بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان) رایگەیاند: سندوقی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی سوریا كە بڕیارە سبەی 19ی تەمموز بەڕێوەبچێت، لەناوچەكانی ئەوان دانانرێن.

ئاوێنە: لوقمان ئەحمێ، وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی خۆسەر، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكاتێكدا خەڵكی سوریا خوزیاری چارەسەریی ئاشتیانەی قەیرانی سوریان، رژێمی سوریا سورە لە بەردەوامبون لەسەر ئاڕاستەی روانینی خۆی بۆ قەیرانی وڵاتەكە وەك ئەوەی لەساڵی 2011ەوە تاوەكو ئێستا هیچ شتێك روینەدابێت.

لوقمان ئەحمێ ئاماژەی بەوەشدا كە سوربونی حكومەتی سوریا لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكە هیچ نییە جگە لە سوربونی لەسەر ئەو رێبازە كە لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە لەسەری دەڕوات و ئەوەش قبوڵنەكردنی بەشداریی لایەنە سوریییەكانە لە گفتوگۆی ناوخۆی وڵاتدا بۆ دۆزینەوە چارەسەری قەیرانەكە.

وتیشی”هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیارە لە 19ی تەمموز بەڕێوەبچێت دورو نزیك پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە نییە.”

ئاشكراشیكرد”سندوقی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دانانرێن.”

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان خوازیاربون حكومەتی سوریا داوا لە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و سەرجەم هێزەكانی دیكەی سوریا بكا بۆ كۆبونەوە لەپێناو گفتوگۆكردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی قەیرانەكە و دانانی چەند بنەمایەكی دەستوری بۆ دەستوری سوریا و پاشان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی.

جەختیشی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پەیوەست نابن بە هیچ بڕیارێكی تاكلایەنەی وەك بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام