پەیمانگای ئابووری و ئاشتی لە ڕاپۆرتێکدا پێشبینی ئەوەی کردووە کە تا ساڵی 2050 زیاتر لە یەک ملیار کەس بەهۆی کێشەی ئاو و خۆراکەوە ئاوارە و دەربەدەربن.

پەیمانگای ئابووری و ئاشتی (Institute for Economics & Peace- IEP) هۆشداری ئەوەیدا کە لەگەڵ خێرا هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان و کارەساتە سروشتییەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاری ئاووهەوا، پێویستی خواردن و ئاو زیاددەکات و ڕەنگە تا 2050 زیاتر لە یەک ملیار کەس ئاوارە و دەربەدەربن.

پەیمانگای ئابووری و ئاشتی، کە دامەزراوەیەكی هزرییە و بارەگاکەی لە شاری سیدنی پایتەختی ئوسترالیایە و هەموو ساڵێک ئیندێکسی تیرۆریزم و ئاشتیی ئامادە دەکات، ڕاپۆرتی ئیندێکسی ئاشتیی جیهانی 2020ی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانی پەیوەست بە ئاووهەوا و کێشەی ئاو و خۆراکەوە کە لە ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات، ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر کەس دەربەدەرببن و ژمارەی دانیشتوانی جیهان کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2050دا بەرزببێتەوە بۆ 10 ملیار ڕەنگە بەهۆی زیادبوونی ململانێ و پێکدادانەکان لەپێناو گەیشتن بە سەرچاوەکان نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن کەس ناچار بە کۆچ ببن.

لە ڕاپۆرتەکەدا زانیاری سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو خراوەتەڕوو کە دەریدەخات بەهۆی رەوشی ئاووهەوا و پێکدادانەکانەوە نزیکەی 30 ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەربوون، ئەو مەترسیانەشی پۆلێن کردووە بەسەر دوو بەشدا کە بوونەتە هۆی کۆچ.

لە بەشی یەکەمدا نەبوونی خۆراک، نەبوونی ئاسایش، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و لە بەشی دووەمدا کارەساتی سروشتیی، لافاو، وشکەساڵی، گەردەلول، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دانراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی 150 وڵات هەر یەکێکیان ڕووبەڕووی چەند مەترسییەک بووەتەوە و شیکاریش کراوە بۆ روبەڕوبوونەوەیان.

لە 40 ساڵی ڕابردوودا کارەساتە سروشتییەکان سێ هێندە زیادیان کردووە
پێشبینی ئەوەشکراوە لە سەرتاسەری جیهان تا ساڵی 2050 سەدا 27ی وڵاتان ڕووبەڕووی کێشەی جددی ئاو ببنەوە و سەدا 22شیان ڕووبەڕووی کێشەی خۆراک ببنەوە، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، کارەساتە سروشتییەکان سێ هێندە زیادیان کردووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا پێشبینی کراوە گۆڕانی ئاووهەوا لە ئەفریقا 86 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی کۆچ بکاتەوە و لە باشووری ئاسیا 40 ملیۆن و لە ئەمریکای لاتین 17 ملیۆن کەس، ئەوەیش وەبیرهێنراوەتەوە کە لە ساڵی 2017دا، 873 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراکی و برسێتیی بوونەتەوە.

زیادبوونی کێشەی ئاو مەترسی پێکدادان زیاد دەکات
پەیمانگای ئابووری و ئاشتی لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداری ئەوەی داوە کە لەو وڵاتانەی کێشەی خۆراکیان هەیە لە جیهاندا ڕەنگە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە نەبوونی ئاسایشی خۆراک تیایاندا چوار هێندە زیادبکات، تیشکیش خراوەتەسەر ئەوەیش کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، بەکارهێنانی ئاو سەدا 40 زیادیکردووە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە سەدا 71ی ئەو ناکۆکییانەی لە ساڵی 2007دا، بەهۆی ئاوەوە دروستبوون بە ڕێککەوتن چارەسەرکراوە و لە ساڵی 2009دا ئەو ڕێژەیە کەمبووەتەوە بۆ سەدا 58.

هەروەك لەو وڵاتانەدا زیاتر لە دوو ملیار کەس ڕووبەڕووی کێشەی جددی ئاو بوونەتەوە و نزیکەی چوار ملیار کەسیش لانیکەم لە مانگێکی ساڵدا ڕووبەڕووی کێشەی ئاو دەبنەوە، هۆشداری ئەوەیش دراوە کە ئەگەر ئاستی دەریا 2.1 مەتر بەرزببێتەوە ئەوا چەند ناوچەیەکی وشکانی کە لەئێستادا 200 ملیۆن کەسیان لەسەر دەژین ڕەنگە ژێرئاو بکەون.


تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام