ئاپۆ قسه‌ بكات‌و ده‌بێتپه‌كه‌كه‌ش چه‌ك دابنێت، ئه‌وه‌ش هه‌رگیز روونادات. (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌15ی‌ شوباتی‌ 1999ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ توركیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌ –موحه‌ریر).

 

نیقاش: پێتانوایه‌ له‌م دۆخه‌ی ئێستادا ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ بێت؟

ده‌مهات عه‌گید: رێبه‌ر ئاپۆ هه‌میشه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سێكی ئاشتیخوازه‌و بۆ ئاشتی كار ده‌كات، ئه‌وه‌شی وتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی بۆ هێنانه‌ دی ئاشتی بكه‌وێته‌ سه‌ر شانی ئه‌و ده‌یكات، ئه‌گه‌ر توركیا‌و په‌كه‌كه‌ش ده‌یانه‌وێت شه‌ڕ بكه‌ن ئه‌وا با بیكه‌ن.

نیقاش: له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ كه‌ به‌ره‌و كۆتایی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ هه‌نگاو ده‌نێت‌و نزیكه‌ له‌شه‌ڕه‌وه‌، هه‌ڵوێستی‌ په‌كه‌كه‌ چییه‌، ده‌چێته‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌ یان نا؟

ده‌مهات عه‌گید: جوڵانه‌وه‌ی سیاسی‌و گه‌نجانی ئێمه‌ له‌ناو توركیا چالاكی خۆیان هه‌یه‌، ده‌توانین شه‌ڕی قورس بكه‌ین، به‌ڵام توركیا ده‌یه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌ بخاته‌ لای ئێمه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تۆمه‌تبار بكات كه‌ بڵێت په‌كه‌كه‌ ده‌ستیكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیش هه‌ر به‌رده‌وام بن به‌و جۆره‌ی ئێستا ئه‌وا ئێمه‌ش هێرشی گه‌وره‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، هاوسه‌رۆكی ئێمه‌ش داوای له‌ئازادیخوازانی كورد‌و تورك كرد دژی شه‌ڕ، بانگه‌وازی ئازادی‌و ئاشتی به‌رزبكه‌نه‌وه‌، نه‌یگوت هه‌مووتان هێرش بكه‌ن.

نیقاش: په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی به‌رده‌وامی پێ بدرێت؟

ده‌مهات عه‌گید: ئاگر به‌ست دوو لایه‌نه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كلایه‌نه‌ بوو ئه‌وا پرۆسه‌ی ئاشتی سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئێستاش ده‌مانه‌وێت پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، ئێمه‌ ده‌زانین شه‌ڕه‌كه‌ ساڵێكی تر یان ده‌ ساڵی تر بخایه‌نێت هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دا بنیشین، هیچ رێگه‌چاره‌سه‌كی تر نییه‌ جگه‌ له‌دانیشتین‌و گفتوگۆ، به‌ڵام توركیا دانیشتن‌و گفتوگۆ ره‌تده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی له‌پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌بێت ئاگربه‌ستی دوو لایه‌نه‌ هه‌بێت.

نیقاش: ده‌وترێت هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵكراوه‌ ئێوه‌ بۆچوونتان چۆنه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا؟

ده‌مهات عه‌گید: ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی گشتی نییه‌ بۆ كورد، تائێستا ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی سنوره‌كان سیاسه‌ت ده‌كات، تائێستا هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق حساب ده‌كات، واته‌ ئه‌مریكا سنوره‌كان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت، كورد له‌باشور ده‌ڵێت سه‌ربه‌خۆیم ده‌وێت، ئه‌مریكا ده‌ڵێت نا، عێراقی ناوه‌ندی باشه‌، له‌رۆژئاوا پشتیگری یه‌په‌گه‌ ده‌كات له‌باكوری كوردستانیش سیاسه‌تێكی تر په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌گشتی له‌سیاسه‌تی ئه‌مریكادا كورد بوونی نییه‌، توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌ ده‌بێت ره‌وشه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگرێت، ئه‌مریكاش هه‌ر ئه‌ندامی ناتۆیه‌، مه‌جبوره‌ هاوكاری ناتۆ بكات، به‌ڵام توركیا هه‌ندێ سیناریۆی رێكخست كه‌ گوایه‌ هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر داعش، كه‌ ته‌نیا چه‌كدارێكیش نه‌كوژرا، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن هاوكاری ناتۆ ده‌كه‌ن، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا بخاته‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌تی دژی داعش، گڵۆپی سه‌وزیشی بۆ هه‌ڵده‌كات هێرش بكاته‌ سه‌ر ئێمه‌، ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌.

نیقاش: به‌بڕوای ئێوه‌ رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ له‌نێوان توركیا‌و ئه‌مریكا له‌سه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ر په‌كه‌كه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: حه‌تمه‌ن ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌بێت هێرش ناكرێت، لێدوانه‌كانی ئه‌مریكاش به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ توركیا حه‌قی خۆیه‌تی هێرش بكاته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌‌و پشتگیری ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ رێككه‌وتن هه‌یه‌.

نیقاش: یه‌كێتی ئه‌وروپاش داوای راگرتنی هێرشه‌كانیان ده‌كرد، هه‌ڵوێستی ئێوه‌ چییه‌ له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا؟

ده‌مهات عه‌گید: هه‌ڵوێستی هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپا باش بوو، ئه‌وان ده‌زانن ئێستا یه‌كێك له‌هه‌ره‌ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دژی داعش په‌كه‌كه‌یه‌، توركیاش ئێستا له‌په‌كه‌كه‌ ده‌دات، بۆیه‌ ئه‌وان نیگه‌رانن له‌و هێرشانه‌، هه‌موو كه‌س ده‌پرسێت داعش تیرۆرسته‌و مه‌ترسییه‌، بۆچی له‌په‌كه‌كه‌ ده‌درێت؟ ده‌زانن ئه‌وه‌ سیاسه‌تێكی عاقڵانه‌ نییه‌ تۆ داعش‌و ئه‌سه‌د‌و په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه‌ به‌یه‌كجار هه‌مووی بكه‌یه‌ دوژمن، ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی عاقڵانه‌ نییه‌ بۆ توركیا.

نیقاش: هه‌ڵوێستی عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا؟

ده‌مهات عه‌گید: هه‌ڵوێستی عێراق زۆر باشه‌، سه‌رۆك كۆمار په‌یوه‌ندی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی توركیا هێرشه‌كان بوه‌ستێنێت، ئێستا هه‌موو لایه‌ك سه‌رقاڵن به‌شه‌ڕی داعشه‌وه‌‌و لاوازكردنی په‌كه‌كه‌ له‌م كاته‌دا له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نییه‌، به‌ڵام توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌و ئامانج بگۆڕێت‌و هێرش بكاته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌، په‌كه‌كه‌ش هه‌رگیز ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات هێرشی بكرێته‌ سه‌ر‌و وه‌ڵام نه‌داته‌وه‌.

نیقاش: رازین له‌هه‌ڵوێستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رامبه‌ر گرژییه‌كانی‌ نێوان ئێوه‌و توركیا؟

ده‌مهات عه‌گید: ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ تائێستا ده‌ربڕاون ئێمه‌ به‌هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمیان نازانین، حكومه‌تی هه‌رێم له‌چه‌ند حزبێك پێكهاتووه‌ حكومه‌تێكی بنكه‌فراوانه‌، ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ وه‌كو هه‌ڵوێستی پارتی سه‌یر ده‌كه‌ین، ئه‌مانه‌ هه‌ڵوێستی خودی كاك مه‌سعود‌و كاك نێچیرڤانن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی باشوری كوردستانه‌، له‌چوار ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام پشتگیری ئێمه‌یان كردوه‌، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وامی زیاتری داوه‌ به‌ئێمه‌، به‌ڵام پارتی هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌په‌، ئێستا ئه‌ردۆغان له‌چی بارودۆخێكدایه‌ كاك مه‌سعودیش له‌و بارودۆخه‌دایه‌، ئه‌كه‌په‌‌و پارتی له‌توركیا‌و له‌باشور ده‌سه‌ڵاتدارن، هه‌ردوولا په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن‌و به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌زانن، ئێستا توركیا نه‌وت وه‌كو كارتێك به‌رانبه‌ر پارتی به‌كاردێنێت‌و ده‌بێت هه‌ڵویسَتی‌ وه‌ك ئه‌و بێت، داواكاریمان له‌لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ پشتگیری‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ن‌و رێگه‌ نه‌درێت ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبێك به‌كاربهێنرێت.

نیقاش: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسانی باڵای پارتی وتیان په‌كه‌كه‌ له‌هه‌رێم میوانه‌و پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ توركیا، پێتان وایه‌ په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئه‌م لێدوانه‌و هێرشه‌كانی توركیا هه‌بێت؟

ده‌مهات عه‌گید: هه‌ر مانگێگ دوای قسه‌كانی نێچیرڤان بارزانی‌و مه‌سرور بارزانی توركیا هێرشی كرد، ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ خۆی رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی هه‌ماهه‌نگیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ وتیشی كه‌ له‌رابردوو چۆن بووه‌ ئێستاش هه‌ر وا ده‌بێت، كه‌واته‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌مێك ساڵه‌ له‌نێوان پارتی‌و توركیادا هه‌یه‌، ده‌توانم بڵێم پیلانێكی دروستكراو ئاماده‌كرا بوو.

نیقاش: واده‌رده‌كه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێوه‌و پارتی زۆر خراپ بێت له‌ئیستادا، چی وایكردوه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ به‌و ئاسته‌ خراپه‌ بگه‌ن؟

ده‌مهات عه‌گید: سیاسه‌تی توركیا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دیارو ئاشكرایه‌، توركیا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، پارتیش كێشه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، توركیا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان هه‌یه‌، پارتیش كێشه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا هه‌یه‌، توركیا له‌باكوری كوردستان ده‌یه‌وێت پرۆسه‌ی ئاشتی تاكلایه‌نه‌ ببات به‌ڕێوه‌و په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنبێت به‌بێ هیچ شتێك، پارتیش هه‌مان داواكاری له‌په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌، توركیا رازی نییه‌ به‌بوونی گه‌ریلاكانی ئێمه‌ له‌ریزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی داعش له‌باشوری كوردستان پارتیش رازی نیه‌ په‌كه‌كه‌ له‌باشور دژی داعش شه‌ڕ بكات، ئه‌مه‌ یه‌ك سیاسه‌ته‌ كه‌ توركیا‌و پارتی هه‌یانه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ هۆكاری خراپی په‌یوه‌ندی ئێمه‌و پارتییه‌.

نیقاش: ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ هه‌یانه‌ بۆ لێدانی داعش له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ش هه‌یانه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: نا هه‌ماهه‌نگی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌بوایه‌ ئه‌مریكا نه‌یده‌هێشت فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كان هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌یه‌مه‌ن په‌یڕه‌وی ده‌كات، سیاسه‌تی ئه‌مریكا هه‌م دۆسته‌ هه‌م ناكۆك.

نیقاش: كێ رێگره‌ له‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ دروست نه‌بێت؟

ده‌مهات عه‌گید: وه‌كو پێشتر وتم له‌ سیاسه‌تی گشتی ئه‌مریكادا كورد بوونی نییه‌، كورد به‌ئه‌ساس ناگرێت، به‌ڵكو سنوره‌كان به‌ئه‌ساس ده‌گرێت، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا رابكێشێته‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌تی دژی داعش، كه‌س ناتوانێت داعش له‌ناو به‌رێت ئه‌گه‌ر له‌توركیا لاواز نه‌كرێت، چونكه‌ هه‌موو هاتووچۆی داعش له‌توركیاوه‌یه‌، هه‌موو هاوكارییه‌كی دارایی‌و ئینسانی‌و سه‌ربازی داعش له‌توركیاوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ته‌ له‌ داعش نه‌بڕدرێت، ئه‌وا له‌ناوبردنی داعش روونادات، جا ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌بێت ئه‌وا توركیا ناچێته‌ ئه‌و هاوپه‌مانێتیه‌.

نیقاش: ئه‌م گۆڕانكاییه‌ نوێیانه‌ وا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات گه‌ریلاكانی له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان بكشێننه‌وه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: تائێستا گفتوگۆمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كردوه‌، بڕیارمان له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ نه‌داوه‌ جارێ گه‌ریلاكان به‌رده‌وام ده‌بن تا كاتێك بڕیارێك ده‌ده‌ین.

نیقاش: ئێستا به‌شێك له‌شاره‌كانی توركیا به‌تایبه‌ت شاره‌ كوردییه‌كان ئاڵۆزی تێدایه‌، پێتانوایه‌ ئه‌و ئاڵۆزییه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێرشه‌كانی سه‌ر په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: پێمان وایه‌ چالاكی گه‌ل له‌ناو توركیا گه‌وره‌تریش ده‌بێت، ئێمه‌ش پشتیوانی ده‌كه‌ین، هه‌ر هه‌ڵویستێكی خراپیش له‌ناو توركیادا دژی گه‌ل‌و ئازادیخوازان رووبدات، ئێمه‌ش كاردانه‌وه‌ی توندمان ده‌بێت، ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات له‌سه‌ر داوای ئێمه‌یه‌، پێمان وتوون كه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.

نیقاش: ده‌وترێت په‌كه‌كه‌ هێزی چه‌كداری نهێنی له‌شاره‌كاندا هه‌یه‌ ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

ده‌مهات عه‌گید: ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی توركیا به‌و جۆره‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئێمه‌ بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین چی بكه‌ین، ده‌بێت توركیا ببینێت كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ هێزی په‌كه‌كه‌ چییه‌.

نیقاش: به‌ڵام ئێوه‌ پێشتر وتتان هێزه‌كانتان له‌سنوری‌ توركیا كشاندووه‌ته‌وه‌؟

ده‌مهات عه‌گید: ئێمه‌ ماوه‌یه‌ك هێزه‌كانمان كشانده‌وه‌، به‌ڵام له‌ پایزی 2013 كاتێك توركیا به‌ڵێنه‌كانی نه‌برده‌ سه‌ر هێزه‌كانمان گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان به‌هێزی زیاتریش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی پێشوویان.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام