د. نەزەند بەگیخانی/ زانکۆی سیانسپۆ، پاریس

خراپی و بەدکاری تەنها لە جەنگ و ناکۆکی بەرجەستە نابن، بەڵکو لە پەتا و نەخۆشی و هەژاری و ستەمکاری و نادادوەریشدا بەرجەستە دەبن. داڕێژەر و جێبەجێکارانی بڕیاری ١٣٢٥ پێویستە لەم گۆشەنیگایەوە و قووڵتر و فەلسەفیانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن.

پێشەکی

ئەم نووسینە کورتە وتارێکی ئێمەیە کە لە ١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لە کۆنفرانسی ساڵیادی بڕیاری ١٣٢٥ ی یوئێن لە هەولێر پیشکەشم کرد، کە لە لایەن ئەنجومەنی کاروباری خانمان و یوئێن ویمێن-ەوە رێکخرابوو. لەبەر گرنگیی  بابەتەکە و زۆرجاریش زاڵبوونی تێگەیەشتنێکی ناڕاست دەربارەی ئەم بڕیارە، بە پێویستی دەزانم لێرە بڵاوی بکەمەوە. دیارە ئەم بابەتە بەشێکە لە کۆرسەکانم کە لە زانکۆی سیانسپۆ و لە چوارچێوەی ”پرەنسیپە ئێتیکی و مێتۆدۆلۆژییەکانی توێژینەوە دەربارەی توندوتیژیی جێندەری لەو وڵاتانەی جەنگیان بینیوە یا ئاکامەکانی جەنگ دەچێژن” دەیڵێمەوە. بۆیە لە گۆشەنیگایەکی جیاواز لەوەی لەم دەڤەرە باوە باسەکە دەخەمە روو. تکاشم لە میدیاکار و ئەکادیمیستان ئەوەیە کە ئەگەر هەر زانیارییەکی ئەم وتارە بۆ توێژینەوە و رووماڵ بەکاردەهێنن، ناوی نووسەر و سەرچاوە بهێنن.

  •  بڕیاری ١٣٢٥ تایبەتە بە بەشداریی  ژنان لە پرۆسەی سیاسی، لە بنیاتنانی ئاشتی و دابینکردنی ئاسایش و نەهێشتنی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری لەو وڵاتانەی لە حالەتی شەڕ و ناکۆکی دان یا ئەزموونیان کردووە، واتە بە مەینستریمکردنی پرسی جێندەر. بیست ساڵ پێش ئێستا کاتێ بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، وەک سەرکەوتنێکی گرنگ بینرا بۆ پرسی بەشداریی ژنان و پاراستن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

٢) بڕیارەکە سێ ئامانجی سەرەکیی هەبوو کە بریتین لە: یەک) زیادکردنی بەشداریی ژنان لە پایەکانی بڕیاردان و پرۆسەی بنیاتنانەوەی ئاشتی دوای وێرانکارییەکانی جەنگ و پێکدادان. دوو) کۆتاییهێنان بە جەنگ و دابینکردنی ئاشتی لە رووانگەی جێندەرییەوە، نەک لە رووانگەی پیاوسالارییەوە، ئەمەش بە بەشداریی حەقیقیی ژنان. سێ) هۆشیارکردنەوەی رای گشتی دەربارەی مافی ئافرەتان و پاراستنیان لە ئاکامەکانی جەنگ.

٣) تا ئێستا چی کراوە؟ ئایا یوئێن دوای بیست ساڵ لە پەسەندکردنی ئەم بڕیارە، لە هیچ شوێنێکی دونیا ئامانجەکانی پێکاوە؟ سەرنجێکی خێرا ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە هەموو ئەو وڵاتانەی ویستراوە ئەم بڕیارە کاری پێبکرێ، فۆکەسێکی بێ راددە خراوەتە سەر ئامانجی سێیەم: ئەمەش واتە: ئافرەتان قوربانیی جەنگ و ناکۆکییەکانن و لاقە دەکرێن و دەبێ لە لایەن پیاوانەوە بپارێزێن. ئەمە لەوانەیە تا راددەیەکی زۆر راست بێ، بەڵام خۆی لە خۆیدا دەرهاویشتەی نەبوونی یەکسانی و زاڵیی ئەقلیەت و مومارەسەی پیاوسالارییە. ئەم خاڵەی دوایی رەگی کێشەکانە و دەبێ لە رەگیشەوە چارەسەر بکرێن.

٤) دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە، ٨ بڕیاری دیکە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەرچوون تایبەت بە ئامانجی سێیەم بوون، من لەم کورتە وتارە بوارم نییە، باسیان بکەم. بەڵام دەزانین کە پێنج لەم بڕیارانە باس لە توندوتیژی سێکسی و لەسەر بنەمای جێندەری دەکەن لەو وڵاتانەی لە حالەتی جەنگ دان یا ئەزموونی جەنگیان بینیوە. ئەم بایەخدانە گەورەیە بە رۆلی ژن وەک قوربانیی جەنگ و دەرکردنی هەشت بڕیاری دیکەی تایبەت بەم باسە چی دەگەیەنێ؟

٥) بە رای زۆر پسپۆڕ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە سەرانی یوئێن خۆیان، پێش دەوڵەتە ئەندامەکان، بڕیاری ١٣٢٥ یان خستۆتە پەراوێزەوە. بەشداریی حەقیقیی ژنان لەوێدا، واتە لە خودی یوئێن خۆی، لە پەراوێزی پرسە سیاسییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. ئەمە لە لایەک. لە لایەکی دیکەوە، فۆکەسی زۆر لەسەر ژن وەک قوربانی جەنگ و ناکۆکییەکان کە دەبێ پیاو بیپارێزێ وای کردووە ژنان وەک لاواز و بێ دەرەتان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و لە پرۆسەی سیاسی بخرێنە دەرەوە، لەسەر مێزەکانی دانووستان و گفتوکانی ئاشتی ئامادەییان نەبێ. کوا رۆل و ئامادەیی ژنان لە پرۆسەی ئاشتی و دانووستان؟ کوا ژن لە شاندەکانی نێوان لایەنە ناکۆک و شەڕکەرەکان؟ نێوان بەغدا و ئەربیل، لە نێوان حیزبەکانی کوردستان کە هەمیشە لە شەڕێکی سارددان و پێویستیان بە دانووستان و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی فەرمانڕەوایی بە تەواوی پەکی نەکەوێ لە هەرێم؟ سەرانی یەکیێتی و پارتی دوێنێ لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوە، هەمووتان بینیتان لە تەلەڤیزیۆن: چەند ژنانیان تێدا بوو؟ دیارە ژنییان تێدا نەبوو، ئەگەر ژنێکیش هەبووبێ، ئەوە هەر بۆ رووالەت لە دامێن دادەنرێ و هیچ سەنگێکی نییە: نە ئامادەیی هەیە وەک ژن ، نە دەنگی هەیە وەک هەڵگری پەیامێکی گرنگی ئاشتی کە رووانگەی جێندەرییەوە. ئایا کورد ژنی بەتوانا و لێهاتووی نییە کە شانبەشانی پیاو لەسەر مێزی دانووستان و گفتوگۆ بەشداری لە بڕیار و لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات؟ ئەی کوا ئەو ژنانە لە کوێن؟ ئەمە پەیوەستە بە نایەکسانی جێندەری و رەگی لە بونیادی پاتریارکیدا داکوتاوە. بۆیە دەبێ لەم رووانگەیەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک هەر لێرە، بەڵکو لە یوئێن و لەناو خودی تەواوی دەوڵەتە ئەندامەکانی یوئێنیش.

٦) ژنان ساڵانێکی زۆرە بەناوی بڕیاری ١٣٢٥ وە لیژنە و دەستە و هاوپەیمانی پێکدەهێنن، لە هەولێر یا لە بەغدا کۆدەبنەوە و بودجەیەکی زۆر لە خەزێنەی گشتی سەرف دەکەن. راپۆرتی درێژ و قەبە بە عەرەبی و بە ئینگلیزی ئامادە دەکەن (شوێنی سەرنجە بڵێم جگە لەم ماوەیەی دوایی و بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی کاروباری خانمان، راپۆرتەکان هیچیان راستەوخۆ بە کوردی لەبەردەست نەبوون، وەک ئەوەی زمانی کوردی بۆ ژنانی ستەملێکراوی کوردستان، بۆ ژنانی ئاوارەی کامپەکان و ئەنفالکراوانی گەرمیان و بارزان و هەڵەبجە و ئێزیدییەکان گرنگ نەبێ!!). راپۆرتەکانی یوئێن پڕن لە هیوا و دەدرەوشێنەوە لە گەشبینی، رستەی گەورەی وەک: “عێراق بۆتە یەکەم دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەی مینا کە پلانی کاری نیشتمانی ١٣٢٥ داڕشتووە و کاری پێکردووە…”. بەڵام با لەخۆمان بپرسین کام پلان؟ کام کار و چالاکی بە شێوەی کردەنی؟

٧) من دڵنیام لە توانا و کارامەیی هاوکارانم و ئەندامانی هاوپەیمانی بڕیاری ١٣٢٥، دڵنیام لەوەی کە ئەو ژنانە بە جددی کاری بۆ دەکەن، دەزانم لە وڵاتێكی نادادوەر و نایەکسانیخواز کە تا سەر ئێسقان نێرسالاری تێدا زاڵە، ئاسان نییە بۆ ژن رۆلی بڕیاردەر ببینێ، دەزانم بە شێوەی لاوەکی یا راستەوخۆ رێگا لە ژن دەگیرێ و فەرامۆش دەکرێن. بۆیە بە رای من ئەو هاوپەیمانییە نەیتوانیوە وتە و راپۆرت و پلانە نیشتمانییەکەی بکاتە بەشێک لە سیستەمی فەرمانڕەوایی، بەجۆرێ کە بە کردەنی لە ئۆپێراسیۆنەکانی بنیاتنانەی ئەو دەڤەرە و لە  دانووستان و پرۆسەی ئاشتی رەنگ بداتەوە لە وڵاتێکی تێكشکاوی وەک عێراق کە رۆژانە لەناو پێکدادان و ناکۆکیی تایفی و ئێتنیکی دایە، باسی رۆلی داعشیش ناکەم کە تا ئێستا لە زۆر شوێن خانەی نووستووی هەن و چالاکن. بەم جۆرە راپۆرتانە، ئافرەتان لە لایەکەوە خۆیان نائومێد دەکەین، لە لایەکی دیکەوە ژنان و کچانی هەژار و ستەملێکراو  تووڕە و رەشبینتر دەکەین. ئەمانە کێشەی هەرە سەرەکین.

٨) سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم هەموو پشتگیرییەکی یەکەم پلانی نیشتمانیی ١٣٢٥ ی کردووە لە رابردوو. ئێستاش سەرۆکایەتیی هەرێم لەو باوەڕەدایە کە پرۆسەکە دەبێ بەردەوام بێ و پلانی دووەم پەسەند بکرێت، بەڵام دوای بەخۆداچوونەوە و فێربوون لە وانەکانی رابردوو. ئەمەش بە هەماهەنگی و بەشداریی هەموو لایەنە پەیوەنددارەکان هەر لە نوێنەرانی یوئێن و حکومەتە ئەندامەکانەوە تا کۆمەڵگەی مەدەنی و دام و دەزگاکانی میدیا، بە بەشداریی کردەنیی ئافرەتان. هەروەها گرنگە ئەم کارە لە رووانگەی یەکسانیی جێندەرییەوە جێبەجێ بکرێ، نەک تەنها لە رووانگەی قوربانیبوونی ژنانەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکات: بەمەستمان لە رووانگەی یەکسانیی جێندەریی ئەوەیە لە هەموو هەنگاوێکدا ژن وەک ئاکتەر و کاریگەر بەشدار بێت، نەک تەنها وەک لاواز و قوربانیی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

٩) هەروەکو وتم، ئەمە پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە و فرەرەهەندیی و بەشداریی هەموو لایەنەکان هەیە لە دەرەوەی جیاوازیی سیاسی و حیزبی و ئێتنیکی و شارچیێتی و ناوچەگەریێتی و ئاینییەوە. ئەم خاڵەی دوایی دەبێ هەڵوەستەی زۆری لەسەر بکرێ، چونکە ئەو ناکۆکی و شەڕە یەک بە دوای یەکانەی یەخەی ئەم ناوچەیەی گرتووە، ئەمڕۆ دابەزیوە بۆ ئاستی تاکەکەس و مرۆڤەکان؛ هەمووان لە شەڕێکی سارددان، بە کۆمەڵگەی مەدەنی و سەنتەر و رێکخراو و ژنەکانیشەوە  لە شەڕ  و ناکۆکی و ئاژاوە دان. هەر لەم کۆبوونەوەیەی ئێرە، ئەو ژنانەی نوینەرایەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی یا حیزبەکان دەکەن، کامیان جیاوازییە حیزبی و شارچیێتی و ناوچەگەری و رێکخراوەیی و ئێتنیکییەکانیان تێپەڕاندووە؟ لە سۆشیەل میدیا کە رەنگدانەوەی واقیعی ئەم دەڤەرەیە، ئەم جەنگە ساردە زیاتر رەنگی داوەتەوە. ئەمەش  خاڵێکی رەخنەئامێزی دیکەیە، چونکە کە بڕیارەکە لە ٢٠٠٠ پەسەند کرا، سوشیەل میدیا سەری هەڵنەدابوو، بۆیە کاتێ باس لە رۆلی میدیا دەکەین لە پلانی دووەمی نیشتمانی، دەبێ ئاوڕێک لە رۆلی سۆشیەل میدیا بدرێتەوە کە درێژە بە جەنگ و ناکۆکییەکان دەدات و دیواری نێوان مرۆڤ و حیزب و شار و رێکخراوەکان گەورەتر دەکات. ئەمەش بەربەستی گەورە دروست دەکات لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە تایبەتە بە نەهێشتنی دیوار و دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاوکاری بە ئامانجی دابینکردنی ئاشتی و ئاسایش و بەرگریکردن لە یەکسانی و دادوەری.

١٠) ئاشکرایە کە یوئێن مامەڵە لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتان دەکات، بۆیە پلانی نیشتمانی زیاتر فۆکەسی خستۆتە سەر بەغدا و هەرێمی کوردستان پەراوێزخراوە. دیارە هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاینی و ئابوورییەوە جیاوازە لە باشور و ناوەڕاستی عێراق، جیاوازە لە بەغدا. ئەمە لای هەموو کەس روونە. بۆیە بە رای ئێمە دەبێ تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەند وەربگیرێن و میکانیزمی کارەکان لە پلانێکی جیاوازدا دابرێژرێن و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. دۆخەکە وا پێویست دەکات کە دوو پلانی کاری تایبەت بە بڕیاری ١٣٢٥ هەبن و هەرێمی کوردستان لەبەر تایبەتمەندییەکانی بە بەراورد لەگەڵ بارودۆخی بەغدا لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەنگاوێکی لەمجۆرە جێبەجێکردنی پلانی کارەکان ئاسانتر دەکات.

لە کۆتاییدا: لەسەر ئاستی جیهانی، بڕیاری ١٣٢٥ چوارچێوەیەکی فەرمیی گرنگی داڕشت بۆ زیاتر بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی ئاشتی و ئاسایش و پاراستنی مافەکانیان، بەڵام بە کردەوە تا ئێستا شتێکی گرنگ نەکراوە. ئەمەش ناگۆڕێت تا یوئێن خۆی کاری جددیتری لەسەر نەکات، تا یوئێن خۆی لە رووانگەی یەکسانی جێندەرییەوە بەشێوەیەکی شێڵگیرانەتر پرسەکە نەهێنێتە ناو رۆژەڤی سیاسییەوە، واتە تا لە پاشکۆبوونی پرسە سیاسیەکان رزگاری نەکات شتێکی ئەوتۆ ناگوڕێ. ئەمەی دوایی پێویستی بەوە هەیە، هەروەکو پێشتر وتم، بەشێوەیەکی فرەرەهەند و هەمە لایەنانە کاری لەسەر بکرێ، فۆکەس لە قوربانییبوونی ژنەوە بگۆڕێ و بخرێتە سەر بەشداریی ژن وەک بکەر و لێهاتوو کە بە کردەنی دەتوانێ لە کایەکانی بڕیاردان و لە پرۆسەی ئاشتی و رێگرتن لە جەنگ رۆلی گەورەی هەبێ. خراپی و بەدکاری تەنها لە جەنگ و ناکۆکی بەرجەستە نابن، بەڵکو لە پەتا و نەخۆشی و هەژاری و ستەمکاری و نادادوەریشدا بەرجەستە دەبن. داڕێژەر و جێبەجێکارانی بڕیاری ١٣٢٥ پێویستە لەم گۆشەنیگایەوە و قووڵتر و فەلسەفیانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.

تایبەتمەندییەکان: ژنان

زیادکردنی وەڵام