ئێستا – ئەنجوومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان cfr
 ئێستا

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و بوونی ئەمریکا بە یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان، کۆماری گەلی چین وەک وڵاتێکی کۆمۆنیستی دامەزرێنرا. ئەوکات واشنتن وەک وڵاتێکی لیبراڵی دژایەتییەکی توندی کۆمۆنیستەکانی دەکرد، لە هەموو شوێنێکی جیهان، بەرەنگاریان دەبووەوە. لە یەکەم ساڵی فەرمانڕەوایەتیکردنی کۆمۆنیستەکان لە چین، ئەمریکا هەڵوێستی دژبەری بەرانبەریان وەرگرت.

ئۆکتۆبەری 1949
کۆماری گەلی چین دامەزرا

ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەر، سەرکردەی حزبی کۆمۆنیستی چینی، ماو تسیتۆنگ کۆماری گەلی چینی لە پەکین دامەزراند، دوای ئەوەی حزبەکە بە پاڵپشتیی کرێکار و جووتیاران حکوومەتی ناسیۆنالیستی شیانگ کایشێکی ڕووخاند؛ شیانگ و هەزاران سەربازی بەرەو تایوان هەڵهاتن. ئەمریکا، کە ئەوکات پاڵپشتی ناسیۆنالیستەکانی لەدژی ژاپۆن دەکرد، پشتگیری کۆماری حکوومەتی چینی تاراوگەکراوی لە تایپێی کرد، ئەمەش بووە یەکەم هەڵوێستی واشنتن لە بەرانبەر حکوومەتە کۆمۆنیستییەکە.

حوزەیرانی 1950
دەستپێکردنی جەنگی کۆریا

کۆریای باکوور بە پاڵپشتیی یەکێتیی سۆڤیەت کۆریای باشووری داگیرکرد. نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا بەپەلە بە هانای سیئۆلەوە چوون. چینیش وەک پاڵپشتییەک بۆ کۆریای باکووری کۆمۆنیستی، بەرپەرچی هێزەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆریای باشووری دایەوە، کاتێک لە سنوورە چینییەکان نزیکبووەوە. نزیکەی چوار ملیۆن کەس لەو جەنگە 3 ساڵەیەدا کوژران، تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و پەکین و پیۆنگیانگ ئاگربەستیان لە ساڵی 1953 واژۆکرد.

ئابی 1954
یەکەم قەیرانی گەرووی تایوان

سەرۆکی ئەمریکا، دوایت ئایزنهاوەر لە ساڵی 1953، گەمارۆی دەریایی لەسەر تایوان لابرد، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ حکوومەتی شیانگ کایشێک، تاوەکو هەزاران سەرباز لە دوورگەکانی کوێمۆی و ماتسو لە گەرووی تایوان جێگیربکات. سوپای چینیش لە بەرانبەردا دوورگەکانی بۆردومان کرد. واشنتن ڕێککەوتنێکی بەرگریی لەگەڵ ناسیۆنالیستەکان واژۆکردبوو، ساڵی 1955 ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی ناووکی لە چین کرد. لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەدا، قایلبوو بە دانوستان و سەرکەوتنێکی سنوورداری ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ناسیۆنالیستەکان لە دوورگەی داچن کشانەوە. بەڵام لە ساڵی 1956 و 1996ـدا قەیرانەکە سەری هەڵدایەوە.

ئازاری 1959
ڕاپەڕینی تبتییەکان

دوای نۆ ساڵ لە سەپاندنی دەسەڵاتی چین بەسەر تبت، ڕاپەڕینێکی بەرفراوان لە لاسا سەریهەڵدا. هەزاران کەس لە بەرانبەر سوپای ئازادکردنی چینیدا کوژران، دالای لاماش بۆ هندستان هەڵهات. ئەمریکا چووە ڕیزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرکۆنەکردنی پەکین بە بیانووی دەستدرێژیکردنە سەر مافی مرۆڤ لە تبت، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکیش هاریکاری پڕچەککردنی شۆڕشگێرە تبتییەکانی دەکرد.

ئۆکتۆبەری 1964
یەکەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ناووکیی چین

چین لەو ساڵەدا چووە بەرەی ئەو وڵاتانەی خاوەنی چەکی ناووکین، کاتێک تاقیکردنەوەی بۆمبی ناووکی ئەنجامدا. تاقیکردنەوەکە لە سەروبەندی هەڵکشانی گرژییەکانی واشنتن و پەکین لە ململانێکانی ڤێتنامدا بوو. لەو کاتەشدا چین سوپای لەسەر سنوورەکانی ڤێتنام بڵاوە پێکرد.

ئازاری 1969
ململانێکانی سەر سنووری سۆڤیەت و چین

جیاوازییەکانی مۆسکۆ و پەکین سەبارەت بە ئاسایش و ئایدیۆلۆجی و بەرەوپێشبردنی مۆدێلەکانی کۆمۆنیزم، پەیوەندییەکانی هەردوولای تێکدا. سیاسەتی ڕیشەیی بەپیشەسازیکردنی چینییەکان، کە بە “قەڵەمبازی مەزن” ناسرابوو، بووەی هۆی کشانەوەی ڕاوێژکارە سۆڤیەتییەکان لە ساڵی 1960. ناکۆکییەکان کەڵەکە بوون و لە بەریەککەوتنەکانی سەرسنوور لە ساڵی 1969 تەقینەوە.

نیسانی 1971
دیپلۆماسیەتی پینگ پۆنگ

لە یەکەم نیشانەی گەرمبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتن، تیمی تێنسی چینی بانگهێشتی تیمی ئەمریکییان بۆ وڵاتەکەیان کرد. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ساڵی 1949 هاوەڵی یاریزانەکانیان کرد بۆ چین، لەوانە بوون بۆ یەکەمجار چووبوونە وڵاتەکە. لە تەمموزی هەمان ساڵدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێنری کیسنجەر سەردانێکی نهێنی بۆ چین ئەنجامدا. پاش ماوەیەک نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بە کۆماری گەلی چیندا نا و کورسییەکی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێدا، کە لە ساڵی 1945ـەوە لای کۆماری چینی شیانگ کیاشێک بووە.

شوباتی 1972
نیکسن سەردانی چینی کرد

سەرۆکی ئەمریکا، ڕیچارد نیکسن هەشت ڕۆژی لە چین بەسەربرد، لەوێ چاوی بە سەرۆکی وڵاتەکە، ماو تسیتۆنگ کەوت و ڕاگەیەنراوی شەنگەهای لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، ژۆو ئێنلای واژۆ کرد. ڕاگەیەنراوەکە ڕێگەی بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا خۆشکرد، تاوەکو پرسەکانی نێوانیان گفتوگۆ بکەن، لەوانەش پرسی دوورگەی تایوان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا، بە درێژایی دەیەکە، بەرەوپێشچوونی خاوی بەخۆوە بینی.

1979
پەیوەندییە فەرمییەکان و سیاسەتی “یەک چین”

سەرۆکی ئەمریکا، جیمی کارتەر دانی بە چیندا نا، لە کاتێکدا جەخت لەسەر بنەمای “یەک چین”ـی خاکی سەرەکیی وڵاتەکە کرایەوە و پەیوەندییە ئاساییەکان لەگەڵ تایواندا بچڕێنرا. سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، دێنگ شیاوپینگ کە ئەوکات سەرکردایەتی چینی کرد لە چاکسازییە ئابوورییەکان، سەردانی ئەمریکای کرد. کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری سەرۆکایەتی لەبارەی پەیوەندییەکانی تایوانی پەسەند کرد، کە ڕێگەیدا بە بەردەوامیدان پەیوەندییە بازرگانی و کلتوورییەکانی نێوان ئەمریکا و تایوان. بەپێی بڕیارەکە، واشنتن پاڵپشتیی بەرگریی سەربازی بە تایپێی دەبەخشیت، بەڵام بەفەرمی سیاسەتەکەی بەرانبەر بە چین پێشێل نەدەکرد.

تەمموزی ساڵی 1982
چین لە سەردەمی ڕیگن

ئیدارەی ڕیگن ڕێکاری “شەش دڵنیاییەکەی” بۆ تایوان دەرکرد، لەوانەش پابەندبوون بەو بەڵێنانەی لە بڕیاری پەیوەندییەکانی تایواندا هاتبوون، لەگەڵ ئەوەشدا نەدەبوو نێوەندگیری تایپێی و پەکینی بکردایە، هیچ کاتێکیشی دانەنابوو بۆ کۆتاییهێنان بە فرۆشتنی چەک بە تایوان. ئیدارەی ڕیگن لە ئابی 1982 سێیەم ڕاگەیەنراوی لەگەڵ کۆماری گەلی چین بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆ کرد. ڕاگەیەنراوەکە پێداگری لەسەر پابەندییەکانی واشنتن کردەوە لە بەرانبەر سیاسەتی “یەک چین”. ئەگەرچی ڕۆناڵد ڕیگن لە کەمپینی هەڵبژاردنەکەیدا، باسی لە پاڵپشتیکردنی تایپێی دەکردەوە، بەڵام ئیدارەکەی کاری دەکرد بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا، لە کاتێکدا نیگەرانییەکانی کۆشکی سپی لە بەرانبەر فراوانخوازییەکانی سۆڤیەت گەیشتبووە ترۆپک. سەرۆک ڕیگن لە نیسان و حوزەیرانی 1984 سەردانی چینی کرد، حکوومەتی ئەمریکاش ڕێگەی بە پەکین دا کەلوپەلە سەربازییەکانیان بکڕێت.

حوزەیرانی 1989
کۆمەڵکوژیی گۆڕەپانی تیانانمێن

لە بەهاری ئەو ساڵەدا، هەزاران خوێندکار ڕژانە گۆڕەپانی تیانانمێن لە پەکین و لە دژی حکوومەت خۆپیشاندانیان دەکرد، داوای چاکسازیی دیموکراسی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵییان کرد. ڕۆژی 3ی حوزەیران، حکوومەت سەربازی ناردە شارەکە بۆ چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە و سەدان خۆپیشاندەر بە گوللەی سەربازەکان کوژران. ئەمریکا لە بەرانبەردا، فرۆشتنی چەکی بە وڵاتەکە هەڵپەسارد و پەیوەندییەکانی سڕکرد.

سێپتەمبەری 1993
سنوورداشکردنی جوداخوازە دیارەکانی وڵات

لەو ساڵەدا، چین زیندانییەکی سیاسی بەناوی وێی جینگشێنگی ئازاد کرد، کە لە ساڵی 1979ـەوە دەستبەسەر بوو. لە هەمان ساڵدا، سەرۆکی ئەمریکا، بیڵ کلینتن سیاسەتی “کارکردنی بونیاتنەرانەی” لەگەڵ چین ڕاگەیاند. بەڵام دوای ئەوەی پەکین دەرفەتی میوانداریکردنی 2000 یاریی ئۆڵۆمپی لەدەستدا، جارێکی دیکە حکوومەت وێی زیندانی کردەوە. پاش چوار ساڵ، کلینتن توانی دڵنیایی ئازادکردنی وێی و خۆپیشاندەرەکانی گۆڕەپانی تیانانمێن وەربگرێت. پەکینیش سەرجەمیانی سنوورداشی ئەمریکا کرد.

ئازاری 1996
یەکەم دەنگدانی ئازادی سەرۆکایەتیی تایوان

حزبی ناسیۆنالیستەکانی لی تێنگ هوی یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بە جیاوازییەکی زۆر بردەوە، سەرەڕای تاقیکردنەوەی مووشەکە چینییەکان، کە ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێک بوو بۆ دەنگدەرەکان کە لەدژی بە بەربژێرە سەربەخۆکان دەنگ بدەن. هەڵبژاردنەکان دوای ساڵێک لەوە هات کە چین بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکای کرد، لەسەر ئەوەی سەرۆک بیڵ کلینتن ڕێگەیدا بە سەردانێکی لی بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش پێچەوانەکردنەوەی سیاسەتی 15 ساڵەی واشنتن بوو لەدژی پێدانی ڤیزا بە سەرکردە تایوانییەکان. ساڵی 1996 ئەمریکا و چین ڕێککەوتنەوە لەسەر سەردانیکردنەوەی بەرپرسانیان.

ئایاری 1999
بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی چین لە بەلگراد

هاوپەیمانیی ناتۆ “بەهەڵە” بۆردومانی باڵیۆزخانەی چینی لە بەلگراد کرد، ئەمەش لە میانەی کەمپینێکی سەربازی لەدژی ئەو هێزە سڕبییانەی کۆسۆڤایان لە ئایاری 1999 داگیر کرد، کە بووە هۆی لەرزاندنی پەیوەندییە چینی و ئەمریکییەکان. واشنتن و هاوپەیمانییەکە بیانوویان بۆ زنجیرەیەک لە هەڵەی هەواڵگریی ئەمریکی هێنایەوە، کە بووە هۆی بۆردومانەکە، بەڵام هەزاران خۆپیشاندەری چینی ڕژانە شەقامی شارەکانی وڵاتەکە و هێرشیان کردە سەر تەلار و باڵەخانە فەرمییە ئەمریکییەکان.

ئۆکتۆبەری 2000
پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییەکان

بیڵ کلینتن بڕیاری پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکای واژۆ کرد، کە ڕێگەیدا بە پەیوەندیی بازرگانیی ئاسایی نێوان دوو وڵاتەکەی بۆ هەتاهەتایە، سەرەڕای ئەوەی ڕێگەی بۆ چین خۆش کرد، لە ساڵی 2001 بەشداری ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بکات. لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2004، بازرگانیی نێوان دوو وڵاتەکە لە 5 ملیارەوە بۆ 231 ملیار دۆلار بەرزبووەوە. لە ساڵی 2006 چین جێی مەکسیکی وەک دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئەمریکا گرتەوە.

نیسانی 2001
بەریەککەوتنی فڕۆکە سیخووڕییەکانی ئەمریکا و چین

لەو ساڵەدا فڕۆکەیەکی چاودێریی ئەمریکی بەر فڕۆکەیەکی جەنگیی چینی کەوت و کتوپڕ لەسەر خاکی چین نیشتەوە. دەسەڵاتدارانی چین لە دوورگەی هاینان هەر 24 ئەندامی ستافی فڕۆکەکەی دەستگیرکرد. دوای 12 ڕۆژ، هەموویان ئازادکران و سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بووش پەشیمانی خۆی لەبەرانبەر مردنی فڕۆکەوانێکی چینی و نیشتنەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە دەربڕی.

سێپتەمبەری 2005
خاوەنپشکی بەرپرسیار

لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی 2005، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆبێرت زۆیلیک گفتوگۆیەکی ستراتیجی لەگەڵ چین دەستپێکرد. دانی بە چیندا نا وەک زلهێزێکی دەرکەوتوو، داواشی لێکرد وەک خاوەنپشکێکی بەرپرسیار خزمەت بکات و سوودان، کۆریای باکوور و ئێران ڕابکێشێتە ناو سیستمی نێودەوڵەتییەوە. لەو ساڵەدا پیۆنگیانگ لە گفتوگۆی شەش لایەنەکە هاتە دەرەوە، کە بۆ ڕێکخستنەوەی نیازە ناووکییەکانی کۆریای باکوور ڕێکخرابوو. دوای ئەوەی وڵاتە کۆرییەکە یەکەم تاقیکردنەوەی ناووکی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2006ـدا ئەنجامدا، پەکین بووە نێوەندگیر بۆ گەڕاندنەوەی پیۆنگیانگ بۆ سەر مێزی دانوستانەکان.

ئازاری 2007
چین خەرجییە سەربازییەکانی زیاد کرد

پەکین بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە ڕێژەی لە سەدا 18 زیاد کرد، کە کۆی بودجەکە دەیکردە 45 ملیار دۆلار، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1990ـەوە تاوەکو 2005، خەرجییە سەربازییەکانیان بە ڕێژەی لە سەدا 15 زیادی کردبوو. جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دیک چینی لە گەشتێکدا بۆ ئاسیا ڕایگەیاند، هەوڵە سەربازییەکانی چین لەگەڵ ئامانجی “بەرزبوونەوەی ئاشتیخوازانەی” وڵاتەکە ناگونجێت. بەڵام چین جەختی لەوە کردەوە، زیادکردنی خەرجییەکانی بۆ فەراهەمکردنی ڕاهێنانی باشتر و مووچەی زیاترە بۆ سەربازەکانی، “تاوەکو ئاسایشی نەتەوەیی و یەکگرتوویی خاکەکەی بپارێزێت”.

سێپتەمبەری 2008
چین بووە گەورەترین قەرزداری بیانیی ئەمریکا

لە سێپتەمبەری ساڵی 2008، چین جێگەی ژاپۆنی گرتەوە و بووە گەورەترین قەرزداری ئەمریکا، کە بڕی قەرزەکەی 600 ملیار دۆلار بوو. کاتێک قەیرانی دارایی هەڕەشەی لە ئابووریی جیهان کرد و گڕی بەردایە نیگەرانییەکانی نەبوونی هاوسەنگیی ئابووریی نێوان دوو وڵاتەکە، پشتبەستنی ئابووریی چین و ئەمریکا بە یەکدی ئاشکرا بوو.

ئابی 2010
چین بووە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان

دوای ئەوەی لە چارەکی دووەمی ساڵی 2010، بەهای ئابووریی چینی بە 1.33 ترلیۆن دۆلار خەمڵێنرا، چین بووە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان و جێگەی ژاپۆنی گرتەوە، بەهای ئابووریی ژاپۆن لەو ساڵەدا 1.28 ترلیۆن دۆلار بوو. پێشبینیش دەکرێت وڵاتە ئاسیاییە زلهێزەکە لە ساڵی 2027، جێگەی ئەمریکاش وەک یەکەم ئابووریی جیهان لەق بکات و جێی بگرێتەوە. کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکە لە ساڵی 2010، پێنج ترلیۆن و 880 ملیۆن دۆلار بوو، بە بەراورد بە 5.47 ترلیۆن دۆلاری ژاپۆن.

نۆڤەمبەری 2011
ئەمریکا ڕووی کردە ئاسیا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هیلاری کلینتن لە وتارێکدا بۆ فۆرن پۆلیسی، شاڕێکانی ڕووکردنە ئاسیای دەستنیشان کرد. کلینتن داوای زیادکردنی وەبەرهێنانەکانی لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری، ستراتیجی و بوارەکانی دیکەی لە ناوچەکانی ئاسیا و زەریای هێمن کرد ، وەک ڕێگاچارەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی پەرەسەندووی چین. لەو مانگەدا، سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە لووتکەی هاریکارییە ئابوورییەکانی ئاسیا و زەریای هێمن، ڕایگەیاند وڵاتەکەی و هەشت وڵاتی دیکە گەیشتوون بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوبەشیی ترانس پاسیفیک – کە ڕێککەوتنێکی ئازادانەی بازرگانیی فرەنەتەوەییە. دواتر ئۆباما فەرمانی کرد بە جێگیرکردنی 2500 سەرباز لە ئوستورالیا، ئەمەش ڕەخنەی پەکینی بەدوادا هات.

شوباتی 2012
هەڵکشانی گرژییە بازرگانییەکان

کورتهێنانی بازرگانیی ئەمریکا لەگەڵ چین لە 273.1 ملیار دۆلاری ساڵی 2010ـەوە بۆ 295.5 ملیار دۆلار لە ساڵی 2011 بەرزبووەوە، کە تێیدا ئاستی هاوردەی بەرهەمی چینی لە ئاستی هەناردەیان بۆ وڵاتە ئاسیاییەکە بەرزتر بوو. لە مانگی ئازاری هەمان ساڵدا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و ژاپۆن لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی داوای گفتوگۆیان لەگەڵ چین کرد، لەبارەی دانانی سنوور لەلایەن حکوومەتە کۆمۆنیستەکە لە بەردەم هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی زەوی. واشنتن و هاوپەیمانەکانی هەڵوێستەکانی پەکینیان بە پێشێلکردنی بنەما نێودەوڵەتییەکانی بازرگانی تۆمەتبار کرد و هانی ئەو کۆمپانیا فرەنەتەوەییانەیاندا، کە کانزا بەکاردەهێنن بچنە چینەوە. چین، جووڵەکەی بە سەرکێشی و نادادوەرانە ناوبرد. 

نۆڤەمبەری 2012
سەرۆکایەتیی نوێی چین

کۆنگرەی هەژدەیەمینی حزبی نیشتمانیی ئەنجامدرا و دوای دەیان ساڵ گرنگترین سەرکردایەتی گۆڕدران، هەروەها لە سەدا 70ی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەش گۆڕدران بە کەسانی دیکە. لی کێتشیانگ بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، شی جینپینگ بووە سەرۆکی وڵات، ئەمینداری گشتیی حزبی کۆمۆنیست و سەرۆکی کۆمسیۆنی ناوەندیی سەربازی. شی جینپینگ زنجیرەیەک وتاری لەبارەی بووژاندنەوەی چین پێشکەشکرد.

حوزەیرانی 2013
لووتکەی سەنیلاندز

سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما بانگهێشتی سەرۆکی چین، شی جینپینگی کرد بۆ ئەنجامدانی لووتکەیەکی دووڕۆژە لە ڤێلای سەنیلاندز لە کالیفۆرنیا بە کراسەوە، وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تاکەکەسی لەگەڵ هاوتاکەی و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە. سەرۆکەکان بەڵێنیاندا بە هاریکاریی کاراتر و جەختکردنەوە لەسەر پرسە دوولایەنە و ناوچەیی و جیهانییەکان، لەوانەش پرسی گۆڕانی ژینگە و کۆریای باکوور. ئۆباما و شی پێداگرییان کرد لەسەر دروستکردنی مۆدێلێکی نوێی پەیوەندییەکانیان، بە دەربڕینی سەرۆکە چینییەکە، “دامەزراندنی جۆرێکی نوێی پەیوەندیی زلهێزەکان” بۆ ئەمریکا و چین.

ئایاری 2014
ئەمریکا ژمارەیەک هاووڵاتیی چینی تۆمەتبار کرد

دادگایەکی ئەمریکی پێنج هاککەری بە ڕەگەز چینی، لەسەر پەیوەندییان بە سوپای چینی و دزینی تەکنەلۆجیای بازرگانی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، تۆمەتبار کرد. لە بەرانبەردا پەکین هەموو هاریکارییەکانی لە کاری بەکۆمەڵی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی نێوان دوو ولاتەکە هەڵپەسارد. مانگی حوزەیرانی ساڵی دواتر، بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بە بوونی بەڵگە کرد لەبارەی تێوەگلانی هاککەرە چینییەکان لە سیخوڕیکردن بەسەر نووسینگەی بەڕێوەبردنی سەربازیی ئەمریکا و دزینی داتای 22 ملیۆن کارمەندی کارا و پێشووی فیدراڵی.

نۆڤەمبەری 2014
ڕاگەیەنراوی هاوبەشی کەشوهەوا

لە پەراوێزی لووتکەی هاریکاریی ئابووری لە ئاسیا و زەریای هێمن، سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما و سەرۆکی چین، شی جینپینگ ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە بڵاوکردەوە، تێیدا بەڵێنیاندا دەردانی کاربۆن کەم بکەنەوە. ڕاگەیەنراوەکە هیوای بۆ هەندێک لە پسپۆڕان دروستکرد، کە دەبێتە دەستپێشخەرییەک بۆ کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا، کە ساڵی 2015 بە ڕابەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاریس ڕێکخرا.

ئایاری 2015
ئەمریکا لەبارەی دەریای چینی باشوور هۆشداری دایە چین

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر داوای لە بەرپرسانی چینی کرد هەوڵەکانیان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بوەستێنن و وتی، “واشنتن دژایەتی هەر هەوڵێکی دیکەی بڵاوەپێکردنی سەرباز لەو ناوچە کێشەلەسەرە دەکات”. پێش کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئاشتۆن کارتەر، بەرپرسە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند وێنەی دەزگا چاودێرییەکانیان بەڵگەیان لەسەر پرسەکە خستووەتەڕوو، کە چین دامەزراوەی سەربازییان لەسەر دوورگەیەکی دەستکرد بونیاتناوە، سەرەڕای ئەوەی پەکین ڕایگەیاند ئەو خانە و باڵەخانانەی دروست کراون، تەنها بۆ مەبەستی مەدەنین.

شوباتی 2017
دوای وروژاندنی گومان لە سیاسەتی “یەک چین”، سیاسەتەکەی بەرز نرخاند

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جین پینگ، وتی سیاسەتی “یەک چین” بەرز دەنرخێنێت. دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی تایوان، تسای ئینگوێن، گومانی لەسەر پابەندییەکانی ئەمریکا بۆ سیاسەتەکەی چین ئاشکرا کرد. سیاسەتی چل ساڵەی واشنتن، دانی بەوەدا نابوو کە تەنها یەک چین هەیە. بەپێی ئەم سیاسەتە، ئەمریکا پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ چیندا پاراست، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییە نافەرمییەکانی لەگەڵ تایوان هێشتەوە، لەنێویشیدا هاریکاریی بەرگری بۆ دوورگەکە. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی کۆشکی سپی، ڕێکس تیلەرسن، لە سەردانی مانگی ئازاری بۆ پەکین، پەیوەندییەکانی هەردوولا بە “دامەزراو لەسەر ڕووبەڕوونەبوونەوە، بێململانێ، ڕێزگرتنی هاوبەش و گەڕان بەدوای چارەسەر” وەسفکرد، “کە قازانجی هەردوولای تێدا بێت”.

نیسانی 2017
ترەمپ میوانداری شی لە مارالاگۆ کرد

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە سەرۆکی چین، شی جینپینگ لە مارالاگۆ لە فلۆریدا کرد، ئەجێندای باڵای لووتکەی کۆبوونەوەکەیان، بازرگانیی دوولایەنە و کۆریای باکوور بوو. ترەمپ ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونێکی گەورەی لە پەیوەندییەکان کرد، شی جینپینگیش ئاشکرای کرد لێکتێگەیشتنی قووڵیان هەبووە و متمانەیەکی گەورەتریان دروستکردووە. لە مانگی ئایار، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا، ویلبەر ڕۆس ڕێککەوتنێکی نێوان واشنتن و پەکینی ئاشکرا کرد، بۆ فراوانکردنی بازرگانیی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان، وەک گۆشتی گا و مریشک و کرێی ئەلیکترۆنی.

2018 – 2019
باجی گومرگیی ئەمریکا چینی کردە ئامانج

ئیدارەی ئەمریکا گومرگی بەسەر بەرهەمە هاوردەکراوە چینییەکان سەپاند، کە بەهاکەی لانیکەم 50 ملیار دۆلار بوو، وەک ڕێکارێک لە بەرانبەر دزینی موڵکی تەکنەلۆجی و هزریی ئەمریکا، کە واشنتن تۆمەتباری کردبوون. لە بەرانبەردا چینیش باجی گومرگی خستە سەر بەرهەمە ئەمریکییەکان. دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی ئیدارەکەی، پێیان وابوو چین بازرگانیی ئازادی قۆستووەتەوە بۆ مایەپووچکردنی ئەمریکا. لە مانگی ئابی 2019 واشنتن دراوی چینی بە قۆرخکار وەسفکرد. نۆڤەمبەری 2019، ترەمپ واژۆی پرۆژەبڕیارێکی کۆنگرێسی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنگ.

15ی کانوونی دووەمی 2020
یەکەم قۆناغی ڕێککەوتنی بازرگانی واژۆ کرا

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، لیو هێ یەکەم قۆناغی ڕێککەوتنی بازرگانییان واژۆ کرد، لە ئەنجامدا فشارە بازرگانییەکان و سەپاندنی باجە گومرگییەکان کەم کرانەوە.

31ی کانوونی دووەمی 2020
گرژییەکان لە سەروبەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هەڵکشان

لەو کاتەی پەتاکە لە شاری ووهان بڵاوبووەوە، واشنتن هاتنی هەموو هاووڵاتییەکی نائەمریکی قەدەغە کرد بۆ وڵاتەکە. هەردوولا یەکدییان تۆمەتبار کرد بە تێوەگلانیان لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، سەربازانی ئەمریکای بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە ووهان تۆمەتبار کرد، دۆناڵد ترەمپیش ڤایرۆسەکەی بە چینی وەسف کرد. دواتریش بە بیانووی لایەنگری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ئاراستەی پەکین، ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکە کشایەوە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە, هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام