دوابەدوای سەردانەكەی بۆ ئیمارات بە فڕۆكە ئیسرائیلیەكە، گارید كۆشنەر، ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا وتی بەمنزیكانە ڕێككەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی تری عەرەبی ڕادەگەیەنرێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەپێی تێڕوانینی شیكەرەوە و چاودێران ئەو وڵاتانە كێن؟

“مێژوویی”، “دەستكەوت”، “گۆڕینی بنەماكانی یاری”، “خیانەت” بەشێك لەو ناو و ناتۆرانەن كە بەرامبەر ڕێككەوتنی ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دووبارە كرانەوە.

پاش پەیماننامەی ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵی 1979 و پەیماننامەیەكی هاوشێوە لەگەڵ ئوردون لە ساڵی 1994، ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بووە سێیەم وڵات كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە. بەمەش دەبێتە یەكەم دەوڵەتی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر، چاوەڕوانیش دەكرێت وڵاتانی دیكەی ناوچەكە هەمان هەنگاو بگرنەبەر.

پەیوەندی نهێنی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام وردەكارییەكەی و وادەی ئەو ئاسایی كردنەوەیە تا ئەمدواییە بە نهێنی هێڵدرایەوە.

تەنانەت ڕاوێژ لەنێوان وەزیری دەرەوەی ئیمارات و هاوتاكانی لە وڵاتانی دراوسێ لەئارادا نەبووە، بۆیە كۆی هەنگاوەكە بۆ هەمووان بە نزیكەیی چاوەڕوان نەكراو بووە، چاوەڕوان نەكراوییەكە بۆ فەڵەستینییەكان گەورەتر بوو كە بە “خەنجەر لە پشتەوە” ناویبرد، لەكاتێكدا تائێستا دوورن لە بەدەستهێنانی دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان و كۆتایی هێنان بە داگیركاری ئیسرائیل بۆ سەر خاكەكەیان.

ئیمێل حەكیم، لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان لە لەندەن وتی، “سەبارەت بە فەلەستینییەكان، لە هیچ سودمەند نەبوون”. بەڵام سەبارەت بە محەمەد بن زاید، جێنشینی ئیمارات ئاساییكردنەوەكە سەركێشییەكی پڕ لە مەترسییە، بەڵام لە كۆتایدا ئەنجامی ئەرێنی لێدەكەوێتەوە. یەكێك لەو مەترسییانە داشكانی جەماوەی ئیماراتە لەنێو جیهانی عەرەبیدا.

چی وڵاتان بەرەو ئیسرائیل پەلكێش دەكات؟
كاتێك سەرانی كەنداو سەیری نەخشە دەكەن، دەبینن چۆن بوونی ستراتیژی بە خێرایی لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشكەوتووە سەرەڕای ئەو ڕێگرییانەی ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی سزاكانەوە، ئەم گۆڕانكارییانەش لە پاش ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن-ەوە بە ڕوونی دیارن.

پێشتر و تا ماوەیەك لەمەوبەر ئێران گرێدراوی سنورەكانی خۆی بوو، بەڵام ئێستا میلیشیای هاوسۆزی لە (عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن) هەیە. لەم پرسەدا ئیسرائیل هاوترسە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو دەربارەی مەترسی زیادبوونی قەڵەمڕەوی تاران لە كەنداو، كە هاوكاتە لەگەڵ ئەو ترسەی دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی نهێنی ئێران لە ئارادایە.

بەهەمان شێوە ئەوەی ناودەبرێت بە “ئیسلامی سیاسی” و زۆرتر كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بەرجەستەی دەكات بوونی هەیە كە فەرمانڕەوایانی كەنداو وەك مەترسییەك بۆ سەر خۆیان دەیبینن، جێنشینی ئیمارات یەكێكە لەو فەرمانڕەوایانەی هەمان بۆچونی هەیە، هەروەك بن زاید پێیوایە بەرژەوەندییەكان پێچەوانەیە لەنێوان وڵاتەكەی و حكومەتی ئیسلامی لە توركیا.

لە بنەڕەتدا ئەو هۆكارانە بونە سەرەتاكانی داڕشتنی پێكهاتەی سەرەكی هاوبەشییەكی ناڕەسمی لەنێوان حكومەتە پارێزگارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو نێوەندەشدا ئیسرائیل بەهۆی توانا گەورە هەواڵگرییەكانییەوە كورسییەكی بۆ خۆی گرتووە.

وڵاتەكانی تر كامانەن؟
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەسەر زاری سێ بەرپرس لە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (موساد)ەوە ڕایگەیاند، دەزگاكەیان ماوەی چەندین ساڵە سەرقاڵی پەیوەندی نهێنییە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، لەو چوارچێوەیەشدا یوسی كۆهین،ی بەڕێوەبەری چاوی بە هاوتاكانی لە ئیمارات و سعودییە و قەتەر و ئوردون و میسر كەوتووە.

ئەو نزیكبوونەوەیە چەند ساڵێكە هەستی پێدەكرێت وەك ئەوەی فیتز فرانتزمان،ی شارەزا لە وتارێكدا لە ڕۆژنامەی (جیرۆزالیم پۆست) ڕونیدەكاتەوە و بۆ ئەوەش ئاماژە بۆ ئەو سەردانە دەكات كە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2018 بۆ سەڵتەنەی عومان ئەنجامیدا، لەگەڵ تاوتوێكردنی گرێبەستی سەدە لەگەڵ بەحرەین لە ساڵی 2019 و، كۆنگرەی گفتوگۆی مەنامە و كۆبونەوەكانی تر.

زۆرینەی شارەزایان پێیانوایە بەحرەین لە پێشینەی لیستەكەدا دەبێت، بەتایبەت پاش پێشوازیكردنی لە ڕێككەوتنی ئیماڕات-ئیسرائیل. دانییال سیروتی، ڕۆژنامەنوسی ئیسرائیلی لە وتارێكیدا لە ڕۆژنامەی (ئیسرائیلی ئەمڕۆ)ی عیبری دەڵێت، پێشوازییەكەی مەنامە لە بڕیارەكە و لێدوانەكانی كۆشنەر ئاماژەیەكی دیارە بەوەی بەحرین ئەو وڵاتە عەرەبییەی دواتر دەبێت كە ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدەدات.

لای خۆیەوە فرانتزمان ڕونیدەكاتەوە، وڵاتانی كەنداو خشتەیەكی كاتی تایبەت و تێگەیشتنی خودییان هەیە بۆ پێویستییەكانیان، بۆیە بەحرەین نەبووە یەكەم وڵاتی ئەزمونكاری پەیوەندی باشتر لەگەڵ ئیسرائیل، وەك ئەوەی پێشتر پێشبینی دەكرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری شیعە لەو وڵاتەدا هەن، هەروەك بەهۆی ئەو ناڕەزایی و ناكۆكییانەی لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی بوەوە، بەڵام ئەمە لەئێستادا گۆڕاوە.

ئەوەی ئەم بۆچوونە بەهێزتر دەكات میوانداریكردنی بەحرەین بوو بۆ كۆنگرەیەك بە سەرۆكایەتی كۆشكی سپی لە ساڵی ڕابردوودا بە ئامانجی دەستپێكردنی پلانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا تایبەت بە ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی نیویۆك تایمز لەڕێی شارەزایانییەوە و لەنێویشیاندا ئیزابێل كیرشنێر و پیتەر باركەر دەڵێت، میوانداریكردنی قابوس بن سەعید، سوڵتانی عومان لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2018دا ئەو وڵاتە دەیكاتە دووەم وڵات لە پاش بەحرەین.

وڵاتی سێیەم كە شارەزایان پێیانوایە هەستیارە لە هەوڵەكانیدا بەو ئاراستەیە، میرنشینی عەرەبی سعودیەیە، ڕۆژنامەكە لەسەر زاری شیكارانی سیاسییەوە دەڵێت، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی میرنشین ویستی گرتنەبەر هەنگاوێكی لەو جۆرەی هەیە، بەڵام بەهۆی ترسی لە كاردانەوەی ڕەوتە پارێزگارەكانی وڵاتەكەی ئەنجامی نادات.

یاسەمین فاروق، توێژەری میوان لە دامەزراوەی كارنیگ بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی دەڵێت، “توێژێكی نوێ لە میرنشینی عەرەبی سعودییە هەیە كە دەیەوێت هەمان كار بكات، بەڵام هەمان ئازادی جموجوڵی نییە وەك ئەوەی وڵاتانی تری هاوشێوەی ئیمارات هەیەتی”.

چی هەیە دەربارەی عێراق و قەتەر؟
لە لێدوانێكی پێشتریدا بۆ كەناڵی حورەی ئەمریكی، ریچارد گۆلدبێرك، گەورەی ڕاوێژكاران لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسیەت سەرەڕای بەحرەین و عەمان و سعودییە پێشبینی خۆی نیشاندا بەوەی ڕەنگە عێراقیش هەمان هەنگاوی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بگرێتەبەر.

ئەو گەورە ڕاوێژكارە هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی “مەترسی نوێ لەنێویاندا ئێران، كە وادەكات وڵاتانی ناوچەكە بڕیارە لەبارەی گرێبەستی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بدەن”.

پرسیارە گشتییەكە لە كەنداو ئەوەیە كە ئایا كاردانەوە لە قەتەر چۆن دەبێت؟ ئەو وڵاتەی ڕیزبەندی چوارەمی هەیە لە پێشبینی شیكاری سیاسی، وەك ئەوەی فرانتزمان باسیدەكات.

سیگفۆرد نویباور، شیكار لە ڕۆژنامەی (فۆڕین پۆلیسی) نوسیویەتی، ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە دانانی بنەمای ئاشتی لە جیهانی عەرەبیدا بەتایبەت لەنێوان قەتەر و وڵاتانی كەنداو.

لە وتارێكی تریشدا لەژێر ناونیشانی (یەهود و قەتەر هاوبەشن لە ئاشتی و دوژمن نین لە بۆچوندا) پێیوایە كە ڕۆڵی ئیسرائیل نائاساییە لە هاوكاریكردنی ئاسایكردنەوەی گرفتی كەنداو، سەرەڕای ئەوەی شێخ حەمەد بن خەلیفە، ئەمیری پێشووی قەتەر بەر لە وازهێنانی لەو پۆستە بۆ كوڕەكەی ڕایگەیاند كە شانازی زۆر دەكات بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، كە ئەمەش بە ئاماژەیەكی ڕوون دادەنرێت بۆ هەنگاونانی دەوحە بەرەو بونیادنانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

دەستپێشخەری ئیسرائیل بۆ بونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی كەنداو دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكانی سەدەی بیستەم، بەڵام ئەمساڵ بەری یەكێكیانی چنییەوە، بەرپرسێكی ئیماراتیش وەك ئەوەی بیەوێت بڵێت چاوەڕوانییەكە تەنها لەلایەن ئیسرائیلەوە نەبووە ئەوەی خستوەتەڕوو، بیهێنەرە پێش چاوت ئەو دەستەواژەیە كە لە ئیمارات ڕاستەوخۆ پاش ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكە زۆرترین گەڕانی لە ئینتەرنێت بۆ كراوە “هۆتێلەكان لە ئیسرائیل” بووە. دەشڵێت، خەڵك ئارامییان نەماوە بۆ سەردانكردنی.

لە ئێستا وەرگیراوە

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام