خوشك و برایانی بەڕێز ، هەموو ئەوانەی خوازیاری وڵاتێكی دیموكراتی و سەقامگیرو ئاوەدان بن ! 

هەمووتان دەزانن كە ئەم وڵاتە ، پاش ٢٩ ساڵ لە حكومڕانی برایانی پارتی و یەكیتی ، گیرۆدەی چ قەیرانێ بووە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەوە . دەزانن كە ئۆپۆزسوێنی سیاسی لە هەرێمدا گەیشتوتە چ حاڵێك و چەن لاوازە !

ئەم گۆڕانكاریەی دوایی ، كە لە ئەنجامی شۆڕشی مەزنی عیراقەوە بە دەسهات ، هیوایەكی داوە كە دەرفەتی گۆڕینی وەزعەكە بڕەخسێ بە شێوازێكی ئاشتیانەو دیموكراسیانە ، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلە مانیەوە ، ئەگەر حكومەتی كازمی یاسایەكی دیموكراتی هاوچەرخ دابڕێژێ و سەرپەرشتی جێبەجێكردنیشی بكات بۆ ڕێگرتن لەو تەزویرە زەقەی پێشوو ، لە لایەك و میللەتیش بە یەك ئیرادەو  یەك ڕیز بەرگری لە مافی خۆی بكات ، لە لایەكی دی . 

بنكەی كۆمەڵایەتی هێزی ئۆپۆزسیۆن لاواز نیە ، بە پێچەوانەوە بەربڵاو فراوانە . بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە ئەم هێزە ، لەبەر هێندێ هۆكار ، بێڕێكخستن و سەرلێشێواوە . بەشێكی كەمی ڕێكخراوە ، ئەویش كۆمەڵێ كێشەی بۆ خوڵقاوە . لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر هەموان هەوڵبدەن  شێوەیەك لە ڕێخستن بۆ ئەم ئۆپۆزسیونە بەر بڵاوە بسازێنن . لەم ڕوانگەیەوە  من ئەم پێشنیازەی خوارەوە پێشكەش دەكەم كە هەم شێوەیەكی سەرەتایی ڕێخستنە بۆ ئۆپۆزسیۆن و هەم بەشداریە لە هەڵبژاردندا : 

ئەم تاقمانەی لە خوارەوە ئاماژەیان بۆ كراوە و هەر تاقمێكیتریش لەم چەشنە : تاقمی لاوانی هەرێم + مامۆستایانی زانكۆ + مامۆستایانی ناڕازی + نوخبەی خانمان + خانە نشینان + ڕۆژنامەوان و نوسەران + چەپەكان + ئەوانەی گۆرانیان جێهێشتووە + ڕێخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی + پێشمەرگەی دێرین + پەرلەمانتارانی جیابووەوە لە نەوەی نوێ + زیندانیانی سیاسی + هەندەران ( ئەوروپا ) ..هتد .  دواتر هەر تاقمە خۆی لە گروپێكدا ڕێكبخات و گرووپەكانیش هەریەكە و لیستی كەندید كراوانی خۆی پێشكەش دەكات لە نێوان ٢ كەس بۆ ١٢ كەس . ئەم لیستانەش لە لیستێكی گشتیدا یەكدەخرێن . لە دوای دەنگدان هەموو گرووپێ بە ڕێژەی دەنگەكانی خۆی لە كۆی سەرجەم دەنگەكان بەشە كورسی خۆی وەردەگرێ . بەم شێوەیە بلۆكێكی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دروستدەكرێ . 

سەبارەت بە نەوەی نوێ و هەر حیزبێكی تری ئۆپۆزسیون بڕیار لەدەستی خۆیاندایە كە تێكەڵ بە لیستی گشتی دەبن یان سەر بەخۆ بەشداری دەكەن . لە هەردو حالەتدا ، ئەگەر بیانەوێ ، بەشێك دەبن لە بلۆكی ئۆپۆزسیون لە پەرلەمانی دا هاتوودا .

نەوەی نوێ ، تەنها نەوەی نوێ ، كە خاوەنی دەزگایەكی گەورەو پێشكەوتووی ڕاگەیاندنە ، دەتوانێ ڕۆڵێكی تایبەتی بگێڕێ لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتیمانیە گرنگە لە ڕێگەی تەرخانكردنی ڕۆژانەی بەشێ لە كارو چالاكی ڕاگەیاندنەكەی . شاسوار عبدالواحید باشدەزانێ كە ئەم ئیشە زۆر گرنگە بۆ گوڕ پێدانی و هەڵسانەوەی هێزی ئۆپۆزسیون كە نەوەی نوێ  بەشێكێتی . بەهیوام دریغی تێدا نەكات . 

نوێنەرانی لیستی كەندیدكراو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی مافی خۆیانە داوای یارمەتی لە حكومەتی هەرێمیش و حكومەتی سەنتەریش   بكەن ، یارمەتی بە ڕاگەیاندن و بە پارە بۆ ئەوەی بتوانن ململانێی دیموكراتی لەگەڵ لیستی حكومڕانان بكەن ، وەكو ئەوەی باوە لە وڵاتانی دیموكراتیدا .                                                                                                             

هاوڵاتیانی بەڕێز !                                                                                                                              خوشك و برایانی ئازیز !                                                                                                                          كورتترین و باشترین ڕێگە بۆ ڕزگار بوونتان لەم نەهامەتی و قەیرانەی ئەمڕۆتان ڕێگەی خەباتی هاوبەشتانە بە شێوازی ئاشتیانە و دیموكراسیانە .. دروستكردنی لیستی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هانگاوێكی بنچینەییە بۆ دامەزراندنی ئۆپۆزسیونێكی نوێ و بەرەیەكی نیشتیمانی دیموكراتی بۆ سەركەوتنێكی مسۆگەر لەم وڵاتەدا ، بە دامەزراندنی ڕژیمێكی وەك ڕژیمی هۆڵندە ، سوید . 
                                                                               بەهادین نوری

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام