موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئەڵمانیا لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارە، کە بە تانکی لیۆپارد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لە کوردستاندا ئەنجامدراون، کەنەداش لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارە، کە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەى چەکەکانی ئەوانەوە لە کوردستان ئەنجامی دەدات.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی تورکیا بە رادیۆی دەنگی وڵات-ی راگەیاند، “قەیران و شەڕ بۆ دەوڵەتی تورک بوەتە ڕێبازێکى سیاسەت، بەڵام ئێمە دەبینین، کە سیاسەتەکانیان لە لیبیا بە بنبەست گەیشتوە، لە سوریا لەبەرئەوەى چارەسەرێک لە گۆڕێدا نییە، دۆخەکە نادیارە، هەروەها لە دەریای سپی و یۆنانیش لە دۆخی بنبەستدایە، چونکە هەمو دەوڵەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دژی وەستاونەتەوە، لەبەرئەوە بە بنبەست گەیشتوە، یانی ئەو هەوڵانەى دەوڵەتى تورکیا ناتوانێت دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە هەڵوەشان ڕزگاربکات”.

هەمو کات ناتۆ لە پشت دەوڵەتی تورکیا بوە و ئێستاش پشتیوانی دەکات

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە سەرەتای تێکۆشانیانەوە، بزوتنەوەکەیان تەنها لە دژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ ناکات، چونکە هەمو کات ناتۆ لە پشت دەوڵەتی تورکیا بوە و ئێستاش پشتیوانی دەکات، ئیستا ناتۆ بە زۆری لە ڕێگەی گلادیۆکانیەوە پشتیوانی لە دەوڵەتی تورکیا دەکات، “دەوڵەتی تورکیا لە دژی ئێمە هەمو کات لە دەرەوە پشتیوانیی و یارمەتیی وەرگرتوە، ئێستاش هەندێک بەڵگە لە میدیاکاندا بڵاوبونەتەوە و هەندێک بابەتیش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا باسیان لەسەرکراوە، کە ئیدی شتێک نەماوە دەوڵەتی تورکیا بتوانێت بیشارێتەوە، تورکیا لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای دەوڵەتانی ئەڵمانیا و کەنەدا و هەندێک کۆمپانیای بەریتانیا و ئەمریکا فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی دروستکردوە، چونکە دەوڵەتی تورک تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە خۆی بۆ خۆی مولیدەیەکیش دروست بکات”.

دەمانەوێت بە تایبەتی ئەوە بە ئەڵمانیا بڵێین، ئیدی ئەو دوژمنایەتیەتە بەرامبەر بەکوردان بەسە، ئیدی دوژمنایەتیی گەلی کورد مەکە

موراد قەرەیلان باسی لەوەشکردوە، ئەڵمانیا لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارە، کە بە تانکی لیۆپارد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لە کوردستاندا ئەنجامدراون، هەروەها کەنەدا لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارە، ئەو دەوڵەتانە بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییانە، کە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەى ئەو چەکانەوە لە کوردستان ئەنجامی دەدات، “ئێمە دەمانەوێت بە تایبەتی ئەوە بە ئەڵمانیا بڵێین، ئیدی ئەو دوژمنایەتیەتە بەرامبەر بەکوردان بەسە، ئیدی دوژمنایەتیی گەلی کورد مەکە، لە هەڵەبجە هەزاران مرۆڤی کورد کۆمەڵکوژکران، دواتر ئاشکرا بو، کە سەدام تەکنەلۆژیا و گازە کیمیاوییەکانی لە ئەڵمانیاوە پێدراوە، سەدامی ئەم سەردەمە ئەردۆگانە، ئێستاش دەیدەن بە ئەردۆگان، باشە ئەڵمانیا چ حەق و مافێکى هەیە، کە بەشداری لە کۆمەڵکوژیی فاشیستییانەدا بکات دژی گەلی کورد!؟”.

ئەوەى ئەڵمانیا دەیکات ناحەقییەکى زۆر گەورەیە لە دژی گەلی کورد، ئەوە زوڵمە، بۆ پارە و بۆ بەرژەوەندیی ئیمپریالیستانە

ئەوەشی خستەڕو، “ئەوەى ئەڵمانیا دەیکات ناحەقییەکى زۆر گەورەیە لە دژی گەلی کورد، ئەوە زوڵمە، بۆ پارە و بۆ بەرژەوەندیی ئیمپریالیستانە، هەروەک چۆن رێگاتان بە سەدامدا بەو شێوەیەش ڕێگا بە رژێمەکەى ئەردۆگان دەدەن گەلەکەمان کوشتار بکات، ئەوەى ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت بەو شێوەیەیە، بۆیە بەرخودانی گەل و بزووتنەوەکەمان زۆر واتادارە، چونکە لە دژی گەلەکەمان سیاسەتی خۆسەپاندنی باڵادەستی و هەژمونگەرایی نێونەتەوەی بەڕێوەدەچێت و ئێمەش لە دژی ئەوە بەرەنگاری دەدەین”

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام