لیژنەی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئاینییەكان ئەنجامی كۆبونەوەكەیەكی لەبارەی “پاراستنی ئازادییە ئاینییەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا”، داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، وەك حكومەتی شەرعی ناوچەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا دان بە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستاندا بنێت .

لیژنەكە لەهەمان كاتدا داوای لە واشنتۆن كردووە بەرانبەر بەپێشێلكاریەكانی توركیا دەرحەقت بەكەمە ئاینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و ناچاری بكات خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لەناوچەكانی باكووری سوریا دابنێت.

یەكێكی تر لە داواكارییەكانی ناو كۆوونەوەكەی لیژنەی ئازادییە ئاینییەكانی ئەمەریكا ئەوە بووە، كە داوای كردووە ئیدارەی ئەمەریكا بەشدارییەكی فراوانتری هەبێت، كە یارمەتیدانی بەڕێوەبردنی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان‌و ناوچەكەش لەو سزایانە بەدەر بكات، كە بەناوی سزاكانی قەیسەر  بەسەر حكومەتی دیمەشقدا سەپێنراون، بۆ ئەوەش رایگەیاندووە، پێویستە میكانیزمێكی گونجاو بدۆزرێتەوە تا ناوچەكە كاریگەری ئەو سزایانەی لەسەر نەبێت.

خاڵێكی تری ناو داواكارییەكانی كۆبوونەوەی لیژنە ئەمەریكییەكە بریتی بووە لەوەی دەستەبەری بەشداریكردنی ئیدارەی خۆسەر وەك یاریكەرێكی سەرەكی لە هەر دانوستانێكی تایبەت بە ئایندەی سوریا بكرێت.

مانگی رابردووش لیژنەكە لە كۆنگرەیەكی تایبەتدا، كە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، داوای كردبوو ئیدارەی ئەمەریكی لەگەڵ نزیكبوونەوەی جێبەجێكردنی یاسای قەیسەر، زنجیرەیەك ڕێوشوێن بۆ پشتیوانیكردنی ئیدارەی خۆسەر بگرێتەبەر .

لیژنەكە، كە بەشێك لە ئەندامەكانی راستەوخۆ لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكاوە دادەنرێن، لەكاتی خۆیدا داوای كردبوو ڕێگە لە “سوپای نیشتمانی سوریا” بگیرێت، كە بەپشتیوانی توركیا كۆمەڵكوژی بەرانبەر بە كەمە نەتەوەكانی ناوچەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامنەدات، هەروەك داواشی لە سورپای توركیا و میلیشیا توندڕەوەكان كردبوو لە سوریا بڕۆنە دەرەوە.

مایكڵ رۆبن، بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا و توێژەر لە پەیمانگای “ئەمێریكان ئینتەرپرایز”، لەبەردەم لیژنەكە گەواهی ئەوەی دابوو، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات تاراددەیەكی زۆر پابەندی پاراستنی هاوسەنگی‌و ئازادیی ئاینی بۆ كەمینەكانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی بووە، لەكاتێكدا ناتوانرێت بوترێت توركیا هەمان كاری ئەنجام داوە .

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام