هیوا عومەر

وەزیری رۆشنبیری حکومەتی ھەرێم لە کۆتایی ئەم مانگە بەپێی فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە ٤\١\٢٠٧٧ لە رێکەوتی ٢٤\٩\٢٠٢٠ بڕیاریداوە، لەمەودوا بەر لە چاپکردنی کتێب، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئینجا ژمارەی سپاردنی پێ بدرێت و چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

لە ناوەڕۆکی فرمانەکەدا ھاتووە پێدانی ژمارە سپاردن ئەرکێکی گەورە و لێپرسراوییەتی رۆشنبیری و ئەخلاقییە. بۆیە لە دوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بەشێوەیەکی مەرکەزی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە ‌گشتییەکانەوە دەدرێت.

بەپێی پەڕەگرافی دووەمی فەرمانەکە: “پێویستە ئەم ئەرکە زۆر بە گرنگییەوە جێبەجێ بکرێت و تیایدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەھا پیرۆزەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھا و ھێما پیرۆزەکان تێک نەدات “.
لە کۆتایدا ھاتووە : “بۆیە بڕیارماندا پێش پێدانی ژمارەی سپاردن لە لایەن لێژنەیەکی شارەزای ئەو بوارە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان بکرێت و دواتر ژمارە سپاردنی پێ بدرێت “.

ئەم فەرمانە لە چەندین لایەنەوە پێویستە رەخنەبکرێت:
یەکەم، ئەم فەرمانە بۆنی ئەو سانسۆرە پێشوەختەی لێ دێت کە لە ‌سەردەمی رژێمی بەعسدا ھەبوو. لە ‌سەردەمی حکومڕانی بەعسدا، لیژنەیەکی چاودێری کە پێکھاتبوو لە وەزارەتەکانی راگەیاندن و رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندارەکانی تر چاودێری و سانسۆری پێشوەختەی بەسەر کتێب و بڵاوکراوە و تێکستی گۆرانی و شیعر و رۆژنامە ‌و دەقە شانۆییەکاندا جێبەجێدەکرد و دوای دەرچوونی لەو فلتەرە ئینجا ژمارەی سپاردن و رەزامەندی بڵاوکردنەوەی پێدەبەخشین.

دووەم، ئەگەر ورد ببینەوە لە پەڕەگرافی دووەمی فەرمانەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە دانانی ژمارەی جیھانی کتێبەوە نییە وەک پێوەرێکی سەردەمی جیھانی بازرگانی بۆ رێکخستن و ناسینەوەی کتێب، کە لە ھەر وڵاتێک ژمارەی تایبەتی خۆی ھەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی و کەسی بەکاردەھێنرێت بۆ ناسینەوەی بەناوی International Standard Book Number (ISBN)‏ . بە پێچەوانەوە لایەنی زۆر مەترسیدارترمان بۆ دەردەکەوێت بە جۆرێک کۆمەڵێک رستە ‌و وشەی لاستیکی جێگیرکراوە وەک بۆمبێک ھەر کاتێک مەبەستیان بێت لیژنە حزبییەکە دەیکەنە بیانوویەک و رێگری دەکەن لە بڵاوکردنەوەی.

ئەگەر دیقەتی پێوەرەکانی بدەین وەک رەچاوی “بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەھا پیرۆزەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھا و ھێما پیرۆزەکان تێک نەدات”. ھەموو ئەو چەمک و ناو و بەھایانەی ریزکراوە ھەڵگری مانای لاستیکی و دیدی جیاوازن بۆ رەچاوکردن و پاراستنیان، زۆر بە ئاسانی ھەر کتێبێک لە ئاستی فکری و سیاسیەوە ناکۆک بێت لەگەڵ ئایدییای دەسەڵات و لە ئاستەکەی تر ناکۆک بێت لەگەڵ بەھای پیرۆزکراو و جۆرێکی تایبەت لە شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھا و ھێما پیرۆزەکان، قەدەغە دەکرێت و ژمارەی سپاردنی پێ نادرێت، ئەم فرمانە لەڕووی سیاسیەوە پیرۆزکردن و مسۆگەرکردنی و جێگیرکردنی ئەم مۆدێلە لە حکومڕانییە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئاینی و کلتوریشەوە بۆ خۆبەرھەمھێناوەیە لە چوارچێوەی یەک بازنەدا دژ بە ھەر ھەوڵێک بۆ رەخنەگرتن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و کلتورییە کە راستەوخۆ ھێرشە بۆ سەر ھەر ھەوڵێکی زانستی بە ئاڕاستەی ئیبداعی رۆشنبیری و کلتوری ھاوشێوەی (دادگای تەفتیش) سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا.

لە کاتی نوسینی ئەم وتارە گفتوگۆیەکی خۆمم بیرکەوتەوە لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەمنی کە بەر لە چەند مانگێک بەھۆی خۆپیشاندانەوە دەستگیرکرابووین، دەیگوت: دەبێت بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە، بەڵێن بدەن خۆپیشاندان و گێرەشێوێنی و کاری تێکدان نەکەن. منیش زۆرم ھەوڵدا تێیبگەیەنم کە خۆپیشاندان مافێکی بنەڕەتییە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافە سیاسی و مەدەنییەکان، ئیش و مافی دەسەڵات نییە بیدات یا بیسەنێتەوە، ئەرکی دەسەڵات رێکخستنیەتی لە چوارچێوەی یاسادا، خۆپیشاندان بریتیی نییە لە تێکدان و دروستکردنی ئاژاوە، ئەوە بە یاسا رێکخراوە پێی دەگوترێت مافی دەربڕینی بیروڕا و ئازادی رادەربڕین، ئەرکی دەسەڵاتە پارێزگاری لێ بێکات. لەو کاتە باشتر ئەزموونی ئەوەمکرد بۆچی لە کاتی دەرکردنی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە جێگای (ئاگادارکردنەوە) (مۆڵەتیان) جێگیرکرد، ئەو کاتەش کەمپین و ناڕەزایەتی زۆرمان لە دژی ئەنجامدا دەمانزانی مەبەست لەم یاسایە رێکخستنی خۆپیشاندان نییە بەڵکو قەدەغەکردنیەتی وەک ئێستا ئەزموونی دەکەین.

ئەوەی ئەم کابینەیە ئەنجامی دەدات تەواوکردنی کارەکانی کابینە ‌و وەزارەتەکانی پێش خۆیەتی، ھەر ئەم وەزارەتە لە ‌کابینەی پێشووی حکومەتی ھەرێم لە دوایین رۆژەکانی تەمەنی رێنمایی ژمارە (٢)ی تایبەت بە رادیۆ و تەلەفزیۆنی دەرکردووە بە بیانووی باشترکردنی راپەراندنی کاری میدیایی بەتایبەت لە بوارەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆن؟
رێنماییەکە لە حەوت خاڵ پێکھاتووە بەڵام مەبەستی سەرەکی کۆی رێنماییەکە خاڵی سێیەمینە کە تیایدا ھاتووە “لە کاتی پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکان و ناوزڕاندن و سوکایەتی بە خەڵک و رەمزەکانی بزافی رزگاریخوازی کوردستان و بڵاوکردنەوە و ھاندانی خەڵک بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆی ھەیە بۆ جاری یەکەم کەناڵەکە دابخات بە مەرجێک لە (٧٢) حەفتا و دوو کاتژمێر زیاتر نەبێت و جاری دووەم لە ھەمان ساڵ ھەفتەیەک زیاتر نەبێت و جاری سێیەم لە ھەمان ساڵ یەکجاری کەناڵەکە دادەخرێت و جارێکی دیکە بەم ناو و لۆگۆیە مۆڵەتی پێ نادرێتەوە”؟

ئەم خاڵەش تەڵەیەکە بەناوی رێنمایی و یاساوە بۆ داخستنی ھەر کەناڵێکی راگەیاندن کە رۆژێک لە رۆژان بتوانێت رای گشتی لەسەر ھەر بابەتێک بگوازێتەوە و دروستبکات بەبێ گەرانەوە بۆ دادگاش .

ئەم کارانە کردەیەکی عەفەوییانە و سەرپێی نییە بەڵکو کردەی پلان بۆ دارێژراو پراکتیککردنی ئایدیا و مۆدێلێکی تایبەتە لە حوکمڕانی ئۆلیگاریشی، دەرکردنی رێنمایی بە دوای رێنمایی بەبێ پاڵپشتی یاسایش ھەوڵێکە بۆ زیاتر لە قاڵبدانی ماف و ئازادییەکان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پۆلیسی، تەماعی ئەوان بۆ کۆنتڕۆڵکردنمان زۆر لەوە زیاترە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیش وەک باقی دەزگا ئەمنییەکان دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی ئەو تەماعە بێت

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام