بێگومان نووسینەوەی بیرەوەری پیویستی بە وردبینی و پیاچوونەوە هەیە بەتایبەتی کە باسی قۆناغێکی میژوویی دەکا، ئەم بیرەوەریانە ناکرێ لە نووسینەوەیاندا تەنیا پشت بە یادەوەری ببەستی یان ئەوەی لەسەر زاری خەڵک باس دەکرێ، لەبەر ئەوەی راستگۆیی بیرەوەریەکە دەخاتە ژێر گومانەوە هەر بۆیە وا پیویست دەکات پشت بە بەڵگەنامە ببەستێ.

ئەحمەد حامد لە پەرتووکەکەی دا بە نێوی بیرەوەریەکام کە بەزمانی کوردی چاپ کرا لە لاپەرە ٣٤٩ –٣٥٠ لەژیر ناونیشانی نامەی تایبەت دەنووسێت .

دەڵی (دوای ئەوەی کە گوێم لێ بوو لێرەو لەوێ کە پلانێک هەیە بۆ لێدانی بنکەکانی حزب لە قەندیل، دوای ئەوەی بەدواداچوونم کرد بۆ هەواڵەکان گەیشتمە یەقین کە پلان هەیە بۆ لێدانی حزب، نامەیەکم بە زمانی عەرەبی بۆ حزب نووسی دەربارەی هەواڵ و پلانی دارێژراو، بەشێوەیەکی تەواو لە بیرمە کە نامەکە پێش روودانی پشتئاشان بە ١٩ رۆژ ناردم، نەمزانی ئەم نامەیە چی لێهات بە پێ گووتەکانی کەواتە پێش مانگی ئایاری ١٩٨٣ لەو کاتە بیستم کە کەمال زەهاوی لێپرسراوی یەکەمی حزبە لە سلیمانی !! دوای ئەوەی کە رووداوەکانی پشتئاشان روویان دا نامەی دووەمم نارد بۆ حزب بە گلەییەکی زۆرەوە، ئەو دەمی پێم وابوو حزب نامەی یەکەمی فەرامۆش کردووەو بایەخی پێ نەداوە، دوایی دەرکەوت نامەی دووەمم هەمان چارەنووسی هەبووە ) ئاماژە بەسەرچاوەی زانینی ناکا دەربارەی ئەوەی کە نامەی دووەم هەمان چارەنووسی هەبووە .

بەردەوام دەبێ لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانی و دەڵی ( دوای ڕاپەڕین کاتێ بارەگا لە گەرەکی عەقاری کرایەوە یەکێک پێگووتم کە کەمال زەهاوی نامەکانت گل داوەتەوەو نەیناردووە بۆ حزب )

پێش ئەوەی بچینە نێو وردەکاری پەیوەندیم لەگەڵ ئەحمەد حامد دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە لەساڵی ١٩٨٣ پێش رووداوی پشتئاشان نە لە نزیك نە لە دوور پەیوەندیم بە رێکخراوی سلیمانی یەوە نەبووە بەڵکو لیپرسراوی سیاسی بووم لە بەتالیونی نۆ لە گوندی باراو .

لەشارباژێڕ دوای روودانی پشتئاشان لە ئایاری ١٩٨٣ هێزەکانمان رۆیشت بەرەو قەرەداغ و دواتر بەرەو شارەزوور، برووسکەیەک لە حزبەوە پێمان گەیشت کە سەرکرادیەتی قاتیعی سلیمانی و کەرکوک سەرلەنوێ رێکخراوەتەوە و بریتی یە لەم هاوڕێیانە، ئەحمەد بانی خێڵانی ( ئەبو سەرباز ) ئیبرایم سوفی مەحمود ( ئەبو تارا) لێپرسراوی عەسکەری ،و( ئەبو لینا ) لێپرسراوی سیاسی هەروا ( ئەبو ناسر ) ئەندام لەسەرکردایەتی قاتیع وسوهیل زەهاوی ( کەمال زەهاوی ) لێپرسراوی دارایی قاتیع، لەناوچەی کەڕەجاڵ لە سەرکردایەتی قاتیع مامەوە تا ساڵی ١٩٨٤ .

لە ٢٧ ی کانوونی دووەم ١٩٨٤ رۆیشتم بۆ نێو شاری سلیمانی و رێکخراوەکەم وەرگرت، ئەحمەد حامد هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوەکەوە نەبوو کە باس بکرێ لەو کاتەی کە من لێپرسراو بووم.

دوای سەفەری هاوڕێ ( ئەبو سەرباز ) بۆ دەرەوەی عیراق لەساڵی ١٩٨٧ بەمەبەستی چارەسەرکردن ( نامەیەکی بۆ نووسیم تیایدا ئاماژە دەکا و دەڵی ئەو ویستگایەم ئاگادار کردۆتەوە کە ئەحمەد حامد لێوەی نامە دەنێری بۆ حزب تاوەکو نامەکان ڕادەستی تۆی بکەن بەمەبەستی چاوپێاخشاندن لە لایەن ئیوەوە بۆ ئەوەی سود لە زانیاریەکانی وەرگری.)

پێش ناردنی بۆ حزب، لە رێگای ئەوەوە زانیم کە ئەحمەد حامد پەیوەندیی بە لێپرسراوی نەهێشتنی ( مکافحة ) شیوعیەت هەیە لە بەریوبەرایەتی ئاسایشی سلیمانی کە ناوی ئەحمەدە، شورەتەکەیم لە بیر نییە، لە ڕاستی دا چاوم کەوت بە یەکەم نامەی ئەحمەد حامد کە تیایدا باسی لێپرسراوی نەهێشتنی شیوعیەت دەکا کە داوای لێکردووە یارمەتی یی بدا سەبارەت بە نووسینی پەرتووکێک دەربارەی میژووی جوڵانەوەی شیوعیەت لە کوردستان .

کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ نەبوو لەگەڵ ئەحمەد حامد تەنانەت ئەو شوێنی منی نەدەزانی لە نێو شاری سلیمانی دا هەروا ئەو ویستگایانەش نە دەناسی کەمن پوستی حزبیم لێیان وەردەگرت، باشتر بڵێم ئەو پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ من نەبوو ئەمەش بەمەبەستی خۆ پارێزی بوو .

دوای لێکترازانی بەرە لەگەڵ حزبی بەعس و هاتنە دەرەوەی حزب لێی و هەڵگرتنی دروشمی رووخانی ڕژێم و ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداری، لەو کاتە ئەحمەد حامد ئەمینداری گشتی بوو لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە ناوچەی کوردستانی حوکمی ئۆتۆنۆمی، پەیوەندی بە حزبەوە نەکرد وەک هاوڕێیەکانی دیکەی کە کاریان لەگەڵ دەکرد بەڵکو لەنێو شار مایەوە.

دوای ڕاپەرینی مەزن لە ٧ ی ئاداری ١٩٩١ عومەر برا بچوکی ئەحمەد حامد داوای لێکردم پەیوەندی لەگەڵ براکەی دروست کەم پێگووتم شەرم ئەکا بێ بۆ بارەگا ئیدی لەگەڵ براکەی چوومە ماڵیان داوام لێکرد سەردانی بارەگا بکات، تا ٣١ ئاداری هەمان ساڵ لە گەڵمان مایەوە، کاتێ جەماوەری ڕاپەریو دان بەسەر بەریوبەرایەتی ئاسایشی سلیمانی لەگەڕەکی عەقاری ناوبراو ئەحمەد سەرۆکی نەهێشتنی شیوعیەت لە پشوو بوو، سزای بەرنەکەوت .

کاتێ دەستمان کرد بە کشانەوە لە شاری سلیمانی لە ٣١ ئاداری هەمان ساڵ دا دوای هاتنی سوپا بەرەو شارەکە، ئەحمەد حامد داوای لێکردم کە لێگەرێم لە شار بمێنێتەوە لە ترسی ئەوەی نە وەکو لێپرسراوی ناوبراو جارێکی دیکە بگەرێتەوە بۆ بەریوبەرایەتی ئاسایش و پرسیاری بکا هەر بۆیە لەشار مایەوە .

دوای ئەوەی هاوڕێیان دەستیان گرت بەسەر بەڵگەنامەکانی ئاسایش تیایاندا بەڵگەنامەیەک بوو سەبارەت بە ئەحمەد حامد، هەندێ هاوڕێ هەوڵیان دا لە کۆنفرانسی سلیمانی ساڵی ١٩٩٣ باسی بکەن، رێگامان نەدا باسی بکەن لەسەر بنەمای ئەوەی ئاگاداری حزبی کردۆتەوە لەسەر شێوازی پەیوەندیی لەگەڵ دەزگای ئاسایش، لەم کۆنفرانسە نووسەری ئەم دێرانە کرایە سکرتیری مەحەلی سلیمانی، ئەحمەد حامد هیچ پرسیارێک سەبارەت بەو نامانەی نەکرد .

خوێنەری ئەم گوتارەم و بیرەوەریەکانی ئەحمەد حامد بەتایبەتی ئەو بەشەی پەیوەندی بە نامە تایبەتیەکانەوە هەیە زۆر بە ئاسانی هەست بە گرژی و شێواندنی ڕاستیەکان و نابابەتی لە باسەکەی دا دەکا، لەو رێگایەوە هەوڵ ئەدا بمخاتە بازنەی گومانەوە و خۆی رزگار بکا لەو دۆخە سایکۆلۆژییەی کە هەیەتی .

بۆ پرسیاری لێم نەکردووە سەبارەت بەو نامانەی کە ناردوویەتی بۆ حزب وێڕای ئەوەی چەندین جار چاومان بەیەک کەوتووە ؟

ئەگەر ڕاستگۆ بوایە باشتر بوو لە دانیشتن وچاوپێکەوتنەکانمان سەبارەت بەو نامانە پرسیارم لێ بکا ؟

دوای ئەو هەموو ساڵە بیری کەوتۆتەوە، باشتر نەبوو لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکا لە بری ئەوەی پشت بەم و بەو ببەستێ و لە بیرەوەریەکانی تۆماری بکا ..

چەردەیەک لە بیرەوەریەکانی هاوڕێ کۆچکردوو ئەحمەد بانی خێڵانی ( ئەبو سەرباز ) ئەندامی لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق، لێپرسراوی قاتیعی سلیمانی و کەرکوکی جاران :

(هاورێ کەمال زەهاوی لێپرسراوی دارایی قاتیع بوو زۆر جار ئامادەیی خۆی پێشان داوە و حەزی لێ یە کاری حزبی بکا لە نێو شاری سلیمانی، هەواڵەکەم نارد بۆ رێکخراوی حزب لە شار بۆ ئەوەی سەرپەرەشتی کاری رێکخراوەکە بکا بەشێوەیەک کە هەمیشە لەوێ بێ، بۆیە پیویستی بە ئامادەکردنی شوێنی گونجاو بوو، وەڵامی رێکخراو بە پەلە گەیشت و هاوڕێکیان لە شارەوە نارد کە لەگەڵی بروا، هاوڕێ کەمالم ئاگادار کردەوە کە خۆی ئامادە بکا، بەم شێویە هاوڕێیەکە گەیاندیە نێو شار بە سەلامەتی .)

لاپەرە ٤٠٨ لە بیرەوەریەکان

بەشی حەوتەم / بەرەو سنوور

(هاوڕی کەمال زەهاوی ماوەیەکی باش لەشاری سلیمانی ژیاوە کاتێ کە قوتابی زانکۆی سلیمانی بوو هەروا سکرتیری ( رێکخراوی گشتی قوتابیان لە کوردستانی عیراق دا ) کاری حزبی تیایدا کردووە، ورد بوو لە کارەکانی، پەیوەندیی لەگەڵم هەبوو تا ساڵی ١٩٨٧ تا ئەو کاتەی سەفەرم کرد بەمەبەستی چارەسەر کردن لە دەرەوەی وڵات، بەردەوام بوو لە نێو شاردا تا وەکو ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١،سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی ئەرکە حزبیەکانی دا.

لاپەرە ٤٠٩ لە بیرەوەریەکان

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام