ئاراس فەتاح
ساڵانی هەشتا كە لەزانكۆ بوم، دوجار خۆپیشاندانی بەرفراوانمان دژ بەدەسەڵاتی بەعس پیادەكرد، بێگومان بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانەكان لەسیستەمێكی تۆتالیتارییدا چەپێنەر و خوێناویی بوو، بەڵام ژمارەی كوژراو و گیراوەكانی خۆپیشاندەران بەقەد كوژراو و گیراوەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانە كوردییەكان نەبوو.

خۆپیشاندانی یەكەمیان ١٩٨٢ بوو دوەمیشیان ١٩٨٤ بوو، لەساڵی ١٩٨٤ جگە لەشەش كەس، زۆرینەی خوێندكارانی پۆلەكەی ئێمە مانیان گرتبوو، ژمارەیەكی بەرچاویش بەشدارییان لەخۆپیشاندانەكاندا كرد، ئەو شەش كەسەش كە نە مانیان گرت ‌و نە بەشداربون لەخۆپیشاندانەكان، دوانیان بەعسی بون‌ و چوارەكەی تریان بەپاساوی ئەوەی كە نایانەوێت بكەونە دەورەی دوەم بەشداریی خۆپیشاندانەكانیان نەكرد، چونكە گوایە شانسی ماستەرو دكتۆرایان نەدەما.

یەكێك لەوانە كە بەهیچ شێوەیەك بەشداریی خۆپیشاندانەكانی نەكرد، ساڵانێك دواتر زانینم نەك تەنها پلەی دكتۆرای بەدەستهێناوە، بەڵكو بوە بەئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، بێگومان ترس هۆكاری سەرەكیی بەشداربون یان نەبون بوو لەخۆپیشاندانەكانی دژ بەبەعس، بەعس هێزێكی دڕندەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش هەر خوێندكارێكی بگرتایە جگە لەئەشكەنجە و بیرازگرتن، تەعەهودی پێ پڕدەكرەوە، ئەوسا ئازادی دەكرد.

پاش تێپەڕبونی ٣٦ ساڵ بەسەر ئەزمونكردنی خۆپیشاندان دژ بەدەسەڵاتدارێتیی تۆتالیتاریزمی بەعسیزم، وەك خەمخۆریی ڕۆژانە هەواڵپرسی ئەو هاوڕێ دەستگیراوانەم كرد كە بەبێ هیچ پاساو و یاسایەك‌ و بەشێوەیەكی تەعەسوفی دەستگیركراون، پێیانڕاگەیاندم كە گوایە دەسەڵاتدارانی یەكێتی داوای تەعەهودیان لێدەكەن، بۆئەوەی ئازادیان بكەن، بێگومان ئەو هاوڕێ نازدارانەش ئەم داوایەیان ڕەتكردۆتەوە، بۆیە تائێستا لەزینداندان‌ و ئازادیان ناكەن.

پاش ٣٠ ساڵ خەبات‌و تێكوشان دژ بەسیستەمی تۆتالیتاری بەعسیزم‌ و پاش ٣٠ ساڵ ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیزمی كوردیی، جیاوازییەكەی نێوانیان زۆر بچوك بوەتەوە، جاران تەعەهودەكە بەعەرەبیی بوو، ئێستا بەكوردییە.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام