
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری توند دەداتە میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڕەشەی داخستنیا دەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆبووەتەوە و هۆشداری ئەوەی پێداون دەبێت”پارتییانە کار بکەن و چیتر ناتوانن سەربەخۆیانە کاربکەن”
ئەندامێکی بەشدار لە کۆبونەوەکەی مەسرور بارزانی و بەرپرسی یەکەمی میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە(لڤین)ی ڕاگەیاند”ڕۆژی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەتەوە و هۆشداری توندی پێداون لەسەر شێوازی کارکردن و ئاڕاستەی کارەکانیان”.
ئەو ئەندامەی بەشدار لە کۆبونەوەکە باسی لەوەکرد”میدیا بەشدارەکان پێکهاتبوون لە هەریەکە لە ڕووداو و ئاکۆ محەمەد و لە کوردستان ٢٤ محەمەد مەلا کەریم و کوردستان تیڤی و زاگرۆس تیڤی و لە وشە دەرباز محەمەد و لە باسنیوز بەرهەم عەلی و کۆبونەوەکە سێ کاتژمێری خایاندووە”.
باسی لەوەشکرد”مەسرور بارزانی پێی ڕاگەیاندوون ئەو سەردەمە بەسەر چوو ئێوە ئیتر بەدڵی خۆتان کار بکەن، پێویستە پەیوەست بن بە منەوە و بەباشترین شێوە کاربکەن و گوێ ڕایەڵی من”.
ئەو سەرچاوە باسی لەوەشکرد”مەسرور بارزانی ئەوەی وتووە ئێمە مەترسیمان لەسەرە لەلایەن شیعە و یەکێتی و شەرێ مووچەوە، خەڵك هەبووە لە میدیاكانی خۆمبەوە دژایەتی كردوین و دەبێت چارەسەری بكەین بە باشترین شێوە ئەگەر وانەكەن ناچارم داتانبخەم و پیاتاندا بچمەوە”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی ئەوەی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وتووە”دەبێت ژووری عەمەلیاتی كەناڵ دروستبكەن هەموو میدیاكانی پارتی بە بەهێزی پارتی چیەتی بكە و مەترسیمان لەسەرە”.
لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغداد ئەوەی وتووە”هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە و بەغدا بە وازحی پێی وتووین پارەمان نییە ئەبێت هەموو داهاتتان رادەستمان بكە، بۆییە دەبێت میدیای خۆمان ڕێك بخەینەوە و بیكەینە میدیایەكی پارتیانە”.