هیوا عومەر



لەم ماوەیەدا كەسایەتی مستەفاكازمی بۆتە جێگای گرنگی پێدان و سەرنجی زۆر میدیاكان و خەڵك،  بە جۆرێك وەك فریادرەس و ڕزگاركەر نیشاندەدرێ!
لە هەلومەرجی قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری تازە، لە زۆر پنت و ناوەندی سەرمایەداری جیهانی لە رێگای بە كەسایەتی كردنی كێشەكان و گۆرینی فیگەرەكانی، هەوڵی لابردنی تەركیزی ڕای گشتی دەدەن لەسەر  سیستەمە پیرو پەككەوتەكە. 

 
دیوێكی تری دیمەنەكەی كازمی و هاوشێوەكانی  پەنابردنە بۆ دیاردەی پۆپۆلیزم كە لە ڕابردوو چەند هێزێكی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات بەكاریان هێنا، كاریگەری مەترسیەكانی هێشتا بەردەوامە لەسەر بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان لە بڵاوبونەوەی بێ هودەیی لە ئەنجامدانی تێكۆشانی جەماوەری بۆ گۆرانكاری. 

 
لەم ساتەوەختەدا جارێكی تر ئەم دیاردەیە لە رێگای سەرۆك و میدیای  پۆپۆلیستەوە خەریكی تەلقیندانی خەڵكن بەوەی سەرۆكی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوی ناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەك فریادرەس و ڕزگاركەر نیشاندەدرێن كە خاڵی جەوهەری و هاوبەشی  ئەوان تەنیا ڕازیكردنی خەڵكە بۆ گەیشتن یا مانەوە لە دەسەڵات وەك ئەوانی پێشوو بەبێ هیچ پرۆژەیەكی لە ناوەرۆكدا جیاواز بۆ گۆرانكاری لە سیستەمی سیاسی و ئابوری لە خزمەتی كرێكاران و خەڵكی كوردستان و عیراق. هەڵتۆقینی كازمی بەشێكە لە پرۆژەی گۆرانكاری شكلی و بە كەسایەتیكردنی كێشەكان بۆ ئیحتیواكردنی نارەزایەتی و راپەرینەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراق  بەكارهێنراو كە ئامانج لێی مانەوەی سیستەم ونەبینینی قەیرانی بونیادی دەوڵەتدارییە لە عێراق.

 
لە بارەی تەوقیتی هاتنەكەشی لە ئێستادا، بە شێكە لە پرۆژە و خولیای بە مەركەزیكردن(ناوەندێتی) لە عێراق و رێكلامی پێش وەختەی هەڵبژادنەكانی عێراق و تەنانەت هەڵبژاردنەكانی  ئەمریكاش  كە لەم رۆژانەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرقاڵی دروستكردنی لیستێكی هەڵبژادنە و چەندین كەسایەتی و ناوەندی راگەیاندیش لە هەرێم بونەتە بەشێك لە پرۆژەكەی.

 
لەم دۆخەدا هیچ ڕوانگەیەكی چارەسەری لای حوكومڕانانی عێراق و كوردستان نیە، تەنانەت ئامادە نین دان بە شوناسی قەیرانەكەشدا بنێن، ئەوان دۆخەكە وەك قەیرانێكی دارایی  بۆ  دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەیگێرنەوە كە مەبەست لێی بۆ خۆدەربازكردنە لە بەرپرسیارەتی شكستییەكانیان و درێژەپێدانی سیاساتی ئابوری نیولیبرالیزم و بەرخۆری. ئەوەی باسیشی دەكرێت لە بارەی چاكسازی هیچ نییە جگە لە دروستكردنی ژینگەیەك بۆ نەهێشتنی رۆڵی كۆمەڵایەتی حكومەت بۆ هاوڵاتیان و  فەرمانبەران و بێكاران لە پێناو  تەسلیمبونی زیاتر  بە رەچەتەكانی بانك و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. 

 
ئەوەی جێگای نیگەرانی و پرسیارە ئەو پێشوازیكردن و پەنابردنەی بەشێك لە خەڵكی كوردستانە بۆ كازمی وەك كاردانەوەیەك  دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم؟ كەئەمەش ئەنجامی غیابی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی كارایە لە كۆكردنەوە و بەخشینی هیوایەك بە زۆرینەی هاوڵاتیانی پەراوێزخراو كە هیچ متمانەیەكیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەماوە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام