مەریوان وریا قانع

مەسرور بارزانی لە پەرلەمان ووتی: “ئێمە نیزامێکی سۆسیالیستی یان کۆمۆنۆێمیستیمان نیە تا گرنگی بە کەرتی گشتی بدەین”. لە وەڵامی ئەم قسەیەدا دەکرێت لەو بەڕێزە بپرسین ئەی باشە ئێوە چ ”نیزام“ێکتان ھەیە؟ کام سیستمی ئابوریی و سیاسیتان ھەیە؟
من تەواو لەو باوەڕەدام نە مەسرور بارزانی، نە ئەو خێزان و بنەماڵە و گروپانەی ئەو نوێنەرایەتیان دەکات، لە خەمی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا نین. ئەوان ئەسڵەن بەلایانەوە گرنگ نییە چ جۆرە ئابوریی و مۆدێلێکی سیاسیان ھەبێت، بە مەرجێک بەردەوام خۆیان گەمەکەری ژمارەیەکی ناو ئەو سیستمە و سودمەندیی ژمارە یەکی ئەو مۆدێلە، بن.
بەڵام ھەندێک لە نەیارەکانی ئەوان، بەتایبەتی بڕێک لەوانەی خۆیان بە چەپ و ڕادیکال دەزانن، وەڵامی ئەم پرسیارانەیان بۆ ئەدەنەوە و پێیاندەڵێن: سیستمەکەتان ”کامپیتالیزم“ە، ”سەرمایەداریی“ە، ”کاپیتالیزمێکە لە خزمەتی چینی سەرمایەداراندا لە کوردستان“، ئەم ”کاپیتالیزم“ەش ”بە چەند تۆڕێکی یاسایی و نایاساییشەوە بە سەرمایەداریی جیھانییەوە، گرێدراوە“.
بە بۆچوونی من ئەم جۆرە وەڵامە گشتگیر و ئەبستراکتە بە پرسیاری ئەوەی چ جۆرە سیستمێکی ئابوریی لەھەرێمدا دروستکراوە، وەڵامێکی تەواو ھەڵە و بێمانا و بێبنەمایە. ناونانی ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە بە ”کاپیتالیزم“ یان ”سەرمایەداریی“ کە خزمەت بە ”چینێک“ لە ”بۆرژوازیی“ و ”سەرمایەدار“ ی ”مشەخۆر“ دەکات، جگە لە ئینشانووسییەکی ئاسان و ئیستیقالەکردنێکی تەواو لە بیرکردنەوە، جگە لە خۆدزینەوە لە شیکردنەوەیەکی مێژوویی کۆنکریت بۆ ئەوەی لە ئارادایە، شتێکی دیکە نییە. ناونانی سیستمی ئابوریی لە ھەرێمدا بە ”سەرمایەداریی“ و گرێدانی دیاردەکانی ناویی بە ”سەرمایەدارییەوە“ ھەم تێنەگەیشتنێکی سەرسوڕھێنەرمان لە سەرمایەداریی و ھەم لەو جۆرە سیستمەش نیشانئەدات کە لە ھەرێمدا ئامادەیە. سەرمایەداریی سیستمێکی ئابوریی سیاسییە ناکرێت بۆ یەک فۆرم کورتبکرێتەوە و بەو شێوە گشتگیرە بەکاربھێنرێت، سەرمایەداریی فۆرم و شێوازی جیاواز و ھەمەجۆریی ھەیە. ھەر بۆ نموونە ئەو سەرمایەدارییەی لە سوید و نەرویج و دانیمارک ئامادەیە، ئەو سیستمە نییە کە لە سعودیە و ئێران و سوداندا ئامادەیە، ئەو کاپیتالیزمەی لە ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و فەرەنسادا ھەیە، ئەوە نییە کە لە ئابووریە پڕ تاڵانییەکەی ھەرێمەکەی ئێمەدا ھەیە. قسەوتنی گشتییش بە کاپیتالیزم، ئەوەندەی دەچێتە قاڵبی جنێودانەوە، دەیەکی ئەوە ناچێتە قاڵبی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنێکی نیمچە زانستیشەوەوە.
ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی کە لە سوید و نەرویجدا ھەیە، بە سەدان ساڵ لەپێش ئەو ئابوریی تاڵانیی و جەردەیی و دزیی و کوشتن و بڕینەوەیە، کە لە ھەرێمەکەی ئێمەدا ھەیە. ئەو سەرمایەدارییە دەوڵەتییەی لە چیندا ھەیە، جیاوازە لەو ئابورییە خێزانیی و بنەماڵەییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە، تەنانەت ئەو سەرمایەدارییەی لە شوێنێکی وەک میسر و مەغریب و تورکیادا ھەیە، جیاوازە لەو سەرمایەدارییە خێزانییە، حیزبییەی لە دونیای ئێەمەدا دروستکراوە. ئیشی ژمارە یەکی فیکر دوورکەوتنەیە لە گشتگیریی و دابەزینە بۆناو شیکرندەوەی بەرجەستەبوون و رەنگڕێژییە کۆنکریتەکانی ناو واقیع.
ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە و دروستکراوە، سەپاندنی لۆژیکی حوکمڕانییەکی جەردەیی و گەندەڵ و توندوتیژە، بەسەر کایەی ئابورییدا و کەڵەکەکردنی سەرمایە و ئاراستەکردنی سەرجەمی کایەی ئابورییە، بەپێی ئەو لۆژیکی حوکمڕانییە، کە لۆژیکێکی خێزانیی و بنەماڵەیی و سوڵتانییە. لێرەدا کایەی ئابوریی لەوەدەکەوێت کایەیەکی سەربەخۆ بێت، لەوەدەکەوێت لۆژیکی ناوەکیی خۆی ھەبێت، لەوەدەکەوێت میکانیزمی ئابورییانەی تایبەت ئاراستەی بکات، بەڵکو دەگۆڕدرێت بۆ شوێنی تەڕاتێنکردنی بکەرە سەرەکییەکانی سیستمە سوڵتانییەکە، بە ھاریکاریی کۆمەڵێک کۆمپنیا و دەوڵەتی ئیقلیمیی، کە بەدوای قازانجی خێرا و ڕاستەوخۆدان. ئامانجی ئەم گشتە تێکەڵە گەشە و پێشکەوتنی ئابووریی نییە، ئەوە نییە ئابورییەکی دروستبکەن ئەگەری ئەوەی تێدابێت بە لۆژیکی قازانجی زۆرینەی کۆمەڵگا کاربکات. ئەو نوخبە سوڵتانیەی دروستبووە لە خەمی ئەوەدایە سیستمێکی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی دروستبکات کە پاراستن و زیاترکردنی ھێزو دەسەڵات و کەڵەکەکردنی زیاتر و خێرای سەرمایەی خۆی، بەھەر نرخێک بووە، مەیسەربکات. ئەوەی ھەیە. سیستمێکی ئابورییە لەباتی ئەوەی یاسا و بەھا و میکانیزمەکانی کارکردنی ئابوریی بەڕێوەیببات، ھێزی سیاسەتێکی گرێدراو بە ھێزی سەربازیی میلیشیایی و بە توانای پەکخستنی یاسا و توانای وێرانکردنی فۆرمە جیاوازەکانی ململانێ، ئاراستەیدەکات.
کەڵەکەکردنی سەرمایە لەڕێگای ھێزەوە، لە ڕێگای تێکەڵکردنێکی پاسۆلۆژیانەی ھێزی سیاسیی و ھێزی سەربازیی و ھێزی ئەمنیی بە ئابوریی، ئەو ژێرخانەیە کە ئەم ئابورییە ترسناکەی لەسەر دروستبووە. کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لەڕێگای تاڵانی ڕۆژانەی ئابورییەکەوە کە تەواو کۆنترۆڵ و ئاراستەکراوە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە ”بازای سەرمایەداریی“ ئازاد و نائازاد نییە، بەڵکو بازاڕێکی تەواو مۆنۆپۆڵکراو و خنکێنراوە، بەڕادەیەک لەوانەیە زەحمەتبێت بتوانین بازاڕێک بدۆزینەوە بەڕادەی ئەم بازاڕە لە ھەرێمدا مۆنۆپۆڵکراو و دەستەبەسەرداگیراو و بە زۆرمانا خنکێنراوبێت. بازاڕێک دابەشکراو بەسەر چەند گروپێکی بەناویەکداچوودا کە بە لۆژیکی کۆنترۆڵکردنی مافیاییانە کاردەکات، نەک بە لۆژیکی بازاڕ خۆی، لەھەر فۆرمێک لە فۆرمەکانیدا.
سەرمایەداریی دیاردەیەکی پڕ ئاڵۆزیی و فرەفۆرمە، کورتناکرێتەوە بۆ یەک سیستمی ھاوشێوە و لێکچوی ڕێکخستنی ژیانی ئابوریی. لە چەندان شوێنی جیھاندا ئەوەی ناوی سەرمایەداریی لێنراوە فۆرمی جیاوازیی ڕێکخستنی بازاڕ، ڕۆڵی جیاوازی دەوڵەت لەناو ئابوریدا، پەیوەندیی جیاواز لە نێوان سیاسەت و ئابوریی، فۆرمی جیاوازیی دەستخستنە ناو بازاڕ و ڕێکخستن و ئاراستەکردنی بازاڕی، گرتۆتەخۆی. ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە خراپترین و تۆقێنەرترین فۆرمی بازاڕە کە ھەیە و دروستکراوە. بازاڕێک لۆژیکی تاڵانکردنێکی ڕێکخراو و پارێزراو ئاراستەی دەکات و ئەوەشی دەیپارێزێت، ھێزە، ھێزی سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی ڕووت. ئەوەشی ئەم گشتە ئاراستە دەکات چینێک لە سەرمایەدار و بۆرژوازیی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە و گروپی سوڵتانی داخراوە، کە ھیچ یەکێکیان ھیچ چالاکییەکی بەرھەمھێنان و ھیچ کردەیەکی ئابوریی ماناداریان نییە، ئەوەی ھەیانە لەشکری حیزبیی و سوپای تایبەت و پارتی سیاسیی گوێڕایەڵ و قۆرخکراو و میدیای درۆزن و ئاراستەکراوە، کە وایان لێدەکات خاوەنی ئەو ئابوریی تاڵانییە بێیاسا و بێنۆرم و بێلێپرسینەوەیە بن لە ھەرێمدا سەروەرکراوە.
ڕاستە ئەو سیستمەی مەسرور بارزانی و ھاوەڵەکانی دروستیانکردوە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم نییە، بەڵکو ئەو ئابورییە کە باسمانکرد.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام