پاش زیاتر له‌مانگێك مانه‌وه‌ى له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆى توشبونى به‌ڤایرۆسى كۆرۆنا، قادرى حاجى عه‌لى سه‌ركرده‌ى سیاسیی دیارى هه‌رێمى كوردستان‌و یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئه‌مڕۆ له‌شارى سلێمانى كۆچى دوایی كرد، بنه‌ماڵه‌ى كۆچكردوش په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ڕۆژى 8ى 10ى 2020 هه‌واڵى توشبونى قادرى حاجى عه‌لى سه‌ركرده‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان به‌ڤایرۆسى كۆرۆنا بڵاوبۆوه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌مانگێكه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ى فاروق له‌شارى سلێمانى به‌هۆى تێچكچونى بارى ته‌ندروستیه‌وه‌ له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشكیدابوو، ئه‌مڕۆ 10ى 11ى 2020 هه‌ر به‌هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ كۆچى دواییی كرد.


له‌په‌یامێكدا بنەماڵەی قادری حاجی عەلی‌و هاوڕێیانی ڕایده‌گه‌یه‌نن، “بەداخ‌و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی سەركردەو سوارچاكی شۆڕش‌و ورەو بەرەنگاربونەوەی نادادی بەڕێز (قادری حاجی عەلی) ڕادەگەیەنین، كە ئەمڕۆ (2020/11/10) دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن، “گیانلەدەستدانی كاك قادری حاجی عەلی وەك سەركردەیەكی خۆنەویست‌و خۆشەویست‌و جێی متمانەو ئومێدی خەڵك‌و پشتیوانی ستەملێكراوان، سەركردەی دیاروسەربەخۆی گەلەكەمان، ئەسەف‌و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەموان”.

ڕۆژى 3ى 6ى 2019 قادرى حاجى عه‌لى كه‌ یه‌كێكبوو له‌دامه‌زرێنه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و پێشتریش له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانى كوردستان به‌سندوقه‌ ڕه‌شه‌كه‌ ناسرابوو، له‌ڕێگه‌ى په‌یامێكه‌وه‌ وازهێنانى خۆى له‌سیاسه‌ت ڕاگه‌یاندو ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، “په‌یوه‌ندى به‌هیچ ئۆرگانێكى حزبیه‌وه‌ نه‌ماوه‌، چونكه‌ له‌خه‌باتى شاخدا هه‌رگیز بیرمان له‌وه‌نه‌ده‌كرده‌وه‌ ببینه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و سه‌رۆكى په‌رله‌مان‌و وه‌زیر، به‌ڵكو بیرمان له‌شه‌هیدبون ده‌كرده‌وه”.

ئه‌وكات ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، “من وەک سیاسییەکی سەربەخۆ دەژیم‌و سەر بەھیچ ئۆرگانێکی حزبی نیم، ئه‌گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لەخەبات‌و کاری سیاسییدا بەسەربردوە، بەڵام ھەرگیز سیاسەتکردن بۆ من نەبۆتە پیشە، بەڵکو کەرەستەیەک بوە بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە ژیانی گەلەکەمانی پێ خۆش‌و باشبکەم”.

به‌بۆچونى قادرى حاجى عه‌لى، “ئەوەی ئاسایی نییە لەکوردستاندا ھەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێت‌و سەرلەبەری پرۆسەکە بەساختەکاری‌و خۆسەپاندن بەھێز بزانیت‌و پاشان لەبەر دەستکەوت‌و پلەو پۆست‌و ڕازیکردنی نوخبەیەک لەکادری ھەلپەرست‌و بێ ئیش، گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەکە ھەڵبگریت‌و ببیتە شەریکی ئەو حزبانەی کەدەنگەکانیان خواردویت‌و ھەزارو یەک ڕەخنەت لێیان ھەبوە”.

جه‌ختیشیكردبۆوه‌، “ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی بکەیت، کەچی دەنگ بۆ سیستمێکی سەرۆکایەتی بدەیت، بانگەشەی بەدامەزراوەییکردنی دەوڵەت بکەیت، بەڵام لەناو ماڵەکەی خۆتدا بەھایەک بۆ دامەزراوەکانت نەھێڵیتەوەو لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروستبکەیت”.

له‌و په‌یامه‌دا كه‌ له‌ڕێگه‌ى وتارێكه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردبوو، “ئێستا هه‌ر بنه‌ماڵه‌و گروپێک خاوه‌نى حزبى خۆیانن، که‌ له‌ڕوکه‌شدا هه‌ڵگرى کۆمه‌ڵێک دروشم‌و چه‌مک‌و ناونیشانى گشتین، به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا بونه‌ته‌ کۆمپانیاى پشکداری‌و کارتێكى بازرگانى که‌ هه‌زاران فرسه‌خ له‌خه‌مه‌ گشتییه‌کان دورکه‌وتونه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ش زیاتر، له‌م سنوره‌دا حزب ئه‌مانه‌شى تێپه‌ڕاندوه‌و ڕۆچۆ‌ته‌ ناو تێکشاندن‌و بێ ئه‌رزشکردنى زۆرێک له‌به‌ها کۆمه‌ڵاتییه‌کانیشه‌وه‌”.

قادرى حاجى عه‌لى كێیه‌:
ـ ‌ساڵى 1955 له‌سلێمانى ‌دایكبوه‌.
ـ باوكى قادرى حاجى عه‌لى به‌(حاجى عه‌لى به‌گ) ناسراوه‌و بازرگان بوه‌.
ـ ده‌رچوى به‌شى جیۆلۆجی ‌زانكۆى سلێمانیه‌.
ـ یه‌كه‌م وێستگه‌ى سیاسى بریتیه‌ له‌کۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان.
ـ دوه‌م وێستگه‌ى سیاسى بریتیه‌ له‌پارتى‌و له‌ساڵى (1974 بۆ 1975) به‌شدارى شۆڕشى ئه‌یلولی كردوه‌.
‌ـ ساڵى (1980) چۆته‌ شاخ‌و په‌یوه‌ندى به‌كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستانه‌وه‌ كردوه‌و ‌ساڵی (1984)و له‌ته‌مه‌نى (28) ساڵیدا له‌كۆنفرانسى سێیه‌مى كۆمه‌ڵه‌ به‌ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى دیاریكراوه‌.
ـ به‌ر له‌ڕاپه‌ڕین بۆته‌‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌کێتى.
ـ قادرى حاجى عه‌لى هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كى حكومیى وه‌رنه‌گرتوه‌، به‌ڵام چه‌ند به‌رپرسیاریتیه‌كى حزبى له‌ناو یه‌كێتى وه‌رگرتوه‌ له‌وانه‌، به‌رپرسى مەڵبەندی قەرەداغ بوه‌ له‌شاخ‌و به‌رپرسى ڕاگه‌یاندن‌و دامه‌زرێنه‌رى ده‌زگاى زانیارى‌و به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌و كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسیش بوه‌.
‌ـ ساڵى (2000) ده‌ستى له‌یه‌كێتیی كێشاوه‌ته‌وه.
ـ دامه‌زرێنه‌رى كومپانیاى وشه‌و به‌رپرسى ڕاگه‌یاندن‌و پیاوى سێبه‌ر بوه‌ له‌پشت نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌.
ـ به‌سیاسه‌تمه‌دارێكى ڕادیكاڵ ناسراوه‌و چه‌ندجارێكیش له‌ناو یه‌كێتیی ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌و له‌ماوه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش (3)جار نیگه‌رانبوو له‌بزوتنه‌وه‌كه‌.
ـ قادرى حاجى عه‌لى به‌سندوقه‌ ڕه‌ش‌و پڕ زانیارییه‌كان ناسراوه‌.
ـ قادرى حاجى عه‌لى دوجار هاوسه‌رگیریى كردوه‌و خاوه‌نى (3) منداڵه‌و جگە لەکوردی، زمانی عەرەبی‌و فارسی‌و ئینگلیزی‌و کەمێک سویدی دەزانێت.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام