كاتێك به‌رپرسانی هه‌رێم و حكومه‌تی كوردستان پاره‌یه‌كی مۆڵ له‌ به‌رده‌ستیان بوو له‌ ساویلكه‌یی بێ ئه‌زموونی و نه‌زانین ونه‌شاره‌زاییان له‌ چۆنێتی خه‌رج كردنی و بێباكی و پشتكردن له‌ كۆمه‌ڵگاو بایه‌خنه‌دان به‌ هاوڵاتیان كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك (بۆ نموونه‌) بیریان نه‌كرده‌وه‌و چه‌ند كارگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنن یان به‌لای كه‌مه‌وه‌ بایه‌خ بده‌ن به‌ كارگه‌كه‌ كۆنه‌كانی كاتی رژێمی سه‌دام حوسه‌ێن و نه‌وژه‌نیان بكه‌نه‌وه‌و بیانخه‌نه‌كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی بێ ئیشی و یارمه‌تیدانی گه‌نجینه‌ی نیشتمانی و هاوڵاتیان بێ بژێو نه‌مێننه‌وه‌‌و تووشی قه‌یران و ماڵوێرانی نه‌بن.

به‌ڵێ ، به‌رپرسان پاره‌كه‌یان خه‌رج كردو ، به‌ ته‌مابوون هه‌ولێر بكه‌نه‌ دوبه‌ی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند شه‌قامیكیان دروستكردو جوانی به‌خشییه‌ هه‌ولێرو شاره‌كان تریش كه‌متر له‌ هه‌ولێر بایه‌خیان پێدراو له‌ پاڵ جوانی شاره‌كان هه‌موو كیڵگه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و شوێنه‌كانی تر به‌رده‌وام بوون له‌ هه‌نارنی نه‌وت به‌ریگای بۆری و تانكه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ به‌ بێ ئه‌و كێڵگانه‌ كه‌ له‌ 16 ی تۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 به‌ هۆی سازشی خودی به‌رپرسان له‌ ده‌ستیانداو جێی ئاماژه‌یه‌ فرۆشتنی نه‌وت هیچ سوودێكی نه‌بووه‌و نییه‌ بۆ گه‌ل.

ده‌میكه‌ حكومه‌ت فێری یاری چاوشاركێ بووه‌و له‌ مانگیكدا چه‌ند جارێك شاند ره‌وانه‌ی به‌غدا ئه‌كات و له‌ پاش گفتوگۆو دانوستان له‌ گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌ ‌ عێراقییه‌كان شاندی حكومه‌ت ئه‌گه‌رێته‌وه‌و هه‌ندێ درۆ بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌و جاروبار به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیته‌ سه‌ر خه‌ت و حه‌زی له‌ كونفرانس به‌ستن و له‌وێدا هه‌موو جار ئه‌ڵێت به‌م نزیكانه‌ گفتوگۆكان سه‌ر ئه‌گرن و پاره‌ی كوردستان ره‌وانه‌ ئه‌كرێت به‌ڵام تا هنوكه‌ هه‌ر قسه‌یه‌و هیچ نه‌هاتووه‌ دڵخۆشكه‌ره‌ بێت بۆ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و، زۆرجار سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح پێشوازی له‌ شاندی كوردستان و نوێنه‌ری لایه‌ سیاسییه‌كان ئه‌كات و له‌ هه‌موو چاوپێكه‌وتنێكدا ئه‌ڵێت نابیت كێشه‌ی موچه‌ تێكه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت بكرێت!.

له‌ مێژه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق داوا ئه‌كات رۆژانه‌ نه‌وت بنێرن بۆ كۆمپانیای سۆمۆو له‌بری ئه‌وه‌ش پاره‌ بۆ مۆچه‌ی فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان ئه‌نێرن به‌ڵام حكومه‌تی كوردستان له‌ رۆژی واژوكردنی گرێبه‌سته‌ شه‌رمه‌زارییه‌ 50 ساڵه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ توركیادا باڵێ شكاوه‌و ناتوانێت له‌و قه‌یرانه‌ خۆی قوتار بكات و چیتر هاوڵاتیانی كوردستان برسی نه‌كات بۆیه‌ گه‌ڵ داوا ئه‌كات په‌رده‌ له‌ سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌و گرێبه‌سته‌ هه‌ڵماڵرێت و ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان ‌ دژ به‌ هه‌رێم ئه‌نجامداوه‌ بدرێنه‌ دادگاو سزا بدرێن چونكه‌ ئه‌و كاره‌ قیزوه‌نه‌ به‌ ئاره‌زووی هه‌ندێ كه‌س كراوه‌ دوور له‌ په‌رله‌مان و هاوڵاتیان.

لێره‌دا ئه‌پرسین ئایا‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌توانێت بریارێكی نیشتمانی ده‌ربكات و به‌ توركیا بڵێت: له‌مرۆ به‌ دواوه‌ پابه‌ند نابین به‌و رێككه‌وتنامه‌ پر شه‌رمه‌زارییه‌و‌ نه‌وتی كوردستان ناده‌ێن به‌ ئێوه‌ چونكه‌ تا ئه‌و رێكه‌وتنه‌ مابێت ناتوانین نه‌وت بده‌ێنه‌ به‌غد.ا

دیاره‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هۆی بۆچوونی حزبایه‌تی و دۆگمای بیروباوه‌ری به‌رپرسان ئیفلیج بووه‌و نه‌یتوانیوه‌ رۆڵی خۆی به‌باشی بگێرێت یان راستر ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له‌ پێناو په‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بریاریانداوه‌ و گه‌لی كوردستانیان فه‌رامۆش كردووه‌و تووشی قه‌یران بووه‌.

** پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌كراوه‌كان ئه‌م كارانه‌ بكات :

ــ به‌ راستگۆێی مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ هاوڵاتیان بكرێت و، ئیتر درۆ به‌سه‌.

ــ هه‌وڵ بدرێت گرێبه‌ستی نه‌وت له‌ گه‌ڵ توركیا هه‌ڵبووه‌شێته‌و ه‌و نه‌وتی كوردستان به‌ به‌لاش نه‌دریت به‌ توركیا.

ــ موچه‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان و خانه‌نشینان به‌بێ برینی 21% بدات.

ــ هه‌وڵ بدرێت رۆژانه‌ نه‌وت ره‌وانه‌ی‌ به‌غدا بكرێت.

ــ حكومه‌تی كوردستان ئه‌گه‌ر نه‌وت بدات به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند ئیتر پیویست به‌ پارانه‌وه‌ ناكات.

ــ واز له‌ شاند ناردن بێنێت و له‌وه‌ زیاتره‌ خوێ ریسوا نه‌كات.

ــ نابێت حكومه‌ت پیر له‌ شه‌ر بكاته‌وه‌و پلانی دزژمنان جێبه‌جێ بكات.

ــ ده‌ستبه‌جێ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ر موچه‌ كه‌ مافی خۆیانه‌ گیراون ئازاد بكرێن و، حكومه‌ت واز له‌و ئاوازه‌ ناسازه‌ بھێنێت و نه‌ڵێت ئه‌و گیراوانه‌ به‌پێی دادگا گیراون و، هه‌موو لایه‌ك باش ئه‌زانن دادگاكانی كوردستان سه‌ر به‌ حزبی ده‌سه‌ڵاته‌.

ــ پێویسته‌ هاوڵاتیانی كوردستان له‌ ئاستی كرده‌وه‌كانی حكومه‌ت بێده‌نگ نه‌بن.

ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی حكومه‌ت ناتوانن ئه‌و گرێ كوێره‌یه‌ كه‌ خۆیان دروستیان كردووه‌ بكه‌نه‌وه‌، باشتروایه له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌و دانی به‌ شكستی خۆیان بنێن.‌

حكومه‌تی كوردستان به‌و بیروبۆچوونه‌ دوگمایه‌ی ئێستا‌ په‌یره‌وی ئه‌كات نه‌هامه‌تیی و ناخۆشی زیاتر بۆ هاوڵاتیان ئه‌هێنێت.

له‌ كوتاییدا پرسیارێك : ئه‌وه‌ بۆچی جارێك سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی كوردستان مه‌سرور بارزانی نه‌چووه‌ به‌غدا؟ ئه‌ی بۆچی به‌ نهێنی و ئاشكرا ئه‌چێته‌ ئه‌نكه‌ره‌؟.

ئەحمەد ڕەجەب
2/2/2021

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام