ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگه‌یاند،  هەر پێنج ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوڕا و یەکدەنگین لەسەر زەروورەتی کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەم حکومەتە

کاوە محەمەد ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌: “هاوڕا و یەکدەنگین.. ئێمە، هەر پێنج ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوڕا و یەکدەنگین لەسەر زەروورەتی کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەم حکومەتە پڕ لەگەندەڵی و دژە ئازادییەی هەرێم و تەئکید لەرا و هەڵوێستی پێشوومان دەکەینەوە کە لەبەیاننامەکەی رۆژی (٨/٢٠) رامانگەیاند”.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: بەشداری ئەمڕۆی غالب محەمەدی لەکۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی، بە نوێنەرایەتی فراکسیۆن بووە و راکانی ئەو دەریبڕیون، رای ئێمەشە و پشتیوانی تەواوی دەکەین.

ئه‌مڕۆ شەممە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەرێوەچووە، كە لەكۆبوونەوەكە غالب محەمەد جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەجیاتی یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنەكە بەشداربووە.

غالب محه‌مه‌د له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌: “ئەوەی ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی جڤات ڕویدا کێشەیەکی بچوکی نێوان بەندوە و گروپی بەرژەوەندی خوازی گۆڕان نەبوە لە حکومەت، بەڵکو کێشەی سەرەکی بوە لەپێناو ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەندە بەنوێنەرایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغداد بەشداربوم بۆیە شەڕێکی شەخسی نەبو”.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: “داوام کرد چیتر ئەوگروپە بەردەوام نەبن لەم حکومەتە شکستخواردوە کە بوەتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری بۆخەڵکی هەرێمی کوردستان و خەریکی مکیاج کردنن بۆدەسەڵات دەیانەوێت فراکسیۆنی گۆڕانیش لەبەغداد هاوشێوەی خۆیان لێبکەن و خۆیان و نەوەکانیان وەک شا بژین و ملی هاوڵاتیان بخەنەژێر چەقۆی دەسەڵات”.

غالب محه‌مه‌د ده‌شڵێت: ئاڵۆزی کۆبونەوەکە لەوەوە دروست بو، چونکە “ئەوان نایەنەوێ دەستبەرداری کورسی و بەرژەوندی ببن لای ئێمەش ئەمە قبول نیە، لە ئێستادا دەگەڕێمەوە بەغداد و لەگەڵ هاوڕێیانم لەبەغداد کۆبونەو لەوبارەیەوە ئەنجام ددەین و هەڵوێستی جدیمان دەبێت، دوا بریار لە گەڵ هاوریاندا دەدەین”.

20ی مانگی رابردووش فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: داوا ده‌كه‌ن، “بە زوترین کات گۆڕان لەم بەشدارییە بێکاریگەریەی لە دەسەڵات بکشێتەوە و روبکاتەوە جەماوەرەکەی و، لەگەڵ سەرجەم هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازەکانی دیکەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بکەنەوە”. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتبوو: پێویسته‌ بە زوترین کات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بکرێنەوە. هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتیمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، گۆڕان کێشە گشتی و تایبەتییەکان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێکی تر بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە ئەرکە سەختەکانی لە هەرێمی کوردستان بدات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام