ئەی ژنانی رووناکبێژ

پیاوێک خەریکە

دەخرێتە خەریتەی تاریکی

کە لە تایفەی بەفرە و

لە خرمەی توانەوە دەترسێ

تکایە بریقە هەڵقولێنن

لە گەوزی حەزی دا

پیاوێک لە پیتاندنی پەیمان دا ……. لووتکەیە

چاوی لە چریکەی هەوران دا باران

لە مەرەدی ئەبەدی ڕا

گەرووی سپی دەبەخشێ

بە چڕۆی بەردان

پیاوێک لە مێژە لە مێژووی دا

چۆڕ چۆڕ چەواشە دەفرۆشێ ……. بە خۆی

وەک گەرای بێ دەنگی ……………….. گەرم

ئەی ژنانی تاریکنێژ

مەڕواننن لەو شێعرە ڕا

کە ئاگری تاریکم

کە سۆمای بیستنم سڕە …… تەریکم

مەڕوانن کە ڕەوەزی هاوارم

وەڕەزی دەچنێ

لە زەنوێری هەستەکان

پیاوێک تەریک تەریک

لە تاریکایی تەنیایی ڕا

هەر دەتوێتەوە ……. بەرەو تنووک

…………………………………… بەرەو کلووووو

درەنگ درەنگ

{لاس}ێکی سوواوم

لە سەڕافەتی ئەوین

ئەدرەسم قورتمی ڕقێک…….. لە گەرووی {یەمەن} دا

گوڵی قەیتەرانم

بۆ ژنانی رووناکبێژە

پیاوێک خەریکە

لە غوڕڕابی غەیببوونەوە

لە ناو پێڵاوەکانی دا …… غەریبی

لە بەربینگی ……. خۆی گرێ دا

پیاوێک خەریکە

دەبێتە برێشکەی سەر سێل

هەڵم ئاسا

دەسووڕێتەوە سەر سێڵاوی ……… سەفەررررر

درەنگم درەنگ

مردنم دڕدۆنگە لە جەنگەی

جاڕزبوونی هەڵفڕین

بفڕە رۆۆۆۆحی بەفرینم

ئێستا

هەڵەمووتێکی فراوان …….. لە پێستم دا مەستە

ئێستا جەستەم

کێلێکی گەڕۆکە ووو

لە گۆڕێکی غەریب دەگەڕێ

ئێستا جەستەم …… لە سەر هەستە وووو

شیوەنی خۆم لە چاوی خۆم دا هەڵدەگرم

ئێستا

مەیتی خۆم لە سەر دەستە و

بۆ گۆڕستانی یادەکان هەڵدەفڕم

تاهیر مەهابادی

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام