مه‌ریوان وریا قانع



لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێک نووسینم لەسەر ئەو وێنانە بینیی لە پەیوەندیدا بە سەردانەکەی لاھور شێخ جەنگی یەوە، بۆ شاری ڕانییە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە. وێنەکان کۆمەڵێک خەڵک نیشانئەدات کە پێشوازیی لەو بەرپرسەی یەکێتی نیشتیمانی دەکەن و لە چاوەڕوانی ھاتنیدا لەسەر شەقامێک بەڕیز وەستاون. بۆ کەسێک شارەزاییەکی تەواو سەرەتایی لە تەکنیکەکانی پڕوپاگەندەکردندا ھەبێت، بە ئاشکرا بۆی دەردەکەوێت ئەو وێنانە بەشێکن لە سیاسەتێکی بیرلێکراوە و پلان بۆدانراوی پڕوپاگەندەکردن ھەم بۆ یەکێتی وەک ھێزێک ھەم بۆ ئەو بەرپرسەی یەکێتی، وەک کەسایەتییەکی سیاسیی تازە.

 
لە سادەترین پێناسیدا پروپاگەندە بەو شێوازێک لە پەیوەندیکردن دەگوترێت، کە دەخوازێت کاریگەریی لەسەر ئەوانە بەجێبھێڵێت کە ئاراستەیان دەکرێت، کاریگەرییەک لە قازانجی ئەو ھێز و کەس و لایەنەدا کە پڕوپاگەندەکە ئەنجامئەدات. پڕوپاگەندە جۆرێکی تایبەتیشە لە جەنگی سایکۆلۆژیی بەرامبەر بە کەسان و ھێزگەلێک دژ بە باتەکانی ئەو پڕوپاگەندەیە بیردەکەنەوە. بە بۆچوونی من ئەو وێنانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سەردانی ئەو بەرپرسەی یەکێتی بۆ ڕانیە نیشاندار پڕوپاگەندەیە، پڕوپاگەندەیەکی ڕووت، بەو مانایەی باسمکرد. ئامانج لەم پڕوپاگەندەیەش دوو شتە. یەکەمیان نیشاندانی یەکێتی نیشتیمانییە وەک ھێزێکی جەماوەریی و نیشاندانی ئەو بەرپرسەی یەکێتییە وەک کەسێکی جەماوەریی. دووھەمیان وەڵامدانەوەی ھەموو ئەوانەی پێیانوایە خەڵکی کوردستان پشتی کردۆتە دوو ھێزە حوکمڕانەکەی ھەرێم و وێناکردنی ئەو دووھێزە وەک کۆمەڵێک دز و جەردە و گەندەڵ و تاوانبار. وێنەکان دەیانەوێت ئەو بەرپرس و پارتانە وەک کەس و پارتی خۆشەویست نیشانبدات. لە سەردەمی حامورابییەوە وێنە بۆ ئەم مەبەستانە بەکاردەھێنرێت و دەخرێتەگەڕ، چ جای دونیای ئەمڕۆ کە دونیای وێنە و دونیای ئاماژەی دیگیتاڵییەوە.

 
تا ئێرە کێشەیەک نە لە وێنەکان و نە لە گوتارە پڕوپاگەندەییەکەدا نییە، ھێزێکی سیاسیمان ھەیە پڕوپاگەندە بۆ خۆی و بۆ یەکێک لە بەرپرسەکانی دەکات. لە جەنگێکی ڕەمزیدایە لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا کە ڕەخنەگریی ئەم ھێزە و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناوین. ئەوەی کێشەیە ئەو نووسین و سەرنج و بڵاوکراوانەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ڕۆشنبیر بەرامبەر بەو وێنانە نووسیان و بڵاویانکردوە. زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو نووسین و سەرنجانە دووربوون لە سادەترین خوێندنەوە و شیکردنەوەی عەقڵانییەوە و پڕبوون لە کاردانەوەی سایکۆلۆژیی پەڕگیر. سایکۆلۆژیایەک لەڕاستیدا سایکۆلۆژیای نائومێدبوونی گەورە و ھەمەلایەنە.

 
ئەمە وادەکات ئەو نووسین و کارادانەوانە، لە دوا دەرەنجامدا، ببن بە بەشێک لە ستراتیژیەتی گوتارە پڕوپاگەندەییەکەی یەکێتی و حوکمڕانانی کوردستان. ئەو دید و ڕوانینە بۆ خەڵک و کۆمەڵگا نمایشبکەن کە ئەو گوتارە دەخوازێت دروستیانبکات و بڵاویانبکاتەوە. ئەو سایکۆلۆژیایە بەھێزبکەن کە ئەم گوتارە دەیەوێت بەھێزببێت، سایکۆلۆژیای نائومێدبوون و وەڕسبوون. ئەوەی بینیمان لەو نووسینانەدا زمانێکی بارگاویی بوو پڕ لە ھەڵچون و توڕەبوون بوو، کە ھەستێکی تاڵ بە نائومێدیی ھێرخانە سایکۆلۆژیی و ئەخلاقییەکەیەتی. نووسەرمان بینی بە دەستەواژەی ”حەشامەت“ ؛ ”ڕەشەوڵاخ“، ”گەمژە“ باس لە خەڵک بکەن و بە ”بێناموس“ و ”حەیوان“ وەسفی بکەن. لەمەش بترازێت جارێکی تر سەدبارەکردنەوەی ئەو تێزە ناڕاست و ھەڵەیەمان بینیی، کە باس لەوە دەکات مرۆڤی ئەم دەڤەرە بە تەنھا ”یەک خودا“ تێرناخوات، بەڵکو پێویستی بە ”زیاد لە خوا” و بە چەندان ”پەیکەر“ ھەیە بیپەرستێت.

 
ئەم جۆرە تێزانە کە کۆپیکردنێکی خراپی تێزەکانی گۆستاف لۆبۆنن سەبارەت بە “جەماوەر“ وەک کۆیەکەی بێفیکر و گەمژە و نەزان کە ”بۆ ھەموو شتێک پێویستی بە خودایەک ھەیە“، بە یەک خودا نا، بەڵکو بە چەندان خودا، خودایەک بۆ ھەر مەسەلەیەک. ئەوەشی کەمەکێک شارەزای دیاردەی فاشیزم بێت، دەزانێت ھەم گۆستاف لۆبۆن و ھەم جۆر سورێل لە سەرچاوە سەرەکییەکانی فیکری فاشیزمن.

 
بەھەرحاڵ ئێرە شوێنی باسکردنی ئەم بابەتە نییە. بگەڕێینەوە بۆ وێنەکانی ڕانییە و لە خۆمان بپرسین بەڕاست ئەو وێنانە ئەو شتانەمان پێدەڵێن کە ئەو نووسەرانە باسیدەکەن. سەرەتا با بپرسین ئەوانەی لەو وێنانە دەردەکەون ژمارەیان چەند دەبێت؟ سەیرێکی وردی وێنەکان نیشانیئەدات ژمارەی ئەوانەی لەسەر شەقامەکە وەستاون و ژمارەی ئەوانەی لە دەوری بەرپرسەکەی یەکێتی کۆبوونەتەوە، لە چەند سەد کەسێک تێناپەڕن. ئەوانەشی لە ھۆڵەکەدا گوێیلێدەگرن ھەر چەند سەد کەسێکە. ئەمانە کەسانێکن بێگومان یەکێتی بە ھەوڵ و کارێکی زۆر لەو شوێنەدا کۆیکردونەتەوە و وێنەکانیش کە گیراون بەمەبەستێک گیراون وەک ژمارەیەکی زۆر نیشانیابدات.
ئەگەر وایدەبنێین ھەموو ئەوانەی لەو وێنانەدا کۆبوونەتەوە ٥٠٠ کەس، نا بڵێ ھەزار کەسن، ئەو پرسیارەی پێویستە لێرەدا لە خۆمانی بکەین ئایا ئەمانە ئەو کۆمەڵگایەن کە بە ”حەشامەت“ ناویان ببەین و بەردەوام پێویستاین بە زیاد لە ”خودا“ و ”پەیەکەر“ێک ھەیە بیپەرستن؟ بە ڕاست ژمارەی دانیشتوانی ڕانییە چەندە و ئەوەی لەو وێنانەدا دەیبینین چ ڕێژەیەکی ئەو دانیشتوانەیە؟

 
بەگوێرەی ئاماری سەرژمێریی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ژمارەی دانیشتووانی قەزای ڕانییە ٢٤٢ هەزارو ٢٠٤ كەسە، کە ناو شاری ڕانیە خۆی نزیکەی ١٠٨ ھەزار کەس دەژیی. لەم ژمارە گەورەیەی خەڵک، ١٠٠٠ کەس ھێما بۆ چ ڕێژەیەکی بەشداربوون و بەدەمەوەچون دەکات؟

 
وەڵامەکەی ئاسانە: لە سەدا سفر و لە دەدا چوار %٠، ٤ بۆ ھەموو قەزای ڕانییە. بۆ ناو شاری ڕانیەش دەکاتە: لە سەدا سفر و لە دەدا ھەشت %٠، ٨
واتە ژمارەی ئەوانەی لەو نمایشە ڕێکخراوەدا بەشداربوون ھێشتا لە خوار ڕێژەی لە سەدا یەکەوەیە. واتە لە ٩٩% دانیشتوانی ئەو شارە بەشداریی ئەو گەمە میدیاییە سیاسییەیان نەکردوە. دەکرێت ئەم ڕێژەیە منداڵانی لێدەرکەین کەمەکێک بەرزتر ببێتەوە، بەڵام ھێشتا ڕێژەکە ھێجگار نزمە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەڕاست ئەم ڕێژە بچووکە ھی ئەوەیە ئەو ھەموو تێزە بێبنەما و زیانبەخشانە لەسەر حەشامەت و گەمژە و کۆیلە و ڕەشەوڵاخی لەسەر بنیادبنرێت؟

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام