به‌ سه‌دان که‌س له‌ دانیشتوانى شارۆچکه‌ى که‌رڤاچار له‌به‌رده‌م که‌نیسه‌ دێرینه‌که‌یاندا نزایان بۆ قوربانیه‌کانیان کرد دوایینجار نوێژیان تێدا کرد، دواجاریش ئاگریان له‌ شارۆچکه‌که‌ به‌رداو چۆڵیان کرد، ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ ژێر کۆنترۆڵى ئازه‌ربایجان.

به‌ر له‌ گه‌یشتنى سوپاى ئازه‌ربایجان بۆ ناوچه‌کانیان، گوندنشینه‌ ئه‌رمه‌نیه‌کانى ده‌وروبه‌رى هه‌رێمى ئارتساخ، ئاگریان له‌ ماڵ و کێڵگه‌و زه‌وییه‌کان به‌رداو بۆ هه‌میشه‌ چۆڵیان کرد، که‌ بڕیاره‌ له‌ سبه‌ینێ 15ى مانگه‌وه‌ به‌پێى ڕێککه‌وتنه‌که‌ بێته‌ ناوییه‌وه‌ 
وه‌ک ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى له‌ به‌رامبه‌ر هاتنى سوپاى ڕوس و ئازه‌ربایجان بۆ کۆنترۆڵکردنى ئه‌و شوێنانه‌ى پێشتر به‌ده‌ست ئه‌رمه‌نیه‌کانه‌وه‌ بووه‌، به‌ هه‌زاران که‌س ئاگریان له‌ ماڵه‌کانیان به‌رداو به‌ره‌و سه‌نته‌رى شاره‌کانى ئارتساخ به‌ڕێکه‌وتن.

ڤیج مکراتچیان ده‌ڵێت:”نامه‌وێت هیچ شتێک بۆ ئه‌و تیرۆریستانه‌ جێبهێڵم که‌ خوشک و براکانى منیان کوشت و ماڵه‌که‌میان تاڵان کرد”.

خاوه‌نى یه‌کێک له‌و ماڵانه‌ به‌ده‌م هه‌ڵته‌کاندنى خانووه‌ دارینه‌که‌یه‌وه‌ باسى له‌وه‌ ده‌کرد، “ناتوانم ماڵه‌که‌م بۆ تورکه‌کان جێبهێڵم”.

ئاگربه‌ستى یه‌ریڤان و باکۆ به‌ چاودێریى مۆسکۆ، دواى نزیکه‌ى حه‌وت هه‌فته‌ له‌ شه‌ڕو پێکادانى قورس له‌ ئارتساخ هاته‌ کایه‌وه‌، که‌ ناوچه‌ى شاخاوى جێناکۆکه‌ و بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتى قه‌وقاز کێشه‌ى له‌سه‌ره‌، سوپاى ئه‌رمینیاش بڵاویکرده‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا دوو هه‌زار و 300 سه‌ربازیان کوژراون.

پێى ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌که‌، سوپاى ئازه‌ربایجان له‌و شارانه‌دا ناکشێته‌وه‌ که‌ به‌ هاوکاریى سوپاى تورکیا له‌ ئارتساخى داگیر کرد، ته‌واوى هه‌رێمه‌که‌ش ده‌که‌وێته‌ ژێر کۆنترۆڵى ڕوسیا و هیچ هێزێکى ئازه‌ر و ئه‌رمه‌نى تێدا نامێنێت که‌ له‌ ساڵى ١٩٩١وه‌ له‌ژێر کۆنترۆڵى ئه‌رمینیادایه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام