رۆژنامەی Nezavisimaya Gazetaی روسی بڵاویکردەوە، لە ئێستادا شەڕی ناوخۆی لیبیا لە نێوان هێزەکانی خەلیفە حەفتەر و حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی لە شاری سرت بەرەو “کاتژمێری سفر” دەچێت، میسڕ دەڵێت، نزیکبونەوەی هێزەکانی ویفاقی نیشتیمانی بۆ ئەو شارە “هێڵی سورە و رێگەنادەین بیبەزێنن”.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، “جەنگی ناوخۆیی لیبیا بەرەو قۆناغێکی یەکلاییکەرەوە هەنگاو دەنێت و لە شاری سرت کە پێگەیەکی ستراتیژی هەیە لەگەڵ شاری جفرە چڕکراوەتەوە، کە لە ئێستادا هێزەکانی سوپای نیشتیمانی کە خەلیفە حەفتەر سەرکردایەتییان دەکات ئەو شارەی کۆنتڕۆڵکردوە، میسڕ هۆشداری دەداتە هێزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی کە تورکیا لەرێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە پشتیوانیان دەکات کە لەو دوشارە نزیکنەبنەوە، بەپێچەوانەوە لە رێگەی دەستوەردانی سەربازییەوە رێگە لە هەوڵەکە دەگرێت”.

هێرشی هێزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی کە تورکیا لەرێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە پشتیوانیان دەکات بۆ هەردو شاری سرت و جفرە، خوێندنەوەی ئەوە بۆ دەکرێت شەڕێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ کێشەکانی ناوخۆی لیبیا، بەتایبەت دوای عەلی باشاغا، وەزیری ناوخۆی حکومەتکەی ویفاقی نیشتیمانی رایگەیاند، “ئامادە نین گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی رۆژهەڵاتی لیبیا بکەین تا ئەو دوشارە گرینگە کۆنتڕۆڵنەکەین”.

پەیوەست بەو بابەتەش یوری لیامین، پسپۆڕی سەربازی بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، جەنگی ناوخۆیی لیبیا لە چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی هەردو شاری سرت و بنکەی ئاسمانی جفرەدایە لەگەڵ ئەگەری هاتنە ناوەوەی سەربازی میسڕ بۆ ناو ململانێکە و پشتیوانیکردنی لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر.

لای خۆیەوە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسڕ هۆشداریدا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوشارە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە تورکیا و ئەو هەنگاوەی بە “هێڵی سور” ناوبرد کە رێگەی پێنادرێت، بەڵام حکومەتی ویفاق بەسەرۆکایەتی فایز سەڕاج سەرکەوتنی خۆی لە جەنگی لیبیادا بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوشارە بەستوەتەوە و بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە لە چاوەڕوانی کاتژمێری سفردایە.

ئەو پسپۆڕە سەربازییە باوەڕیوایە قۆناغی ئێستای لیبیا بەرەو گرژیی سەربازی هەنگاودەنێت و لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی حكومەتی ویفاق و تورکیا بۆ سەر ئەو دوشارە “چی دیکە دۆخەکە لە دەست هێزەکانی ناوخۆی لیبیادا نامێنێتەوە، بەڵکو جەنگە بە پلەی یەکەم بە دەست تورکیا و میسڕ دەبێت

میسڕ لە ئەگەری هاتنەناوەوەی بۆ ناو لیبیا جۆرێک لە هاوسۆزی و پشتیوانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی (جگە لە قەتەر)ی هەیە و پێشبینی ئەوە دەکرێت بۆ شکستهێنانی تورکیا  و کردنەوە دەرەوەی لە لیبیا، پشتیوانی دارایی و سەربازی قاهیرە بکەن، ئەوەش لە دواین راگەیەنراوی سعودیە و میسڕدا رەنگیدایەوە کە جەخت لە رەتکردنەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی دەکەنەوە.

17ی تەمموز خالید بن سەلمان، جێگری وەزیری بەرگری سعودیە لەبارەی گرژییەکانی ناوچەکە لەگەڵ محەمەد زەکی، وەزیری بەرگری میسڕ کۆبونەتەوە و هەردولا جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردوەتەوە.

هوکات ریاز و قاهیرە جەخت لە بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەکەنەوە دەستوەردان و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی عەرەب بە توندی رەتدەکەنەوە.

لەئێستادا لیبیا بەسەر دو بەرەدا دابەشبوە، بەرەی رۆژهەڵات کە لەلایەن چەکدارانی سوپای نیشتیمانی لیبیاوە کۆنتڕۆڵکراوە، کە روسیا، میسڕ و وڵاتانی کەنداو پاڵپشتیان دەکات، بەرەی رۆژئاواش کە حکومەتی ویفاق بە سەرۆکایەتی فایز سەراج بەڕێوەیدەبات، لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت.

19ی (کانونی دوەم/1)ی ئەمساڵ کۆنفرانسی ئاشتی بەرلین تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی لیبیا بە بەشداری سەرکردەکانی هەریەک لە ئەمریکا، روسیا، تورکیا، فرەنسا، ئەڵمانیا، چین، ئیتالیا، میسر و ئیمارات بەڕێوەچو، لەو کۆنفرانسەدا بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەست و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە درا، بەڵام پڕۆسەکە بەرەوپێشچونی ئەو تۆی بەخۆیەوە نەبینی.

هیوا عەبدوڵا

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام