لە ساڵی (١٩٥٤) دا، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد، کە رۆژێک بە ناوی (رۆژی جـیهـانی منـداڵان) دیاری بکەن. لەم رۆژەدا ئاهـەنگ بگـێڕن، بـەوەی کە رۆژێـکە بۆ بـرایـەتی و لەیکـتێگەیشتن لە نێـوان منـداڵاندا، لەسەر ئاستی جیهانیـدا. بۆ کارکـردنیش بۆ خۆشی و شـادی منـداڵان لە جیهـانـدا.

رێکەوتننامەی مافەکـانی منداڵانیش کە لە رۆژی (٢٠/ نوڤه‌مبه‌ر/١٩٨٩) دا دەرچـوو. دووبـارە لەو رێکەوتننامەیەدا جەخـتـیان لەسەر رۆژی جـیهانی منـداڵان کـردەوە. هـەر لەو ساڵەوە رۆژی (٢٠/ نۆڤـه‌مبه‌ر) ی هەموو ساڵێک کرا بە (رۆژی جیهانی منداڵان).
تا ساڵی (١٩٩١) زۆربـەی وڵاتـانی جـیهـان، بـە (تورکیـا) و (ئـێران) یـشەوە واژۆیـان لەسەر جـاڕنامەی مافـەکانی منداڵان کرد، بەڵێنیان دا کە پابەند دەبن بە جێبەجێکردنیان.
رۆژی هـەینی (٢٠/ نـۆڤـەمبـەر/٢٠٢٠) کە یـادی (٣١) ەمـین سـاڵـڕۆژی دەرچـوونی جاڕنـامەی مافەکانی منـداڵان و (رۆژی جـیهـانی منـداڵان) ە. زۆربەی منـداڵانی جیهـان لەم رۆژەدا شاد و دڵخۆشن و ئاهـەنگی خۆشی دەگێڕن و دیـاری وەردەگـرن.

بەپێی بەنـدەکـانی جاڕنـامەی گەردوونی مافەکـانی منـداڵان، منـداڵان لە هـەر شـوێنـێکی جـیهـانـدا بـژین، بێ جـیاوازیکـردن لە رەچـەڵـەک و نەتـەوە و رەگـەز و رەنـگی پێـست هەمـوویان منـداڵـن و وەکو یـەک هەمـوو مافـێکـیان هـەیە.

بەداخـەوە، تا ئەمـڕۆش منـداڵانی بەدبەخـت و بێـنازی کوردمان، لە سایەی داگیرکەرانی تورکیا و ئێرانی رەگەزپـەرستدا. نەک هەر هـیچ مافـێکی سەرەتایی و ساکاریشیان نییە، بەڵکـو بـە ئەوپـەڕی دڕنـدەیی و نامـەردییـەوە، سوپـای خوێنـڕێـژ و میـت و ئیـتلاعـاتی بێڕەوشتی کۆماری سێـدارەی ئیسلامی و کۆماری زیندانستانی ئەردۆگانی، زۆر دڵڕەقانە و بێویژدانانە و بێ دەستپاراستن لە منداڵانی کوردی ناو لانکیشمان بەبێ تاوان منداڵانی کورد دادەپلۆسن و سەرکوت و دەمکوتیان دەکەن و بە ناڕەوا دەیان کـوژن. تا ئەمڕۆش بـە هـەزاران منـداڵ و مێـردمنـداڵی کوردمـان کـە لەژێـر تەمەنی هـەژدە ساڵییـەوەن، لـە زینـدانە سامناکەکـانی کۆماری سێدارە و کۆماری زینـدانستان، بە تـاوانی هەڵـبەستراوی پێشوەخت زیندانی کراون. رۆژانە لەلایەن جەلادە بێڕەوشتەکانەوە، پیسترین ئەشکەنجە و ئـازاری جەستەیی و دەروونیـان دەدەن و سوکـایەتیـیان پێـدەکـەن پێـدەکـەن.

تا ئەمڕۆش منداڵانی کورد، لە سایەی داگیرکەراندا، لە ژیانێکی زۆر سەخـت و دژواردا دەژین، هەمیشە لە دڵەڕاوکی و تۆقین و ترسدان. بە کوێرەوەری و مەینەتی و ناسۆری و بێ ئومێـدی و بـرسێـتی و نەبـوونی و رەشـوڕووتی سەردەنێـنەوە، تەنـانەت چـێژ لە خەویش وەرناگرن، چونکە لە نیوەشەودا، دڕندەکانی تورکیا و ئێران، هەڵـدەکوتنە سەر ماڵەکانیان و بە بەرچاویانەوە، باوک و دایک و کاک و دادەیان دەگرن، دایانـدەپـڵۆسن و کەلەپچـەیان دەکـەن و بێ سـەر و شوێنیان دەکـەن و بـەرەوە چارەنـووسێکی نادیـاریان دەبەن. تا ئەمڕۆش چەندین منداڵی کوردیان لەژێر ئەشکەنجـەدا کوشتوون، یا بە رۆژی روونـاک بە بەرچـاوی نەتـەوە یەکگـرتـووەکـان و رێکخـراوەکـانی مافـەکانی منـداڵان و مافەکـانی مرۆڤ و ویـژدانی جیهـانییەوە، بێ تـاوان و بە ناڕەوا لە سێدارەیان دان. هەر لەبەر ئەوەی کە کوردن. ئەم تاوانانە بە پێچەوانەی هەموو یاسا نێـودەوڵەتییەکانەوەن.
منداڵانی کوردمان لە تورکیا و ئێران نەک هەر مافی ئەوەیان نییە کە بە زمانی دایکیان، زمانی کوردی بخوێنن، بەڵکو بە زۆرداری و بە تۆبزی فێری زمانی تورکی و فارسی و فـێری کولتوورێکیان دەکەن کە نامۆن بە لای منداڵانی کوردەوە و پێیان هەرس ناکرێن. دەیانـەوێت منـداڵانی کورد لە نەتـەوەی کوردمان هـەڵبگەڕێننەوە و بە زۆر بیانکەن بە تـورک و بە فـارس و زمـانی رەسەنی کوردییـان لەبەرچـاو بخەن و هـاوبەستەبـوونیان بـۆ کوردستان و کورد کـاڵ بکـەنەوە. چەنـدین مامۆستای خـۆبەخـشی زمـانی کوردییان بەنـدکردوون، لەبەر ئەوەی خۆبەخـشانە زمانی کوردییان بە منـداڵانی کورد وتـەوە. بۆ نمـوونە: مامۆسـتا (زارا محەمـەدی) لەبەر ئەوەی کە خەریکی ئەوەبـوو کە کۆمەڵـێک منـداڵانی کوردمان لە رۆژهـەڵاتی کوردستان، لە شاری سـنە، کە تامەزرۆی فـێربوونی زمانی کوردی بوون، فـێری کوردی بکات، ئاخووندەکانی کۆماری سێـدارە بەنـدیان کرد و ئەمەیـان بـە تـاوان دانـا. مامـۆسـتا زارا محـەمـەدی بە (١٠) سـاڵ زینـدانی سـزادرا. تا ئەمڕۆش لە تورکیای رەگەزپەرستدا، قـەدەغـەیە کە نـاوی کوردی لە منداڵانی کـورد بنرێن، دەبێت نـاوی تورکی لە منداڵەکـانیان بنێن. ئەگینا سزای زینـدانیکردن دەدرێـن.

جا منداڵانی کورد کە هیچ مافێکیان نەبێ و لە بارودوخێکی وا سەخت و هەمیشە لەژێر هەڕەشە و چەوساندنەوە و سەرکوتکردندابن، تـروسکاییەک شادی و خۆشی لە دڵیاندا نەبێت، هيچ هیوایەکیان بە داهاتوو نەبێت. چۆن یادی رۆژی جیهانی منداڵان بکەنەوە؟ تەنانەت لەم رۆژەشدا، تۆبـاران و بۆمباباران دەکـرێن و دەگیرێن و دەخرێنە زیندانەوە.

هەموو ئەم تاوانـە قـێزەوانانەی کە تورکیا و ئێـرانی رەگەزپـەرست و دڕنـدە و نامـەرد، دەرهـەق بە کـورد و منـداڵانی کـورد دەیکەن، پێشێلکـردنی مافەکانی منداڵانن و تاوانی دژ بـە مرۆڤـایەتین و تـاوانی جەنگـن و دژی هەمـوو یاسا و رێسایـەکی نێودەوڵـەتـین. بەزانـدنی سـنووری هەموو یاساکان و رەوشتـێکـن و ژێـرپێخستـنی مافەکـانی مرۆڤـن. بە داخەوە، کە کورد هەمیشە بۆتە قوربانی بەرژەوەنـدییەکانی دەوڵەتە زلهـێزەکـان. کە هەموویان لە ئاستی ئەو تاوانانەی لە کورد کراون و دەکرین، خۆیان کوێر و کەڕ و لاڵ کردوون و دەکەن. هەر ئەم بێدەنگی و هەڵویستە شەرمەزارییەیان، بوونە بە هاندان بۆ ئەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان زیاتـر درێـژە بە تاوانەکـانیان بـدەن و تـاوانی زیاتر و رەشەکوژی و رەشبگیری و ژینۆسایـدی زیاتر لە گەلی کوردی مـاف و ژیان زەوتکـراو و کوردستان داگیرکراو بکەن. تا کەی ویـژدانی مردووی جیهـانی لە ئاستی ئەم ستەم و تاوانانەی کە لە کورد دەکرێن راناچەنێت؟ بێـدەنگییان تـاوانە و لایەنگرتنی تاوانبارانە.

شەرمـەزاریشە بـۆ حکوومەتی هـەرێمی کوردستان، کە ئـەوەی خـەمیـان لێ ناخـۆن و ئاوڕیـان لێ نادەنـەوە منـداڵانی بەدبەخـتی کوردمـانن.. بێ نـان و ئـاو، بێ مووچـە، بێ دەرمـان و چـارەسەرکـردن، رەشـوڕووت و بێـنـاز. بێ بـەش لـە مـاف و لـە پێویستیـیە سەرتاییەکانی ژیان. وایانکردوون کە ژمارەیەکی زۆر لە منـداڵانی کوردمـان، ناچاربن و واز لە قـوتـابخانە و خوێنـدن بهـێنن. جەسـتەی ناسکـیان بخـەنـە بەر سەرما و سۆڵە و کـزەبـای چـلەی زسـتان و گەرمـا و گـڕەی چلـەی هـاویـن.. خەریکی فـرۆشتـنی كیسەی نایلـۆن و گوڵەبـەڕۆژە و بنێشت و جگەرە و ئـاو فـرۆشتن و کاری دەستگـێڕی و ئیشی قـورس بـن. یا خەریکی بۆیـەکـردنی پێـڵاون، یا لەسەر زبڵخـانەکـان خـەریکی تێکـدانی خـۆڵ و خـاشاکـن. تا یارمـەتی بـژێـوی خـێزانەکـانیان بـدەن کە ژیـانـێکی کۆلەمـەرگی و بـژی و مەمـەرە دەژیـن. بێگومـان ئەمـە زەنگـێکی تـرسـناکە و کـاریگـەرییەکی خـراپی لەسەر داهاتوو و چارەنووسی گەلەکەمان دەبێت. چونکە منـداڵانی ئەمڕۆمـان داهاتووی کوردسـتانن. ئەم تاوانـانە لە ئەسـتۆی حکوومەتی کوردستان و حـیزبە دەسەڵاتـدارەکان دان. کە بە سکی تێر و گیرفانی پـڕەوە ئاگایان لە منـداڵانی هەژارانی گەلەکەمان نییە.

ئەی منـداڵانی شـاد و دڵخـۆشی جیهـان، رۆژی جیهـانی منـداڵان لە ئێـوەی بەختـەوەر و ئـازاد و ژیـانخـۆش پیـرۆزبێـت. بـەڵام داواتـان لێـدەکـەین، کە ئێـمەی منـداڵانی کـوردی هاوڕێتان لەیاد نەکەن، کە هـیچ مافـێکمان نییە. داواتان لێدەکەین بە تونـدی پرۆتیستۆی تاوانە قێزەوەنەکانی تورکیا و ئێران بکەن، کە بەبێ تاوان منداڵانی ئاشتیخوازی کوردی هـاوڕێتان دەکوژن.. داواش لە حکوومەتەکانتان بکەن بێـدەنگ نەبـن و بە دەنگمـانەوە بێن. تا ئێمەی منـداڵانی کوردیش رزگـارمان بێت و بە ئـازادی لە کوردستانی نیشـتمانی پیرۆزمان دا بژین و لە یادەکانی داهـاتووی رۆژی جیهـانی منـداڵان دا بەشداری بکەین. تامـەزرۆی ئەوەیـن کە بە بەشداری لە ئاهـەنگـەکـانی شـادی و خـۆشی رۆژی جـیهـانی منداڵان دا بکەین، گۆرانی بچـڕین و تێر پێکەنین و سەرچۆپی بگرین و تێر هـەڵپەڕین.
لەگەڵ ئەو هەموو ستەم و نەهـامەتییانەی کە بەسەریان هـێناوین، هەمیشە گەشبینین و هـیوادارین، کە لە سایـەی خـەبات و تێکـۆشـانی و کۆڵنـەدانی رۆڵـە دڵسوزەکـانی گـەلە قـارەمانەکەمان، زووبێـت یا درەنـگ، چـوک بە داگیرکەران دادەین و رزگـارمان دەبێت.
چـونکە هـیچ مـافـێک ون نـابێـت.. گـەر خـاوەن مـاف دوای بکـەوێـت.


رەزا شـوان١٨/ نـۆڤـەمبەر/ ٢٠٢٠


تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام