میدیاکانى فەڕەنسا هێرش دەکەنە سەر سەرۆک کۆمارى تورکیاو بە شکستخواردوو وەسفى دەکەن و  بە هەڵگیرسێنەرى شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا تۆمەتبارى دەکەن.

رۆژنامەی ” لیبراسیۆن”ی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەیەوێت لەڕێگای هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و لە بەرەی کاراباغەوە شکۆی شکاوی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی بەدەستبهێنێتەوە، ئەویش دوای ئەوەی لەژێر گوشاری ئەوروپاییەکان و بەتایبەتیش فەرەنسادا ناچار بوو لەو ناوچەیە پاشەکشە بکات.

پێگەی ئاژانسی “مۆنت کارلۆ”ی فەرەنسی لە رۆژنامەی لیبراسیۆنەوە گواستوویەتییەوە کە نووسەر ئەلێکساندەر شوارتزبرود ئامادەی کردووە و دەڵێت ” ئەردۆغان باس دەزانێت ئەو هەرێمە زۆر ئاڵۆزە و ئەوروپاییەکانیش هەموومیان وەکو یەک بەرژەوەندیان تێیدا نییە”.

رۆژنامە فەڕەنسییەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، بڵاوبوونەوەی بەکرێگیراوی سوری لایەنگری ئەنقەرە لە ریزی هێزە ئازەرییەکاندا، باشترین بەڵگەیە لەسەر تێوەگلانی ئەردۆغان ( کەتاراددەیەکی زۆر کلیلی چارەسەری هەرێمەکەی پێیە)، لەو شەڕەی هەفتەیەکە لە ناوچەی قەوقاز هەڵگیرساوە.

هاوکات رۆژنامەی “لۆفیگارۆ”ی فەرەنسیش بڵاویکردەوە کە لەوەتی لەساڵی ١٩٩٤ وە ئاگربەست لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا راگەیانراوە، هیچ هێزێکی جیاکەرەوە یان چاودێر لەسەر سنورە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان باکۆ و یەریڤان نەبووە، هەر ئەوەش ڕێگەی خۆشکردووە بۆئەوەی تورکیا بتوانێت جارێکی تر ئاگری شەڕی ناوچەکە خۆش بکاتەوە.

لەکۆتایی مانگى رابردوودا جارێکى تر شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان ئازەریاجان و ئەرمینیا دەستیپێکردو تائێستا بەدەیان کەسیان لەیەکتر کوشتووە، تورکیاش هەر لەسەرەتاوە پشتیوانى سیاسى و سەربازى لەدژى ئەرمینیا بۆ ئازەربایجان راگەیاند.

وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی  

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام