عەلی کەریمی

ماڵئاوایی هاوڕێی پێشمەرگە، سەرکردەی شاخ و شار، کاک قادر حاجی عەلی!

تۆ پێشەنگ و سەرکردە و ڕابەر و خۆشەویستی ناو کۆمەڵ و عەزیزی شارە جوانەکەت، سلێمانی بووی.

ئاخر کەم هەیە لە ئاستی تۆ سەرکردە، بەرەی خەڵک و عەدالەتی کۆمەڵایەتی چۆل نەکردبێ و پاڵی بە گەندەڵی و لەبیرچوونەوەی باوەشی خەڵکی فەقیر و هەژارەکەی نەدابێ.

لە هەموو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیم بڕوام وابووە کەسێک کە عەیبەی پێ عەیب بێ دەبێ پشتی پێ ببەستی، تۆ ڕێک وابووی، لەبەر سەروەری  و قامەتی باڵای هاوڕێیانی شەهیدی کاروانی ژیانت، لەبەر بنەماڵە و برا و کەس و کارت، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی دەنگی زولالی ئەو  برایەی هەمیشە غەمی پێشمەرگەی بە کۆڵەوە بوو، کاک حەمە جەزای خۆشەویستی کوردستانە گەورەکەمان، خۆ دوور خستەوە لە گەندەڵی و عەیبە، بوو بە ڕێڕەو و سەرلۆحەی ژیانت.

هاوڕێ گیان تۆ نامری، مردن و لەناوچوون، بۆیان نالوێ تەنانەت بە لاشدا گوزەر بکەن، دڵنیام بە ڕابردووی خۆت و خۆشەویستی ناو خەڵکەکەت لە مێژساڵە لە مردن بێمنەت بووی و کورد گوتەنی شاباشی خۆت داوە و مافی خۆتە سەرچۆپی بەر نەدەی!

ئەو ڕۆژە هەینییانە کە بانگت دەکردم و دەتگوت: هاوڕی عەلی با بچین و بەناو شاردا پیاسە بکەین، لە چایخانەی شەعبەوە بۆ قەیسەری نەقیب، گەرانەوە بۆ سابونکەران و بەردەرکی سەرا، ئەوجار بۆ لای مزگەوتی گەورە و کانێسکان و جادەی مەولەوی و بەرەو باخی گشتی، چەند تامەزرۆت دەکردم ئاخۆ ڕۆژێک دێ منیش ئاوا بەناو سابڵاخدا بێم و بچم و وەک تۆ بە سڵاو و چاک و چۆنی لە گەڵ خەڵک و دەست هەڵێنان لە دوکاندار و ڕێبوارەکان پێیان بڵێم ئێمە هەرگیز خەڵکی سادە و بەوەفا و پڕ لە ئازاری خۆمان لە بیر ناکەین.

کاک قادر سەرکردەیەکی خاکی و خۆشەویستی شارەکەی سلێمانی بوو، هەموو شار بە ئی خۆیان دەزانی و ڕێزیان لێدەگرت، یار و غەمخۆری ڕۆژنامەنووسان و خەڵکانی میدیایی بوو، کوردستانییەکی پڕ لە کوردایەتی  و دڵسۆز بۆ هەموو خەبات و شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دی بوو. وەک سەرکردەیەکی شۆڕش لە باشوور، هەر لە کۆنەوە پەیوەندییەکی دڵسۆزانە و برایانەی هەبوو لە گەڵ هەموو ئەم ڕۆژهەڵاتییانە و حیزبەکانیان کە بە هۆی پێشمەرگایەتی و شەڕ لەگەڵ داگیرکەرانی حکومەتی ئێران، هاتبوونە  ئەم دیو و لێرە گیرسابوونەوە. سۆزێکی تایبەت و دۆستایەتییەکی بەتینی لەگەڵ هەڤاڵان و گریلاکانی قەندیل و باکوور هەبوو.

ڕاوەستەکردن و بە گژداچوونەوەی بۆ بێعدالەتی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی چ لە ناو حکومەتی هەرێم و چ لەو حیزبانەی کاری بۆ کردن لە کەس شاراوە نییە و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسی خۆی، بەرامبەر بە کەس و حیزبەکان بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبوو.

بە کۆڵێک پڕ لە خەبات و شۆڕشگێڕی، وەفا و ئەمەک، خاکی و سادە ژیا و هەرواش جێی هێشتین، لەناو سەرکردەی ئەم سەردەمە ئاخر زۆر کەم بوون وەک ئەو خۆمانە و بێ ترس بێتە ناو بازار و باوەشی خەڵکی خۆیان، ئەو بۆ تاقە ساتێکیش لە میللەتی خۆی نەترسا و بێگانە نەبوو، لەگەڵیان ژیا و لەناو باوەشی گەرمی ئەوانیش ماڵئاوایی کرد.

لە دەستدانی کاک قادر زیانێکی گەورەیە بۆ کوردستان، بۆ سلێمانی و بۆ دەنگی ئازاد و ئۆپۆزیسۆن و خەباتی گەلی چەوساوەمان لە چنگی داگیرکەران و دەسەڵاتی سەرەڕۆ و بێ ڕەحم و وێژدانی مافیاکانی ناوخۆی کورد.

لە ناخی دڵمەوە بە خۆشکان و براکان و هەر چوار کوڕە جوانەکانت و زۆر بە تایبەتی بە خوشکی هەڵقرچاو و پڕ لە ناسۆرم شیلان خان دەڵێم؛ کۆستەکەتان ئەژنۆشکێنە بەڵام سەر هەڵێنن و هەتا ماون شانازیی بکەن بەم لاوە شۆڕشگێرە، بەم پێشمەرگە ئازایە، بەم سەرکردە و سیاسەتوانە ژیرەی سەردەمی ئێستا و ڕابردووی گەلەکەمان، ئەوەندەی شانازیی بۆ جێی هێشتوون هەتا هەن سەربڵیندن لەناو خەڵکدا و دەبێ بیپارێزن!

ئەو تاقانەیە بەوەی؛ چ دەسەڵات و چ خەڵک و ئۆپۆزیسۆن سەری ڕێزی بۆ دادەنوێنن!

ماڵئاوا و ڕووح و ڕەوانت شاد کاک قادر گیان، هاوڕێی لەسەر دڵان و خاکی و خۆشەویست.      

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام