چیا عەباس

لەشکرێک لە نوسەر و لێکۆڵەوەر و پەرلەمانتار و قەڵەمبازی سیاسی لە سایەی دەسەڵاتی حزبی و حوکمرانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ قەڵغانی قسە و یاسا  وشەیان بە دەوری قەڵای حزب و دەسەڵاتدا چەقاندوە، راشکاوانە بە شان و باڵی حزب و سەرکردە و دەسەڵاتدا هەڵدەدەن. ئەمجۆرە کەسانە ئەرکی حزبی خۆیان لە بەرامبەر پارە و پلە و ئیمتیازات بە دەق جێبەجێ کردوە و دەیکەن، چونکە بێئەوە نەدەبونە خاوەنی یەک دو ڤێڵا و چەند ملیۆنێک موچە و خانەنشینی و ماشێن و حەسحەسی تایبەت و منداڵ و کەس و کاریان ناچنە خوێندنگا تایبەتە گران بەهاکان و بۆ پژمێنێک بۆ چارە نانێرنە وڵاتانی دەرەوە، ئەمە بێجگە لەوەی لێرە و لەوێ جارجار گیرفان و گەدەیان بەم بەرپرس و ئەو جەمسەر پر و چەور دەکرێن. لەئێستادا ناسنامە و ماهیەتی زۆربەیان لای خەڵک زانراون. 

 
بەشێکی تر، تایبەت لە هەر دو حوکمرانی و پەرڵەمانی بەغدا و هەولێر، وەک راوێژکارە ” عەیارە بەرزە”  بێ ژمارەکان، کارمەندە باڵاکان، دەڵاڵە  بوکەشوشانەی 
( الدمی المتحرکە ) لە سوچ و قوژبن و جومگەکانی حزب و حوکمرانیدا بە پەتی ئاڵێنراو لە پەنجەی حزب و بەرپرسدا دەکەونە جوڵە و قسە و سەماکردن، 
چەندین بەرێوەبەر و بەرپرسی کەناڵەکانی راگەیاندن، دەزگا هونەریە موزەیەفە هاوردەکراوەکان و بەرپرس و بەرێوەبەری پەیج و ژورە دیجیتاڵە تاریکەکان  سوپایەکن هاوشێوەی تابوری پێنج، کۆسپ و لەمپەری گەورەن لە بەردەم ئایندەیەکی گەش بۆ  نەتەوە و نیشتمان و زەمینەخۆشکەری راگرتنی دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئێستا و تێكدان و تێکشکاندنی کڵتور و هونەر و نەریتە رەسەنەکانی کۆمەڵگای کوردەوارین.

 
پارتی و یەکێتی تا ئەو ساتەی بە ئارەزوی خۆیان لفیان لە سامانی نیشتمان دەدا و ئەو قەیرانە خەستانەی ئابوریان بەرهەم نەهێنابو نزیکەی چواردە هەزار موچەخۆریان لە دەزگاکانی راگەیاندن و پاشکۆکانیاندا هەبو، جەمسەرەکانی حزبیش هەریەک کەناڵی راگەیاندنی خۆی دروست کردوە، بە پارەی میللەت ئاو دەدرێن و زاریان شیرین دەکرێن و گەدەیان چەور دەکرێن و حەزە فرە قەبارەکانیان دابین دەکرێن. گەر حکومەتی هەرێم دەزگایەکی باوەرپێکراوی راستگۆی ئاماری هەیە بێت تەنها لە بواری راگەیاندندا ژمارەی کەناڵە حزبیەکان، ژمارەی کارمەندانیان، تێچوی دروستکردن و بەرێوەبردن و مەساریفیان بخاتە بەرچاوی میللەت، بەناو دەستەکانی ” چاودێری دارایی و دەستپاکیش” بپرسن ئەم پارەیەتان لە کوێ بو؟ 

 
ساڵانێکە ئەم سوپایە بەتەنیشت ئەرکی حزبیانەوە رۆژانە تۆوەکانی چەندین بیرۆکە و چەمک و پروپاگەندە و هەواڵی چەواشەکەر و تێکدەر لە ناخی نەتەوە و نیشتماندا دەرێژن، دەسەڵاتیش بزەی لێوی دێت چونکە دامرکاندنەوە و لاوازکردنی ئیرادە بۆ ئایندەیەکی باشتر لەوەی ئێستا مەبەستێکی بنەرەتی ئەو هەڵمەتە دەمامک کراوە خەست و بەرفراوانەیە.

 
چەندین کەناڵی تەلەفزیۆن بە سەرپەرشتی چەند کەسانێک بەناو پسپۆر و هونەرمەند شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ تێكشکانی بونیادی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی نەوەی گەنج. لە بری ئەوەی کاتێک بۆ نوسەر و مێژوناس و شاعیر و سەرکردە و پیاوە گەورەکانی کورد تەرخان بکەن هاتون زۆربەی کات سەرقاڵی باسکردن و نمایشکردنی سنگی روت و لەش و لاری نەرم و روخسارە ساختە ئارایشتەکراوەکان و ماچی یوداسن، هونەرمەندە فابرەکەکراوەکانی نێو سندوقی جادوگەریش لە بەرامبەر چنگێک دۆلار و ئیمتیاز سەمای لە خشتەبردن بەرپا دەکەن.

 
ساڵانێکە ئەم تاقم و موچەخۆرانە بە ئاگاییەکی مەبەستدار و نیەتێکی دیاریکراو لە وەتەری ئاڵۆزی خەڵک دەدەن کە لە وشەی بێ ئومێدیدا بەرجەستە بوە، 
لە بری ئەوەی باسی مێژوی خەباتی سەرکردە و تێکۆشەرانی حزبەکانی کوردستان و شۆرشەکان بکەن و لە خەڵکی بگەیەنن حزب دەبێت ئامرازێک بێت بۆ ئایندەیەکی گەش و گەلەکەمان پێویستیان پێیان هەیە هەوڵیان داوە و دەیدەن کە لە مێشکی تاکی کوردا بیچەسپێنن باوی حزب و بزوتنەوە و ئاراستەی نوێ بۆ گۆرانکاری نەماوە، ئەوانەی کارێکی لەو جۆرە بکەن باشتر نابن لەوەی ئێستادا بونیان هەیە، یاخود بەلایەنی کەمەوە دەبنە پاشکۆی دەسەڵات و دواجار کۆپیەکی هێزەکانی تر، مەخابن لە غیابی دەنگی ئەڵتەرنەتیڤی پێویست تا رادەیەک لەم هەڵمەتەیاندا سەرکەوتو بون.

 
ئەم ماشێنە راگەیاندنە زەبەلاحە لەلایەن حزب و دەسەڵاتەوە تاوتاو قورمیش دەکرێن، رۆژێک بای بای لە بەغدا دەکەن و رۆژێکی تر دەیکەنە کەعبەی برایەتی و دەستور و پارە و پول. رۆژێک هێزەکان یەکتر دێوەزن دەکەن و سەرکردە و کەسایەتیەکانیان بە خۆفرۆش و خاک فرۆش و تێکدەر ناوزەد دەکەن رۆژێکی تر دۆست و هاوپەیمان و پشت و پەنای یەکترن و ….. تاد.

 
بەشێک لە پەرڵەمانتار و نوسەر و راوێژکارەکان لە هەمو سوچ و قوژبنێکی ژورە ئەلکترۆنیە بێ ژمارەکان، بەشێکیان چەند جەمسەرێکی حوکمرانی و حزبی سپۆنسەریان دەکەن، هەر خەریکی زەرب و تەرحی ژمارەکانی بری موچە و پاشەکەوت و قرتاندنەکانیانن، بە شێکردنەوەی بێتام و بێ کەڵکی ئەم برگە و ئەو مادەی یاسا کەشێکیان خەڵقاندوە کە کوردستان بەهەشتی یاسا و رێساکانە و ئەوانیش فریادرەسن، لە واقیعدا ئومێدێکی سەراب ئاسا بە فەنەری حزبیەوە لە ئاسمانی نیشتماندا هەڵدەکەن.

 
بەتەنیشت ئەمانەشەوە ئەو چەند پەرڵەمانتارانەی بەغدان کە ناو بەناو نوسینێک، نامەیەک، لێدوانێک و نارازایەتیەکیان هەیە، سەرەرای ئەوەی باسی دەکەن بەشێک لە راستیەکان لە خۆ دەگرن، بەڵام چەواشەکاریەکە لەوەدایە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەغدا بە فریادرەسی دۆخی ئاڵۆزی هەرێم پێشنیاز دەکەن، ئەمانە بێ پشک نین لە تۆخکردنەوەی بێ ئومێدی خەلک، هەر بۆیە کە کازمی، لەوانەیە سبەینێ مالیکی و عامری یا سەدریش، بێنە کوردستان خەڵک دەستیان بەتوندی بگوشن و ماچ بکەن.   
رەچەتەکانی تۆخکردنەوەی بێ ئومێدی و چەواشەکردن و رێگریکردن لە رەوت و هزری نوێ و کارکردن بۆ ئایندەیەکی گەش لە مەتبەخی حزبی و دەسەڵاتدا دەهۆنرێنەوە و لە بەشێک لە جومگەکانی پەرلەمان، حزب، حوکمرانی و راگەیاندنەکاندا بە ترش و خوێ و بەهاراتەوە کار لە سەریان دەکرێت.
هەرچەندە خەڵک چێژی ئەو تەبخەی کردوە بەڵام لەغیابی وەڵامێکی یەکگرتوی راشکاوانەی پر بەپێست بۆ ئەو هەڵمەتانە ئەوا بێباکانە ئەوان بەردەوام دەبن… !


رۆتەردام: ١٢ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام