شرۆڤە؛ ئەوەی لە خوارەوە هاتووە، دوو وتار لە چوار وتاری کورت لەسەر ڕووداوەکانی دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی سەلمان روشدییە کە بە شێوەی گشتی باس لە ڕووبەروو بوونەوەی ئایینی ئیسلام لەگەڵ مۆدێڕنیتەی هاوچەرخ دەکات. دوو وتاری دیکە لە بەشێکی نوێدا بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە.

لە یەکەمین وتار، “تارق عەلی” مارکسیستی پاکستانی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی نیو لەفت رڤیو(New Left Review) باس لەوە دەکات، کە دەکرێت حیسابی ئایینی ئیسلام لە کردەوەکانی خومەینی و هاوبیرەکانی جیا بکرێتەوە. لە ئیسلام هەردەم نەریتێک لە نافەرمانی هزری بوونی هەبووە کە لە بەرامبەر کوفر دا، لێبووردەیی و پشوودرێژی گرتووەتە بەر، پاوانخوازی باوەڕمەندانەی بە رەوا نەزانیوە، کە ئەمە هەمان نەریتی عیرفانی ئیسلامییە.

لە وتاری دووەم، “دایانا جانسن” شرۆڤەکاری سیاسی مارکسیست باوەڕی وایە درووشمی بەرگری لە ئازادی رادەربڕین، بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە لە سەرەتا دا دەردەکەوێت، لە ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژیک بێبەر نییە: لە چوارچێوەی دیموکراسییە لیبراڵە رۆژاواییەکان، ئەم درووشمە زیاتر لەوەی کە وەفاداری خۆی بۆ نەریتەکانی سەردەمی رۆشنگەری دەربخات، ئامرازی رەواییدان بە حکومەتە سەرمایەدارەکانە، تا بە کەڵک وەرگرتن لەو، حوکم لەسەر دواکەوتوویی کەلتوورەکانی جیهانی سێیەم بدەن. نووسەرە بەرهەڵستکارەکان کە لە بازاری رەکابەری میدیاکان، سەرمایەکان، پەخشانگەکان و هەلپەرستەکان دا خۆیان بە دۆڕاو و پەراویز کەوتوو دەبینن، لە ئازادی رادەربڕین بێبەش دەبن.

لە چوارچێوەی سیستمە سەرمایەدارییەکان، نووسەرانێک کە بازارگەرمن، ئازادترن کە هەر شتێک کە دەیانەوێت دەری ببڕن. کەواتە، بەرگری کردن لە ئازادی رادەربڕین و دەستکەوتەکانی دیکەی سەردەمی رۆشنگەری، ناتوانێت جیا لە رەخنەگرتن لە دووڕوویی و ئازادی‌خوازی لیبرالیزمی سەرمایەدارانە بێت.

لە وتاری سێیەم، عەبدی کەلانتەری باسێک لەسەر ناتەبایی و ناسازگاری هەندێک لە سیستم‌گەلی بەهاکان و وەک‌دیارە راڤە جیاوازەکانی عیدالەت، حەقیقەت و ئازادی دەنرخێنێت. و لە سێ روانگەی جیاواز بە پوختی ئەم پرسە گەڵاڵە دەکات: روانگەی ئیسلامی بە شێوەی ناراستەوخۆ ئاماژەش بۆ تایبەتمەندی‌گەلێک لە باوەڕی نەریتخوازی چەپ دەکات، واتا کێشەی بەرگری‌کردن لە ئازادی رادەربڕین بۆ گشت، لە ئاراستەی یەک ئایدۆلۆژیای تایبەت!

لە وتاری چوارەم، نووسەری ئەمریکی “ئەنتوەنت برتن” باس لە یەکێک لە ناوەڕۆکە گرنگەکانی کتێبی ئایاتی شەیتانی(سەلمان روشدی)، واتا دۆزینەوەی بنچینە مێژووییەکانی پیاوسالاری ئایینی دەکات: وەلاخستنی ئایاتی ناوبراو لە لایەن پێغەمبەر، ئایاتێک کە ناوەڕۆکیان هاوتا و هاوشان زانینی سێ خودای ژن لەگەل “الله”یە، یەکەمین هەنگاو بە ئاراستەی دانپێدانەهێنانی یەکسانی ژن و پیاو (لێسەندنەوەی پلە و مەقامی خودایی لە خوداوەندە ژنەکان) بووە. بەسەر ئەوەشەوە، رۆمانی ئایاتی شەیتانی، کتێبێک بە تەواوی مرۆڤ‌تەوەرانەیە: بە ژێرپرسیار خستنی فیکری وەحی، ئیلهامی ئیلاهی و کەلامی پیرۆز، سەلمان روشدی گومانبەری و ڕاڕایی وەکوو یەکێک لە بەرزترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، کە لە راستیش هەمان رەوش ودۆخی مرۆڤە، بەرجستە دەکات. کە وابوو رەتکردنەوەی گومانکاری جیاواز لە رەتکردنەوەی مرۆڤایەتی هەموومان نییە.

تارق عەلی: چی شەیتانییە و چی ئیلاهی؟

لە سەردەمێک میخاییل بۆلگاکۆڤ، رۆمان‌نووسی مەزنی سۆڤیەت لە دەیەکانی 1920-1930 ، بە شێوەیەکی سەرپۆشراو، رەخنەی لە سانسۆری ستالینی گرت و نووسی: ئیتر ناکرێت دەست‌نووسەکانمان بسووتێنرێت. بەڵام لە بارەی نووسەر خۆیەوە، کە هەموو گیانی تەنیا گۆشت و ئێسقانە، ناتوانێن ئەمە ببێژین. پەیامەکان زۆرجار بەردەوام دەمێنن ئەگەرچی پێغەمبەرەکان هەموویان فانین و دەمرن. ئەم رۆژانە لەبارەی رووداوە سەیر و سەمەرەکان کە بە پێش چاومان تێدەرپەڕن چیمان پێ دەوترێت؟ چەندین رووداوی نالەبار هاوکات روودەدات.

پێش هەموو شتێک چارەنووسی سەلمان روشدییە کە لە ماڵێک خۆی حەشار داوە و شەوانەرۆژ پاسەوانی لێ دەکرێت- بارمتەی حکومەتی ئێران لە خاکی بەریتانیا! هەروا کە دەزانین راستی، سەرسووڕێن‌تر لە زۆر چیرۆکی کتێبەکانە. ئەم دیمەنانە کە دەیانبینین، دەتوانن لە چیرۆکێکی ناو رۆمانەکانی سەلمان روشدی وەدەر هاتبن. ئەمانە نە دیمەنگەلێکی سوریال، بەڵکوو راستەقینەترینی دیمەنەکانن و گیانی ئەم نووسەرە لە رەوشێکی مەترسیدارە. تەنانەت ئەگەر روشدی لەم قەیرانە زیندوو دەرباز بێت، مۆتەکەی مەرگ تا دواهەناسەی ژیانی ناهێڵێت ئاسوودە بێت.

بەڵام بەسەر هەموو ئەمانەوە، تراژدیای گەورەتر لە رۆژەڤ دایە، تەواوی ئەم رووداوە، ئێستاکە لە قەوارەی سەلمان روشدی و کتێبی ئایاتی شەیتانی سەرووتر دەچێت. ئەم تراژدییە، تراژدی ئایینی ئیسلامە و پێگەی ئەو ئایینەیە لە جیهانێکی مۆدێرن کە تیای‌دا دەژین.

ئەو ساتەی کە ئایەتوڵڵا خومەینی حوکمی کوشتنی بۆ روشدی دەرکرد، یەکەم کاردانەوەی من، باوەڕ نەکردن بوو. بەراست مومکن بوو کە رێبەرێکی پلەبەرزی ئایینی شیعەکان بە شێوەی فەرمی فەرمان بە کوشتنی رۆماننووسێک بکات؟ ئایا ئەمە خەون و خەیاڵی من بوو یان بەڕاستی ئیلهامکەر و بنیاتنەری کۆماری ئیسلامی وەکوو سەرۆک خێزانێکی مافیایی هەڵسوکەوتی کردووە؟ رۆژی دواتر، کەسایەتییەکی ئایینی دیکە وەکوو گەنگسترە شەیتانییەکانی ئەمەریکا، بۆ سەری سەلمان روشدی خەڵاتی دیاری کرد: سی میلیۆن دۆلار بۆ موسوڵمانێک یان یەک میلیۆن دۆلار بۆ نا موسوڵمانێک کە حوکمی کوشتنەکەی بەجێبهێنێت. هەموو ئەمانەش بە ناوی الله، خواوەندی بەخشندە و دلۆڤان.

بۆ خەڵاتی پارە بۆ ئەم کارە پێویست بوو؟ مەگەر نە ئەوەی کە خومەینی بە ئەو مرۆڤکوژە موسوڵمانە جەوازی چوونە بەهەشتی دابوو. با تۆزێک لەم کارە ورد بینەوە. بێ‌گومان بڕیاری ئەوەی کە کێ دەچێتە بەهەشت و كێ دەچێتە دۆزەخ  بە دەست پەروەردگارە. چۆن دەکرێت کەسێک ئەم یاسایە وەلا بنێت؟ ئایا خومەینی ئیددیعای ئەوە دەکات کە وەکوو پێغەمبەر لەگەل خوا پەیوەندی راستەوخۆی هەیە؟ بۆ موسوڵمانەکان ئەم قسەی خومەینییە بە کوفر نازانن؟ ئەی مەگەر لە ئیسلام هیرارشی (زنجيرەی پلەوپایە) فەرمی پلەدارانی ئایینی جێگیر نەبووە و بە راشکاوی درووست کردنی پاوانخوازی بیروباوەڕی لە لایەن دەستەیەک لە زانایانی ئایینی رەتنەکراوە؟ بنەما لەسەر ئەوە داڕێژراوە کە هەموو موسوڵمانان لە بەردەم خواوەند یەکسانن. ئەم کۆمەڵە دەمارگرژ و رقهەستاوانە لەبەر چین؟ کە کۆمەڵێک موسوڵمانی شیعە، لە بەرامبەری بانگخوازێکی ئایینی ئاوەها خۆیان زەلیل و بێ‌بەها کردووە؟ لە راستی‌دا زۆرێک لەم کردارانە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئایین و ئیمان نییە. هەڵبەت گومانی تێدا نییە کە زۆرێک موسوڵمانی نادەمارگرژ کتێبەکەی سەلمان روشدیان خوێندووە و هەندێک لەوانە وەکوو سووکایەتی‌ بە پیرۆزییەکانی ئیسلام راڤەیان کردووە، بەڵام بەسەر ئەوەشەوە تاکە رێگای بەرەنگاربوونەوەی روشدی، گۆڕەپانی باوەڕ و ئەندێشەکان دەزانن. ئەم شێوازە تاکە ریگای رەوادار و  هەروەها تاکە رێگای راستەقینەی بۆ قایل کردنی خەڵکی تر دەبێت. لەبیرمان نەچێت کە یەکەمین پەیڕەوەکانی ئایینی ئیسلام نە زۆری شمشێر، بەڵکوو بە ئامرزای دیالۆگ و گفتووگۆ بەرەو ئامێزی ئەم ئایینە راکێشران.

خومەینی بە هەرا و ئاژاوە نانەوە لەسەر کتێبی ئایاتی شەیتانی لە راستی‌دا دەیویست لە ناو ئیسلام، سەرمەشقێکی کەلتووری بە تەواوی ژێردەستە و گوێڕایەڵ بە خەڵک‌ داسەپەنێت.  ستالین و کاربەڕێکەرە کەلتوورییەکانی، ریالیزمی سۆسیالیستیان پێشکەش بە جیهان کرد، خومەینی و پۆلیسەکانی “پشکنینی بیروباوەڕ”ی ئەو، نموونەیەک لە ریالیزمی ئیسلامی پەیڕەو دەکەن. سەلمان روشدی پاساو و بیانوویەکی بەردەستە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ئامانجە و ئامانجەکانی دیکەیان.

کەسایەتییە ئایینییەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران بەم کارە هەلبەت کافرەکانیان نەهێناوەتە سەر رێگای خۆیان بەڵکوو موسوڵمانانیان لەکۆت‌‌و بەند داوە.

شەڕی ئێران و عێراق لە هەر دوو دیوی، نزیک بە میلیۆنێک قوربانی هەبووە. ئیسلام لە کوێ بوو کاتێ ئەم کارەساتە روویدا؟ خواوەند پشتی کام لایەنی گرت؟ چەن موسوڵمانی دژ بە جەنگ لەلایەنی دەمارگرژەکان لە ناو چوون؟ دەیان هەزار زیندانی سیاسیان کوشت و دەستدرێژیان کردە سەر زۆرێک لە ژنانی زیندانی، لەبەر ئەوەی کە فەرمانبەرەکانی ئیمام وا بیر دەکەن کە ژنێک پەردەی هەبێت، ناچێتە بەهەشت. ئایا ئەمە ئیسلامێکە کە باوەڕمەندان دەیانەوێ بە جیهانی بناسێنن؟

ئیسلام هەردەم دەموچاوێکی دیکەی لە لێبووردەیی و  پشوودرێژی هەبووە. نەریتێکی دوور و دریژ لە نافەرمانی هزری لە جیهانی ئیسلام بوونی هەبووە، لە دوای مردنی پێغەمبەر  لە راستی‌دا گەنجترین هاوژینەکەی، واتە عایشە بوو کە ئاڵای شوڕشی دژ بە جێگرەکانی هەلکرد. لەسەر راڤەکردنی ئیسلام تا ئەمڕۆکانەش بۆچوونی جیاواز و دژبەر بوونی هەیە.

دەوڵەمەندی ژیاری ئیسلامی لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاسەوار و کاریگەری خۆی لەسەر هەموو جیهان بەجێهێشتووە. فەرهەنگ و زانست بە رێژەیەکی زۆر منەتباری ئەو نەریت و فەرهەنگە سەرەتاییەیە. بەڵام ئەوڕۆکە دەتوانین پرسیار بکەین، بۆ نموونە، ئایا کتێبی هەزار و یەک شەو لە لایەن ئیمامی تاران حوکمی بێبەری بوونی پێ دەدرێت یان نە؟

لە نیمچە دورگەی ھیندستان (کە وڵاتی لەدایکبوونی سەلمان روشدییە) گەشەکردنی ئیسلام منەتباری هەوڵ و کۆششی سۆفییە دڵپاکەکانە کە دواتر هاوشانی ئەولیاکان رێزیان لێ گیرا.  سەما و حاڵی جەزبە گرتوو و شیعری ئێگزیستانسیالی (بوونخواز) ئەوان، ئیسلامی لە باکووری هیندستان گەشەپێدا. ئەم ئیسلامە ئایینێک بوو دڵخۆشکەر (هەنووکەش هەروایە) کە هەڕەشەیەک بۆ گیانی هیچ کەسێک نەبوو. درووشمەکەی، یەکگرتن لەگەڵ سۆفی مەزن لە ئاسمانەکان بوو، کە هەر بەم هۆیەشەوە لەلایەن بانگخوازانی دەمارگرژ و کاسب، تەکفیر دەکرا. تا هەنووکەش ، مۆسیقایەک کە لەم نەریتە عارفانەیە دەبیسرێت، دووروویی بانگخوازەکان زیاتر ئاشکرا دەکات.

بۆ نموونە ئەم راستییە لە پێش چاو بگرن: لە پاکستان، یەکێک لە رێبەرانی خۆپێشاندانی دژ بە روشدی، کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس، کەسیکە بە ناوی مەولانا کەوسەری نیازی. هەر ئەم کەسایەتییە لە ساڵانی 60 و70ی زایینی یەکێک لە دژبەرانی زۆر پێداگر ئەو چەشنە ئیسلامە بوو کە جەماعەتی ئیسلامی بانگەوازی بۆ دەکەن. هەر بەم هۆکارەش لە لایەن زولفەقار عەلی بوتۆ، رێبەری پێشووی پاکستان وەکوو وەزیری کابینەی دەستنیشان کرا. ئەو وەکوو ئامرازی “بوتۆ” لە دژی بنەڕەتخوازە (فاندامێنتالیزم) ئیسلامیەکان بوو. ئەو رۆژانە مەولانا نیازی، کە کەسایەتییەکی بە گوڕ و تین بوو، مەشرووبەکەی دەخوارد و لە هاودەمی لەگەڵ ژنانی سەماکەر، چێژی دەبرد. بوتۆ نازناوی مەولانا وێسکی پێدابوو.

بەڵام ئێستاکە تەمەنی چووەتە سەر و لە هێز و دەسەڵات لابراوە، مەولانا ویسکی پیر، دەیەوێت لەگەڵ نەیارە ئیسلامییەکانی پێشووی سازش بکات و کچی بوتۆ (بێنەزیر بوتۆ) بە گوشاری خۆپیشاندانەکانی دژ بە کتێبەکە، ناچاری بکات کە بە هەند وەریبگرێت. دەبێ لەم کابرا پرسیار بکرێت، بۆ چەند مانگ لە بڵاو بوونەوەی ئەم کتێبە راوەستا و پاشتر دەست بەکار بوو؟

هەموو شاعیرانی مەزنی هیندستانی، بە شێوەیەک، کردارە فەرمییەکانی ئایینیان بردۆتە ژێر پرسیار. غالب، ئیقباڵ و فاییز، هەموویان چەندین جاران بەگژ بانگخوازەکان چوونەتەوە. کاتێک ئیقباڵ “سکاڵا لە حەنای خواوەند”ی نووسی، لە لایەن زانایانی ئیسلامی بە لە دین ‌وەرگەڕاو ناویان دەبرد. ئەو لە شیعرێک بە ناوی پەرسگەی نوێ، ئایینی فەرمی بە قبووڵنەکراو ناوبرد. ئەم شیعرە پێدەچێت لە تاران بە ئاسایی رەتکرێتەوە. بەڵام موسوڵمانەکانی باشووری ئاسیا لەم کەلامەی شاعیر وانەیەکی زۆریان وەرگرتووە:

-ئەی براهمەن(پێشەوای ئایینی براهما)، من حەقیقەت دەبێژمەوە

لەوە دڵگیر مەبە

بتەکانی پەرسگەکەت هەموو داڕزاون

ئەوەی کە بەم وێنانە فێرت کردین، دوژمنێکە کە پێشکەشی گەلەکەت دەکەی

و خودا بە ئامۆژیارە موسوڵمانەکان، رێگاکانی دوژمنایەتی فێرکردووە

دڵم نەخۆش کەوتووە؛ لە پەرسگەکەت روو وەر دەگێڕم، لە کەعبەکەشت هەروەها

لە ئامۆژگارییەکانی ئامۆژیار و لە ئەفسانەکانیشی، ئەی براهمەن

وێنەکانی تاشەبەردێک بۆ تۆ دیمەنێکی خوداییە

بۆ من، هەر گەردیلە خۆڵێکی سەر زەوی ئیلاهییە

وەرە، هەر شتێک کە بووەتە هۆی بێگانەییمان دەستی لێ‌هەڵگرین

با ئاشتیان کەینەوە ئەوانەی کە روویان لەیەک وەرگێڕاوە

واز بهێنین لە نیشانەکانی جودایی

وێرانی لە مێژە کە سێبەری خستووەتە سەر هێلانەی دڵم

وەرە بە پەرسگەیەکی نوێ بۆ نیشتمانمان ئاوا بکەین

لێگەڕێ با پەرسگەکەمان بڵیند ترینی رووی زەوی بێت

لێگەڕێ با منارەکانی وا هەڵدەینەوە کە بەرۆکی ئاسمان بگرن

وەرە تا هەموو کازیوەیەک چاوهەڵێنین و شیرین‌ترینی ئاوازەکان بچڕینەوە

و بە عابیدەکان شەرابی خۆشەویستی پێشکەش کەین.

پاییز 1989

دایانا جانسن: ئەو دەمەی کە رۆشنگەری ئامانجەکانی ون دەکات.

… خۆپیشاندان لە دژی رۆمانەکەی سەلمان روشدی “ئایاتی شەیتانی” لە لایەن موسوڵمانان، سەرەتا لە بەریتانیا و پاشتر لە پاکستان دەستی پێکرد. پاکستان وڵاتێکە کە ساڵانێک دۆلاری ئەمەریکی، پشتیوانی رژێمە دیکتاتۆرەکەی بوو و ئەم رژێمە نە تەنیا یاسا ئیسلامییەکانی دووبارە هێنایەوە، بەڵکوو خوازیاری ئەوە بوو بە پڕچەک کردن و پاڵپشتی سەربازی موجاهدینی ئەفغان، ئەفغانستانیش وەکوو سەکۆیەک بۆ ناسەقامگیر کردنی وڵاتانی موسوڵمان نشینی باشووری سۆڤیەت بەکار بهێنێت.

چەندین هەزار موسوڵمانی پاکستانی، بەبێ هیچ دڵەڕاوکەیەک لەبارەی یارمەتی و دەستکراوەیی سی‌ئای‌ئەی بۆ الله، لە ئیسلام ئاباد و لە بەرامبەری ناوەندی کەلتووری ئەمەریکا لە دژی کتێبەکەی روشدی ئاژاوەیان هەڵگیرساند. شەش کەس کوژراو و سەدان کەس بریندار بوون. هەروه‌تر لە شاری کەشمیر و مومبای، شوێنی لەدایک‌بوونی سەلمان روشدی، ئاڵۆزی و بشێوییەکی مەزن بەدیهات.

هەر ئەو ساتە کە بانگی ناڕەزایی لە دژی سەلمان روشدی، شوناسێکی هاوبەشی دەبەخشی بە ئەم خەڵکە جیهان سێیەمییە و کۆچەرە تەنگدەستەکانی پەراوێزی گەوره شارەکانی ئەورووپا (یان موسوڵمانە رەنگین‌پێستەکان و بێبەشکراوەکانی ئەمەریکای باکوور) و هەستی یەکگرتوویی پێ دەدان، بەرگری کردن لە سەلمان روشدیش، بە ناوی بەرگری لە ئازادی و مەدەنییەت، بۆ جیهانی رۆژاوا، ئامرازیک بۆ وەدەست خستنی رەوایەت و مەشرووعییەت بەرهەم دەهێنێت. لەسەر ئەو ئاڵایە کە جیهانی رۆژاوا سەرفرازانە لە جەنگی دژ بە وڵاتانی دیکە هەڵیکردووە، هەردەم چەمکی مافی مرۆڤ نەخشێنراوە.

ناکرێت چاوەڕێ بین ئایەتوڵڵا خومەینی و هاوچەشنەکانی، لە دەماربەرزی و خۆ بەحەق زانینی رەواڵەتییان کەم بکەنەوە، بەڵام لە رۆژاوا هەندێ رەخنەلەخۆگرتن دەتوانێت رێگە خۆشکەر بێت بۆ بەرگرییەکی کارامە لە رۆشنگەری، کە ئێستاکە بووەتە ئامانجی هێرشی تاریکپەرستی ئایینی.

لە رۆژاوا لە سەردەمی ڕێنێسانس و دواتریش بزاڤی‌ چاکسازی‌ ئایینی‌(ریفۆرماسیۆن)‌ هەتا سەردەمی رۆشنگەری، ئارەزوومەندی بۆ ئازادکردنی وشەکان لە بەندی ئایین و مەزهەب، لەو سۆنگەوە بوو کە ئاسۆیەکی بۆ پەردەلادان لە راستییە نوێکان، بە ئەندێشەی ئینسانی و زاڵ‌بوون بەسەر جیهانی مادی بۆ بەختەوەری مرۆڤایەتی، سازدەکرد.

پلە و پێگەی هزری مرۆڤتەوەرانه لە سەدەی هەژدەیەم، بە هۆی ئەو ئاسۆ روونە بوو، کە بۆ باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی بەدی‌دەکرا، و هەر ئەو ئاسۆیەش رێگە خۆشکەر بوو کە درووشمی مافی مرۆڤ لە جەوهەرەی شۆڕشەکانی فەرانسە و ئەمەریکا جێگیر بکرێت. بەڵام رۆژاوا بە بانگەشەی رۆشنگەری و مافی مرۆڤ وەکوو پرەنسیپی ناسایەتی خۆی، لە زۆربەی بابه‌تەکان، خیانەتی لەو واتا و ئامانجانە کرد. لە ئەو کۆمەڵگانە کە رۆژاوایی نەبوون، رووناکبیرانی رۆشنگەریخواز، کە ئارەزوومەندی ئازادکردنی کۆمەڵگاکانیان لە ژێر رکێفی دابونەریتە دەستەڵاتخوازەکان بوون، خۆ بوونە قوربانی هاودەستی و هاوپەیمانی رۆژاوا لەگەڵ دیکتاتۆرە کۆنەپارێزەکان. چەندین جاران هێزی حکومەتە رۆژاواییەکان بۆ سەرکوت کردنی بزاڤە رۆشنگەر و دیموکراتیکەکانی جیهانی سێیەم بە کار هێنراون، تەنیا بە هۆی ئەوەی کە شانسی سەرکەوتنی ئەم رەوتانە بەرز بووەوە. سەرنجڕاکێش ترین نموونە لە ئێران دەبینینەوە. لە ساڵی 1953 زایینی، دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی ئەمەریکا(سیا) لە ئۆپەراسیۆنێک کە خۆی بە شانازییەوە یادی دەکات، توانی دوکتۆر موحەممەد موسەدق، سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێراوی ئێران سەرنخون بکات ، تەنها لەبەر ئەوە کە خوازیاری بە نیشتیمانی بوونی نەوتی وڵاتەکەی بوو. لەوە بە دوا دەوڵەتی ئەمەریکا، یارمەتیدەری شای ئێران بوو بۆ سەرکوتی هێزە پێشڕەو و دیموکراتەکان، بە جۆرێک کە تەنیا بنەڕەتخوازی ئیسلامی بەجێمایەوە.

ئەوڕۆکەش لە ئەفغانستان کاتێ ئەو هێزانەی خوازیاری نوێکاری و مەدەنیەتن لە لایەن تاریکپەرستانی پڕچەککراو لەلایەن ئەمەریکا گەمارۆ دەدرێن، (هێزگەلێک کە سوورن لەسەر ئەوەی کە ژنان تەنانەت مافی خوێندن و نووسینیان نییە)، بەسەر ئەوەشەوە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە شانازی ئەم سەرکەوتنە، شامپانیا دەنۆشرێت.

لە ماوەی دە ساڵی رابردوو، لە هەموو جیهان بینەری گەڕانەوە لە رۆشنگەری بەرەو ئاراستەی تاریک‌پەرستین. گەڕانەوە بۆ قاڵبە دەسەلاتخوازەکان کە ملکەچی ئایینن، یان شێوازەکانی کەم تا زۆر کەم‌خەسارتری وەکوو جادووباوەڕی و خورافەمان بینیوە، کە بە دەستبەکار بوونی رۆناڵد رێیگن لە ئەمەریکا (رێیگنیزم) دەستیان داوەتە دەستی یەک. رێیگنیزم، ئایدۆلۆژیای بازاڕی ئازاد و دەستێوەردنەدانی حکومەت لە کاروباری بازاڕ و بازرگانییە، کە ئەورووپاییەکان بە لیبراڵیزم ناوی دەبەن. خاڵی هاوبەشی محافزەکاری ئایینی و رێیگنیزم لەوەدایە کە هەردوویان دیسیپلینی هەنووکەیی جیهان، لە ژێر باندۆری هێز و دەسەڵاتگەلێک دەزانن کە لە دەسەڵاتی مرۆڤ بەدەرن –واتا خودا و بازاڕ- و مرۆڤ چارەیەکی نییە جگە لەوەی بە شیوەیەکی کارلێکراو، ئەوانە قبووڵ بکات. لەم سۆنگەیە سیاسەت و کرداری بەکۆمەڵ بۆ باشتربوونی دۆخی گشتی بێ‌بەها لێک دەدرێتەوە. هەرچەند کە دەزانین کرداری بەکۆمەڵ و کاری سیاسی پێویستی بە زمانێکی هاوبەشە، کەواتە پێویستی بە هۆشیاری و رۆشنگەری دەبێت.

کاتێک رۆشنگەری ئامانجەکانی ون دەکات، تا کەی دەکرێت سەرکەوتووانە بەرگری لێ بکرێت؟ نووسەرانێک کە بەرگری لە سەلمان روشدی دەکەن لە راستی‌دا بەرگری لە بەرژەوەندی کۆمەڵەی خۆیان دەکەن. هەرچەند ئەوان بەرژەوەندی خۆیان بە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی دەزانن و جودا لەمەش نییە. بەڵام لە لایەنی سیاسییەوە، دەبێت مرۆڤایەتی بە حەقیقەتی ئەم خاڵە قایل کرێت، ئەگەر نا رۆشنگەری لە مەترسی ئەوەدایە کە ببێتە ئەو شتەی کە لە سەرەتادا بوو، واتا بەشێک لە ئیمتیاز و مافە تایبەتەکانی ئەریستۆکراسی.

بەسەرهاتی روشدی، زەنگی‌ مه‌ترسییەک بوو کە هۆشداری دەدا ئەم پرۆسەیە پێدەچێت هەر ئێستاش دەستی پێ کردبێت. رومانی روشدی بەراورد بە پێوەرە جیهانییەکان، بەرهەمی گەرمەبازاڕێکە.

روشدی کۆچەرێکە کە لە رۆژهەڵاتی موسوڵمان هاتۆتە رۆژاوا، بەڵام کۆچەرێکی خوێنەوار و لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگا، کە بەراورد بە زۆرێک لە رۆژهەڵاتییەکان، زۆر بە باشی لەگەڵ کەلتوور و کۆمەڵگای رۆژاوایی خۆی گونجاندووە و سازگار بووە. هونەری رۆژاوا لە مێژە کە لە ژێر نەرمی نواندنی هەڵوەشاوەیی کاروبارە پیرۆزەکان دەژی، و خواستی روشدی بۆ لەیەک هەڵوەشاندنی پیرۆزییەکانی ئیسلام بۆ خوێنەری رۆژاوایی وەکوو کارێکی هونەری، جێی پەسەند و قبووڵکراوە.(هەرچەن زۆرێک لە ئاماژە ئیسلامییەکانی تێناگەن)

بە سەر هەموو ئەمانەوە، هێشتا لە کۆمەڵگای رۆژاوایی وەکوو ئەمەریکا کۆمەڵێک سانسۆر بوونی هەیە و بە شێوەی دیاریکراو لە بەرژەوەندی تاقمە بەهێز و دەستڕۆیشتووەکان، بەکار دەبرێت، تاقمگەلیک کە بەهەرحاڵ بڕێک دەستەواژە و گوتە، وکوو سووکایەتی چاو لێدەکەن.

بزاڤی ژنانیش بە هۆی پۆرنۆگرافی و بابەتی دیکە تووشی چەند ئاراستەیی و دابڕان بووە. ئەو کەسانەش کە خۆیان بە قوربانی سووکایەتییەکان و ئازادی رادەربڕین دەزانن، وردەوردە حەز و سۆزیان بۆ بەرگری کردن لەم ئازادیانە، لەدەست دەدەن. ئەگەر بە ناو ئازادی بازرگانی، سۆسیالیزم و دەوڵەتی خۆشبژیوی ناپەسەند و رێگەپێنەدراو رابگەیەنرێت، ئەو میلیۆن‌ها مرۆڤە کە بە هۆی ئەم پرۆسە ئابوورییە، خراونەتە پەراوێزی ژیانەوە، روو دەکەنە ئیسلام کە پەیڕەوەکانی دەباتە ژێر چەتری خاوەندارێتی خۆی.

ئەورۆکە مەترسی بەرتەسک کردنی ئازادی رادەربڕین لە پێوانەیەکی جیهانی، مەترسی دووبەرەکایه‌تی‌ رۆشنبیرانەیە کە هاو ئاراستە لەگەڵ دووبەرەکایه‌تی‌ ئابووری-کۆمەڵایەتی ساز بووە: دووبەرەکایه‌تی‌ تێکەوتن لە نێوان رووناکبیرەکان کە بازاڕێکی گەرمیان هەیە و بەرگری لە ئازادی رادەربڕین دەکەن و ئەو رووناکبیرە دۆڕاوانەی کە بە ناچار روو دەکەن ئایدۆلۆژیایەکی دامرکێنەر. ئیمام و بانگخوازە دەمارگرژە ئیسلامی،مەسیحی، یەهوودی و هتد کە دەست بەسەر بازاڕی کەساسی هەندێک کەس دەگرن و رۆشنگەری ناچار بە پاشەکشە دەکەن.

شەرتی سەرەکی ئازادی کۆمەڵایەتی بوونی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر وەها نەبێت ئازادی رادەربڕین خۆی دەبێت ماف و چێژێکی تایبەت کە حوکم بەسەر سامان و دەسەلات دا دەکات.

وەرگێڕان: هەژیر هاشمی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام