مەسرور بارزانیی کە هاتە پەرلەمان، کۆمەڵێك قسە و داتاو وەڵامدانەوەی بۆ پرسیاری پەرلەمانتاران هەبوو، خۆی لە سەرنجی لاستیکیی و قسەی عام و ڕستەی ئینشائییدا بینییەوە، جگە لە ڕستەیەك کە ڕەنگە بەتەنیا بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە هاتبێت، خوا هەڵناگرێت پڕ بوو لە حەقیقەتیش ئەو ڕستەیە.
ئەو وتی: ئێمە بە هەڵبژاردن هاتووین.


لەڕاستییدا دەمێکە ئێمەومانان هاوار ئەکەین؛ هەڵبژاردن بەو شێوازەی ئێستایەوە جگە لە ماڵوێرانیی هیچی بۆ نەهێشتووین، بەداخەوە لە بەرامبەردا ئەوانەی کە کۆمەڵگایان پڕکرد لە خۆشباوەڕیی بەو جوڵە پڕ لە ساختەکاریی و بە کۆیلەکردنە، هێشتا داوای باقییمان لێئەکەن و پێیان وایە«خەتای بایکۆتی خەڵك بوو، ئەگینا ئێستا لەبری فەرشی سوور بۆ مەسرور و قوباد، بەڵکو حەسیر مەیدانیان ئەکردن!!»


ئەم تێگەیشتن و ڕوانینە پڕ لە یۆتۆپیایە وای کرد کە کۆمەڵێك موستەفیدی حیزب بگەن بە مەرامی خۆیان و ئەوانیتر لە ساڵێکدا چوار موچەی نیوە ناچڵ وەرگرن!
مەسرور ڕاستی کرد، ئەوان بە هەڵبژاردن هاتوون، بەڵام خۆ پێمان ناڵێت کام هەڵبژاردن؟!،،

هەڵبژاردنێك کە ئازادیخوازان بڕوایان پێی نەماوە، هاوکات سەرباری ڕێژەیەکی زۆر لە ساختەکاریی، دەنگە ڕاستەقینەکانیشیان بە پارە کڕیوە!


بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی دنیای دیموکراسیی کە حیزب بۆ کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن پارە لە خەڵك و هەوادارانیان کۆئەکەنەوە و لە حاڵی سەرکەوتن و شکستدا چاولەبەری هەواداران و دەنگدەرانیانن، لێرە حیزب خۆی خاوەنی خەزێنە و گیرفانی حکومەتە، بە ئاشکرا کادیری کڕیوە لە بارەگاکانی دەوام ئەکەن، لەساتی هەڵبژاردندا بە کۆمەڵێك کاڵا و کەرەستەی بێ ئەرزش دەنگەکانیشیان لێئەکڕێت!


دابەشکردنی مریشکی بەستوو، مەکسی ژنان و ئایپادی چینیی و عەلاگەی پڕ لە خەیار و …تاد دەرخەری نزمی ڕوانینی حیزبە بۆ دەنگی خەڵك، مەسرور بارزانیی و کابینەکەی وەلیدی ئەو جۆرە لە هەڵبژاردنن و بە مافی خۆشیان ئەزانن کە کەی موچە دابەش ئەکەن و کەییش پێنج مانگ پێکەوە نقڵ ئەکات بۆ لیستی نادیار و شوێنبزرکراوی پاشەکەوت!،،

مەسرور و قوباد زادەی زەینێکی کۆیلەی وڵاتانی دەوروبەرن کە لەسەر بە کۆیلەکردنی خەڵکیتر بارهێنراون، ئەوان تەنیا بە کادیرەکانی خۆیانەوە نەوەستاون، بەڵکو بە جەڵەب حیزبیتریشیان کۆیلەی ئەو سیستمە کردووە، لە سەفەقاتی بازرگانییدا کڕیونی، تەنانەت ئەوانەی کە لەپەرلەمانییش خۆیان پێ ئۆپۆزسیۆنە، بە سەدان لینك و پاساو دەستەمۆ کراون!


سەدان هەزار کادیر و هەوادار و دەروێش و دەنگدەری پارتیی و یەکێتیی و حیزبەکانیتریش، وەك ئێمە خۆیان بە ناڕازیی لەم حکومەتە ئەزانن و فیعلەن وەك ئێمەش ستەملێکراون، بەڵام هێشتا ناتوانن لەو بەرگ و قۆزاخەیە بێنەدەرەوە کە هۆکاری سازاندنی ئەم دۆخەن، بە خۆیان بزانن یان نا، پایەیەکن لە ڕاگرتنی ئەم دەسەڵاتە مافیاییەی کە هەموو شتێکی وێران کردووە!


پەرلەمان و کردەی سیاسیی لە کوردستاندا ئەوەیە کە مەسرور ڕەسمی ئەکات، نەك میسالییەتی کۆمەڵێك دەنگدەری بێ دەرەتانی پاسیڤ!

هادی حەمە ڕەشید

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام