نەورۆزی مانگر



وەڵامی ئەم پرسیارە لە سێ دیدی جیاوازەوە لێک ئەدرێنەوە ،دیدی خەڵک،  ئەندام وکادرانی یەکێتی خۆی، پاشان حیزبە سیاسییەکانی کوردستان .
بێگومان دۆخی یەکێتی پاش کۆچی سەرکردەی ڕەوانشاد مام جەلال ، کەوتە خراپترین دۆخەوە ،کە ترسی لەناوچوونی زۆر گەورەترە ، لەو هەموو  هەوڵانەی نەیارانی یەکێتی داویانە بۆ نەهێشتن و پووکانەوەی.


یەکێتی لە دیدی خەڵکەوە حاڵی حازر ، لە ماڵێک ئەچێت ، کە جاران دەرگایەکی هەبوو و هەر لەو دەرگایەشەوە پێیدا ئەچوونە ژوورەوە و بەڕێزەوە ئەهاتنە دەرەوە ، ماڵێک کە حساب بۆگەورە و بچووکی ئەکراو دوور لە ئێستایەک کە فرە دەرگایە و خەڵک نازانێت لەکوێوە پێشوازی لێ ئەکرێت و کێ گوێی لێ ئەگرێت و دیالۆگ لەگەڵ کێدا بکات. لەبەرئەوە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانرێت کە مانەوەی یەکێتی بەم شێوەیەی ئێستای، ( ماڵێک ئەبێت ، بەبێ میوان و خەڵک ) .


لە دیدی زۆرینەی ئەندام وکادرەکانی یەکێتی خۆیشیەوە ، کە چەتری سەرکردەکەیان نەماوە ،  یەکێتی وەک شەمەندەفەرێکی فرە ڤاگۆن ئەبینن ، کە لە هەر ڤاگۆنێکدا بڕیاردەرێک هەیە و زۆرێکیشیان دەردی ( میگالۆمانیا ) یان هەیە وئاگایان نە لە ڤاگۆنەکانی تر هەیە و بێ ئاگاشن لەو ماشێنەی ڕایان ئەکێشت کە بەرەو چ شوێنێک ئەڕوات و بەرەو کوێیان ئەبات ؟ پێویستە ئەو ڕاستیەش بزانین ، کە یەکێتی هەزاران ئەندام و کادری خاوەن ئەزموونی هەیە ، کە بە دەیان ساڵ لەو جۆرە  کەسایەتیە نوخبانە بە حیزب و لایەنەکانی تر دروست ناکرێنەوە ، بەڵام لەلایەن سەرکردایەتی  پێشوو و ئێستاشەوە پەراوێز خراون و سوود لە توانا و ئیرادەیان وەرناگیرێت و بەپێچەوانەشەوە دژایەتیان ئەکرێت و کاتێکیش ڕەخنەیەکی دروستکەر لە یەکێتی ئەگرن ، وەک کادرێک کە لە ژیانی ڕێکخستنیاندا فێرکراون و لە پەیڕەو و پرۆگرامیاندا ڕێگەیان پێدراوە، بە تێکدەر لە قەڵەم ئەدرێن و لە خۆیانی دوور ئەخەنەوە و سزای سڕکردنی ئەبەدی بەسەریاندا ئەسەپێنن .   

 
ئاخر یەکێتی هەر بۆخۆی و لە سەرەتای دروستبوونیەوە و بە درووشمەکانی ئەرکی سەرشانی خۆی قورس کرد و لەگەڵیشدا خەباتی بۆ کرد ، کە حیزبێکی نموونەیی و دیموکراتیخواز بێت و بۆ ئەم ئامانجەش هەزاران شەهیدی لە پێناویدا بەخشی ، خۆی کرد بە قەڵغانی پاراستنی خاکی کوردستان .

 
کادرانی زویری یەکێتی ئەم ڕاستیە لە زهنیاندا هەیە ، کە ئێستای یەکێتی وا ئەبینن ، کە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا نین ، ئەرکی سەرکردایەتی ئێستای زۆر قورسە کە بەرپرسیارە لە گێڕانەوەی ئیرادەی گەل ، کە تەواوی  چین و توێژەکان لەخۆی ئەگرێت ، بە بڕوای منیش ئەو ئەرکە لە غیابی ( مام جەلال ) دا و بەم هەڵبژێدراوانەی دوا کۆنگرەی یەکێتی ناکرێت ، کە  ٣\٤ لە سیاسەت و مەهام و زەروورەی دروسکردنی یەکێتی تێنەگەیشوون و تەنانەت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو قەیرانانەی دێنە پێشەوە دەستە و وەستانن و نازانن بە چ شیوازێکی دیبلۆماسی و سیاسی چارەسەر بدۆزنەوە و لێدوانێک بدەن .

 
  
  وا ساڵێک بەسەر کۆنگرەی یەکێتیدا تێدەپەڕێت ، نووسینێکی فیکری و شیکردنەوەیەکی عەقڵانیمان نەبینی ، لە هەموو ئەو سەرکردایەتییەی کە هەڵبژێدران  ( بۆ هەموو ئەو قەیرانانەی کە حاڵی حازر تێیدان ) ئەو هەڵبژێدراوانە زۆربەیان  خۆشیان سەرسامن بە مەهام و پێگەکەیان و مەسئولیەتەکەیان کە پێیان دراوە و بە بارتەقایان نییە .

 
یەکێتی هاوسەنگی خۆی لە دەستداوە، هەر بۆیە قابیلی ئەوەیە  کە هەڵەی گەورە بکات و بە ئاسانی بۆی چاک نەکرێتەوە و بنەما و ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی لەبیربچێتەوە ، کە سەرکردایەتیەکەی لە کوێوە و لە چییەوە دەستیان پێکردوو وە ئێستا بەرەو کوێ ئەڕوات . 

 
ڕاستە یەکێتی خوێنی زۆری بەخشیووە ، ئەو سەرکردانەی ئێستاش لە خیتابەکانیاندا زوو زوو بەبیر خەڵکی ئەهێننەوە ، هەر ئەوەیە کە پشت ئەستوورن بەو قەڵایەیە لە فیداکاری و شۆڕشگێر ، کە لە زاری سەرکردەیەکی وەک ( مام جەلال ) بە هەند وەرئەگیرا ، چونکە بە هەڵوێست و بە ئەمەکەوە کاری لەسەر ئەکرا ، مەخابن ئێستا بۆ کاربەڕێکردن و تەداوی برینە سادەکان ، ماڵە شەهیدەکان بەکارئەهێنرێنن و وتەکانی مام جەلال ئەڵێنەوە ، هەتاوەکو خەڵک گوێیان لێبگرێت ، لە کاتێکا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ژیانی خانەوادەکانی شەهیدان و شۆڕشگێرەکان و ماڵ و منداڵی خۆیاندا هەیە ، لە گوزەران و لە ژیان و ڕەفاهیەت و خانووبەرە و خوێندن و سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات و چارەسەری تەندووستی و …هتد ، لەبەر ئەوە چیدی قسەکردن لەسەر خوێنی شەهیدان ، ئەبێتە قسەیەکی( پووچ )  چونکە خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەرەکان ، لێیان پڕن و بڕوا بە پەیمانەکانیان ناکەن ، ئەمە بەوە پارسەنگ ناکرێتەوە ، کە کوڕ و کچی شەهیدێکی دیار ئەکەن بە مەسئول لە حکومەت و حیزبدا . 

 
یەکێتی لە قەیرانی ناعەدالەتی ناوچەکەی ژێردەستیدایە و لە غیابی دادگایەکدایە کە لێپرسینەوە لەو هەموو یاساشکاندنە بکات ، کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن ، وە کە  پێویست بوو بۆ هەموو بە یەکسانی فەراهەم بکرێت و عەدالەتی ئیجتماعی هەبێت ، بێگومان  ئەمەش بەرهەمی مەکتەب سیاسیەکەی پێشوویەتی ( وە هیوادارین ، ئەمانەی ئێستاش وا نەبن )  هەر لە قۆرغکردنی پلە و پۆست بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان ، داگیرکرندنی موڵکی گشتی و جومگە گرنگەکانی بازرگانی و بازاڕ و بواری تەندووستی و دەرمان و سامانی بەرهەمە نەوتییەکان و ئیستغلال کردنی دادگا و بەشێوەیەک ، کە سزا تەنها بۆ خەڵک و هاوڵاتی هەژار بێت و دزەکان لێی دەرباز بن ، خانوو دوکان و ماڵی هەژاران بڕوخێنن ، بە بیانووی تەجاوەزەوە و بەڵام لەهەمان کاتدا بۆ خۆیان بە بیانووی وەبەرهەم هێنانەوە ، شارێک لەسەر خۆیان تاپۆ بکەن و هەزاران ڤێلا و شووقە و مۆڵ بەرن بە ئاسماندا .


یەکێتی پێش کۆنگرە هێندە لە پارتی ئەچوو ، بە زەحمەت جیائەکرانەوە ، ئەمانە وایان کرد لەم زۆنە ، کە ئەو ئازادی ڕادەربڕینەی مام جالال جەختی لە کردەوە لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا پێشل بکرێت و دەنگی ئازاد نەهێڵن و خەڵک بکەن بە مەڕ و خۆیان بە شوان .

 
یەکێتی و حیزب و لایەنەکانی تر ..


شەقامی یەکێتی پێش کۆنگرە ڕەخنەی جدی لەسەر ئەدای مەکتەب سیاسی هەبوو ، سەبارەت بە تەسلیم بوونیان بە ئیرادەی پارتی و ناوهێنانیان بە ( پانیک ) کەکان ، تەنانەت لەو کاتەدا کە خۆیان خستە ناو گەمەی پارتییەوە لە پرسی ڕیفراندۆمدا ، کە دەرئەنجامەکەی بووە هۆی لە دەستدانی زۆرێک ، لە دەسکەوتەکانی گەلی کوردمان لە باشووری کوردستان .

 
ئەم گرژییەی نێوان مەکتەبی سیاسی و ڕەخنەگرەکانی بۆشاییەکی گەورەتری دروست کرد ، کە یەکێتی بە تەواوی لە هەوادارانی دوورتر بکەوێتەوە و بە پێچەوانەشەوە ڕوو لە هەڵبژێردراوانی دەرچووی خولی ئێستای کۆنگرە بکەون .

 
پاش کۆنگرە یەکێتی پەیوەندیەکانی وەکو پێشووتر نەمایەوە و پێویستی کرد ، کە سەر لە نوێ بە خۆی و پەیوەندیە حیزبییەکانیدا بچێتەوە و هەیمەنەتێک بۆ شکۆی یەکێتی بگەڕێنێتەوە ، کە ئەویش زیاتر خۆی لە نێوان پەیوەندی پارتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و ..هتد  ئەبینییەوە .

 
پرسیار لەوەدایە ، ئایا سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی ئەتوانێت ئەو باڵانسە بەو شێوەیە ڕابگرێت ، کە لە توانای مام جەلالدا بوو ، بە هەموو ئەو ململانێیەوە ، کە لە نێوان سەرکردە گەنجەکاندا درووست بووە و باجەکەشی هاوڵاتی و کادێرەکانی حیزب ئەیدەن ، یان ئەبێت بپرسین ، ئاخۆ لە چ فارگۆنێکی شەمەندەفەرەکەی یەکێتیدا وەڵامێکی تەندروست، بە کادرەکانیان ئەگاتەوە و دڵنیایان ئەکەنەوە ، کە یەکێتی بۆ  جاری دووهەم نابێتەوە پاشکۆ و گرنگی بە زۆنەکەی خۆیان ئەدەنەوە .

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام