دەکرێ و دەشێت تێکەڵکردن و خۆسازدانەوە لەژیانی کۆمەڵایەتیدا دوو کردەی ئاسایی سروشتی و دوو رووی دراوێکبن ، بەڵام کاتێک ئەمە لەسیاسەت و کاری حیزبیدا تێکەڵ دەکرێن و لە دۆخە سروشتیەکەى دادەبڕێن ، پرۆسەى گەشەى کۆمەڵایەتى و بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە ڕادەوەستێ و پرۆسەکە پێچەوانە دەبێتەوە ، چونکە تێکەڵکردنى کارتەکان و خوێندنەوەى دەوروبەر بەو تێڕوانینەى کە تەنها بەرژەوندى لایەکى بەلاوەگرەنگە هاوتایە بەو دیدوتێروانینەى کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانى ئەمرۆ لە کوردستان کاری پێدەکەن و ئەوەى خۆیان بە باشی دەزانن و لە گەڵ بەرژەوەندیەکانیان پێکدێتەوە دەخرێتە روو واتا هێزی سیاسی حوکمڕان لە پرۆسەى بەڕێوەبردنى کۆمەڵگەدا پێش هەربەرژەوەندیەکى نیشتمانى ڕەچاوى بەرژەوەندیەکانى خۆی دەکات، بۆیە گەر بەم پێوانەیەش سیاسەتی ئێستای هێزە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان بخوێنینەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە حیزبی دەسەڵاتداری کوردى بەردەوام لەئاست رووداوپێشهاتەکاندا، سیاسەتێکی ناواقیعی و ناعەقڵانی دووفاقی مەترسیدارى گرتۆتەبەرو نەیتوانیوە عەقڵ لەم جۆرە سیاسەتکردنەدا بەکاربێنێ وەک بەهاو رەگەزێکی بنەمایی وەها کە بۆ گەیشتن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانى کۆمەڵگا بگونجێ لە گەڵ ڕەوتى رووداو پێشهاتەکاندا ، بەڵام پێچەوانە بەم خواستە هێزى سیاسی حوکمڕان لەم سیاسەتەدا بۆتە پارسەنگ و ئەنگیزەی مەترسی چونکە هەمووپرسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانى کۆمەڵگەى لە خواستى حزب و خۆیدا هێشتۆتەوە و کورتکراوەتەوە لە یادوەری حزب و تێگەیشتنێکی نا واقیعانەى پڕ لە بەدگومانیی کە زۆرجار دەمانباتەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەم و دەیەوێ لەوێوە حزب ببینرێ .
حیزب داوای رێژەیەک لە لایەنگیری و تەئییدکردنەوە لە تاکە بێلایەنەکان دەکات و دەیهەوێ لەکاتی سەرهەڵدانی رووداوپێشهاتەکاندا، سیمای دیاری راگەیاندن و گوتاری سیاسی هێزە سیاسیەکان لەئاستێکی هاوبەشەوە بچنە ئاستى پیاهەڵدان و سازشکردن و هەرچی رەخنەگرتن و بەخۆدا چوونەوەشە سڕبکرێن و ناچالاکانە دەرکەون .
واتا بەرژەوەندى باڵای گەل لە بازنەى سیاسەتى ڕێکخستن و پرۆگرامى حزبدا شەتەک دەدرێت و لەکاتی رووداو و یاد و بۆنە نەتەوەى و نیشتیمانیەکاندا تاکە ناحیزبیەکان لە ئاهەنگ و کەرنەڤاڵەکانیاندا بەشدار بن و بڕژێینە سەر شەقامەکان و ڕۆژنامەکان بە وتاری پاڵپشتی لێکردن پیاهەڵدان ڕەشکرێتەوە و هەرچی پەیوەندیشی بە دۆخى گشتى کۆمەڵگەوەیە تۆبێدەنگى لێبکەیت و خۆتى بە خاوەن نەزانى و لە بەرانبەریشدا قیچکە رەخنە و پێشنیارێک قەبوڵ ناکەن و نایانەوێ تاکى ئێمە بەشداری لەبەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی دیکەدا بۆ رووداوەکان بکات و یادەوەریەکان بکاتە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی رابردوو سوود وەرگرتن لە ئەزموونە مەترسیدارەکان.
حیزبەکانى کۆمەڵگەى ئێمە پێچەوانە لەو دۆخە دەروانن و تاکە ناحیزبیەکانى کۆمەڵگە کە پەیوەست نیە بە سیاسەت ستراتیژی ئەوانەوە بەدژە گەل و نیشتمان تۆمەتبار دەکەن و وەک کەسایەتیەکى نانیشتمانى دەیشوبهێنن ، بەمەش توخمى ئیشکالیەتەکە دەردەکەوێ و دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەى کە تا ئێستاش حیزبی کوردى بەهەمان ئەقلیەتى ڕابردوو لە کۆمەڵگە دەروانێت و دەیەوێ بەهەمان پێوەری شاخ و شۆڕشگێرێتى ستایش بکرێ و لەویشەوە ئەو بەخاوەنى تێکرای کارتەهاوپێچ و هاوبەشەکان بزانرێ ، ئەوەشی پێچەوانە ڕەفتاریکرد دەچێتە خانەى دژایەتى ڕاستەوخۆی حیزبەوە و حیزب دەبێتە خاڵی سەرەکى لەو نێوانەدا و ئیتر ناتوانێ بابەتیانە و دورلە تێروانینى تەسکى حیزبایەتى ، جیاوازى بکات لە نێوان هەڵوێستی رەخنەیی و هەڵوێستی تێکدەرانەدا و ئەوەشی بیردەچێتەوە کە زەروورەتی رەخنەگرتن و گفتوگۆی کراوە لە پرۆسەى بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان و ناکرێ وەک کردەی تیرۆریستی و مەترسی نیشتمانى چاوی لێبکرێ ، کە ئەمەش نەکرا ئەوە پانتایی توندڕەوی و توندوتیژی کۆمەڵایەتى بەرینتردەبێ و دواجار کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەى کۆمەڵگە دەکرێتە پرسێکى مەترسیدار و هەرچی ئازادى و دیدوتێروانینى پێچەوانە هەیە لە قاڵب دەدرێ و لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگە دیسپلین دەکرێ . بەمەش پرۆسەى بەرینکردنەوەى پایەکانى دیموکراسی و سێستەمى مەدەنى ژێرپێدەخرێت و کۆمەڵگە دەکرێتە سەربازگەیەکى بەرین و چوارچێوەدار. بۆیە گەرنەبینە لەمپەر لە بەردەم دروستکردن و هێشتنەوەى وەها دۆخێکیشدا کە هەڕشە و مەترسیەکە لە سەر کۆی کایەى سیاسی و کۆمەڵایەتى ئێمە ئەوە ناتوانین بابەتیانە لە بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە و بەهێزکردنى پایەکانى سێستەمى دیموکراسی بروانین کە زەرورەتى مێژوویە و دەبێ دەستى بۆ بەرین ، گەرنا ئەوە قەیرانەکانى بەردەم هووشیاریى کۆمەڵایەتى کە پەیوەستە بە رەوتى بەرەو پێشچونى کۆمەڵگەوە دەگەنە ئاستێکى مەترسیداری وا کە وەک ڤایرۆسی شێرپەنجە بە تەواوى جومگەکانى جستەى کۆمەڵگەى کوردیدا بچێت و تەواوى کایە کۆمەڵایەتیەکان بخاتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەى ڕیشەیی ، چونکە دیدوتێڕوانینێکى دیسپلینکرا و، ئیرادەیەکى ترساو و ، ناتوانێ بە ئاراستەى هووشیاریى کۆمەڵایەتى و ئازادى سیاسی هەنگاو بنێ کەلە شۆڕشە یەک لە دوایی یەکەکانى گەلەکەماندا قوربانى پێبەخشراوە و هەروا بەدەستنەهاتوە کە ئەمرۆ بە خواستى هێزێکى موعەیه نى حوکمڕان تەراتێنی پێدەکرێ و دواجاریش کۆمەڵگە لە گەورەترین ئیشکالیەتى حوکمڕانیدا نغرۆ دەکرێ .

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام